ئەوە دوا ئێوارە بوو هەستی كرد دڵی وەكو ئێسكوپروسكی مناڵەكەی لەژێر پێی ڕێبوارانا ئەشكێ و تاهەتایە خوێنی لێ ئەچۆڕێ. بیری كردەوە چ جیاوازیەك هەیە لە نێوان مردن بەتێری و برسێتیدا؟ چ جیاوازیەك هەیە لە نێوان ئەوەی بەتێری باوەش بەمەرگدا بكەیت، یاخودا لە برسێتیدا ڕووبەڕووت بێت؟ دەی هەر چۆنێك بێت ئەو مناڵە پاروە نانێك بخوات باشترە، تاهیچ نەبێت ئەو موعتادە بچكۆلە لە ئێوارەیەك لە ئێوارەكانی ژیانیا، بە كامی دڵی خۆی نان بخوات.
دڵی ختورەیەكی كرد و كەوتە بیری ئەو خەوەی دەمەوبەیانی بینیبووی، لەگەڵ كوڕەكەیدا لەسەر دەریایەك خوێن وەستاون و دەریاوانەكان بۆ مانگ ئەگەڕێن تا بیكەن بە جەژن، شەویش بەرلەوەی چاوی بچێتە خەو سەیری ئاسمانی كردبوو مانگ گیران بوو، دڵی خەبەری دابوو ئەمڕۆ شتێكی نائاسایی ڕووئەدات و بۆنی خوێنی لێدێ. هەرچۆنێك بێت لەسەر زەوی لافاوی خوێن هەڵسێت باشترە تا ئەوەی لە ئاسمان ببارێت، بەڵام وەك هەمیشە ژیان پێچەوانەی خەیاڵەكانی ئەو دەسوڕا، هەر كات چاوەڕێی شنە بوایە ڕەشەبا گوڵ و گەڵای بە درەختەكانەوە نەدەهێشت. ماشێنێك بەخێراییەكی بێوێنەوە بەبەردەمیدا تێپەڕی و گۆرانیەكی یاساغی بە دەنگی بڵند لێئەدا (( هەرئەم دوو ڕۆژەیە زیندەگی ، خەوو خەیاڵە زیندەگی )) كچو كوڕێك لە ماشێنەكەدا لەناو دنیای خۆیاندا نوقوم بووبوون ، بەڵام ئەو كاتێك وەك سەگێكی وێڵگەرد دەچووە گۆڕستانێك ئەو گۆرانییەی دەهاتەوە یاد ، كاتێك چارەنوسی حەمید و وێنەی گۆڕەكان لە خەیاڵیا تێكەڵ دەبوون، ئەم گۆرانییەی دەكەوتەوە بیر، لە دڵی خۆیدا وتی (( ئای حەمیدی هەناسە سارد تۆش ڕۆژێك لە ڕۆژان دڵت بەم دنیا دڵڕەقە خۆش بوو، لە لەنجەولاری گوڵێكدا هەزاران ئاواتی ڕەنگاڵەت هەبوو، ئێستا ئەگەر زیندووش بیت ئەم كەلاوە هەزار ساڵی دەوێت ببێتەوە بە ماڵ، ئیدی ئەو كاتەش زەمانێكە ئێمە لەخاكدا ڕزاوین ، ئیدی ئەو كاتەیە بەخەیاڵیش بێت ناتوانیین سەرێك لەو ڕۆژانە بدەینەوە جێمان هێشتن و جێیان هێشتین )).لە دڵی خۆیدا وتی ((خۆزگە جارێك تەمەن ئەگەڕایەوە دوا، بۆ ئەوەی ئەو شەقامانانە گوڵڕێژ بكەم تۆ پیایاندا ئەڕۆشتی)). مناڵەكەی ئازارێكی زۆری هەبوو، وەك ئەوەی مشار بە ئێسقانەكانیا بێنن، یان بزمار بە ئێسقانەكانیا داكوتن. هەستی بە بێویژدانیو ئازارێكی گەورە ئەكرد لە ناخیدا ، عابا ڕەشەكەی پێیاداو كەوتە بیری ئەوەی ئیدی چارەیەكی نییە دیسان ئەبێت مامەڵەی لەشی بكات. نەخێر ئەم بەیانیەش ئەفسەرەكە كە گەیشتە سەر سەری و شریتی داڵغەی پچڕاند (( تۆ شەرمێ لە خۆت ناكەی قومار لەسەر مردنی ئەو مناڵە ئەكەیت؟! تۆ نازانیت چ چارەنووسێك چاوەڕێی ئەو مناڵە ئەكات بە تلیاك ئەی خەوێنیت؟ ئەوە چەند ساڵە تۆ بویت بە دومەڵیك و لە ناوچاوی ئەم شەقامە نابیتەوەو نا تەقێیت، بویت بە عەلاگەیەك زبڵ و شارەوانیش دەستی تێت ناچێت فڕێت بدات. خانم شورەییە بۆتۆ ڕۆژێك لەسەر دزی ناو چێشتخانەكان و ڕۆژێكیش لەسەر لەشفرۆشی و ڕۆژێكیش لەسەر تلیاك ئەكەویتە زیندانەوە. ئەوە چەند ساڵە من پۆست و پلەوپایەم بەرزتر ئەبێتەوە و خزمەت ئەكەم، هاوڕێكانم ئەم جلە نەفرەتیانەیان فڕێدا و من مامەوە بۆئەوەی تۆببینم لەگەڵ ئەو مناڵە بۆگەنكردوەودا وەك دوو تەرمی زیندوو، وەك دوولاشەی جوڵاو ناهێڵن غەریبەیەك ڕوو بكاتە ئەم شەقامەو دیمەنێكی جوان ببینێت. بۆئەوەی بڵێم خانم با ئەو كۆرپە نەمرێت، گوناهە بە حەبی((خەولێخەر)) ئەیخەوێنی ، خانم ئەوەكۆرپەكەت بوو بەدووساڵانو لێی گەڕێ ، بوو بەسێ ، بەچوار ، بەدە ، بەهەزار ....، بەڵام نەك هەركۆڵت نەدا، كردیشت بەتلیاككێش. وەكو سیكۆتینی مشكیش نوساوی بەم شەقامەوە، بۆنەگبەتیش تەنیا لەسەر ڕێگەی منا دائەنیشی)) گوڕی دایە بەرخۆییو وتی:((بەڵام جەنابی ئەفسەر دومەڵ پێویستی بەنەشتەرگەریو چارەسەرە، نەك بە تەقاندن))
