پێشكەش بە (زەلال ) ئەو كچە عاشقە شۆڕشگێڕەی، كەنازانم ئێستا لەكوێیەو چی لێهات!!

 
چیاكانیش وەكو جەستەی من تەزیبوون، بەفر وەك كفن باڵاپۆشی هەموویان بوو، بەڵام ئەوان چ باكیان نەبوو، بەم تەزینە راهاتبوون، هەرچی جەستەی من بوو لەناو ئەشكەوتەكەدا، كە هەم زیندانیش بوو، وزەی لەبەر بڕا بوو، زمانم كە جاران دەتگوت چیكەنەیە، لە گۆ كەوتبوو هیچی بۆ نەدەگوترا. زۆر دەترسام ئەم حاڵی تەزینە درێژە بكێشێت و بمباتە قۆناغی رچین و بەستنەوە. (مرۆڤ كاتێك دەزانێت مەرگی نزیكبووەتەوە، چەند هێندەی تری عاشقی ژیان دەبێت، بە ئامان و زامان لێی نابێتەوە). بەڵام لەودیو پێستە تەزیوەكەمەوە، خوێنی ناو لەشم وەكو كورەیەكی داگیرساو گەرم بوو، هەرچی درزو كوچە و كۆڵانی ناو لەشم هەبوو نێڵە نێڵ دەسووتا و گاڵتەیان بە سەرما و تەزین و رچین دەهات، شۆڕشێكی سەیریان هەڵگیرساندبوو، كە هیچی لە شۆڕشە رزگارییەكانی مرۆڤ نەدەچوو. خوێنە گەرمەكەی ناو لەشم وەكو عاشقێكی دڵسۆز بۆ ژیان لەگەڵ مەرگدا كەوتە شەڕێكی بێئامانەوە، خۆیان نەدا بە دەستەوە، زۆر چاپووكانە دەهاتن و دەچوون، ورەیان دەدایە جەستەی تەزیوم، هەرواش دڵنەوایی رۆحی شەكەتیان دەكردم. ئەگەر چیش دەمزانی هەڵاتن لە دەست مەرگ گەوجییە، وەلێ ئەوان گوێیان بەمە نەدا. خوێنە گەرمەكەی ناو لەشم لە پێشدا ورە و تینیان دایەوە بە چاوەكانم، كە ئەو كاتە وەكو دوو مۆمی كوژاوە سیس هەڵاتبوون. لە دەوروبەری خۆم روانی، هیچی نوێم بەدی نەكرد، وەكو جاران پاسەوانەكە، كە كۆنە هاوڕێی خۆم بوو، لەودیو پەنجەرە بەندەكەی ئەشكەوتەكەوە، یان راستر بڵێم زیندانەكەوە، دەهات و دەچوو. هەڵۆیەك كە نەمزانی لە كوێوە پەیدا بوو لەسەر تاوێرە رەقەنەكەی بەرامبەرمانەوە هەڵنیشت، قاچەكانی لەناو بەفرەكەدا، كە دەتگوت پەشمەكە نقومبوون، هەڵۆكە تاوێك لە دەوروبەری خۆی روانی، پاشان هەڵبەزی و جێپێی خۆی لەسەر تاوێرەكە باشتر قایم كرد، بە قاچەكانی بەفرەكەی بەملاولادا پەخشكرد و هەڵكوڕما، ئەمەیان بۆ من سەبوورییەكی باش بوو، چاوم لە چاوی هەڵۆكە بڕی و نەمدەتروكاند، ئەگەرچی لە نێوان من و هەڵۆكەدا جگە لە پەنجەرە بەندەكە، تەمێكی سپی هەبوو نەیدەهێشت بە ڕوونی روخساری ببینم، بەڵام جارجارە تەمەكە دەڕەوییەوە و جلكێكی تەنكتری دەپۆشی، ئیدی لەو كاتەدا، چۆن لە ئاوی كانییەك دەڕوانم، ئاوها لە چاوانی زەلالی هەڵۆكەم دەڕوانی، بێدەربەستانە لە گۆمی چاویدا كەوتمە مەلەكردن، بەم گەمەیە جەستەی تەزیوم خاو بووەوە و گوڕوتینێكی باشی پێدا هاتەوە. لەم كاتەدا حەزم دەكرد ببمە دڵۆپێك ئاو و لە چاوی هەڵۆكەدا بتوێمەوە و بۆ هەتا هەتایە نەیەمە دەرێ. بەڵام هەی هوو، من لە كوێ و هەڵۆكە لە كوێ؟ من لەمدیو پەنجەرە بەندی ئەشكەوتەوە، بۆ ئاو خواردنەوە و چوونە پێشاوێك دەبوو مۆڵەت لە پاسەوانەكە بخوازم بمباتە دەرێ، بەمەرجێ زۆر بە پەلە تەدارەكی خۆم ببینم و لە گەڕانەوە دوانەكەوم، نەبادا ئەویش تووشی گێچەڵێك بێت، پاشان وەكو كوێر دەستم بگرێت و بمهێنێتەوە ژوورەوە و دەرگاكەم لەسەر قفڵ بكاتەوە. وەلێ هەڵۆ هەر كاتێ بخوازێت دەتوانێت بفڕێت، ژێرو ژوور و چەپ و راستی ئاسمان تەی دەكات، كێ دەتوانێت رێگری بێت؟ (مرۆڤ هەتا یەخسیر نەبێت، بە تەواوی لە نرخ و بەهای ئازادی ناگات). ئەمە قسەی كۆنە هاوڕێ و مامۆستاكەم بوو، كە دەساڵ لە پێش ئێستا لە كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵی نهێنیدا پێی گوتم. حەزم دەكرد بە رایەڵەی ئەو یادانەدا بچمەوە و روپەڕێكیان لێ هەڵدەمەوە، وەلێ سەرما نەیهێشت بە ڕوونی ئەو رۆژانە بهێنمەوە پێش چاوی خۆم. هەتا ئەم كاتە پاسەوانەكە بێئاگا بوو لە دیقەت و هەڵكوڕمانی هەڵۆكە، هەڵۆكە قەدەرێك بوو وەكو وێنەگرێكی بە ئەزموون، بە چاوە تیژو زەلالەكانی زۆر لێزانانە وێنەی من و زیندانەكە و هەنگاوی پاسەوانەكەی دەگرت. پاسەوانەكە هەركە چاوی بە هەڵۆكە كەوت، كە لە خاڵێكی رەش دەچوو لە ناو بەفرەكەدا، لە جێی خۆی راوەستا و هەڵوەستەیەكی كرد، پاشەوپاش دوو هەنگاو كشایە دواوە، لە گەڵیدا تفەنگەكەی لە شانی هێنایە خوارەوە، فیشەكێكی لێخوڕی، لاونیو بۆی دانیشت، ئەژنۆی چەپی خستە سەر بەفرەكە، تفەنگەكەی لەسەر قاچی راستی دانا، قۆناغەكەی لەشانی راستی گیر كرد، ملی بە لای راستیدا خوار كردەوە، چاوی چەپی نوقاند، چاوی راستی خستە سەر جێنیشانەكە، سیرەی لە هەڵۆكە گرت، پێش ئەوەی تفەنگەكە بتەقێنێت، هەڵۆكە دوو جار باڵە  درێژەكانی بە یەكدا دا و بەرە و قوڵایی ئاسمان هەڵفڕی. لەم كاتەدا من ئەگەرچی لەمدیو پەنجەرە بەندەكەوە زیندانی كرابووم و هەموو جەستەشم تەزیبوو، بەڵام هەرچی خەون و خەیاڵ و خولیا و خۆزگەی كۆن و نوێم هەبوو لەگەڵیدا هەڵفڕین، هەڵۆكە بوو بە پەیكی ئەندێشەكانم و بۆ رۆژگارەكانی دە ساڵ لە پێش ئێستای گەڕاندمەوە. ئەوكاتە من تەمەنم چواردە ساڵ بوو، كچەكانی هاوڕێم كە وەكو خۆم تازە فەریك بوون، بەدزی دایك و باك و براكانیانەوە، گەندەمووی دەم و چاو و دەست و مەچەك و قاچەكانیان كردبوو، برۆشیان قەیتانی، تازە هەڵگرتبوو، بۆ ئەمەی دواییان هەندێكیان كەوتنە بەر نەفرەتی باوك و براكانیان، بەڵام ئەوان بێدەربەست بوون، زۆر لەوە سركتر بوون بەو هەڕەشانە رام بن و بێنە ژێر باری ترس و ئامۆژگارییەكانیانەوە، بە عیشوەوە لەبەردەم كوڕە لاوەكانی شاردا خۆیان با دەدا و دەهاتن و دەچوون. منیش زۆرم حەز دەكرد وەكو ئەوان بكەم، وەلێ جگە لە شەرم، ئامۆژگاری مامۆستاكەشم، كە دواجار بوو بە هاوڕێی دژوارترین رێگەم، لێم نەگەڕت. مامۆستاكەشم زۆر سەرزەنشتی كچە هاوڕێكانی