بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی
گوێم لە قریشكەی فریشتە بوو لە خەیاڵا ئەمرد و هیچم نەوت
بولبولەكانم بینی لە قەفەزا لاڵ بوو بوون و هیچم نەوت
لە پشتی زیندانێكەوە ماڵم لە پەڕەی گوڵ چێ ئەكرد
لە پشتی تەنیاییەوە
قەفەزم لە گەڵا پایزییەكان ئەچنی
بۆئەوەی حەقیقەت بڵێم دەبوو زمان ببڕم و نەمبڕی
بۆ ئەوەی گۆرانییەكان ببیستم دەبوو گوێم بگرم و نەمگرت
بۆ ئەوەی گوڵەكان ببینم دەبوو نابینا بم و دەمبینی
من لە سەردەمێكدا گوڵم ئەچاند سەردەمی من نەبوو
ڕۆژگارێك نوور لە پەنجەكانم ئەتكا ڕۆژگاری من نەبوو
ئەو ڕۆژانەی گوڵ لە ناو دڵما ئەپشكوت درۆم ئەكرد
پێش ئەوەی ڕووناكی گوڵ بگرێت ڕووناكی بە تۆ بوو
بەر لەوەی مردن یەخەت بگریت
ئەبەدیەت بە تۆ بوو
درۆم كرد وتم
لەسەر ئەو گوڵانەی خوێنیان پێوە جێماوە ئەتوانیت گوڵ بنووسیت
لەسەر ئەو لاپەڕانەی سوتاون ئەتوانیت شیعر بنووسیت
خەیاڵ بە خەیاڵ دیل بكەیت و
خەون بە خەون بكوژیت
درۆم كرد وتم
خەونەكانمان لە ناو پێكێ خەیاڵا تێكەڵاو كەین
خەیاڵمان لە ناو پێكێ خەونا تێكەڵاو كەین
ئەوە من بووم
تۆ و تاریكیم بە یەكتری ناساند
تۆ و ڕووناكیم بە یەكتری ئاشنا كرد
كاتێك ئەموت
وێرانییەكانی (با) بۆ من و نەسیمی عەتر بۆ تۆ
ئاگرەكانی جەهەننەم بۆ من و گوڵەكانی بەهەشت بۆ تۆ
درۆم ئەكرد
درۆم كرد بە دۆزەخی ئەو كچانە سوێندم خوارد لەناو دڵا دۆزەخیان بووم
بە مانگی ئەو گوڵانە سوێندم خوارد لە ناو دڵا مانگیان بووم