لەدڵی خۆیداوتی هەموو مرۆڤێكی بەویژدان مرۆڤێكی تەواوە،من بڕوام بەو ئەخلاق پەرستانە نیەلێوان لێون لەبێ ئەخلاقی ، لەبێویژدانی،ویژدانو ئەخلاق دوشتی جیان، ئەوانەی ئەم دووشتە تێكەڵاوئەكەن بۆمەبەستێكی تایبەتی خۆیانەو هیچی تر. ئاخر ئەشێت ئەخلاق پڕبێت لەبێویژدانی، بەڵام ویژدان خاڵیە لەبێ ئەخلاقی. ئەشێت زۆرجار ویژدان شتێكی لەسەداسەد پێچەوانەی ئەخلاق بێت،بەڵام ویژان بریتی نیە لەبێ ئەخلاقی. لەسەرەتای سەرگەردانیەكەیدا نەخۆشییەكی گرانی توشبوبوو،هەر بەونەخۆشیەوە پاشماوەی چێشتخانەكان ئەگەڕاو سواڵی ئەكرد. چەند شەوێكیش لەسەر كارتۆنە شڕەشەیەك ئەخەوت،بەڵام لاتو لوتی شەو هەراسانیان ئەكردو لەچۆڵەوانیو كەلاوە لاكەوتەكانیشدا ئەیان دۆزییەوە. زۆرجار لە بەرخۆیەوە ئەیوت قسەی خەڵك ئەتكەن بەلەشفرۆش، پاڵت پێوەئەنێن ببی، شەقی ئەولیاو كۆمەنیستو ئازادیخوازو ئیماندارو نەتەوەپەرستەكان ئەتكەن بەلەشفرۆش، كێ هەیە ئەوەندەی دۆشەكەو بەتانیەك جێگات بداتێو داوای شتی ترت لێنەكات؟كێ هەیە كاتێك ئەتەوێت شەرەفت نەفرۆشی ، ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ شەڕی ئەوەت پێ نەفرۆشێ،بیفرۆشی؟ بەشەق،بەتف،بەیاسا،بەكلتور، بەپەیڕەو و پڕۆگرام،بەدین، بەهەموو شتێك بۆزەلكاوی قیزەونی ئەتنێرنو هیچیان نایانەوێت وەك مرۆڤێكی شەریف بژیت، ناتوانن بەگوناهێكی هەزارجار لەوەی خۆت گەورەتر نەتكوژن، ناتوانن لەگوناهێكت خۆشبن زۆرجار گوناهیش نیە. كەوتەوە بیری ئەوئێوارەی بەحەمیدی وت:((بەم حاڵەوە ناتوانم ڕووبەڕووی ئایندەیەك ببمەوە تۆی تیانەبی)) حەمید سەری ماچ كردبوو پێی وتبوو:((شەڕ دڕندەیە، بەڵام بەو ئەندازەنیە ڕێ لەخۆشەویستی بگرێت)) فەرزانە دڵنیابوو ئەمە لەوجۆرە دڵدانەوانەیە مرۆڤ لەناچاریدا پەنایان بۆدەبات.
بەرلەوەی مناڵەكەی لەدایك بێت، زەمەنێك فاڵی بۆ ئەو ژنو دایكانە ئەگرتەوە مێردو كوڕەكانیان لەشەڕا بێسەروشوێن بووبوونو هیچ هەواڵێكیان نەبوو. بەكۆمەڵێك پێشبینی پڕوپوچ دڵیانی خۆشئەكرد، چەند مانگێكیش بەسكێكی هەڵاوساوەوە كلێنسو، بنێشتو،شقارتەو، شتگەلی لەمجۆرەی لەسەرجادەكان بەشۆفێرەكان دەفرۆشتو گوێی لەقسەی سوكو پلاری شۆفێرەكان دەبوو، كاتێ شتێكیان لێ دەكڕی سەودای شتێكی تریشان دەكرد. ئەگەرچی ئەو پێی وابوو ئەوە بازرگانی كردنە بەشەرەفی كەسێكی ترەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە بێ پەناییو ناچاری ئەوكارەیان پێدەكرد. زۆرێك لەوانەی لەگەڵیا جوت دەبوون لەو پیاوە ئاڵۆشاویو بەویقارانەبوون، هەمیشە لەپێگەو پلەیەكی جیاوازدا بەویقارێكی ترەوە دەرئەكەوتن،زۆرینەشیان بەپێچەوانەی حەمیدەوە كەبۆیەكەمینجارو دواین جار هەستی هێنایە كوڵ ، نەیان ئە توانی ئەو لەزەتەی بدەنێ بۆخۆیان ئەیانویست، ئەگەرچی مرۆڤ لەوەها بارودۆخێكدا چاو لەدەستی لەزەتێكی لەم شێوەنیە.كاتێك لەگەڵیدا جوت ئەبوون هیچ گرنگیەكیان بەكەفو كوڵی ئارەزووی ئەو نەئەدا،بۆیە سێكس كردن لەیادەوەری ئەودا بوو بووە ڕووداوگەلێكی ترسناكو قیزەونو هەمیشە بەردەرگاكەی پێدەگرت، لەكوێشدا؟لەناو ئەو هەموو مرۆڤەدا كە تەنیا لەبرینەكانی خۆیانو ئەو بۆشاییە ڕۆحیی و سێكسیە ئەڕوانن لەژیانی خۆیاندا بوونی هەیە.زۆرجار جگەرەیان لەسەر مەمكی كوژاندبووەوەو بەچەقۆ پەلاماریان دابوو، بەهەردوو ڕێگای ئازاردانە جەستەییو ڕۆحییەكە سوكایەتیان تاڕادەی مەرگ پێكردبوو،بەڵام ئەو تەنیا بۆئەو ئاگرە دەژیا حەمید ئەوی پێ سووتاندبوو.زۆر جاریش لەبەردەم مشتەریەكانیدا ئەیوت:((حەمید یادەوەریەكەو هیچی تر)) بەڵام هەرزوو لەدڵی خۆیدا پەشیمان ئەبووەوەو ئەیوت:((تەنانەت یادەوەریەكی وێرانكەریش بێت دەست بەرداربوونی ئاسان نیە)) ئەو ڕۆژێك لەو ڕۆژانەی وەك ئەوەی بەچەقۆیەكی كول لەسەردڵی نوسرابێت،هەرگیز لەیاد نەئەچوو،كاتێك یەكێك لەلەشكڕەكان بەدەم تەكان لێدانەوە وێنەكەی حەمیدی لەملیا بینیبوو پێی وتبوو:((كاتێك لەگەڵ منای لایبە،ئەو وێنە ڕەشوسپیە هەوەسم خاو ئەكاتەوە))چەند مانگێكیش سكی بووبوو بەبارێكی قورسو گران بەسەریەوە، هەتا ڕۆژێك لەكەلاوەیەكی دوورەپەرێزدا، هەرخۆی بووبووە مامانی خۆی،دووكاتژمێر دوای ئەوەش بەناچاری هەستایە سەرپێو شەوەكەشی لەیەكێك لەدەستشۆریەكانی پاركێكدا خۆیو مناڵەكەی شۆردو لەعابای ژنێكەوە پێچای،بەزەیی پیایدا هاتەوەپێی بەخشی.