ڕاوەستانەكەم ڕاوەستانێكی سەربازییە، جەستەم لە خاچێكی یەك باڵ دەچێت، دەستی چەپم بە لەشمەوە جووت بووە، بەرەو خوار شۆڕبۆتەوە، قامكەكانم لەخوار كەمەرەوە لە ریزی یەك و بۆ ناوەوە نوشتاونەتەوە. دەستی راستم وەكو كلكی دووپشك هەڵگەڕاوەتەوە بۆ لای سەرم. پەنجەكانم كراوەیە، بە برۆ و لاچاوی ڕاستمەوە لەنگەری گرتووە. هیچ نابزوێم. بە وردی لێم بڕوانە، وا دەزانی هەناسەش نادەم، سەروملم لە بنچكە خڕنووك دەچێت، قاچەكانم وەكو دارێكی ڕەگداكوتراو قایمو مەحكەم راست و رەپ لەجێی خۆیان رەق بوونە.. راوەستانەكەم تەواو راوەستانێكی سەربازییە، سڵاوی یەكبەیەكی سەربازەكانم وەردەگرم، كە دەستەدەستە و پۆل پۆل دێنە خزمەتم، سڵاوی سەربازیی خۆیان پێشكەشی ئەستێرە درەشاوەكانی سەرشانم دەكەن، منیش بە هەمان دەستوور بە بێ ورتە و جوڵە پێشوازی لە سڵاویان دەكەم، پاشانیش بە هەمان دەستوور سڵاوی پڕ شكۆی خۆمیان دەدەمێ.. نابێت ببزوێم، چونكە جووڵان لەم شوێنەدا سوكایەتییەكی گەورەیە بۆ ئەستێرەكانی سەرشانم. (شورەییە، بۆ ئەفسەرێكی دەرەجەداری گەورەی وەكو من گەر نەتوانم خۆم ڕابگرم لە پێشوازی ڕۆژێكی ئاوها مەزندا). (خۆم سەربازەكانم ڕاهێناون، هەر خۆشم كردویانم بەم پاڵەوانەی كە ئەمڕۆ دەیانبینن. ئەمە تەنها نمایشێكی سەربازیی نییە، بەڵكو ڕاهێنان و خۆئامادەكردنە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەرگدا.. نەك تەنها ئەم چەند ساتە كورتە، بەڵكو دەبێت بۆ چەند شەو و ڕۆژ وەكو داوڵ بچەقم و نەجوڵێم). (ئینجا چییە، بۆ ناتوانم!). ئەمڕۆ بۆ من ڕۆژێكی مێژووییە، لەو ڕۆژانەیە كە پلەوپایەی سەربازیی منی تیا مەزنتر دەبێت، لەو ڕۆژانەیە كە كەمجار ڕێدەكەوێت خۆم و ئەستێرەكانی سەرشانم هێند ڕێزلێگیراوبین، وا پۆل پۆل و دەستەدەستە بنیادەم بە جلوبەرگی تایبەتی سەربازییەوە بەڕێدەخەم بۆ دەشتاییە بەرینەكان. ئەمڕۆ بۆ من لەو ڕۆژانەیە دەبێت وەكو هەل بیقۆزمەوە و لە دەست خۆمی نەدەم.. ئەمڕۆ ڕۆژی تۆڵەیە، تۆڵە لە رۆژانی ڕابردووم، تۆڵە لە باوكم، لە هەموو كەس... بەڵام هەرچەند دەكەم و دەكۆشم هێز لە قاچەكانم نەماوە، ناتوانم لەوە زیاتر خۆم بە پێوە ڕابگرم، دەستی ڕاسیشم كە هەر بەلاچاومەوەیە، وەكو چڵە دارێكی ئاولێبڕاو هێدی هێدی بەرەو كزبوون و دابەزین دەچێت، هەردوو چاوم تەواو ماندوو بووە هێندە خێسەم لە دەستوقاچی سەربازەكان گرتووە، كە چۆن بە یەك تایم و بە یەك ئاواز دەچنە حەواو دێنە خوارێ.. گوێیەكانم كپ بوونە، جگە لەو ئاوازە هیچ ئاوازێكی تر ناژنەوم، جەستەیەكی شەكەت و ڕەق و ڕاست، تا دێت شلتر دەبم، بەری دیدەم لێڵتر دەبێت.. لە سێبەرەكەی خۆم ڕادەمێنم، دەبینم