كردم، پێی دەگوتم: (زەلال نەكەی تۆ وەكو ئەوان بێشەرم بیت، دەبێت بزانین جوانی روخسارو سیما، وزە و رۆحێكی درۆزنانەیان هەیە، هەرچی زووترە دەبێت ئەو رۆحە بكێشیت، چونكە ئەو نازو عیشوە و خۆبادانانە جگە لە فریودان و خەڵەتانی چاوە برسییەكان هیچی تریان پێناكرێت، خۆشت باش دەزانیت كە ئێمە لە تۆكمەكردنی ریزەكانماندا چەند جاویدانانە كاردەكەین و بیردەكەینەوە، (زەلال) وریابە نەكەی بە قسە و رەفتاری ئەهریمەنانەی ئەو هەوەسبازانە بخەڵەتێیت...). قسەكانی مامۆستاكەم تەواو سڕی كردم، لەو رۆژەوە قژەكەشم، كە هەتا خوار ناوشانم هاتبوو، وەكو پێویست دانەدەهێنا، هەردوو گۆی مەمكەكانم كە لە دوو گێلاسی نەگەیوو دەچوون، دەبوو زۆر بەوریاییەوە بیانشارمەوە، نەبادا دەستی نەگریس و چاوی برسی بیانگاتێ، لە شوێنێكی هێندە قایم هەڵیانم گرتبوو، مەگەر هەر خۆم، ئەویش لەكاتی خۆشتن و زۆر بەشەرمەوە لێیانم بڕوانیایە. مەمكەكانم وەكو ئێستام دیل و یەخسیر بوون. من ئەو كاتە كە باڵام لە خڵفە چنارێكی یەك ساڵە بەرزتر نەبوو، تفەنگێكیان دایە دەستم، فەرماندەكەمان پیاوێكی بە ویقار و سامدار بوو، منی بە هاوڕێكانم ناساند: (ئەمە زەلالە، بەوە نییە كە منداڵە، ئەو دەمێ ساڵە لە ڕیزەكاندا لەگەڵماندایە، ورە و تواناشی لە تەمەن و باڵای مەزنترە).
 
هاوڕێكانم كە وەكو خۆم هەموو چەكداربوون لە پایانی دۆڵەكەدا زۆر نیزامیانە راوەستابوون، فەرماندەكەمان بەمنی گوت: (زەلال بۆ لەمەودوا دەبێت دوو شتت لە خۆت خۆشتر بوێت، چونكە مانەوە و كەرامەتی تۆ و هەموومان بەم دووەوە پەیوەستە, یەكەم: دەستی دایە ئاڵاكەی لای دەستی راستی و دووجار بەلای راست و چەپدا رایوەشاند...). گوتی: (ئەم ئاڵایە، یان دەبێت هەر شەكاوە بێت، یان دەبێت ببێت بەكفنت)... لەم كاتەدا تەزێكی ناوەخت، كە پڕ بوو لە ترس و سڵەمینەوە بە لەشمدا تێپەڕی، بەڵام لە خۆمم بارنەكرد، لە جێی خۆم نەجوڵام، فەرماندەكەمان گوتی: (دووەمین شت چەكەكەتە، كە هەموو مەزنی و پێگەی تۆ لە ئەودا چڕ بوونەتەوە و...). من كە تا ئەو كاتە گوێیەكانم ئاشنای ئەم تەرزە باسانە نەببوو، خەیاڵم رۆیشتبوو بە تەواوی ئاگام لە فەرمایشتەكانی تری فەرماندە نەما، بەڵام لەپڕ كاتێك بۆ جارێكی تر ناوی منی هێنایەوە، بەئاگاهاتمەوە. بە دەنگێكی بەرز گوتییەوە: (زەلال لە هەموو ئەمانە گرنگتر، دەبێت بزانیت كە نەك هەر تۆ، بگرە هەموومان لە ئاستی فەرمانەكانی سەرۆكدا زۆر منداڵ و نەفامین، وریا بە سەرۆك هەرچی فەرموو، نەك هەر راستە، دڵنیابە بێ فەند و حیكمەت نییە، چونكە...). ئیدی نازانم فەرماندە چیتریشی گوت.. بەڵام لەو ڕۆژە بە دواوە من كە جگە لە خۆشەویستی هیچی دیم شك نەدەبرد، دەبوو رقم لە هەموو ئەوكەسانە، ئەو شتانە بێت، كە سەرۆك و فەرماندە