( بۆ ئێزیدیی و عیساییەکانی نێو دڵم کە "داعشییەکان" هەرێمەکانی ژیانیان پێ چۆڵ دەکەن .. بۆ ئەو مەسیحییانەی خاچەکانیان لە ترسی 'داعش' ، گرتووە بە کۆڵەوە و ، بۆ ئەو ئێزیدییانەشی "شنگال"یان بە باوەشەوەیە .. هەردوو لایان ، کۆڵان بە کۆڵانی مردن ، بە دووی کەمێک ژیاندا دەگەڕێن .
بۆ ئێوە ، کە وەک خۆشەویستیی دەڕژینە دڵمەوە ) ...
 
 
من لە ئێستاوە دەچمەوە باوەشە گەرمەکەی 'مەریەم"
من لە ئێستاوە ئیتر ناو لە خۆم دەنێم 'یەسوع' و
پێش ئەوەی گوڵێک لە شەقامەکانی مردنەوە هاوار بکات :
وەرە خوارێ ، لە خاچەکەت وەرە خوارێ !
من لە ئاسمانەوە دێمەوە ناوتان و
بەر لەوەی بارانێک لێرەوە تێپەڕێ
پاکیزەیەک چاوەڕێمە ،
مەریەمێک سەرقاڵی خستنەوەی منە !
ئەم دڵەی من چەند لێم دوورە ،
برینی ئەم گۆرانییەم چەندە قووڵە !
******
ئیدی من لەمڕۆ بەدواوە ،
دەبمەوە باڵێک لە باڵەکانی "مەلەک تاوس"
دەبمە دەرگاوانی "لالش" .
مۆمی ئەوین بۆ تاریکی دڵان هەڵدەکەم
دەچمەوە بەردەم شورا بەگوڵ داپۆشراوەکانی "شنگال".
ئیدی لەمڕۆ بەدواوە
من ژیانێکی ئەبەدییم ، تارماییەکانی مەرگ ڕاودەنێم !
******
لە دەریاوە هەتا باران
لە ئەستێرەوە هەتا خۆت ئەی پیری دڵ
ئەی شاخە سەختەکەی دڵم ، ئەی چاوی کورد !
لە خۆتەوە هەتا دوا سنوورەکانی زیندەگیی ،
ڕۆحکوژان بەدوای بەرزاییەکانی دڵتدا دەگەڕێن ..
منیش بە چراوگی شیعرێکەوە
دیوان بە دیوانی گوندەکانت دەگەڕێم ،
ئاوێنە بە ئاوێنەی باخچەکانت تەماشا دەکەم ،
لە چرای خەونەکانت نزیک دەبمەوە
وەک پەروانەیەکی عاشق
خۆم لە دەوری مۆمی باڵات دەگێڕم !
دەبمە خۆت ..
هەولێر تۆ قەڵای پڕ لە مانگت هەیە
تۆ ئاگرەکەی سەر منارەی دڵت هەیە !
هەولێر ؛
تۆ ڕوخان بڕوخێنە !
--- پاریس / هەولێر سەرەتای ئۆگۆستی ٢٠١٤-----