خوێندنەوەی پارچەیەك لە ڕۆمانی «داگیرکردنی تاریکی» نوسەر و ڕۆماننوس بەختیار عەلی
خوێندنەوەی: سەوسەن عومەر
كامێرا و ئامادەكردنی: خەسرەو حەمەكەریم

                      

چیتر کوردێکی باش کوردێکی مردوو نییە
هیوا قادر
من، وەک خوێنەرێک و نووسەرێک، دواتریش وەک کوردێک هەست بە شانازییەکی بێ ئەنادازە گەورە ئەکەم کە ئەبینم ئەدەبی کوردی بووە بە خاوەنی یەکێک لە هەرە ڕۆمانە گەورەکانی خۆی کە ئەویش ڕۆمانی "داگیرکردنی تاریکی" بەختیار عەلییە. 
دوای خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە زیاتر لە گرنگی ئەو دەستەڵاتە ئەفسوناویی و گەورەیەی ئەدەب تێ ئەگەین، کە چۆن ئەتوانێت هەر خۆی بە تەنها ڕۆڵی بەشێک لە شۆڕش و مێژووی میللەتێک بگێڕێت، تێشئەگەین کە ئەکرێت ڕۆمانێکی لەم چەشنە بەهاکەی هیچی کەمتر نەبێت لە ساڵانێکی زۆری خەبات و ڕۆح بەختکردن و ماڵوێرانی لە پێناوی مانەوەدا. لە کاتێکدا ئەم ڕۆمانە پڕوپاگەندەی هیچ ئایدۆلۆژیایەکی خۆسەپێن ناکات، جگە لە هەوڵدان بۆ ناسینی مرۆڤ و هەموو ئەو مانایانەی ناو ئەو دیوە شاراوە و ئاشکرایانەی کە لە نێوان دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵاتدا هەیە. 
من پێموایە گرنگی ئەم ڕۆمانە ڕەنگە لەو کاتەدا زیاتر دەربکەوێت کە پێش هەر زمانێکی تر وەربگێڕێتە سەر زمانی تورکی، چونکە ئەم ڕۆمانە باسی ئەو مێژووە خوێناوییە ئەکات کە نزیکەی سەد ساڵە ناسیۆنالستی تورکی بێ ڕەحمانە و بەردەوام هەوڵی سڕینەوەی شوناسی کورد و ئەتنیەکانی تری ناو تورکیا ئەدات، بەهەمان هێزی ئەو بەردەوامییەش لەبەردەم هەموو دنیادا لە هەوڵی شاردنەوە و شێواندنی ڕاستییەکاندایە.
بیرۆکەی وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە بۆ زمانی تورکی هەمان ئەو هەوڵەی ڕۆمان نووسی جولەکە "ئامۆز ئۆز"م بیردێنێتەوە، کە ساڵانێکی زۆر سەرقاڵی وەرگێڕانی ئەدەبیاتی قەتلوعامکردنی جولەکەکان بوو بۆ زمانی عەرەبی و دواتر ناردنی ئەو کتێبانە بە قاچاخ بۆ ناو وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان، بۆ ئەوەی خوێنەرانی عەرەب بەو ئەدەبیات و مێژووە ئاشنابن کە بەسەر تەفروتوناکردنی جولەکەکاندا هاتووە. بیرکردنەوە لە کارێکی هاوشێوە و وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە بۆ زمانی تورکی، ڕەنگە هەمان کاریگەری هەبێت بۆ پیشاندانی ئەو ڕاستیانەی کە بەردەوام لە ناو تورکیادا هەوڵی شاردنەوەی ئەدرێت.
دڵنیام وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە بۆ زمانە زیندووەکانی تری دنیاش، کاریگەرییەکی گەورەی ئەبێت لەسەر ئەو هەزاران هەزار خوێنەرانەی کە لەتخوبە دوورەکانی دنیادا ئەژین و نائاگان لە ئازاری میللەتێک کە نزیکەی سەدەیەکە لە پێناوی زمان و مانەوەی خۆیدا وەک ماسییەکی قەتیس بوو لەم گۆمی خوێنەوە بۆ ئەوی تر باز ئەدات. چونکە ئەو کاریگەرییەی ڕۆمان هەیەتی، هەرگیز هەواڵەکانی ناو میدیا و مێژوو نیانە و ناتوانن ئاوها دەیان ئاسۆی بیرکردنەوە و تیڕامان لەبەردەمی مرۆڤدا بکەنەوە.