تائەو كاتەش تاكەشتێك خەیاڵی لایبوو گەڕانەوەی حەمیدو لەئامێز گرتنی حەمیدبوو،گەڕانەوەی حەمیدوو یەكتر بینینەوەی لەگەڵ مناڵەكەی بوو،بەڵام ئەمە بۆئەو خەیاڵی خاو بوو. لەناو ئەو هەموو ڕوداو و جەنجاڵیەی ژیاندا ڕوداوگەلێكی كەمو كورت هەن هەرگیز لەبیرناكرێنو بەدرێژایی تەمەن لەناویاندایتو لەناویاندانیت،ئەگەڕێیتەوە ناویانو وەكو سەراب پێیان ناگەیت، ساتگەلێكن لەژیاندا بەجۆریك كاریگەریت لەسەر دائەنێنو لەناو خۆیاندا بەندت ئەكەن نەئەتوانیت لێیان دەرچیتو نەئەتوانیت بگەڕێیتەوە ناویان، هەرچەندە لێیان هەڵێیت لەناویانایت،هەرچەندە بۆیان دەگەڕێیتەوە ناچیتە ناویان.وەكو پەپولەیەك لەناو جامێك تێزابدا سەرقاڵی پەلەقاژێیەكی بێفایدەبوو،چاوەڕێی ئەو ڕۆژەبوو حەمید بێتەوەو پەلی بگرێو لەوزەلكاوە دەری بێنێو ژیانێكی ئاسایی بژی،ئەگەرچی ئەمە بۆئەو زیاتر لەوەهمو خەوێكی بەتاڵ ئەچوو،((وەلێ ئەمە لەژیانی هەرمرۆڤێكی ئاسایدا شتێكی سادەو ساكار بوو،بیهێنەرە بەرچاوی خۆت ئەم دنیایەت لێ ببێتە تابووتێكی سەرداخراو،ببێتە گۆڕێكی تاریكو بیر لەو ژیانە بكەیتەوە جارێكی تر دەستت نایگاتێ،بیر لەمردنو وێران بوونی كەسێك بكەیتەوە بەخۆشەویستی وێرانی كردبیت،ئەو كەسەش تۆبیو هەموو ڕێگاكانت بەبنبەست گەیشتبێ)).
ئای حەمید .. تۆ لەكەسێك ئەچیت تەنیا لەخەیاڵدا بونت هەبێو هەرلەوێشدا بتبینم، گەر بەو هەموو جوانیەبگەیشتینایە لەخەیاڵمانابوو،ئەوكات خۆزگەیەك بوونی نەئەما، ژیانی بێ خۆزگەو خەونیش ژیانێكە پڕە لەخۆكوشتن، هەروەك چۆن ئەو ژیانەش پڕە لەخۆكوشتن دەستت ناگاتە نزمترین گەڵای خەونەكانی . فەرزانە لەخەیاڵی خۆیدا وای وت.
كچو كوڕێك بەبەردەمیدا تێپەڕینو بڕێك پارەیان خستە دەستە سڕِِەكەیەوەو داوایان لێكرد نزای خێریان بۆبكات.گوێی لێبوو كوڕەكە بەكچەكەی ئەوت:((شانازی بەو ئازارانەوە ئەكەم لەپێناوی تۆ داكێشام)).كچەش بەجۆرێك لەلاف لێدانەوەئەیوت:((ژنان ئەو پیاوانەیان خۆش ئەوێت پەنجەیان لەزمانیان بزێوترە، لەشیان لەزمانیان زیاتر قسەئەكات.))كەو تەوە خەیاڵی ئەو ڕۆژەی حەمیدی تیاداناسی،ئازارو لەزەتی ئەو ساتەی وەكو مارێك لەناوەوە پێوەی ئەدا، وەك هەمیشە لەگەڵ تارماییەكەی ئەودا ئەژیاو نەی ئەتوانی دەستی بگرێو نەئەیتوانی باوەشی پێدابكات.
(( ئای ئەوە یەكەمینو دوایەمین بەهاری عومرم بوو، نازی جوانی تیادابكەم))حەمید كوڕێكی ئێسك سوكو سەلاربوو،هاتبووە ئاهەنگی كوڕە هاوڕێكەی.فەرزانەش لەئاهەنگی خوشكەكەیدا نوقمی سەمایەكی مەستانەبوو، بەجۆرێك لەدەروێشێكی حاڵگرتوو ئەچوو،وەك ئەوەی بەئاسمانا بفڕێ ئاگای لەسەرزەمین نەمابوو.دەستێك لەو دەستانەی پێشوەخت نەخشەیان بۆكێشاوەو وای دەرئەخەن كاری ڕێكەوتە، بەئاگای هێنایەوە دەستی ئەگوشی،هەستی ئەكرد وەك باڵندەیەك ئەكەوێتە خوارەوە،هەستی ئەكرد تەزویەكی جیاواز بەگیانیدا ئەگەڕیو ئەم دەستانە دوودەستی ئاسایی نین،دوودەستی تینوونو داوای شتێكی ترئەكەن،نەوەك سەما.لەناو چاویدا ڕۆحی كوڕێكی عاشق دەبینرا،وەك ئەوەی تكای شتێك بكات وتی:
بێگومان بەو ناونیشانەی پێیان دواوم تۆ(( فەرزانە)) خانی خوشكی ((بووك))ێیت؟
بەڵێ بێگومان.
منیش ((حەمیدم))هاوڕێو هاوپۆلی((زاوا)).
خۆشحاڵم.
من خۆشحاڵتر.
كەو تە یادی ئەو بەهارەی یەكەمین شكۆفەی جوانی تیایدا دەمیكردەوە،لەو ئێوارەوە حەمید چەندجارێك سەردانی كردبوونو دوای ئەوەش هاتبووەخوازبێنی،بەڵام شەڕ وەكوبەڵایەكی ناگەهان لەگەڵخۆیدا بردیو نەهاتەوە.
پێنج تومەنیەكیان فڕیدایە سەردەستماڵكەیو بەكزیەكەوە وتی:((خودا خەیرت بدات))
بەخۆیی وت:باشە بیرم لەچی ئەكردەوە؟!نەیزانی بیری لەچی ئەكردەوە،كەمێك عاباڕەشەكەیدا بەسەر مناڵە ڕەنگ زەردوو لاوازەكەیدا،كەتائەو ساتە ناوێكی نەبوو،لەدڵی خۆیداوتی((ئیتر ئاوایە دنیا،نانی نیوەی كەوتووەتەناو خوێنو ژیانی ئەو نیوەكەی تریشی كەوتوەتە سەربازرگانی كردن بەخوێن.ئەوانەی خەڵك ئەنێرن بۆجەنگو خۆیان لەدوای دواوە ئەوەستنو لەپێشی پێشەوەو هەڵدێن،لەشەڕا لەدوای دواوەنو لەباریگوزەراندا لەپێشی پێشەوە،ئاخۆ ئێستا حەمید لەچ گۆشەیەكدا ڕزابێو مناڵەكەشی ئابەم دەردە نانی ڕۆژێكی دەست ئەكەوێت؟!