رقیان لێیە. نازانم چیم كرد و چیم كوشت، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی رۆژ و هەفتە و مانگ و ساڵدا، من لەناو هاوڕێكانمدا مەزنتر دەبووم، چونكە تا ئەو كاتە توانیبووم ئاڵاكە بەرز رابگرم و لوولەی تفەنگەكەشم هەمیشە گەرم بوو، فەرمایشتەكانی سەرۆكم كردبووە رۆشنكەرەوەی رێم. بەڵام لە ناخمدا، ئاخ كە ئەستەمە بتوانم وەكو خۆی باسی بكەم، دەعبایەك، كە نازانم ناوی چی لێ بنێم، هەمیشە لێم راست دەبووە و دەیكوتام، نەیدەهێشت ئاسوودە بم، لە دوای هەر كارێك كە ئەنجامم دەدا دەكەوتە سەرزەنشتم، من سەرەتا ئەو دەعبایەم بە هەند وەرنەگرت و لە خۆمم بار نەكرد، چونكە نەنكم زۆرجار پێی گوتبووم: (هەرچی دەكەن بیكەن، بەڵام زۆر وریا بن خێڵی جنۆكان نەچێتە لەشتانەوە، ئەوان هێندە سركن، بۆ خۆشتان نازانن كەی و چۆن زەفەرتان پێ دەبەن...). من سەرەتا ئەمەم هەر بەشتێكی وا دەزانی، وەلێ مەسەلەكە لەوە گەورەتر بوو، كە من بەو ساویلكەییە لێم دەڕوانی. جگە لەو دەعبایە، جەستەم، كە تا ئەو كاتە وەكو سێو لوس و ساف بوو، ئاڵۆشێكی پێكەوتبوو، مەگەر جارجارە بە خەوی شەوانە، وەگەر نا بە هیچ دانەدەمركایەوە! ئەگەر سەرۆك، یان فەرماندە بە حاڵی ئاڵۆشی جەستەمیان بزانیایە كارەساتێك دەقەوما، ئەوان زۆرجار دەیانگوت: (ئێمە زۆر باش دڵنیاین كە چەك و جبەخانەی دوژمن ناتوانن ورەی پۆڵایینی ئێوە بڕوخێنێت، بەڵام وریا بن، ئاڵۆشی جەستەتان، كە نزیكترین دوژمنی ناختانە، لە خشتەتان نەبات، دواجار هەموو قارەمانێتییەكتان بۆ دەكات بە خیانەت، وریا بن، پێویستە رۆژانە رەجمی ئەو ئاڵۆشی جەستەیە بكەن، ئەگەر رۆژێك فەرامۆشی بكەن، لێتان دەبێت بە هەوشار، بە ئەژدیها و سەرتان دەخوات...). قسەكانی سەرۆك و فەرماندە تەواو راست بوون، هەتا ئەوكاتەی ئاڵۆشی جەستەم تاساند بوو، من مەزن و قارەمان بووم. وەلێ دواجار... ئاخ دواجار... ئەو ئاڵۆشە سەری خۆم و كوڕە هاوسەنگەرەكەی خواردم. من كە تا ئەو كاتە رەفتار و كردەوەم لە لای سەرۆك و فەرماندەو هاوڕێكانم وەكو ناوەكەم (زەلال) بوو، كە دەمێك بوو وەكو ئەڵقە لە گوێمدا بوون. من ماوەیەكی زۆر بوو لە لای كوڕە هاوسەنگەرەكەی هاوڕێم گوڵێكی بۆنخۆش بووم، ئەویش وەكو هەنگ لە دەورم دەگەڕا. تاریكە شەوێكی درەنگ بوو، كوڕە هاوسەنگەرەكەم ویستی هەناوم هەڵمژێ، منیش بۆ ئەم گەمە و راموسانە تەواو ساز و ئامادەبووم، لەبەردەمیدا دەساژۆ، جوڵەم لە خۆم بڕی و نەبزوام، هەر كە دەمی گەیشتە دەمم، ئاسمان بروسكەی دا و دنیا بوو بە چراخان. فەرماندە و هاوڕێ بێوەفاكانم گەیشتنە سەرمان، هەر لە جێدا چۆن مێشێك دەكوژی، ئاوها دەزگیرانەكەمیان كوشت، منیشیان باڵبەست كرد، لەو رۆژەوە كەوتمە بەر نەفرەتی فەرماندە و بە فەرمانی سەرۆك خرامە زیندانەوە.
