" ئەی تۆبە لە دەس ڕۆژی فیراق و شەوی هیجران
وەی ڕۆ لە هەرا و کەشمە کەشی ساعەتی حیرمان "
(حەریق)
ئهوانهی لهوێن ، گوڵ و ڕوبارن ، حیکایهتی خۆیان دهگێڕنهوه
ئهوانهی لهوێ گۆرانی دهڵێن ، ئهوانه تاوێکی تر دهبارێن
ئهوانه کهمێکی تر دڵی خۆیان دهخهنه ناو تهمی خهیاڵی من .
منیش دهچمهوه ناو کانییهکهی دهم 'ئهشکهوت سهقا' و
کۆتایی بهم مههزهلهی گریان و ، بهم مهخسهرهی سۆزگرتنه دێنم !
لێرە ژیان دەتکاتە بەرد ، دەتکاتە خۆڵ !
ئهم باڵشکانه چهنده ماندووی کردم .
لە فڕینما ، هەندێ ئەستێرەی درۆزن و ڕۆحکوژ
خۆیان ئاڵاندە حەساری ڕۆحم
ئهفسانه تەڕەکانی خۆمیان ، هەر لەسەری خۆمدا شکاند .
ئیتر دەچمە بەردەم ڕووانینەکانی 'ئەشکەوت سەقا'
بۆ ئەوەی هەست بکەم هێشتاکە پەنجەرەم هەیە ،
بۆ ئەوەی مانگ ببینم
چۆن قسەی خۆش خۆشم بۆ دەکات !
خۆم لە سپێدەکانی ئەشکەوت هەڵدەکێشم
بۆ خاتری ئەوەی جارێکی تر
ڕووناکیی لە جەستەم بتکێ ،
لە سپێتییدا ون ببم !
لەم ماڵی سەقایە ،
سەر دەسپێرم بە بێدەنگیی پەلکە گیایەک .
چاوم دەخەمە بەر پلوسکی کانییەکی بێناز !
ئیتر چاوەڕێی کەس ناکەم لە دەرگا بدا و
ڕۆژنامەکانی دوێنێم بداتێ و
باخچەکەم پڕکات لە هەواڵی کوژراو !
لەم ماڵی سەقایە
ئیتر درەختەکان درۆ لەگەڵ یەکتر ناکەن .
لەم کانیی سەقایە ، لەم ئەشکەوتی یاسەمینە
ئەگەر عاشقێک مابێت
هێشتا بە داری شیعرەوە هەڵواسرابێ و
هێشتا بە ڕێگەی ماچەوە لێوەکانی لێ جێمابێ و
هێشتا ماڵئاوایی بچنێ و
هێشتا بە دەستی ڕێگەکان ئاوی سەفەر بخواتەوە
ئەو عاشقە ، ئەوە هەر "تۆ"ی ،
هەر بەفرەکەی ڕۆحی تۆیە
گەڵاکانی ئیمانی من دادەپۆشێ ،
ڕوتبوونەوەم لەبەر دەکات ...ئەوە هەر "تۆ"ی !
******
سەفەرێکە و
لەم ماڵی سەقایە بە تەنیا چراکەم هەڵدەکەم
بە تەنیا دەمرم و
بە تەنیاش پێت دەگەم !
تەنیاشم ئەو دەمەی پێتدەڵێم ؛
ئەم ماچانەم لێ وەربگرە و
ئیتر بچۆرەوە لای خۆت
ئیتر ببەوە هیلالی خەمێکی تر و
وێرانبوونم داگیرسێنە !
من لەدوای تۆ ، دوای شەوگاری کۆچەکەی تۆ
ناچمە ناو هیچ وەسفێکەوە
لەسەر هیچ بەردێک نانوسرێم
لە ماڵی هیچ بارانێکدا جێگەی حەرفم نابێتەوە .
دوای سەفەر و هەڵوەرینی یەک بەیەکی ڕۆژەکانی تۆ
باڵی هیچ فڕینێک ،
ئاسمانم خاڵیی ناکاتەوە لە ئەستێرەی قسە گەشەکانی تۆ .
ئاگری تەریقەتی هیچ پەروانەیەک
ڕۆشنم ناکاتەوە وەک سەوسەنە داگیرساوەکەی عیشقی تۆ .
ئەم ماڵی سەقایە ، نیوەی پڕە لە هەتاوی دڵی تۆ
نیوەکەی تریشی لە تاریکایی ڕۆحی من ،
وای چەندە بیمارم بە تۆ !
******
بەیانییەکی بۆندار
وەک ئەستێرەی ڕازونیازێک بەردەبیتەوە ناو دڵم .
لە ئێوارەیەکی پڕ لەرزین و هەڵاتنی گیاندا
ڕوو لە قاپییەکەی تۆ دەکەم کە بە میهر ڕەنگ کراوە .
لێت دەپرسم ؛
گیتاری ئەم عیشقە بەجێماوە
تەسلیمی پەنجەی کام شنەبا بکەم !
تازە من لەم ئەشکەوتی ئیمانە ،
لای تەنیایی ئەم ساقییە دەمێنمەوە .
پێش ئەوەی تاسەی هەڵوەرین بمباتەوە
پێش ئەوەی ژەنگی دوودڵیی لێم بدات
پێش ئەوەی خاپوور بم
دەمەوێ وەک هەورێک
بەسەر شارەکەی دڵتدا تێپەڕم
بۆ تاوێ لە ڕوانین ، بۆ چڵێ لە شیعر
ببمە مەینۆشی خەراباتە ڕووناکەکەت !
ئەی خودا ، ئەی خۆم
چەند حەزدەکەم وەک شەماڵێکی بێ سرەوت
وەک منداڵییم ، لە پڕێکدا هەڵبکەم و
هەتا ئەبەد بێمەوە لات ، خۆم ببینم !
----------------------------------------
هاوینی ٢٠١٤ - هەولێر
سەرنج :
* ئەشکەوت سەقا : گوندێکە لەسەر ڕێگەی نێوان هەولێر - کۆیە . لای من ، ناوی ئەم گوندە جۆرێک لە شیعرییەت و ناباویی تێدایە . لەم قەسیدەیەدا تەنها ناوەکەیم خواستووە و هەوڵم داوە ئەشکەوت سەقایەکی تر بخوڵقێنم .
* ئەشکەوت سەقا : گوندێکە لەسەر ڕێگەی نێوان هەولێر - کۆیە . لای من ، ناوی ئەم گوندە جۆرێک لە شیعرییەت و ناباویی تێدایە . لەم قەسیدەیەدا تەنها ناوەکەیم خواستووە و هەوڵم داوە ئەشکەوت سەقایەکی تر بخوڵقێنم .