نیوه‌شه‌وێکی سارد و غه‌مناکه‌..
پایز میوانه‌ له‌ ژووره‌که‌ما
هه‌ناسه‌ی ساردم ئه‌بێته‌ ئه‌شک و
دێته‌ خواره‌وه‌ به‌ باڵای ڕه‌شی په‌نجه‌ره‌که‌ما

*

هاوار و هاژه‌ی چه‌می ناڵینێک..
ئه‌ڕژێته‌ گۆمی مه‌نگی دڵه‌وه‌
ئارام و ئۆقره‌ له‌ گیانم ئه‌بڕێ..
وه‌ك گه‌ڵای پایز به‌ده‌م چڵه‌وه‌

*

هاوار و هاژه‌ی چه‌می ناڵینێک..
دێته‌ گوێم ئه‌ڵێ‌ی ئاوازی تاره‌
نازانم کێ‌یه‌ به‌م نیوه‌شه‌وه ‌تار ئه‌ژه‌نێت و
که‌شتی ئارامی کۆیله‌ی شه‌پۆلی ده‌ریای ئازاره‌؟

*

هاوار و هاژه‌ی چه‌می ناڵینێک..
به‌ من نامۆیه‌..
ئه‌مکا به‌ شێت و.. وێڵ و ئاواره‌ی..
ناو دارستانی چڕی دوودڵیی
سه‌رسام ده‌بم و
که‌ په‌نجه‌ره‌که‌ ئه‌خه‌مه‌ سه‌رپشت..
گڤڤڤڤڤڤڤڤ.. گڤه‌ی (با) دێ و گوێم پێ شل ده‌کا
بۆ ئاهی سینه‌ی پڕ که‌ف و کوڵی

*

هاوار و هاژه‌ی چه‌می ناڵینێک..
له‌ لام ئه‌بێته‌ وژه‌وژی (با)
ئه‌وسا دڵنیام ئه‌وه‌ی ئه‌یبیستم گڤه‌ی (با)یه‌(با)

*

پێی ئه‌ڵێم.. وه‌ره‌ من تۆم خۆش ئه‌وێ
بیرته‌ هاوینی پار ئێواره‌یه‌ک به‌ چڵه‌دارێ..
که‌ له‌سه‌ر خۆڵی ڕێگه‌که‌ نوسیم..
گه‌ر نازدار بمرێ کۆستم ئه‌که‌وێ
که‌ تۆش هاتیت و زوو سڕیته‌وه‌
ئای که‌ مناڵ بووم!..
وامزانی ئه‌چی له‌سه‌ر په‌نجه‌ره‌ی..
ژووره‌که‌ی نازدار ئه‌ینوسیته‌وه‌!