جەستەیەكی كەڵەگەتی مەچەك ئەستووری وەكو من، سێبەر و تارماییەكی باریكەڵەی بنجكی هەیە! ئیتر هێندەی هۆش دەدەمە سێبەرە خڕنوكێكەم، هێندە ئاگام لە نمایشی سەربازەكان نامێنێت، كە دەستە دەستەو پۆل پۆل هەر تێدەپەڕن. بە دەست خۆم نییە، لە تارماییە بچكۆلانەكەم دەكەومە تێفكرین و موتاڵا. ئیدی من لێرەبەدوا جگە لە پەیكەرێكی قوڕین، هیچی تر نیم .. بە تەواوی لە دەوروبەر و شوێنی شیاوی خۆم، كە ژەنەراڵێكی دەرەجەداری گەورەم دادەبڕێم... بە دووی سەرەداوی ونبووی خۆم دەكەوم.. زیاتر لە تارماییەكەم ورد دەبمەوە، تەماشا دەكەم قورسایی هەموو جەستەم، بە ئەستێرەكانی سەر شانیشمەوە، سێبەرێكی منداڵانە، یان راستتر بڵێم (قەزەم)ی دروستكردووە.. من بەم مەزنی خۆمەوە، سێبەری منداڵیم بە ڕۆحێكی زیندوو و بە جەستەیەكی گرگنەوە، بەڵام بە دەسەڵاتێكی باڵاوە ئامادەیە! بە تەوەسەوە گاڵتە بە شانوشەوكەت و ئەستێرەكانی سەرشانم دەكات. بە ئاشكرا پێم دەڵێت: (ئەمە چییە بۆرەپیاو، بۆ وا لەخۆت گۆڕاوی.. وا دیارە خەڵكی وەكو من ناتناسن. ئەگەر بتناسن دەبێت لە جیاتی سڵاو چیت پێشكەش بكەن؟). (مەگەر تۆ هەر منداڵە ترسنۆكو چڵمن و خوێڕییەكەی جاران نیت؟). زۆری نامێنێت هەموو شتێك بشێوێنم و لە خۆم بگۆڕێم. بە راست و چەپدا بكەومە لێدانی سێبەرە بێحەیاكەم، بەڵام لە خۆمی تێك نادەم و بەئاگا دێمەوە.
*
دەستم هەر بەلا چاومەوەیە، نەجوڵاوم، سەربازەكانیش هەر تێدەپەڕن.. بەڵام وتەكانی سێبەرەكەم تەواو نیگەرانی كردوم، بە جۆرێك هەست دەكەم ڕاوەستانەكەم زۆر شل و خاوە و لە ئاستی جێگاكەمدا نییە، كە (سەكۆی سڵاوی سەربازییە). نابێت بجوڵێم، زۆر لەوە دەترسم كە دەوروبەر و هەڤاڵەكانم ئاگایان لە قسە و گوفتی سێبەرەكەم بووبێت. ئەو وتانە تووشی شڵەژان و بێئارامییەكی زۆری كردم، زیاتر لە خۆم نامۆم، هەرچەند دەكەم شوێنی شیاوی خۆمم لێ ون بووە و بۆم نادۆزرێتەوە، نازانم ئایا هەر بەڕاستی من شیاوی ئەم شوێنەم كە سەدان دەست و پێ لە خزمەتی مندا دەچنە حەوا و دێنە خوارێ، سڵاو لە ئەستێرەكانی سەرشانم دەكەن؟ یان من منداڵە بودەڵە و ژێر دەستەكەی منداڵانی گەڕەك و قوتابخانەم؟ ئایا من هەر منداڵە ترسنۆكەكەی باوكمم؟ ئەمانە و دەیان پرسیاری تر وەكو دووپشك جەستە سڕەكەم دەگەزن.. ئەگەرچی تا ئێرە هەر بەڕێزەوە لە خزمەتی مەراسیم و نمایشی بەڕێكردنی سەربازەكاندا ڕاوەستاوم، بەڵام ناتوانم بەسانایی واز لە تارماییەكەم بهێنم. یان بەهەند وەری نەگرم، كە وەكو جانەوەرێكی ترسناك لێم پەیدا بووە. زیاتر لە سێبەرەكەم ڕادەمێنم، بە نیگا لێی دەچمە پێشەوە، ئیتر ئەویش لەسەرخۆ و وەكو پاروویەكی چەورو خۆش قوتم دەدات...