 
ئێستا جەستەم لەم دیو پەنجەرە بەندەكەی ناو ئەشكەوتەكەوە، رێك لە پارچە سەهۆڵێك دەچێت، تەواو لە جووڵە كەوتووە، پێستی لەشم وەكو دەشتێكی وشكەساڵ زەرد هەڵگەڕاوە، لەودیو پێستەكەشمەوە شەپۆلی خوێنە گەرمەكان كە ماوەیەكی زۆر بە هاژە و لرفە بوون، لە خوڕە كەوتوون، هەستم دەكرد هەرچی جۆگەلە و مولوولەی خوێنم هەیە هەموو وشك بوون. لەودیو پەنجەرە بەندەكەشەوە، وەكو جاران پاسەوانەكە هەردەهات و دەچوو، لە قوڵایی خەیاڵی خۆیدا مەلەی دەكرد، ئاگای لە من هەر نەمابوو، لە بیری چووبووەوە، كە ئەو پاسەوانی منە و دەبێت زۆر وریابێت نەبادا هەڵبێم. جەستەم كە بەتەواوی مردبوو، بەڵام رۆحیانەتم، وەكو رۆحیانەتی پیرۆزی مەسیح هەر زیندوو بوو. گیانە پیرۆزەكەم لە كونی پەنجەرەكەوە و بەبەرچاوی پاسەوانەكەوە، كە كۆنە هاوڕێی خۆم بوو هاتەدەرێ، ئەو ئاگای لەم كەین و بەینە نەبوو، بێهودە هەنگاوی دەنا و دەهات و دەچوو. لەم كاتەدا چاوم بە هەڵۆكە كەوتەوە، كە دەمێك بوو پەیكی ئەندێشەكانم بوو، گیانی پاكیزەیی من چووە ناو جەستەی هەڵۆكەوەو لە ئەودا بەرجەستە بووم، ئیدی بووم بە هەڵۆ. وای لەو خۆشییە! لە چاوتروكانێكدا هەموو شتێكم بینی، كەمن ناتوانم بیانگێڕمەوە، بە ڕاست و چەپدا شێتانە بە ئاسماندا مەلەم دەكرد، لەپاش گەشتێكی دوورودرێژ، بۆ پشوودان لەسەر تاوێرە رەقەكە، كە لە بەفردا سپی دەچووەوە هەڵنیشتمەوە، لەم كاتەدا پاسەوانەكە بەئاگاهاتەوە، لەجێی خۆی راوەستا، هەڵوەستەیەكی كرد، پاشەوپاش دوو هەنگاو كشایە دواوە، لەگەڵیدا تفەنگەكەی لەشان هێنایە خوارەوەو فیشەكێكی خستەبەر، لاونیو بۆی دانیشت، ئەژنۆی چەپی خستە سەر بەفرەكە، تفەنگەكەی لەسەر قاچی راستی دانا، قۆناغەكەی لە شانی راستی گیركرد، ملی بەلای راستدا خواركردەوە، چاوی چەپی نوقاند، چاوی راستی خستە سەر جێنیشانەكە، سیرەی لێگرتم، پێش ئەوەی هەڵفڕم، تفەنگەكەی چركاند، لە یەك كاتدا، لەودیو پەنجەرە بەندەكەی ناو ئەشكەوتەكەوە جەستە سەهۆڵینییەكەم بە لادا هات و كەوت، لەم دیو پەنجەرە بەندەكەشەوە، بەفری سەر تاوێرە رەقەكە سوور بوو یەك پارچە بوو بەخوێن. ئیدی نەمزانی پاسەوانەكە لە پێشدا گەیشتە سەركاممان.
 
• (زەلال) واتا ئاوی رون‌و پاك . ناوی مرۆڤە. زیاتر بۆ ناوی كچ دەشێت.