كاتێك لمەكەیان لەسەر تەوێڵ و دەموچاوم و گوێچكەم لابرد، نەمزانی مێروولە و مار و قالۆنچە و قمقمۆكەكان بەكوێدا رایانكرد و چۆن خۆیان ون كرد. من لەبەرئەوەی چەند ساڵێك بوو مردبووم, یان راستتر بڵێم زیندەبەچاڵ كرابووم، نەمدەتوانی ببزوێم، بۆیە ئەوانیش بەكەیفەخۆ كەوتبوونە وێزەم. من پێش ئەوەی بمرم و ئاوها بمنێننە ژێر لم، لاوێكی كەڵەگەت و بەخۆ بووم، تازە هەڵدەچووم، هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووم رۆژێك بەمشێوەیە زەلیل و مجرۆ دەبم، دەبم بە خۆراكی مار و مێروو.. (ئای لە دنیا و مەملەكەتی ژێر لم، بەڕاستی ژیانێكی سەیری تیا دەگوزەرێت، ژیانێك كە هەرگیز مرۆی سەرزەوی نەیانبینیوە و بڕواش ناكەن كەهەبێت!). ئەوەی لە هەموو شت زیاتر بۆ من مایەی نیگەرانی بوو، ئەوە بوو كە ڕۆژبەڕۆژ پێستی لەشم وەكو پەڕۆ دەڕزی. هێشتا چەند سەعاتێك بوو خستبوومیانە ژێرلمەوە، لەشم وەكو پفبدرێت، ئاوها ئاوسا، هەر ئەوە نەبوو بتەقم، لەگەڵ پەنمانیشدا لەشم بۆنێكی ناخۆشی دەردا، بۆنێك مەگەر هەر خۆم بزانم چ بۆنێك بوو، كە بڕوا ناكەم هیچ كەسێك بتوانێت خۆی لەبەری رابگرێت. لە ڕۆژی سێیەم و چوارەمدا بۆگەنییەكە زیاتری كرد، لەگەڵیشیدا سەرتاپای لەشم زیجكاو و چەوری و كێمێكی زۆری دەردا، بە شێوەیەك لمەكەی بان و ژێر و ئەملاوئەولامی چەوركرد. هەرئەوەندەی لمەكە چەور بوو، خودایە چی ببینم؟ من دەڵێم: سەد، تۆ بڵێ: هەزاران جۆری مێروو تێمئاڵان، هەریەكەیان لە شوێنێكەوە كەوتنە وێزەم، نەمزانی ئەم هەمووە لە كوێوە پەیدابوون. بەڕاستی سەیر بوو، ئەم حاڵە بۆ من هەرگیز جێی چاوەڕوانی نەبوو، هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووم كە لەژێر ئەو لمە وشك و مردووەدا مەملەكەتێكی ئاوها سەیرو عاجباتی هەبێت. هیوایان هەبوو شاخداربوون، هەیانبوو تووكن بوون، هەبوو بێچاو، هەبوو دان تیژو ژەهراوی. كاتێك گازیان لە لەشم دەگرت، هێندەی جێگازەكەیان و زیاتریش گۆشتیان لە لەشم دەكردەوە. تیایاندا هەبوو قاچ و نینۆك درێژ. مرۆ چۆن بە ئاسانی قاچی لەناو بەفری تازە بارویدا نقوم دەبێت، ئاوها نینۆكیان لە جەستەی رزیوم دەچەقاند، لەگەڵ خۆڕاپسكاندا گۆشتیان لە لەشم دەكردەوە. لە هەفتەی یەكەمی زیندەبەچاڵكردنەكەمدا لەشم لە چەند شوێنێكەوە كون كون بوو, بەڵام ئەوەی سەیر بوو ئەوەبوو كونەكان خوێنیان لێ نەهات، ئیدی نازانم گۆمی خوێنی لەشم بەستبووی، یان وشكی كردبوو، یان چیتر.. ؟ لە هەموو ئەمانەش ناخۆشتر ئەوەبوو، قاچی كەسێكی تر، كە بە چرچییەكەیدا دیار بوو هی پیرەمێردێك بێت، كەوتبووە سەرسك و سنگم.. بە بۆنەی ئەم قاچەوە چەند ئەوەندەیتر مارو مێروولە تێمئاڵابوون، تەواو هەراسانیان كردبووم، لێ لەبەرئەوەی مردبووم، چ دەسەڵاتێكم نەبوو، نەمدەتوانی هیچ بكەم. بەڵام لە دڵ و لە بیری خۆمدا زۆر بەقوڵی لەو وەزعەی تێیكەوتبووم رادەمام، تێدەفكرام، سەرەتا بڕوام نەدەهات بە سەرسوڕمانەوە لەخۆم دەپرسی: ئەرێ بەڕاست دەبێت من مردبم؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەمویست قامكەكانم ببزوێنم، جوڵەم بۆنەكرا، ئیدی زانیم كار لەكار ترازاوە، تەواو، مردوومە و بڕاوەتەوە، ئەگەر بمتوانیبا ببزوێم، ئەو باسكەم لادەدا كە كەوتبووە سەردەمم، كە نەمدەزانی هی ژنە، یان پیاو.. من لە هەموو تەمەنی خۆمدا بەبیرم نایەت مێروولەیەكم كوشتبێت. نەك هەر ئەمە، لەبیرمە كاتێك لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی مامۆستای وانەی زانست باسی رێگەكانی قەڵاچۆكردنی مێرووی بۆ دەكردین، من زۆر بەتوندی دژی هەموو ئەو رێگەیانە وەستامەوە. جارێكیان لەكاردانەوەیەكی جەسورانەدا بەمامۆستای زانستم وت: ئەمە چ زانستێكە بەئێمەی دەڵێنەوە؟ نەنكم دەڵێت: ئەوەی مێروولەیەك بكوژێت، خوا تۆڵەی لێ دەسێنێت و دەیخاتە دۆزەخێ، ئێوەش دەتانەوێ بە دەرمان و بە كیمیایی، بەكۆمەڵا مێروولە بكوژن؟ من نەمزانی قەدری ئێمە ئاوها دەبێت، بەكۆمەڵ دەمانكوژن و بەكۆمەڵیش دەماننێژن! ئەوەی زیاتر باری جەستە و دەروونمی تێكشكاندابوو، ئەو شاییو گۆڵمەزە بوو كە لەسەر زەوی گەرمكرابوو. خەڵكی وایاندەزانی ئێمە مردووین و ئاگامان لە هیچ نییە، بەڵام، ئەگەرچی من بۆ خۆشم سەیرم لێ دەهات كە چۆن مردووم و ئاگام لە هەموو رووداوێك هەیە؟ ئاگام لێ بوو لە دوای ئەوەی ئێمەیان زیندەبەچاڵكرد، بۆ شەوەكەی هەموو ئەو پیاوانە لە مەراسیمێكی تایبەتدا خەڵاتكران، مەدالیای ئازادیەتییان پێبەخشرا! ئەمە مەسەلەیەك بوو تەواو پەرێشانی كردبووم، مەسەلەیەكی تر كە تا ڕادەی شێتی سەرسامی كردبووم و هەرگیز لە یادم ناچێت و خۆشم نازانم چۆن لەو كاتەدا كەوتە یادم ئەوەبوو؛ بەخیلیم بە( ئەخناتون )و( نەفەرتیتی )و هەموو فیرعەونێكی میسریدا دەهات، بەڕاستی ئەوان خۆش ژیان و پیرۆز نێژران! فیرعەونەكان هەزاران ساڵە مردوون و نێژراون، بەڵام لاشەكانیان وەكو خۆیان وایە و نەگۆڕاون، وەلێ من لە دوای چەند هەفتەیەك لەزیندەبەچاڵكردنەكەم گۆشتی لەشم لەئێسكەكانم جیابووەوە، وەك بڵێی دوژمن و نەیاری یەكدی بن، ئیدی جگە لە دەیان پارچە ئێسك، كە ڕەنگە خۆشم تەواوی ئەندامەكانی خۆم نەناسمەوە، هیچی وام نەماوە.. لەگەڵ ئەم تێكەڵاوبوون و بەیەكداچوونەدا هەر ئێسكە و بەزمانی رۆح سەربوردەی ژیانی خۆی بۆ ئەویدی دەگێڕایەوە.. كاتێك لولاقێك، پەراسوویەك، باسكێك، جومجومەیەك، حەكایەتی خۆی دەگێڕایەوە، هەموو مەملەكەتی ئێسكەكان بە عەشقێكی زۆرەوە رۆحیان بۆ رادەدێرا، لەگەڵ زایەڵەی سەربوردەكاندا پێدەكەنین و دەگریاین.. من بڕواناكەم هیچ كۆڕێكی شیعری، هێندەی مەراسیمی سەربوردەی ئێسكەكان قەرەباڵغ و بەحەماس بووبێت.