*
(من) دەبمەوە بە منداڵە سەركوێرو گێژ و حۆل و ترسنۆكەكەی جاران..
*
شەوێكی كپ و قەترانییە، دەڵێی چاوی ڕووناكی گل بووە، هیچ نابینێت، هەموو شتێك بە تاریكی نمایشی خۆی دەكات. (ئای لە سیحر و ترسناكی و چارەبەدی تاركی!). منیش لەو نیوە شەوەدا، دەمەوێت بچمە دەرێ، نەبادا خۆم پیس بكەم، میزم دێت. چەند جارێك وەكو تولەسەگی بابردەڵە و بەچكە پشیلەی نەخۆش دەنوزێمەوە، بانگ لە دایكم دەكەم تا بمباتە دەرێ، هیچ وەڵامێك نییە .. پاشان دەست لە جێگاكەی دەكوتم تا لە خەوی غەفڵەت ڕایپەڕێنم، بەڵام دایكم لە جێگاكەی خۆی نەماوە.. لە ژێر بەتانیەكە بە ترسەوە دەنوزێمەوە، دەڵێم: (دایە گیان فریام كەوە، بەم نیوە شەوە هانا بۆ كێ بەرم؟). ( ئەی دایكی میهرەبانم زۆر دەترسم جنۆكەكان تۆشیان فڕاندبێت!). (دایكە گیان بۆ دەنگت نییە؟ لە تۆ بترازێ كێ شك دەبەم؟). (ئەدی كێ لە شەوە و جنۆكە و شەوە تاریكەكان بم پارێزێت؟). (ئەی دایكی میهرەبانم، دەتخوا مەڕەنجێ و قسە بكە، دەستم بگرە و بمبە دەرێ..). (من دەزانم ئێستا لەودیو دەرگاكەوە پۆل پۆل جنۆكەكان خۆیان بۆ لە كەمین ناوم، لە چاوەڕوانی مندا بێئۆقرە ڕاوەستاون..). (ئەی دایكی بێدەنگم، فێرتان كردین، بە تەنها، بەتاركی و چۆڵەوانیدا ڕەت نەبین..). (دەدەی دایكی بەڕێزم، بمبە دەرێ.. ئەگەر نەیەی، ئەمن چی بكەم، ئاخر حاڵ وا بڕوات هەموو شتێك دەقەومێت! هەموو شتێك لە دەست دەدەم.. بۆ بەیانی خوشك و برا بێڕەحم و خائینەكانم تیزم پێ دەكەن, دەرپێی میزاوی و بۆگەنم نیشانی یەكدی دەدەن، سەرزەنیشتم دەكەن). (زیاتر بچووك دەبمەوە، ئیدی لە داخاندا دەمرم!). (دایە گیان، دایكی میهرەبانم، خۆت دەزانیت من وا ڕاهاتووم، دەبێت بەرامبەر بەوان كەڕو لاڵ بم و نەیەمە قسە..). (فریام كەوە دایكە گیان، بەبێ تۆ رێك لەو بەچكە پشیلەیە دەچم كە بەدەستی منداڵانەوە گەمەی پێدەكرێت، لە تۆ دەپرسم جگە لە نوزەنوز چی لەدەست دێ؟ هەتا رۆژێك لەپەناو پەسێری دیوارێكدا رەق هەڵدێت!). (دە ب م گ ە ر ێ , دا ی كە گ یا ن)..
*
دایكم نایەت، هیچ نابیستێت. لەپاش تاوێك باوكم دێتە سەر سەرینەكەم، بە هەردوو گوێ ڕاستم دەكاتەوە، تفێكی خەستی گەورە دەكاتە تەوێڵم و بەو تفە ڕوخسارم دادەپۆشێت، بە سەرمدا دەشاخێنێت، پێم دەڵێت: -(سەگی لەسەگ بوو، بەم نیوە شەوە بۆ لێم ناگەڕێی كاری خۆم بكەم؟ بۆ لێم دەبی بە چەتە؟). دڵڕەقانە چەپۆكێكی ئاگرین لە ڕوومەتم دەدات، هەردووچاوم وەكو كوورە دادەگیرسێت، خۆم گرمۆڵە دەكەم، لە جێگاكەی خۆم مت دەبم، ناخی خۆم دەكروژم، بەڵام بڕیاری تۆڵەسەندنەوە دەدەم...! بۆ بەیانی دۆشەكەكەم هەڵدەخرێت .. دەرپێكەشم بە تەنافەكەوە دەلەرێتەوە، دەلەنگێتەوە.