بیركردەوە لەو ئێوارەیەی ترس وەكو پەتایەكی كوشندە بەناو شارا بڵاو بووبوەوەو لەهەموولایەكەوە ئەیان وت:(( شەرەفی وڵات لەژێر هەڕەشەی ئەتككردندایە)) لەدڵی خۆیداوتی:(( ئایا منیش شەرەفی وڵات نیم؟؟!)) نەخێر ئەم بۆچوونانە تازە كەس بەفلسە سورەیەك نایانكڕێت،تەنانەت لەكاتی تەڵقینیشدا كەس ئەو مناڵە بەكوڕی شەهیدێك لەقەڵەم نادات، وەكو زۆڵێك لەو زۆڵانەی باوكیان دیارنیە ئەچێتە دیوانی خوا، تۆبڵێی چارەنوسی لەوێ لەچارەنوسی ئێستای من باشتربێ؟دەی منیش چیم جێدەمێنێ جگە لەڕابردویەكی ناشرین؟؟كێش تێدەگات من سزای ئەو گوناهەمدا بەڕاستی كەسێكم خۆشویست؟!!ئایا لەجێگاو مەملەكەتێكی دی خیانەتیشم كردباچارەنوسی من وادەبوو؟؟ مەگەر خودا دەمامكەكان لەدەمووچاوی مرۆڤەكان دادڕێت،ئەوكات ئیتر مرۆڤی گەورە لەمرۆڤی بچوك جیا دەكرێتەوە.ئەمە هەرگیز پێوەرێكی ویژدانیو یەكسانی خوازانەنیە لەبازاڕی دەمامكفرۆشەكان پێگەو كەسایەتی مرۆڤ بازرگانی پێوەبكرێت.هەموو بیرو باوەڕەكان كەرەسەی هەڵفریواندنو بازرگانی كەسانێكو تیاچونو بەدبەختكردنو، بێسەرپەناكردنی كەسانێكی ترن.لەو جێیەدا ویژدان مردووە یاسایەك قوت ئەكەنەوە بۆ بێویژدانی.ئاخۆدەكرێت دووبارەو هەزاربارە مناڵێك بەتلیاك بخەوێنیو خۆشت بەداڵغەو خەیاڵ موعتاد نەبیت؟ئایا ئەم مناڵە چەندەی تر بەرگەئەگرێ،نەخێر ڕۆژێك دێت كەنەفت ئەبێو وەكو لاشە خۆرەیەك لەكۆڵی دڵت نابێتەوە،ئەوكاتیش ئەیبەنە بیمارستانو لێت ئەپرسن كوانێ باوكی؟تۆش شیرینو فەرهادیان بۆ ئەخوێنیتەوە، دوایش چی؟! ئەتبەنە دادگاو ئەتكوژن؟! جابۆ نەتكوژن؟!لەوە باشترە درێژە بەوژیانە جاڕسكەرو تاقەت كوژەبدەیت بەبێ ئەوەی لەبیری خۆتی ببەیتەوە ڕزگارت ئەبێ لێی))
سەرەتا ویستی مناڵەكەی بكوژێت، ئەوە سێهەمین مانگی دوای لەدایك بوونی بوو،جارێكیش لەبەردەرگای مزگەوتێكا بەجێی هێلاو دڵی بڕوایی نەدا یادگاریەكی حەمید بەو شێوەیە بداتە دەست قەدەری فەرامۆشی.هەستی بەدڵڕەقیو بێویژدانی خۆیكرد،بەڵام یادی ئەهاتەوە ئەوەی مناڵەكەی پێ جێهێلاوە خۆی نەبوو خەڵك بوون،لەمڕوەوە كەمێك ئازاری ویژدانی كەمئەكردەوە.(( ئێ ئاخر حەمید هاتەوە چی پێ بڵێ؟!بەڵام كێ ئەزانێت ئەویش گوللەیەك گۆڕێكی غەریبی نەكردووە بەبەشی؟!ئەگەر لەجێگایەكی دیارا كوژرابا، ئێستا قورسەكەی دەمێك بوو هاتبوەوە.گریمان هاتەوە،بەو ئاسانیە باوەڕئەكات سكەكەی بەرئەنجامی جوتبوونی تاقەجارێكیانە؟؟)) بیری كردەوە ئەوە ڕۆژگارێك بوو بەجوانیەكی بێوێنەوە ئەیتوانی سەرنجی هەركەسێك ڕابكێشێ:(( بەنازێكی كچانەوە پێم وت:حەمید وامەكە،توگیانی دایكت وامەكە،هەمووی چەندڕۆژێكمان ماوە یەكلایی بكەینەوە،لێگەڕێو پەلەت نەبێت،ئەوەی تۆ دیقت بۆ كردووە ئەبێتە هی تۆ)) نەخێر بەرگرتن بەدەستە برسیو لێوە تینوەكانی حەمید مەحاڵبوو،بەتایبەتی لەو ساتەشدا كەعەزیزیەكی خۆشداكەنەی نیوە ڕوتی لەبەردابوو.كەروێشكەی مەمكە خڕو ڕانە سپیەكانی بەئاسانی لەكاتی جوڵەدا دەبینرا((نەخێر بەدەستێكی كەمەری گرتمو بەسەر پەنجە تەڕەكانی دەستەكەی تری یاری لەگەڵ لێوی مەمكە قوتو بچوكەكانم ئەكرد،لێوم لەنێو زمانو لێویدا بەیاریەكی شێتانەوە گرفتاربوو،هێواش هێواش لێوی لەلاملو لێوەمەوە خزاندە سەر گۆی مەمكم،وای خودایە چ تەزویەكی لەزەتبەخشو شیرین بوو ،ئەوە یەكەم جاربوو بزانم لەگیانما لەزەتێكی ئاوا شیرین هەیە،یەكەم جارو دواین جاربوو نازی جوانی بەسەر كەسێكدابكەم.مەمكە چكۆلەو سپیەكانم لەناو پەنجەكانیدابوو.كەم كەس ئەتوانێت لەبەردەم ئەو دەستو پەنجە لێزانانەدا نەبێتەدیلو شۆرتو مەمكەبەندەكەی فڕێنەدات،وای خودایە چ ختو كەدانو تەزویەكی خۆشبوو!!وەك شێتێك ئەوەندە توندمەمكەكانمی ئەگوشی،ئەترسام وەك دووهێلكە لەدەستەكانیدا ببن بەئاو.وتی((من ئەم مەمكە تورتو خڕانەم ئەوێ هی منبن بۆهەتاهەتایە، ئەمڕۆ ئەم سێوانە نەخۆم ناڕۆمەوە، ئەمشەو هەمووگیانت بەزمان نەلێسمەوە جێت ناهێڵم،شیعرێك بەلێوم لەسەر مەمكەكانت نەنوسم كۆڵنادەم ))وتم((شێتە ئەوە تۆ چی ئەڵێی!!ئەواتانێ خەریكی ئەیان خۆیت،ئەوەتا خەریكیت بەزمان ئاگرم تێبەرئەدەیتو شیعر ئەنوسیت))زۆڵی كوڕی زۆڵە ئەیزانی دەم ئەخاتە كویا، وەكو مناڵ لێوی لەسەر مەمكی چەپم بوو، كەوتە لستنەوەو مژینی وەكو مناڵ)) بەمەكرو نازێكەوە تێكەڵاوی لەزەت بوو پێم وت(( وامە كە گیانەكەم، ئاخر دوایی چی وەڵامی ماڵەوە بدەمەوە؟))