ئەم ڕۆمانە، بە گشتی هەم هەیبەتێکی گەورە ئەبەخشێتەوە بە هێز و کاریگەری ئەدەب و هەمیش ئەبێتە یەکێک لە شانازییە زیندووەکانی میللەتێک کە هێشتا لە دنیادا بە تراژیدیا و برینەکانیدا ئەناسرێتەوە، نەک بە شاکارە ئەدەبییەکانیدا.
ئەم ڕۆمانە، باشترین وەڵامێکە بۆ ئەو پەندە تورکییەی ناسیۆنالستەکان کە ئەڵێت: "باشترن کورد، کوردێکی مردووە"، نەخێر "چیتر باشترین کورد، کوردێکی مردوو نییە..."

----------------

پرسیارە قووڵەکان لە ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکی دا
ئارام کاکەی فەلاح                                         
داگیرکردنی تاریکی تازەترین ڕۆمانی نووسەری خۆشەویستمان بەختیار عەلییە، وەک هەموو ڕۆمانەکانی تری ئەم نووسەرە، ئەم ڕۆمانەش یەکێکە لە ڕۆمانە جوانەکان، بەڵام ئەوەی ئەم ڕۆمانە جیادەکاتەوە ئەو پرسیارە قووڵانەن لە مێژوویەکی خوێناویی ئەو بەشەی کوردستانی ئێمە کە بەزۆر ناونراوە کوردستانی تورکیا. ئەو بەشەی کە چەندەها ساڵە زمان و کولتووری خۆی لێ قەدەغە کراوە. ئەم ڕۆمانە باسی مێژووی سڕینەوەی زمان و کوشتن و داگیرکردنی ئەو بەشە گرنگەی کوردستانی ئێمەیە، بەختیار بە درێژایی ڕۆمانەکە باسی ئەو پرۆسە بێ مانایەی سیاسییەکانی تورکیا دەکات کە سانسۆری زمان دەکەن و نازانن زمان وەک ئاوێکی پەنگخواردووی ژێر زەویی وایە لە هەر شوێنێکەوە بیگری، لە جێگایەکی تر و لە زەمەنێکی تردا هەر دەتەقێتەوە و دێتە دەرەوە. ئەو پرسیارە قووڵانەی لەم ڕۆمانەدا بەرچاوم کەوتن لێرەدا لە چەند خاڵێدا باسیان دەکەم. ئایا تورک بوون چییە؟، ئەی تورکی ڕەسەن کێیە؟ ئایا تاریق ئاکانسیۆ تورکی ڕەسەنە؟ تورکێکی تووندڕەو کە وا دەزانێت تاکێ گونی لەخەڵکی تر زیاترە(لە ڕۆمانەکەوە)، زمانەکەی جوانترە و خوێنی لە خەڵکانی تر پاکترە.  ئەی مرۆڤ لە تورکیا تورکی تری بۆ دەدۆزرێتەوە لەو نەچن؟ ئەی کورد بوون چییە؟ ئایا مرۆڤ بێ زمان هەر دەتوانێ بژی؟ ئایا بێ زمان مرۆڤ هەر مرۆڤە؟ گەر کەسێک بە تورکی قسەی کرد هەر تورکە؟ گەر تورکێک زمانی خۆی بیر چووەوە هەر تورکە؟ ئایا کەسێکی شۆفێنێ و فاشی وەکو تاریق ئاکانسیۆ لایەنی جوانی تێدایە؟ ئەی کەسێکی بەهێزی وەک ئەو لایەنی لاوازی هەیە؟ شاپرسیار لای من لەم ڕۆمانەدا ئەوە بوو ئایا شۆڕشگێڕێکی پیاوکوژ جیاوازی هەیە لەگەڵ فاشیستێکی پیاوکوژدا؟   ئەم پیاوە دوو کوڕی هەیە ئارسین و عەلی ئیحسان، هیچیانی بەباشی بۆ بەخێونەکرا. ئەم ڕۆمانە بە نهێنێ و لە نێوان دێڕەکانەوە ئەوەمان پێ دەڵێ کە پیاوکوژ و فاشیستەکان لە خورهەڵات هەمیشە لەبەخێوکردنی کوڕەکانیاندا فەشەل دێنن و دەبنە مایەی هەناسە ساردی بۆ باوکە دیکتاتۆر و سیاسییە دڵڕەقەکان. ئارسین دەبێتە شۆڕشگێڕێکی سیاسی دژی باوکی کە رۆژێک کەسانێک دەکوژێت یەکێک لەوانە هاوڕێیەکی منداڵیی، ئەوی تریشیان عەلی ئیحسان، ئەو کوڕەی دوو جار دەکوژرێت، لە میت دەبێتە تەرجوومانی مردووەکان، یان تەرجوومانی زمانی کوردی ، کە ئەوان پێی دەڵێن زمانێکی مردوو. ئەم دوانە هەر وەک باوکیان دەبنە پیاوکوژ، بەڵام دووپیاوکوژی جیاواز.