*
(ئای باوكی غەددارم، تۆ خۆت فێرت كردم خۆم لە تاریكی نەدەم, پێت دەگوتم: تاریكی ماڵی شەیتان و جنۆكانە، وریای خۆتان بن ڕێ هەڵە نەكەن و نەچنە ماڵی ئەوان). (ئەی باوكی بێڕەحمم، ئەی تۆ نەتگوت: نەكەن سەركێشی بكەن و نەفامانە ڕەفتار لەگەڵ تاریكیدا بكەن، ئەو شێتانەی ئێوە دەیبینن، هەموو ئەوانە پاڵەوان بوون، بە فیزەوە خۆیان لەو جەنگەدا تاقیكردەوە، بەڵام سەرئەنجام هەموویان دۆڕان، هۆشیان لەدەست داو شێت بوو!). (ئەی باوكی لەدەست چووم، تۆ دەتگوت ترس سەرچاوەی ئازایەتییە، بۆئەوەی ئازابیت، دەبێت لەپێشدا بترسیت!). (ئەی باوكی دڵڕەقم، منیش دێڕ بەدێڕ فەرمایشتەكانی تۆم كردە خۆراكی رۆژانەم. پێ بەپێ لەگەڵیاندا گەورە بووم، بەڵام سەرئەنجام جگە لە كەسێكی بودەڵەو سەركوێرو خوێڕیو رقاوی، هیچی دیم لێ دروست نەبوو!). (هۆ باوكی لەدەست چووم، ئێستا سەرێك هەڵبڕەو بڕوانە، كوڕە بودەڵەكەت، چەند ئەستێرەی لەسەرشان ریزكردووە، چەند مەزنە, چەند سەری گەورە لەئاستیاندا ملكەچو بچووكن). (بەڵێ باوكی زۆردارم، ئێستا ئەو رۆژانەیە تۆڵەی خۆم لە رابردووی بودەڵەم بكەمەوە!). (ئەی باوكی نەفامم، جارانێك چەند گێلو بچكۆلەبووم، ئێستاكە دەبێت چەند هێندە مەزن بم!!)
*
پێ بەپێ خۆم بۆ دواوە دەكشێنەمەوە و بە تۆبزی لە قوتی سێبەركەم دێمە دەرێ!
*
دەستی راستم هەر بەلاچاومەوەیە، سەربازەكانیش دەستە دەستە هەر ئۆغر دەكەن، بەپێشمدا تێدەپەڕن. كاسەی سەرم لەشارە زەردەواڵەیەكی خاپور دەچێت، گیزەو واژەواژێكی جاڕسی لێوەدێت.. ئیدی وەكو بروسكە چەخماخە دەداو ئەم بڕیارە لەدایك دەبێت: (دەبێت بۆ لەمەودوا، جگە لە گەنجەكان، هەرچی پیرو كەنەفتەو شەلو ئاویلكەو نوقسان هەیە.. بەرگی خاكی بپۆشنو خۆیان لەڕیزی سەربازیدا ناونووس بكەن، گەر وا نەبێت من چۆن لەمە مەزنتر دەبم؟ گەر وا نەبێت ئەم ئاگرە دادەمركێتەوە، شەڕگەكانیش خامۆش دەبن، منیش لەجاران زیاتر تڕۆر دەبم!). (ئا لەوێدا حەزدەكەم هەرچی مرۆڤو گیانداری وشكانیو ئاوی هەیە كفن پۆش بكەم، یا دەست لە قوڕقوڕاگەی هەموویان گیر بكەمو هەناسەیان لێ یاساغ بكەم، پاشان بەپەلەپیتكەیەك وەكو شەكرۆكێكی وشكەوەبوو، سەریان لەملیان جیابكەمەوە، ئینجا كەلەی سەریان وەكو تۆپ بەدەم نووكە شەقەوە ئەمسەرو ئەوسەر پێ بكەم.). (لەئێستادا كە سەرۆكو ژەنەراڵی سوپای مەرگم، ئاوەها ئاسوودە دەبم، كە دەبینم مرۆڤەكان تاقبڕ بوونەو.. بەڵام هەی هوو! سێبەری منداڵیم بۆتە مۆتەكەو لێم جیانابێـەوە. لێم ناگەڕێ تا رەحەتبم! لەو دوورەوە، گاڵتەم پێدەكات، قاقا پێم پێدەكەنێت، بەچەپۆكێك متم دەكات. ئیدی ئەستیرەكانی سەرشانم بەهانامەوە نایەن، هیچ رۆڵێكیان نامێنێ، وەكو ئاشی ئاولێبڕاو، وردە وردە لەچەرخەو سوڕان خاودەبمەوە، تا بەتەواوی لەجێی خۆم دەوەستم، پاشانیش بەلادا دەكەوم..). من بەم مەزنی خۆمەوە، بەخۆمو ئەستێرەكانی سەرشانیشمەوە زمانم، لە ئاقار سێبەری منداڵیم دا لەگۆكەوتووە، ئەویش بەزمانێكی روونو توڕەوە بەسەرمدا هاوار دەكات، جارێكی دی راپێچم دەكات بەرەو دەشتاییەكانی خۆیو لەكۆڵانە قوڕاوییەكەی منداڵیم فڕێ دەدات..