ئەوەی لە هەموو شتێك زیاتر لە مەملەكەتی ئێسكەكاندا جێگەی سەرنج بوو ئەوە بوو؛ ئێمە ئەگەرچی هەر چل، پەنجا كەسێكمان لە چاڵێكدا زیندە بەچاڵكرابووین و هەتا چاویش بڕ دەكات هەرچاڵ بوو، بەڵام دەیانووت دواین چاڵ لمێكی ئێجگار وشك و سوێری هەیە، لمێك كە لە سوێریدا تاڵە.. ئەگەر لولاقێك، باسكێك، پەراسویەك، كەلەسەرێك، لە یەكەمین چاڵەوە سەربوردەی خۆی بگێڕایەوە، ئەوە ئێسكی دواین چاڵیش بەڕۆح گوێی لێ دەبوو! وابزانم لە سێیەم ساڵی زیندەبەچاڵكردنەكەمدا بوو، نۆرە هاتە سەر من كە سەربوردەی ژیانی خۆم بۆ ئامادەبووان، بۆ مەملەكەتی ئێسكەكان بگێڕمەوە.. من ئاوها دەستم بە گێڕانەوەی سەربوردەی ژیانم كرد: ناوم (مەردان)ە، خەڵكی (بانگۆل)ی گەرمیانم، سێ ساڵ لە پێش ئێستا، پێش ئەوەی زیندە بەچاڵبكرێم، تەمەنم (20) ساڵ بوو، دایكم بۆی گێڕاومەتەوە، ئەو رۆژەی منی تیا لەدایك بووم 8ی مانگی شوباتی ساڵی 1968 بوو، رەشەبایەكی ژەهراوی ناوەخت هەڵیكرد، رەشەبایەك زەحمەت بوو كەس خۆی لەبەربگرێت، گەورە و بچووك، ژن و پیاو، پیرو لاوی پێكەوە لول دا، كەس نەیزانی ئەم گەردەلوولە لە كوێوە هەڵیكرد، زەحمەتە، زەحمەتە بتوانرێت باسی كاولكارییەكانی ئەو رەشەبایە، وەك ئەوەی كردی بگێڕدرێتەوە. دایكم چەند جارێك بە چاوی پڕ لە فرمێسك و دڵی پڕ لە حەسرەتەوە، ئاخی بۆ رۆژانی لاوی خۆی هەڵكێشاوە، بۆی گێڕاومەتەوە كە باوكم هەرچۆنێك بێت توانیویەتی ئێمە لە ژەهراوی بوونی ئەو بایە رزگار بكات، لێ خۆی هەر ئەو رۆژە تەمەنی جوانی خۆی كە (22) ساڵ بوو بۆ دایكی (18) ساڵم كرد بەقوربانی.. من كە هێشتا زۆر سەربوردەی ترم مابوو بیگێڕمەوە، نەمتوانی تەواویان بكەم، بەدەم گریانەوە وتم: ئاخ دایە گیان، دایكی جوان و جاهێڵم، دایكی میهرەبانم، دایكی خێر لەخۆ نەدیووم، دەبێ ئێستا لە كوێ بیت؟ ئایا گوێت لە ناڵەی رۆحی مەردانی كوڕت هەیە؟ دڵنیام ئێستا بمبینی نامناسیتەوە، چونكە ئێستا نە چاوم ماوە هەتا بە سەوزییەكەیدا بمناسیتەوە، نە خاڵە وردە رەشەكەی چانەكەم، هیچ هیچیان نەماون.. ئێستا جگە لە ئێسكە پەیكەرێك، كە ڕۆژانە زیاتر نەرم دەبێت و دەڕزێت، هیچی دیم نەماوە.. دایە گیان تۆ لەكوێی؟ لەم كاتەدا دەنگێك لە دوورەوە كە وابزانم نزیكی چاڵە كۆتاییەكان بوو هات بە دەنگ هاوارمەوە، بە دەنگێكی ئێجگار میهرەبان، بەڵام لەرزۆكەوە وتی: مەردان، رۆڵە ئەوەتام، ئەوەتام لێرە، لەم چاڵە، منیش مردووم، منیش زیندەبەچاڵكراوم، ناتوانم ببزوێم، سەرێك و قاچێك و دوو دەست، كە نازانم هی كێن كەوتوون بەسەر لاشەی مردوومدا، هەر بەجارێ هەراسانیان كردووم، بەڵام منیش بەچاوی رۆح دەتبینم، گوێم لە دەنگتە، لەم دوورە و دەتلاوێنم، تازە ئێمە، مەملەكەتی ئێسكەكان هەر لێرە دەمێنینەوە، بڕواناكەم مرۆڤی زیندووی سەرزەوی بزانن ئێمە لێرەین.. دایكم لە دواڕستەیدا، دەنگی گۆڕا و قسەكەی بۆ تەواونەكرا و دایە پرمەی گریان.. بەم شێوەیە منو دایكم، لە دوای چەند ساڵ لە دابڕان، یەكترمان دواند.. لە دوای من، ئەو لولاقە قسەی كرد كە لە یەكەم رۆژی زیندەبەچاڵكردنەكەمەوە كەوتبووە سەر سنگم و هەتا ئەو رۆژەی لمەكەیان لەسەرم لابرد هەر لەسەر سنگم بوو.. دواجاریش كە ئێسكەكانمانیان جارێكی تر كۆكردەوە و كردیانە پریاسكەیەكەوە، لەوێشەوە خرامە ناو تابووتێكی گەورەوە، ئینجا بەئاڵایەكی سێ رەنگ، سوور و سپی و سەوز داپۆشرام. ئەو لولاقەشیان خستە ناو تورەكەكەی منەوە.. بەڵام دەستی راستم كە كەوتبووە ژێر سەری ئەو ژنەی تەنیشتمەوە، لە كاتی دەرهێنانەوەی ئێسكەكانمان لە ژێر لمەكە، نەمزانی كەوتە پریاسكەی كێوە و تێكەڵاوی ئێسكی كێ بوو، یا راستر بڵێم، نەمزانی بوو بە بەشێك لە لەشی كێ!؟
من زۆر لەلام سەیر بوو، خزمەكانم، هاوڕێكانم, ئەوانەی (15) ساڵی تەواو عەوداڵی هەواڵاو تەنانەت تەرمی ئێمە بوون، بۆ نەیان پرسی و وردنەبوونەوە بۆچی و چۆن دەبێت مرۆڤێك سێ قاچ و یەك دەستی هەبێت؟ من ئێستا كە لە پریاسكەیەكدام، لە ناو تابوتێكی گەورەدام، بریتیم لە جومجومەیەك، چەند پەراسویەك، سێ لولاق، دوانی راست و یەكێك چەپ، لەگەڵا باسكێكی چەپ.. چەندین ساڵ لە جێیەكی ئێجگار تەنگەبەردا بووم، ئێستا هەرخۆم، بەڵام بەبێ دەستی راستم لەناو تابووتێكی گەورەدام.. من ئەگەرچی جگە لە چەند پارچە ئیسكێكی وشك و رزێو زیاتر هیچی دی نەبووم، بەڵام وەك مرۆڤێكی كامڵ, لە دیاردەكان رادەمام، تێدەفكرام، پرسیارم دەكرد، خەونم دەبینی، خەونی زۆر گەورە و جوان، هەندێجار دڵخۆش دەبووم، بەڵام كاتێك یادەوەری