ئەمەم لەكاتێكدا بوو وەك گونكێك هەویر شل بووبوم لەبەردەمیا،لامەزەبە بەهەردوو دەستو قاچو لێویو شتەكەی ناو ڕانیشی خەریكی ختوكە دانو وروژاندنو ئاگر تێبەر دانم بوو.خوێنم هاتبووە كوڵ، نەم ئەتوانی خۆم لەبەردەمیا ڕابگرم.سەرەتا كەدەموت((حەمید وامەكە ، بائەوە سنوری نێوانمان بێت))بێزاریەكی نیوە ڕاستەقینە بەقسەكانمەوە دیاربوو،بێزاریەك تێكەلاوی ترسو لەزەت بوو ، دواتر ختوكەو تەزوی شتەكەیو لێوی ئەو بێزاریو قسە كردنەی گۆڕیم بۆناز، چەند ئەموت((وەیش ئەوێم ئازاری پێئەگات))ئەوەندە خراپتر ئاگری تێبەر ئەبوو، بیرم نایەت بەقەد نینۆكێكی شوێنەهەستیارەكانم نەمابێت بەلێو ختوكەی نەدابێت،تاكار لەكار ترازا، ئەنجا دەستی كرد بەپاڕانەوە:(( من لەگەڵ ماڵی باوكتا قسەم بڕاندوەتەوە، هەرلەم هەفتەیەدا مارە بڕیو دواكاری هەمووی تەواو ئەكەم))دیسان دەستی كرد بەكارەكەی پێشوی ((..ه...ه..ه...بە...ڵا....مـ.....حـ..ـە...مـ..یـ..د بیرت نەچێت تۆ كچێنی منت برد))ئەمەم لەكاتێكدا پێوت ،دەستیم لەكەمەرم كردەوەو ئەو پارچە كلێنسە خوێناویەم خستە دەستیەوە هێشتا وشك نەبووبووەوە كەداوێنم پێ سڕی بوو.ئەو ڕاستی كرد دوای سێ ڕۆژ مارەیبڕیم. كاتێكیش جەنگ بەرۆكی وڵاتی گرت دواهەمین جاربینیم پێی وتم:((تۆمانگی منی)) وتم:((بەڵام حەمید تۆ ئەو مانگەت بیرنەچێت كچێنی خۆیی پێدایت، ئەو پارچە كلێنسە هەڵگرە با لە گیرفانی كراسەكەتا لەسەر دڵت بێت، هەركات ویستت گوللەیەك بەكەسێكەوە بنێی با بیخاتەوە بیرت لەوانەیە ئەویش كەسێكی هەبێت كچێنی پێدابێتو چاوەڕێی گەڕانەوەی بكات))
شەقێكی توندیان هەڵدا لە دەستەسڕەكەیو بەرەو ئاسمان بەرزبووەوە.بینی كۆمەڵێك لاتولوتی شەقامەكەبوون.ئەو بڕەپارەیەشی لەناویدابوو هەریەكەو بەلایەكدا ڕۆشت،گوێی لێبوو یەكێك لەكوڕەكان ئەیوت(( سەیری ئەو دەمە حیزەی بكە ئەوەنەیان پێ مژیوە، عەینەن چاڵەگوی لێهاتووە.ئاخر دەم چاڵەگوو، مەردووم بۆئەوە سواڵ ئەكات مناڵەكەی پێ موعتاد بكات؟!)) سەری بەرزكردەوە بۆ ئاسمان تالای خوا سكاڵایەك بكات،گلەییەكیان لەدەست بكات،باڵەخانە شوشەییە شەست نهۆمیەكە بەری ئاسمانی لێگرتبوو،لەخەیاڵی خۆیدا وتی:(( هەر چەندە ئەو باڵەخانەو هەوربڕانە زیاتربن ئەوەندەش خاوەن قامچیو كۆیلەكان زیاترن،دنیاش هەروەك سەردەمی كۆیلایەتی وایە،تەنیا شتێك گۆڕابێت تیایدا سێدارەیە بۆكورسی كارەبا. كەوتەوەخەیاڵی ئەوەی بۆچی لێنەگەڕا لەماڵەوە بیكوژن،ئایا ئەم ژیانە لەمردن قورسترنیە ؟! لەم دنیا دڵڕەقو بێ هەستەدا تەنانەت سواڵكەرگەلێكی ترهەبوون، لەهونەری نمایشدا ئەوەندە شارەزابوون ،ئاسان نەبوو ڕێبوارە ویژداندۆستەكان، لەو نێوەندەدا سواڵكەری ڕاستەقینە لەدرۆزنەكان جیابكەنەوە.بۆیەناچار زۆرجار لەناو سوخمەو كۆندۆمو چێشتی بۆگەنكردودا بەدوای پاروەنانێكی تێكەڵ نەبوو بەخۆڵو خاشاكدا دەگەڕا، بیخۆنو ئەو بڕەپارەیەی دەستی كەوتووە بیدات بەتلیاكو مناڵەكەی پێبخەوێنێ.بەو ئومێدەی ڕۆژی داهاتوو شتێكی دەست كەوێتو مناڵەكەی لەئازاریش ڕزگاربكات.ئەو ئێوارەیەی ماڵەوەیان زانیان دووگیانە لەترسی بەردباران ماڵەوەی جێهێلاو تاهەتاهەتایە سەری پیانەكردەوە.لەو شارەگەورەدا هەموو مرۆڤێك بەئاسانی ئەیتوانی لەبەرچاوان ونبێت و لەزەلكاوی ڕەزالەتو بەدبەختیدا بژی. شەوەكەشی لەباوەشی چوار لاتی كۆڵانێكی باڵاشارا ڕۆژی كردەوە،تەنانەت بۆ خولەكێكیش لێنەگەڕان ئارام بگرێ،دوانیان ئەوەندە تلیاكیان كێشابوو وەك ئەوەوابوو لەكاتی ڕێو ڕۆشتندا پاڵیان پێوەبنێن.بۆنی تلیاكو مەیو مردنیان لێدەهات.هەركامیان تەواو ئەبوون سیانی تریان لەنۆرەداوەستابوون ،دووجاریش بەدووانو بەسیان لەگەڵیدا جووت بوون.ئەو شەوە لەخەیاڵی ئەودا برینێك بوو بەردەوام خوێنی لەبەر دەڕۆیشت،برینێك لەو برینانەی هەركات بیریان لێدەكەیتەوە ژەهرو خوێیان دەكەیتەسەر. بیری كردەوە هەرئەوانەنین كاتێك كچێك بەردباران ئەكەن پێشتر ئەتكیان كردووە؟؟!هەر ئەوانەنین ژنێك ناچار ئەكەن بەتلیاك مناڵەكەی بخەوێنیو بەخەوی مناڵەكەی بەزەیی خێرەو مەندان بجوڵێنێ،بۆئەوەی لاشەی نەفرۆشێ؟! هەر ئەوانەنین كاتێك نانێكت ئەدەنێ داوای لەشت ئەكەن؟! كاتێك خێرت پێئەكەن بۆسەودای شتێكی تر دێنە پێشەوە!!هەر ئەوانەنین لەچلەی ماتەمینیو یادی دەزگیرانەشەهیدەكەتا بەپێوە بەو پەڕی ویقارەوە ئەوەستن؟؟!