*
منداڵانی گەڕەك، هاوڕێ بێبەزەییەكانم، بە ئارەزوو خۆیان وەكو مزراح دەمسوڕێنن، لەگەڵ هەر سەرزەنشتو تێهەڵدانێكدا خۆم بەكەمتر دێتە بەرچاو. رێك لەو سەرە مێكوتانە دەچم پێش ئەوەی دەستو پێ دەربكەنو فێری باز بازێن بن لەئاویان دەبڕن، پاشانیش بێنمودو توڕەهات دەمرن، بەمردویش دەرخواردی مریشكو كەڵەشێرو توتەڵەكانیان دەدەن! كسپە لەناخم دێتو ئەم جارەش بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە دەدەم.. لەخانەی مێشكمدا تۆماریان دەكەمو دەڵێم : (ئەی هاوڕێ بێفەڕو خائینەكانم، بۆ كوێ دەڕۆن، شەرتە شەرتی خودا لەدەستم رزگار نەبن، رۆژێك لەڕۆژان تۆڵەی خۆم هەر دەكەمەوە، گەر فریای خۆشتان نەكەوم دڵنیابن لێتـان ناگەڕێم، منداڵەكانتان، رۆڵە تاقانەكانتان رەوانەی مەرگێك دەكەم كە تا هەتایە پێوەی بتلێنەوە)...
*
(من) رقم لەهەموو كەسێك دەبێتەوە، تەنها هەر خۆم لەبیرە، (من) لەكەس ناچم، كەسیش لەمن ناچێت. حەزم لەهاوڕێیەتی هیچ كەسێك نییە، یان راستتر بڵێم: كەس من بەهاوڕێی خۆی نازانێت. لەناو منداڵانی گەڕەكدا ترسنۆكو بێغیرەتانە رەفتار دەكەم، تەنانەت بەگومانەوە، دەڕوانمە جەستەو لەشولاری خۆم، بەترسەوە سڵی لێدەكەمەوە.. هەمیشە ژێر چەپۆكەی منداڵانی گەڕەكم... تەنها جارێك چییە نەمتوانیوە لەمنداڵێك هەڵدەم، ئەگەرچی ئەو منداڵە بەتەمەنو لەشولاریش لەخۆم بچووكتر بووبێت. نەدەبوو راپسكێمو بەرگی ترسنۆكیو بودەڵەییو ساویلكەیی لەخۆم داماڵمو بەكاڵای ئازایەتیو زیرەكیو چەلەنگییەوە خۆم نیشانی منداڵانی گەڕەك بدەم.