ئەم ڕۆمانە زۆر کافکاییانە دەست پێدەکات، پیاوێک بە ناوی عیسمەت ئۆکتای بەیانی زوو لەخەو هەڵدەستێت و زمانی تورکی بیرچۆتەوە و بەزمانێکی سەیر قسە دەکات و ژن و کچەکانی تێیناگەن. دوایی دەیبەنە نەخۆشخانە و بۆیان دەردەکەوێت کە ئەم نەخۆشییە تەنها ئەمی نەگرتۆتەوە، بەڵکو کەسانی زۆر تریش تووشی بوونە و دواجار شێتخانەیەکیان بۆ دەکەنەوە بە ناوی ئالازیک. بە لێشاو خەڵک بە زۆر ڕەوانەی ئەو شێتخانەیە دەکەن، خەڵکێکی زۆر گومان لە زمانی خۆی و ناسنامەی خۆی دەکات. تەنانەت هەندێ لە ژەنەڕاڵ و توورک نەژادپەرستەکان گومان لە زمانی خۆیان دەکەن و خۆیان تاقی دەکەنەوە. لە سەد ساڵ تەنیایی مارکیزدا خەڵکی گوندەکە بۆ ئەوەی یادەوەرییان بیر نەچێتەوە ناوی شتەکان لەسەر شتەکان خۆیان دەنووسن تا ناوەکانیان لەبیر نەکەن، لەم ڕۆمانەشدا سێ ژەنەڕاڵی حیزبێکی زۆر دیاری تورکیا لە ئوتێلێکدا بەیانی زوو خەبەریان دەبێتەوە و زمانی خۆیان تاقی دەکەنەوە  و بە تورکی ناو لە شتەکان دێنن بزانن دەیزانن یان بیریان چووەتەوە. بزان تورکێکی ڕەسەنن یان نا؟
لە زۆر شوێندا منی خوێنەر موچرکم پێدا هات، کاتێ پڵەنگی تینوو دەگیرێت و بەدیل دەینێرن بۆ پایتەخت. یان کاتێ تاریق ئاکانسیۆ دەچێتە ناو قەفەزی ورچە پیرەکەوە، ئەو ورچەی ئاکانسیۆ بە دیاری بۆ منداڵەکانی دەهێنێت تا هەمیشە دڵرەقی ئەو بەشەی کوردستانیان پێشان بدات کە داگیریان کردووە و کۆشکێکی لەسەر گردێک بۆ وەرگرتوون تاکو تێیدا بژین. کۆشکێک کە ساڵی ١٩٤٥ لە سەری تاپۆ دەکرێت. یان کاتێ عیسمەت ئۆکتای لە شێتخانە هەڵدێت و لەگەڵ وەرگێڕەکەدا(عەلی ئیحسان) دەچێتەوە ماڵەوە بۆلای ژن و کچەکانی و ژنەکەی دەریدەکات و نایەوێ بیبینێت و ئابرووی بەرێت بەم زمانە قسەی لەگەڵدا بکات کە پێی دەڵێت زمانی قەلەباچکەکان. یان هەوڵێکی زۆر دەدات کچەکەی ببینێتەوە و کاتێ دەچێ بۆ لای بۆ شوێنی ئیشەکەی و قسەی لەگەڵ دەکات، کچەکەی تووڕە دەبێت و پێی دەڵێت تۆ باوکم نیت و باوکی من دەمێکە مردووە.