هەزار تفی لەو ڕۆژەكرد حەمیدی تیاناسی. (( ئەگەر بەجۆرێكی تربوایە منیش ژیانێكی ترم ئەبوو ،ئەو ڕۆژە ئەگەر كارێ،شتێك،بۆمن بهاتایەتە پێش،چوزانم هەڵامەتێكم بگرتایە،تاقیكردنەوەی زانكۆم هەبووایە، ئەوە ڕوی نەئەدا،تائێستا لێرە دابنیشمو وەك ئەوەی ژیانم بەم شەقامەوە دورابێ،ئەم پیشە نەگریسو مەرگهێنەرە،وەك هێرۆین تێكەڵاوی خوێنم بێت.ڕەنگە بۆ ئەویش شتێك بهاتایەتە پێش دەستی نەگرتبام و شەرمو ترس ڕێگەیان نەدایە،ئەوكات لەوانەبوو منیش هەرگیز بیرم لەوەنەكردایەتەوە خۆشم بووێ، بەڵام مەگەر خۆشەویستی دنیای نابووت كردووە؟! نەخێر تەنیا ئەوانە دنیا نابووت ئەكەن حورمەتی عیشق ئەشكێنن.
مناڵەكەی عابا ڕەشەكی لاداو لاقە سیسو لاوازەكانی كەوتنە سەر خۆڵەكە،چاوە ڕەشەوەبووەكانی هەڵبڕی وەك ئەوەی لەخەوێكی قوڵ بێداربووبێتەوە،سەیر ی ئەو شەقامەی كرد لەوە ئەچوو تاهەتاهەتایە بەچارەنوسی ئەوەوە دوورابێ،بەڵام ئەمە بێداری نەبوو،كەسێك كەبۆیەكەمجار ئەیبینی واهەستی ئەكرد لەسكی دایكیەوە تائێستا خەبەری نەبووەتەوە.عاباكەی ڕاخستەوەو بەئەسپایی سەری مناڵەكەی خستەوە سەریو بەدەنگێك لەلاوانەوەی مردوویەك ئەچوو لەگەروویەكی بریندارەوە بێتە دەر وتی:(( بخەوە كوڕەشیرینەكەم،ئەگەر بەتلیاكیش لەم دنیا بۆگەن كردووە دوور بكەویتەوە لەوە باشترە تییایدا بیت.شارگۆڕستانێكی قەرەباڵغە بۆئەوانەی لەم دنیایەدا هیچیان نیە،تاقە خۆشبەختیەك لەم دنیادا بۆئەوانەی هیچیان نیە ئەوەیە كەمردیشن هیچیان لەدەست ناچێت.بخەوەكوڕم خەو بینین باشترە تابینی هەندێك لەتێریا سەمائەكەنو هەندێكیش لەبرسان ڕیخۆڵەیان ڕیخۆڵەیان ئەخوا،بنو بەسنیە لەخەویشدا بەختەوەری ئەبینی؟!نابینی سەگی هەندێك نازو نیعەمەتی ژیانیان لەژیانی هەزارانی وەكو تۆ گرانترە،ئاخر ئیحساسی تۆ كەلەپەروانەیەكی وێڵگەرد ئەچێت،بۆببینێ چۆنچۆنی لەژێر پۆساڵەخوێناویەكاندا تەرمی هەزاران زیندووی وەكو تۆ، لەسێبەری بازاڕو باڵەخانەدا وەكو خونچەیەك ئەژاكێ؟!! بۆ ببینێ برسیەكان لەدەرگای نانەواكانا سەرە بۆمردن ئەگرن و گوللەیان ئەدنێ ؟بۆ ببینێ خەڵكانێكی وەكو تۆ خوێنیان ئەگۆڕنەوەبەنان؟ بخەوە كوڕەكەم هەندێك هەن تەنیا لەفیلمەكانا مردن ئەبینن، تۆشكە گەورەبووی كەسێكی وەك منت پێ بەرد باران ئەكەن ... ئا..سەری دایكت پێ پان ئەكەنەوەو دواتر وات لێئەكەن بەویژدانێكی بریندارو بیمارەوە بژیت،ڕێَك وەك ئەوەی سەری مارێكی كوشندەت پان كردبێتەوە.ئەتنێرنە پێشەوە بۆبەرەكانەكانی جەنگ ،بەرلەوەی بڕۆی بڕێك تلیاكی ئایدلۆژیات پێشكەش ئەكەنو ئەتنێرن،بەڵام وەكو كوڕی زۆڵێك نا،ئەوكاتە وەك كوڕەشەهیدێك ئەتنێرنو پێت ئەڵێن تۆ خوێنی باوكت لەدەمارەكانتا ئەگەڕێ،بەڵام تۆ بۆ لاشەی پارەپارەو كەللەسەری پژاوی هاوڕێكانت ببینی؟!ئایا دایكت بۆئەوەی بوو تۆ بێنێتە دنیا؟ یان ئەوەی لەسێبەری مردنا سواڵ بكەیت ؟بخەوە تۆ ئەبێت تەنیا خەو ببینیت،ئەبێت تەنیا یەك شت بزانیت،ئەویش ئەوەیە باوكت كلێنسێكی خوێناوی بردوو تۆی بەجێهێشت.