*
جارێك خۆم لەو هەورازە دەدەمو خۆم تاقیدەكەمەوە، هەروا بەسانایی لێناگەڕێمو تەسلیمی خواستی منداڵانی گەڕەك نابم، سەركێشی دەكەمو خۆم نادەم بەدەستەوە، دەزانم ئەگەر جارێك، دووجار لەم كارەدا سەركەوم ئیتر منداڵانیش سڵم لێدەكەنەوەو منیش دەبمە منداڵێكی ئاسایی.. ئەمجارەیان بەهەمان شێوە زمانی وان قسە دەكەم، ئەو جنێوەی دەیگەێننە دایكم، بەهەمان دەستوور، رەوانەی خۆیانی دەكەمەوە.. بەڵام رەوانە كردنەكە هێند ترسنۆكانە دەبێت، وشەكان لەنێوان منو ئەواندا گیانیان دەردەچێت تەپ دەكەوێتە سەر ئەرزەكە! ئیتر ئەوان یەك یەكو دوو دوو بەشەقو چەپۆك دەكەونە كوتانی سەرو گوێلاكمو مار هەنجم دەكەن .. ئیتر ببڕای ببڕ ناتوانم لەئاقار هیچ منداڵێك بێئەدەبی ئاوەها گەورە بكەم . هەمیشە وەكو دیل لەئاستیاندا مت دەبم .. بۆیە كوچەو كۆڵانم لێدەبێت بە دۆزەخ، لەدەقیقەیەكدا چەند جارێك جەستەم بەر گڕیان دەكەوتو قرچەقرچ دەسوتێ، لەگەڵ هەر قرچانێكدا من بچووكتر دەبمەوە، بەڵام دەماری تۆڵەسەندنەوە لەناخماندا مەزنتر دەبێت، تا دێت رقئەستورتر داوای تۆڵەسەندنەوە دەكەم، تۆڵە لە هاوڕێ، لەبرا، لەباوك، لەهەموو كەس.. دەروونم یەك پارچە دەبێت بەئاگرو نێڵە نێڵا دەسوتێت...
*
(من) ئێستا بەم سوتانە ئاسودە دەبم، جەستەی سەربازەكانم بەخوێنو گۆشتو ئێسكەوە وەكو نەوت بەكاردەبەم، ئاگرەكە زیاتر خۆش دەكەم، هەر تێر نابم، ناخی هەموویان بەنوكی دەرزی كون دەكەم، بەدووی رۆژانی منداڵی بەسەرچووی دۆڕاوی خۆمدا دەگەڕێم لەناخو جەستەی ئێستای ئەواندا بەدی دەكەم.
*
جەستەم هەر لەخاچێكی یەك باڵا دەچێت، دەستی راستم هەر بەلاچاوی راستمەوەیە، راوەستانەكەم تەواو راوەستانێكی سەربازییە، لەجێی شیاوی خۆمەوە لە (سەكۆی سڵاو)ەوە سڵاوی سەربازەكانم وەردەگرم. من پێم خۆشە هەموو شتێك لەجێی خۆی پێ بگرێتو لەوێنەی سەرباز بەپێشمدا تێبپەڕێت، سڵاو لە ئەستێرەكانی سەرشانم بكات، چش لەوەی لەناخیدا چۆن سەیرم دەكات، گرنگ ئەوەیە (من) ئێستا بەخۆمو ئەستێرەكانی سەرشانمەوە مەزنمو ئەوانیش بودەڵە. لەگەڵ رەتبوونی هەر سەربازێكدا من زیاتر باڵا دەكەم، ئەستێرەكانی سەرشانیشم تا دێت درەوشاوەتر دەبێت. (جا چ دەبێت با چاویان بەر شەوارەی ئەستێرە رووناكەكانی سەرشانم بكەوێت!). من لەو بەرزییەوە وەكو چرایەكی گەش هەڵكراوم، سەربازەكانیش رۆحیان بەمنو ئەستێرەكانی سەرشانم دەسپێرن، منیش لەتۆڵەی دۆڕاوی منداڵیمدا، پێشكەشی مەرگیان دەكەم!
*
بەڵام، ئەم مۆتەكەیە لێم ناگەڕێت، سێبەری منداڵیم هەر گەورە نەبووەو لەگەڵمدایە. ئەمجارەیان وەكو ئەسپێكی باڵداری زینكراو، ئامادە لەپێشمدا چوار ناڵە رادەوەستێت، خەیاڵ و ڕاز و ئەندێشەكانم بۆ سەر زینی خۆی ڕادەكێشێت و تێی دەتەقێنێت .... دەمبات بەسەر شاردا وەكو نەوڕەس دەمگێڕێت، وەكو ئەوەی پەیامێكی گرنگم پێ بێت و بە خەڵكی شاری ڕابگەیەنم، دواجار لەبەردەم قوتابخانە كۆنەكەی گەڕەكی خۆمان دامدەبەزێنێت.. تا حەوشەی قوتابخانە بەڕێم دەكات، ئینجا هەر هێندەی بڵێی یەكو دوو، ئەسپە باڵدارەكە هەڵدەفڕێت و دیار نامێنێت..
