" (نالی) ، خەبەری بێ ئەسەری غائیبە ، ئەمما
ناڵێکی حەزین دێ لە موناجاتی سەحەردا "
(١)
بەیانیەک کە لە خەو هەڵدەستم
دەبینم خۆر تاقەتی ژیانی نەماوە .
کۆترەکان سەرەیان گرتووە بۆ تۆزێک گمە .
باران لە حەوشەکەدا
بێ ئەوەی نامەیەک جێ بهێڵێ ، خۆی کوشتووە!
منیش لە داخی هەموو ئەوانە
لە جیاتی وەی ڕوباری ژیا ن بوەستێنم
یان بە فیشەکێک تەمەن سوور کەم
دەبم بە سەگ
بە هەموو دونیا دەوەڕم
بە دار و بەردی مێژوودا هەڵدەمیزم !
(٢)
بەیانیەک ، پێش ڕیش تاشین
دەبینم ئاوێنەکە ئارامی لەبەر بڕاوە
ئاوێنەکە پڕ بووە لە ڕوخساری
ژن و پیاوی گەڕەک ،
نیشانم دەدا
چۆن بە درۆ بەیانی باش لە یەکتری دەکەن
نیشانم دەدا ،
گورگە نوستووەکانی ناخی وانم نیشان دەدا !
ئاوێنەکەش لەگەڵ مندا ، لە داخانا دەبێت بە سەگ
هەردووکمان هیلاک دەبین لە وەڕین !
بەدەم شەوی یەئسەوە
دەست دەکەینە قروسکە قروسک
بەدەم چاوەڕوانیی مردنی
تەیرێکی ڕۆحشکاوەوە ،
دادی خۆمان دەبەینە لای مانگ .
مانگ دەڵێت ؛ گەر ئێوە خۆتان پڕ نەکەن لە سەفەر
ئیتر کێ شیعر بۆ مەنفای دڵ بنوسێ و
ئیتر کێ لە مەنفای گیاندا
حەرفی کوژراو کۆکاتەوە ؟!
مانگ دەپرسێ : هەموو دەچنەوە بۆ سەفەر ؟
ئەم هەموو ئاگرە بۆ من جێ دەهێڵن ،
هەموو دەگەڕێنەوە بۆ ئێوارەی سەفەر ؟
ئەم هەموو زیندان و تەرم و ڕوباری ئینتیزارە
فڕێ دەدەنە بەرپێی سووتاوی من !
هەموو دەچنەوە بۆ لای بەردی بێدەنگیی ،
هەموو دەچنەوە بۆ لای خۆی
بۆ لای – سەبا – کەی غەریبیی نیشتمان .
هەموو دەچنەوە بۆ لای خۆی !
هەمووتان لە داخی هەوری بێوەفایی
' تەریقەی بارین بەردەدەن ،
ئەمجارە گوڵی جێهێشتن دەگرن ' (*) !
هەموو دەڕۆنەوە سەفەر
دەچنەوە ژێر چەتری سەفەر
گوڵی کۆچەکەی هەمووتان
دەوەرێتە ناو یەک جانتای مەراقەوە
جاران پێی دەوترا ماڵ و
ئێستا بۆتە نیشتمانی سەفەر !
(٣)
دەریا ڕەسمی کۆچ دەکێشێ .
هەتا دەریا حەزکات هەر کۆچ .
هەتا کۆچ خۆش دەکاتەوە ،
هەر بارانی نائومێدی !
بۆ نووسینەوەی سەفەری ئێوە
هێشتا لە باخی قسەدا
قەڵەمی حیکایەتێ ، نەڕواوە !
ئێوە دەگەنە ناو دڵی ئاو و
کەچی هێشتا چراکانی سەحەری ژیان خامۆشن !
ئێوە دەریا دەتانخواتەوە و
کەچی هێشتا لە چاوەکانتاندا
ئەستێرەکانی کۆچ و ڕەو ، مەوج دەدەن !
ئێوە بەر لە کۆچ ، عیشق لێتان دەپرسێ ؛
* بۆ دەڕۆن ؟
* کۆچی ئێوەش وەک کۆچی یار ، کۆچی سوورە؟
ئێوە هاوار دەکەن ؛
+ ئەی بۆ نەڕۆین !
کە نیشتمان گوڵەکانی بۆ خۆی برد و
ئینجانە بەتاڵەکانی بۆ ئێمە جێهێشت .
بۆ نەڕۆین ، کە نیشتمان
ژوورەکانی دڵی لێ پڕکردین لە کابوس
شەقامەکانی ڕۆحی لێ پڕ کردین لە هوها !
باخچەکانی تەمەنی
لێ پڕ کردین لە درەختی ڕیشن .
ئیتر بۆ نەڕۆین ، ئەی عیشق ، بۆ نەڕۆین !
(٤)
عاشقێک
بەدەم ئیشتیاقی کۆچەوە ڕێ دەکات و
مێژووی ئەو پەنجەرانە دەخوێنێتەوە
کە شەڕ بۆ ئەبەد دایخستن !
عاشقێک لە دوکەڵی کۆچدا ون دەبێ و
لەبەرخۆیەوە گۆرانییەک دەچڕێ ؛
* منی چۆڵگەرد و ئەشقیا ، گەر نەڕۆم ،
دەزانم نیشتمان سەرم دەخوات و
خۆیشی لە باڵکۆنی جەنگەوە
خۆی هەڵدەداتە سەر شۆستەیەکی خوێناوی !
نیشتمان هێندەی چۆلەکەیەک فڕینی پێماوە
نیشتمان بەرگەی نەزیفی ئەم هەموو سەفەرە ناگرێ
نیشتمان هەر بەقەد حەوسەڵەی ئاسکێکی بریندار
فرمێسکی لە چاودا پێماوە بۆ گریان !
نیشتمان ، بۆ ماڵئاوایی :
* چەند جانتا پڕکات لە ماچ .
* دەست لە ملی چەند شیعری تۆراو بکات .
* بە چەند عاشق بڵێت ماڵی دڵی ڕوخاوتان ئاوا .
* بە چەند گێلاسی تەنیا بڵێت ؛
وەرن لە ناو دڵی مندا کۆ ببنەوە ،
وەرن لە مێرگی مۆسیقای مندا ڕاکشێن!
* ئێوە دەبنە شەرابی شەهادەت و
ڕێگەکانی کۆچ مەست دەکەن !
* ئێوە گوڵی غەریبیی دەگرن و
لێرەش کچەکان
وەک ئەستێرەی دەم سەحەری بێ گۆرانی ،
تەنیا تەنیا هەڵدەوەرن !
* ئێوە هەمیشە لە کۆچدا و ، دەریاش مردن .
* ئێوە شەرابی کۆچ و ،
ڕێگاش مەست .. تا ئەبەد مەست !
(٥)
گەر ڕێگا نەیکوشتی و
گەیشتی ،
بۆت دەنووسم :
لەسەفەردا چۆنی بێ من ؟!
(هاوینی ٢٠١٥ / هەولێر – سلێمانی)
سەرنج :
(*) سوپاس بۆ نیوە بەیتێکی حەزرەتی مەحوی .
- سوپاس بۆ گۆرانیی ( - ای همدم روزگار ، چونی بی من – شاکاری هۆمایۆنی شەجەریان ) کە تەنها وەک ناونیشان سودم لێ وەرگرتووە .