بخەوە من نامەوێـت ببیت بەیەكێك لەو كوڕانەی لەسەرەی ناونوسینی ئەو ژنەدا ئەمرن بەردبارانی ئەكەن، بخەوە تۆبۆ بەدوای مردنێكا وێڵ بیت سیاسیەكان بۆت دیاری ئەكەن؟! یانی لەم دنیا خوێناویەدا جێگای ئەوەشی تیانیە تەنانەت بەدڵی خۆشت بمری؟!!من نامەوێت تۆش كچێنی یەكێكی تر بەریتو لەدوای خۆتەوە سۆزانیەك بەجێبێڵی.بخەوە كوڕەكەم بامانگە دەسكردەكان لەئاسمانا بێنو بچن،ئەوان ئەتوانن چیبن جگەلەوەی وێنەی نەوتی ژێر خاكەكەت بگرنو بیر لەدزینی بكەنەوە؟! تۆ بڵێی وێنەی كەسانی وەكو تۆ ئەرشیف بكەن؟!مەگەر دەكرێت لەسێبەری ئەم بازاڕو باڵەخانانەدا چاویان بەتۆبكەوێت؟!باشارستانیەت ئەوەندە پێش بكەوێت مردو زیندو بكاتەوە،چ فەرقێكی هەیە مردنو یندو بوونی تۆ،كاتێك دەستت نەگاتە بچوكترین خۆزگەو خەیاڵت ؟؟خەوی تلیاك خۆشترە تا ئەوەی چاوت بەوێنەیەك بكەوێت مناڵێكو دایكێك بەنۆرە جەنازەی یەكتری ڕائەكێشن. تۆ بۆ ببینی ئەم هەموو زوڵمە بەقەڵا دۆشكانی تۆوەبێت؟ ئەوانەی ئیشیان ئەوەیە فەرمان دەربكەن،بەقەڵادۆشكانی تۆوەوەبنو بەقاچە لاوازو كەم خوێنەكانت بیان گێڕی.تاببینی لەشارێكدا ڕۆحی تیامردووە بازرگانی بەسەر خواو ویژدانو لەشی مرۆڤەوە بكرێت، بمریت باشترە تالەپەنای مزگەوتێكا كەسێك سەودای لەشی دایكت بكاتو دایكیشت بڕێك تلیاك. تاببینی سۆزانیو مەعبەدەكان سیمایەكی تر بەشارەكەتو ،بەو ژیانە نابووتو ڕەزالەتخانەت ببەخشن. تا ببینی لە ژێر ناوی شەرەفدا هەزاران جۆری بێ شەرەفیو لەژێر ناوی ڕاستگۆیدا هەزاران درۆو ،بەناوی حەقیقەتەوە دنیایەك ناحەقی بكرێ
دەنگێك ڕایچەڵەكاند پیاوێكی چوار شانەی باڵا بەرزبوو،وتی:
ـ بەئەرك نەبێت دەتوانیت وەڵامی پرسیارێكم بدەیتەوە؟
ـ بۆ، نا؟
ـ ئێوە خانمی فەرزانەی ڕەسوڵی، نین؟
ـ بەڵی، بۆ نا؟
ـ هیچ هەواڵێكتان، لە حەمید هەیە؟
ـ نەخێر. تەنیا ئەوەندە ئەزانم، ئەم مناڵەی لەسكی مندا، جێهێشتو نەگەڕایەوە.
ـ خانم ئەو هاوەڵێكی دێرینی منەو تازە دیل بەدیلی پێكراوە.شەرم شتێكی باشە،ئەو خۆ هێشتا ژنی نەهێنابوو ،تاببێتە خاوەنی زۆلێكی وەك ئەمەی ئێوە.ئەو ئێستا بەدوای دەزگیرانەكەیدا ئەوداڵە.
ـ ئەو، ئەگەر بەدوای دوزگیرانەكەیدا ئەو داڵ بووایە،بێگومان ئەیزانی بەمناڵەكەی ئەوەوە هەڵاتووە.
ڕستەی كۆتایی ئەو پیاوە، وەك ئەوە وابوو بەئاگر لەناوەوە بیسوتێنێ. وەك ئەوەوابوو هەزاران چەقۆ لەدڵەوە هەڵیبكۆڵن.هەناسەیەكی هەڵكێشاو خۆزگەی خواست گوللەیەك كاسەی سەری كونكردبێت، پارچەیەك دڵی لەت كردبێت،نەك ئەوەی ئەویش حاشا لە كوڕەكەی بكات،ئەگەر وابێت یەكجار لێبووەوەتەوەو تەواو. هەستی كرد گوللەی قسە زیاتر لەگوللەی جەنگەكان مرۆڤ دەكوژێت. كێ دەڵێت ئەویش لەژێر باری ئەوەی پلار باران نەكرێ و بە وشەی (( ترسنۆك)) نەیكوژن، سنگی نەكردووەتە قەڵغانی گوللە؟! بەڵام ترسنۆكەكان ئەوانەن هەزاران ئەكەن بەقوربانی نینۆكێكیان.ئەوانەن نین هیچیان نیە لەدەستی بدەن، ژیانو مردنیان لەیەكتری ئەچن.كوڕنیعمەتخۆرەكان ئەوانەی جلەكانیان جوانە وناخیان بۆ گەنە، هەرگیز لەجەنگەكانا ناكوژرێن.