دەستەڕاستم دەكەوتەوە یادم، نیگەران و دڵتەنگ دەبووم. فرە دڵخۆش بووم، كاتێك لە دوای یانزە ساڵ لە ژێر لم دەریانهێنامەوە و توانیم جارێكی دی ژیانی سەر زەوی ببینمەوە، بەتایبەت ئەوكاتەی گەیاندمیانەوە كەركوك و بەسەر پردی خاسەدا رەتیان كردم، هەر ئەوەندە نەبووم پێبگرم و لە تابووتەكەوە سەردەربێنمو هاوار بكەم !! بەڵام كاتێك لە خۆم رامام كە دەستی راستم نییە، نیگەران و دڵتەنگ مامەوە، ئاخر مەحاڵە بتوانم بەبێ یادەوەری دەستەڕاستم بژیم و بمرم! من لە ژیانمدا چەندین چار نامەی دڵداریم بەدەستە راستم بۆ شەونم نووسیوە.. لەمەش ئەستەمتر، كاتێك لەپاین پردەكەی خاسەدا چاوم بەباجی (زارا) كەوت دەڕۆزی دەكرد، بەری چاوم تاریك بوو، ئیدی هیچم نەدی، بەڵام یادەوەری چەند رۆژێك لە پێش ئێستا بەرەو قوڵایی خۆی لوشی كردم.. ئەو رۆژەم كەوتەوەیاد كە ئێسكە پەیكەری (كاروان) كوڕە گەورەی باجی (زارا)، باسی دایكی بۆ دەكردین، كە چۆن پێش ئەوەی زیندەبەچاڵ بكرێین، سەربازەكان بەزۆر لە باوەشی دایكیان دەرهێناوە، (كاروان) لە گێڕانەوەی ئەم ڕووداوەدا، وەك جار یەكەم دەستی بەگریان كردەوە، لە دوای خۆشی، تەواوی مەملكەتی ئێسكەكان دایانە پرمەی گریان.. (كاروان) هەر بەهیوا بوو جارێكی دی لە ئامێزی دایكیدا سەرخەوێك بشكێنێتەوە.. نەیزانی باوەشی دایكی وەكو دەستە راستی من ون دەبێت و نادۆزرێتەوە.. لە دوای ئەم دیمەنەی باجی (زارا)، زوو پەشیمان بوومەوە لەوەی جارێكی دی بژیمەوە.
لەم كاتەدا زۆرم پەلەبوو، خوا خوام بوو لەو تابووتە رزگارم بێتو تەسلیم بەخاكم بكەنەوە. هەتا گەیاندمیانە گۆڕستان، خۆم دڵنەوایی ئێسكەپەیكەری خۆمم دەكرد.. ئەی ئێسكی وشك و رزیوم، خوداوەند نەمری تەنها بەخۆی بەخشی، قەدەری ئێمەش بەمردن .. بۆیە دەبوو هەر زوو بمانزانیبیا كە ژیان جگە لە گەمەیەكی بێ مانا هیچی دی نییە.. كاتێك جارێكیدی بەڵام بەپێچەوانەی جاری یەكەمەوە، لەمەراسیمێكی شایستەدا بەخاك سپێردرامەوەو گەڕامەوە بۆ ناو مەملەكەتی ئێسكەكان، یەكەمین ئێسكەپەیكەر كە پێشوازی لێ كردم و هەواڵی كوردستان و هەواڵی سەرزەوی لێ پرسیم ئێسكەپەیكەری شەریف پاشای خەندان بوو..
*ئەم چیرۆكە خەڵاتی یەكەمی حەوتەمین فیستیڤاڵی گەلاوێژی بەدەست هێنا.