ئازیزان، هەمیشە ڕۆمانەکانی بەختیار کەسایەتیی و کاراکتەری وایان تێدایە کە خوێنەرانێک حەز دەکەن بە کەس و کاراکتەرەی دەرەوەی ڕۆمانی بچووێنن. ڕەنگە کەسانێک هەبن حەز بکەن پڵنگی تینوو بە لایەنێک یان کەسێک وەک ڕەمز و نیشانەیەک بشووبهێنێ و بیچووێنێ، پڵەنگێکی تینوو لە شاخەکانی کوردستان بە دیل دەگیرێ و لە قەفەزێکدا دەبرێت بۆ پایتەخت، ڕەنگە چەندەها لێکدانەوەی بۆ بکرێت، بەڵام لای منی خوێنەر پڵنگەکە تەنها پڵنگێکە و هیچی تر. لە فیلمی باوکی رۆحیی ڕیژیسیۆر فرانس کۆپۆڵادا لە بەشی یەکەمیدا ساڵی ٧٢، کاتێ مارلۆن براندۆ دەکەوێت و دەمرێ،  بە تەنیا منداڵێک لەگەڵیدایە و دەگری، بەڵام کاتێک لە بەشی سێیەمدا ساڵی ١٩٩٠ ئالپاچینۆ دەکەوێت و دەمرێت،  بە تەنیا سەگێک لەگەڵیدایە. کاتێک پرسیار لە ریژیسیۆرەکە دەکەن کە ئەو سەگە چ مانایەکی هەیە؟ چونکە لەناو تێکستەکەی ماریۆ پۆزۆدا، نووسەری ڕۆمانەکەدا نییە، ئەویش پێدەکەنێ و دەڵێ ، ئەوە تەنها سەگێکە، هیچ مانایەکی تری نییە، هیوادارم ئەم پڵەنگە تینووەش تەنها پڵەنگێک بێت و هیچی تر، من نازانم لای نووسەر چی دەگەێنێت، دەتوانن ئێوە پرسیاری لێ بکەن، بەڵام لای من تەنها پڵەنگێکە و وەک پڵەنگی ناو ڕۆمانەکەش بمێنێتەوە بێ هیچ چواندنێک جوانە.
من هەرگیز بڕاوم نەدەکرد نووسەرێک هەبێت هێندە جوان لەسەر بەشێکی تری کوردستان وا بە قووڵی بنووسێت، ئێستا تێدەگەیشتم هەڵە بووم و ئێمە بەختیارعەلییمان هەیە کە ڕۆمان دوای ڕۆمان دەبێت سوپاسی بکەین کە ئەو جوانی و تێڕامانە قووڵانەمان لەگەڵدا بەش دەکات. من لە دڵەوە پیرۆزیایی لێدەکەم و سوپاسی دەکەم پێش چاپکردن بۆمی نارد تا بیخوێنمەوە و ڕای خۆمی بۆ بنووسم. هیوادارم بەزووترین کات ئەم ڕۆمانەی بکرێت بە زمانی تورکی، چونکە ڕەنگە ئەم ڕۆمانە شتێک هەرچەند کەمیش بێت بگۆڕێت. ڕەگەزپەرستە تورکەکان نەوە دوای نەوە کەسانێکیان دروست کردووە کە هیچ شتێک تێناگەن و لە زمانی خوێن زیاتر هیچی تر نازانن، چەقۆ بە چەقۆ چارەسەر ناکرێت، یەکێ بکوژن تۆش یەکێ بکوژیتەوە، بەوەش چارەسەر ناکرێت، گوڕینی شۆڕش بۆ تۆڵە کردنەوە، ئەوەش چارە نییە، بۆیە بۆئەوەی ئەوانە بگۆڕدرێن هەر دەبێ شتێکی تر هەبێت بیخوێننەوە تا سەیرکردنیان بۆ خۆیان و بۆ دونیا بگۆڕێت، بەڵکو ڕۆژێک لەخەو هەستن  و ببن بە کەسێکی تر ، کێ چوزانێ؟ ئەوەی ئەم سیحرەش دەکات ئەدەبێکی جوانە و بەشکم ئەم ڕۆمانە بکرێت بە تورکی و خوێنەرانێک لەوێ بۆ خۆی دروست بکات و ڕوناکییەک هەرچەند کەمیش بێت لەو زوڵومات و تاریکییەدا هەڵبکات، ئەو تاریکییەی لای بەختیار لە داگیرکردنی تاریکیی زیاتر هیچی تر نییە. من لێرەدا وتەیەکی ڕووسیم بیرکەوتەوە کە دەڵێ: زۆر زەحمەتە بە دوای پشیلەیەکی ڕەشدا بگەڕێیت لە ژوورێکی تاریکدا، بە تایبەتی گەر پشیلەکەشی لێ نەبێت. ئیشی ئەدەب و هونەر ئەوەیە گەر پشیلەکەشی لێ نەبێت یەکێ هەبێت پێمان بڵێت ئازیزان هیچی لێ نییە، یەکێ هەبێت مۆمێک داگیرسێنێت تا هیچ نەبێ خۆمان بیبینین کە هیچی لێ نییە، ڕەنگە دوای ئەوە ڕامان بەرامبەر ژوورەکە و بەرامبەر پشیلەکەی کە دوای کەوتووین بگۆڕێت. ئازیزان! بەڕۆژی ڕووناک فیلێک لە ژوورەکەدا بوو، هەمووشمانی لێ بووین و نەمانبینی، هەندێکمان بینیمان و هاوارمان کرد و کەس گوێی لێنەگرتین ئێستاش ئیتر ژوورەکە تاریکە. ئەم ڕۆمانە جوانە ڕەنگە ئەو مۆمە بێت، کێ چووزانێت.