ئەو ئێوارەیە دوائێوارەبوو هێشتا ژیان مانایەكی تیابوو بۆی بژی. ئێوارەیەك بوو وەك خۆی لەسەر دیواری زیندانەكەی نوسیبووی لەو ئێوارەدا مردم،كەحەمید لەماشێنێكی سەربازیدا دابەزیو پێی وت:(( چەند ساڵ لەسەر دیواری زیندانەكان ناوی تۆم ئەنوسی و دڵم خۆشی خۆمم ئەدایەوە ڕۆژێك لەڕۆژان دیواری زیندانەكان ئەڕوخێنو من دەگەڕێمەوە لای پاكیزەیەك)) لەسەر شەقامەكە بەدیار لاشەی مناڵێكی نیوە مردووەوە ئەگریاو هاواری ئەكرد((ڕێگام بدەن ئەچمەوە زیندانی ئێراقیەكانو سەد ساڵی تریش تیایدا زیندان ئەبم،ئەمە كوڕی من نیەو نابێتە كوڕی منیش)) فەرزانە كەوتەوە یادی ئەو كوڕەی سەردەمانێك دنیای ئەوی ڕۆشن ئەكردەوە، ئێستا خەریكە تاریكی ئەكات. دەنگی نەئەچووە سەردەنگی ئەوكوڕە عاشقەی پێش ئەوەی بچێتە جەنگ،دنیایەكی تری تیادا ئەبینی.دەنگی زیاتر لەگۆرانی ئەو تفەنگانە ئەچوو، وەك صەگ ئەوەڕین. لەلێدانی دڵی ئەو جەلادانە ئەچوو،دڵیان لەجەنگەكانا بیر ئەچێو بۆی ناگەڕێنەوە،ڕۆحیان لەناو جەنگەكانا بەجێدێڵنو كەسێك نیە بیخاتە گۆڕ.وتی:(( حەمید چاوت بكەرەوە منم،من فەرزانەكەی خۆت،ئەو كچەی بڕیار بوو لەبەرمن زیندووبیو كەس نەكوژی، زیندانەكان بڕوخێنی،بەڵام ئەوەتانێ زیندانەكان لەناخی تۆدا سەوزبوون،ناتوانی لێیان هەڵبێیو تەماشای كەسێك بكەیت، هەموو دنیا لەجێگەیەكەیدا بخەوێت ڕۆحی لەلای تۆیە،وەك چۆن تۆ قورسی مردنت كردووەتە مل،ئەویش وێنەكەی تۆی كردووەتەمل.))بەڵام حەمید ڕۆژانی زیندانو دوری یار لەبری ئەوەی یادەوەری عەشقێكی تیا زیندوو بكەنەوە،خوێنی جەنگیان هێنابووە بەرچاوی.عەشقی ئەو بۆ ئایدلۆژیاكەی چووبووە نێوخوێنو دەمارەكانی.وڵات پارێزیو دینداری و ڕقی دوژمنی بەجۆرێكی سەیر و ترسناك تێكەڵاو كردبوو.لەتەواوی ئەو چەند نامانەشدا بەدەستی گەیشتبوو هیچیان خاڵی نەبوون لەحیكایەتە سەمەرەكانی سۆزانییەكی هەڵاتوو بەمناڵێكی زۆڵەوە.فەرزانەوتی (( بەداخەوەم حەمید زیندا فێری دروستكردنی زیندانی كردی، جەنگ فێری كردی ڕقت لەمرۆڤ بێتەوە نەك مرۆڤت وەك حەقیقەتێكی كوژراو خۆشبوێ،فێری كردیت بەدیار تەرمی دوژمنەكانتەوە سەمابكەیت،نەوەك بگریت.ئەگەرمن كوڕەكەی تۆم بەتلیاك ئالوودەكرد لەناچاریدا،تۆخۆتت بەخوێن ئالوودەكرد. چاوەكانت بكەرەوە حەمید بڕیاربوو دەستت نەچێتە خوێنی پەپولەیەك)،بەڵام حەمید چەندە ویژدانی هێدی هێدی ئازرای ئەداو ئەیسوتاند، ئەوەندەش شەرمو تەریقی بەچۆكیدا ئەهێنا دەزگیرانەكەی بووەتە سۆزانیەكی مەخسەرە. لەناو ئاپۆرای خەڵكەكەدا،دەمانچەكەی خستە سەردڵیو بەگوللەیەك شەقامەكەی سووركرد،ئەگەرچی خۆی پێی وابوو ڕوسوری خۆی ئەكڕێتەوە،بەڵام فەرزانە پێی وابوو ئەوئێوارە دیسان بۆجارێكی تر كچێنی فەرزانە ئەبات.
هەر ئەو ئێوارەی حەمید خۆی تیادا كوشت،یەكێك لەو ئەفسەرانەی،بەناوی خواو خاكو پیرۆزیەوە ئەتكوژن ،خوێنی فەرزانەكانو خاكو شەرابی گەورەكان تێكەل َئەكەن، یەكێك لەو ئەفسەرانەی نازانن بەدوای خۆشبەختیدا چوون یان چاڵ بۆ دڵیان هەڵبكەنن،لەژووری لێكۆلینەوەدا لەفەرزانەی پرسی((ئایائەم ئەم ڕۆژگارەت لەبەرچاو نەبوو سبەی شەلاق بارانو دووسبەی بەردباران ئەكرێی بەدیار چاوی باوكو براوكەسو كارەوە؟!))
بەڵام ئەی چارەنوسی مناڵەكەم چی لێدێت؟!
ئەویش لەبیمارستان خوێنی پاك ئەكرێتەوەو دواتر ئەبێتە كوڕی حوكمەت.
بەبێباكیەكەوە وتی (( هیوادارم ئێوەش جۆرێك تلیاكی پێنەدەن بۆئەوەی چۆنتان بووێت بمرێت، ئاخر من دەمویست بژی بۆیە موعتادم كرد.))
(( بەڵام خانم لێرە بۆ هەر پەیوەندیەكی ناشەرعی سزایەكی شەرعی هەیە، تۆش سەبرت بێت تاڕۆژنامەكان لێت ئەكەنە هەڵا، ئەوكات مردنەكەی خۆشترە تا تەریق بوونەوەكەی.))
سەیركە جەنابی ئەفسەر، من ئەو ساتە مردم كەحەمید خۆی تیادا كوشت، ئەو ڕۆژەمردم لەپاین شارەوە، هەڵاتم بۆباڵاشار، ئەو كاتە مردم حەمید گەڕایەوەو هیچی لەو كوڕەی جاران نەئەچوو.
ئەوشەوە پرسیارێك دەرونی شێواندبوو،ئاخۆ چارەنوسی منداڵەكەی چیە؟!زیندانیەكان ئەگەرچی سەرقاڵی دڵدانەوی بوون،بەڵام ئەیپرسی ئەوانەكێن بۆبەردبارانی ژنێك ناوئەنوسنو لەبەرامبەر هەلاهەلابوونی لەسەرشەقامەكان بێ خەمن؟! كێن ئەوانەی ئەوكاتەی مرۆڤ لەبەرامبەر نانێكدا لەشی ئەفرۆشێ، ئەوان لەوێ نین؟! مەگەر مرۆڤ كوشتنو تەریقكردنەوەی بەوشێوەیە لەسزای زینا خراپترنیە؟!
ئەو ئێوارەیەی بەپۆشاكێكی پۆشتە دایان ئەپۆشی گوێی لەدەنگێك بوو پێی ئەوت:(( ئەگەرتوانیت هەڵبێیت ڕزگارت ئەبێت )) لەدڵی خۆیداوتی ((مەگەر مرۆڤ دوای ئەوەی لەتەریقیدا مرد كەڵكی ئەوەی پێوە ئەمێنێ زیندوو بژی؟!)) لەناو ئەو هەموو چاوانەدا چاوەكانی دایكی ناسییەوە لەدوورەوە ئەگریا، دیاربوو ئاگری جەرگ هەڵی گرتبوو.چاوەكانی باوكی بینی لەتەریقیا بووبوون بەئاو. ئەو لەو كاتەداهەستی بەوە ئەكرد مردنیش،وەك ژیان جۆری هەیە،تاڵو شیرین ،ئەو كاتێك بەردەكان بەسەرشانی ئەكەوتنو هێدی هێدی، بەئازار گیانیان ئەكێشا ،دواهەمین ڕستەیەك لەخەیاڵیدا بوو، ئەوەبوو
(( ئیدی لەو گورگانە ڕزگاری دەبێ لەخەویدا ڕاوی ئەنێن))