دوا جار من و بەختیار لەسەر ئەم ڕۆمانە قسەمان زۆر کرد و نامەی زۆرمان گۆڕییەوە، لێرەدا پەرەگرافێکی کورتتان بۆ دادەنێم:
ئارام: تاریق ئاکانسیو بەو شێوەیەی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا لەگەڵ هەموو ئەو ناشرینییەی هەیبوو، ڕێزێکی بۆ خۆی ڕاکێشا، پرسیارەکە ئەوەیە تۆ بۆ وازت لێ هێنا ئەو بە دڵی خۆی مردنی خۆی هەڵبژێرێت؟ ڕۆمانەکە زۆر بە نهێنێ ئەوەمان پێ دەڵێ کە ئەگەر مرۆڤ نەتوانێ دوو منداڵ بە باشی بەخێو بکات ناتوانێت ببێتە سەرکردە. ڕەنگە ئەمە زۆربەی سەرکردەکانی خۆرهەڵات بگرێتەوە.
بەختیار: هەست ئەکەم تاریق ئاکانسیو دەیزانی پرۆژەکەی هەم لەگەڵ منداڵەکانی هەم لەگەڵ ناوچەکەدا فەشەل دێنێت، تاکە شتێک بۆی دەمێنێتەوە هەڵاتنە بۆ پێشەوە، وەک زۆربەی دیکتاتۆرە دۆڕاوەکان هەوڵ دەدەن مەرگیان بکەنە شتێکی ئەفسانەیی. تاریق ئاکانسیو وەک سەلیل و وەچەی مەغۆلییەکان مردن لە جەنگدا هێشتا قودسییەتی خۆی هەیە بۆی، یەک شت کە تێیدا هەم زۆر ڕقم لێیەتی و هەم بە دڵمە کەلەڕەقییە فاشیستییەکەیەتی کە قەت دەستبەرداری نابێت. هەست دەکەم ئەو ئیسرارە بەشێکە لە کاراکتەری فاشیزمی تورکیش کە لەسەر موساوەمە نەکردن دروست بووە. حەز ناکەم کورد وێنەیەکی کاریکاتێری بۆ دوژمنەکانی هەبێت چونکە ئەو تەسەورە زۆر زەرەری لێ داوین. بۆیە گەرچی کاراکتەرەکان پڕن لە قەلقی و دوودڵی، بەڵام زۆربەیان تا ئەخیر لەسەر ئەو خەتە ئەمێننەوە کە لەسەرەتاوە لەسەری بوون.

----------------

 

داگیركردنی تاریكی
نەبەز گۆران
دیوێكی تری ڕۆژهەڵات، دیوێكی تری كورد_لە باكوور
لەناو كرمانجدا پەندێكی دێرین هەیە دەڵێت:" بۆ ئەوەی تورك بناسیت، دەبێت ببیت بە كورد."
گوتاری باڵای دەوڵەت و دەسەڵات، مرۆڤی تورك و كۆمەڵگەی توركی گۆڕیوە بۆ كارەكتەرێك لەناو فەزا ئایدۆلۆژییەكەدا هەموو ئەویترێكی دەرەوەی خۆی بە مەترسی بزانێت. ترس لە ئەویتر ئەم مرۆڤەی كردوە بۆ مەخلوقێك تەنها لەو كاتانەدا هەست بە بوونی خۆی دەكات، بتوانێت ئەویتری _كورد_ ئەشكەنجە بدات، بیسڕێتەوە، كۆتایی پێبهێنیت. 
واتە: هەموو توركێك پاسەوانێكی بەردەم دەوڵەت و دەسەڵاتە، دەوڵەت و دەسەڵاتی مۆدێرنیش بریتین لەو هێزە توندوتیژەی تەنها لە ڕێگای توندوتیژییەوە دەتوانن مانا بە مانەوە و بوونی خۆیان بدەن و كەوتنی دەسەڵاتەكە كەوتنی مرۆڤەكە و كۆمەڵگەكەشە، پێچەوانی مرۆڤی كوردەوە مانەوە و بەردەوامبوونی خۆی لەناو زمانەكەی و كلتوورەكەیدایە،(وەك تێبینییەك: دوای كەوتنی مادەكان، مرۆڤی كورد_پیاو_ نەیتوانیوە ئەو دەسەڵات و دەوڵەتە بەدەست بهێنێتەوە كە پەیوەندی بەو هێزەوە هەیە پیاو خۆی تێدا دەبینێتەوە، ئەمە بۆخۆی یەكێكە لە گەورەترین گرێكانی پیاوی كورد كە پێیەوە دەتلێتەوە و بۆ لەبیركردنی كەوتنەكەی، هەمیشە خۆی دەخزێنێتە ناو هێزی بچوكتری وەك_خێڵ، تەریقەت، حیزب، نەریت و..هتد تاكو جارێكی دیكە ئەو كەوتنەی خۆی بشارێتەوە و لەڕێگای هێزە بچوكەكانەوە بۆ ماوەیەك گرێكەی لەبیربكات و كەمێك هێز بگەڕێنیتەوە بۆخۆی لەو شوێنانەدا بەدەستی دەهێنێت، بە پێچەوانەكەیەوە ژنی كورد_دایك_ هەڵگری زیندوو هێشتنەوەی كلتوور و زمانە، كە شوناسی كوردبوونەكەش بەستراوە بەو دوو كۆڵەكەوە. بۆ ئەوەی ئەم جیاكارییەش بناسین، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ تێگەیشتن لە خێزان/ ئەمە باسێكی ترە دەكرێت لە شوێنی دیكە سەرنجی لێبدرێت.)
ڕۆمانەكە كارەكتەرێكی تێدایە"سەرسامكەرە" بەرپرسی هۆبەیەكی _میتی توركی_یە. ئەم كارەكتەرە هەڵگری دوو كەسایەتییە، خۆی پاشماوەی كۆمەڵكوژی_دێرسیم_ە. كوردێك لەناخیایەتی كە ناتوانێت ئاشكرای بكات، ئەو دیوە دیارەی پیشانماندەدات دیوێكی توندوتیژی ناو ماشێنی دەسەڵاتە، دیوێكی توركییە و بۆ ئەوەی شوناسی تورك بوون پیشانبدات پێوستە هەمیشە زەبروزەنگەكەی پیشان بدات بۆ ئەشكەنجەدانی ئەویتر تا بیسەلمێنێت توركە، ئەمما كوردێك لەپشت توركەكەوە لە شوێنە تاریك و شاراوەكەیی كەسایەتیدایە، كوردێك كە ناتوانێت شوناسی خۆی دەرخات و ئاشكرای بكات، بۆ سزادانی خۆی گوێ لە گۆرانی دەگرێت، گوێگرت لە گۆرانی جۆرێكە لە سزادانی _خود_ یان جۆرێكی لە بە ئاگاهاتنی ئەو دیوە شاراوەی ناخی خۆت، یان گەڕانەوەیە بۆ شوناسە راستەقینەكەت. ئەم كارەكتەرە هەڵگری هەردوو شوناسەكەیە، بۆ ئەوەی بە ڕوونی تورك بوون و كورد بوون بناسین، دەتوانین لە رێگەی ئەم كارەكتەرەوە ئەو دوو مرۆڤە بەباشی دەرك بكەین. 
هەرچۆنێك بێت ئەم چەند ڕستەیە بۆ ئەوە بوو بانگی هاوڕێكانم بكەم بڵێم: بیخوێننەوە، تا ئەو دیوەی كورد ببینن لەسەردەمی مۆدێرنەدا فاشیزمی توركی هەوڵی سڕینەوەی دا و نەیتوانی بیسڕێتەوە و، ئەمڕۆ لە بەرگریدایە و سەرلەنوێ‌ كوردبوونی خۆی بەیاندەكات.
   

 

------------------------------
سەرچاوە: واڵی نووسەرەکان.