*
لە نێو عەشامات و شایلۆغانی قوتابخانەدا بە تەنها هەڵكوڕماوم، بۆ خۆشم نازانم بیر لەچی دەكەمەوە، لە قوڵایی ناخی لێڵی خۆمدا نقوم دەبم، بیركردنەوە نییە، بەڵكو تەسلیم بوونی وزە و توانا و ئیرادەیە.. هاوڕێكانم، دوو دوو و سێ سێ، وەكو ڕێچكەی مێروولە بەیەكدا دێن.. تەنها من نەبێت تەریك و تەنها خۆم لە پەنای دیوارەكە ناوە، بە چاوی ئەبڵەقەوە دەڕوانمە جمەی هامشۆكەران. زڕەی زەنگەكە بێدارم دەكاتەوە، بەپەلە قۆپی و پەڕە تیكەتیكەكراوەكانم دابەشی گیرفانە خاڵییەكانم دەكەم .. ئینجا بەرەو دەرگای پۆلەكە بەڕێ دەكەوم، هاوڕێكانم بە نووكەشان ئاودیوی دەرگاكەم دەكەن.. لە پاش تاوێك، چاودێری پۆل بە دەنگێكی سەربازییانەی نێرەوە هەموومان لە جێی خۆ قیت دەكاتەوە: -(هەستن). ئێمەش وەكو پەیكەرێكی قوڕین رەق ڕادەوەستین، لە دوای تاوێك تێڕامان مامۆستا فەرمانمان پێ دەكات: -(دانیشن). مامۆستا دەست دەداتە تەباشیرەكە و لەسەر تەختەكە دەنووسێت: (پرسیاری یەكەم: ژیریو ئازایەتی دوو سیفاتی سەركردەی سەربازین، بە درێژی باسیان بكەن). ئەم وتەیەی مامۆستا هێندەی دی كەڕ و كاس و كوێرم دەكات، لەوە بێئومێد دەبم كە من نابمە سەركردە، چونكە لەبری ژیریو ئازایەتی، دەبەنگی و ترسنۆكی شك دەبەم.. پێم خۆشە، هەر یەكسەر لەجیاتی وەڵام مستێك بسرەوێنمە ناودەمی مامۆستا و كڕی بكەم، بەڵام نابێت.. (ئەمە پرسیارە و وەڵامی دروستی دەوێت)، جگە لە دەنگی پێی مامۆستا، كە ئەم سەرو ئەوسەری پۆلەكە دەكات، چ دەنگێكی دی نییە .. منیش لە هەلێكدا بە دوو پەنجە و بە خشپە قۆپییەكە دەرهێنم، وەك نارنجۆكێكی سازو ئامادە لە مستم قایمی دەكەم، زۆر دەترسم لە دەستم بترازێت و خۆم تووشی قەڵبەیەك بكەم، هەموو جەستەم دەكەوێتە لەرزین، تیكە پەڕەكەش وەكو پشكۆیەكی داگیرساو دەستو پەنجەكانم دەسووتێنێت.. (من) پاڵەوانی ئەم جەنگە نیم، گێژاوێكە و تێی كەوتوم, نازانم چۆناهیی خۆمی لێ قوتار بكەم، ئیدی لەم هەڵوێستەمدا زیاتر دەركەوت كە چەند بودەڵە و ترسنۆكم، لە ئاقار منیشدا ڕاستییەك وەكو هەتاو هەڵهات: (سەرجەم سەركردەكان زرنگ و ئازان، چاونەترس و زیتەڵەن!!).. هەموو هاوڕێكانم بەبێ ترس و سڵەمینەوە، ژیرانە خەریكی تاوتوێكردنی پرسیارەكەن، ئیتر هەست دەكەم لە ناو كۆمەڵێ سەركردەی سەركەوتوودام، بەڵام، (من) زیاتر لە دیل دەچم، نەك قوتابی... لەم جەنگەشدا دەدۆڕێم... لەم كاتەدا دەنگێكی ناوەخت وەكو زریان هەڵ دەكات پەخشانی ناو پۆلەكە دەبێت.. بەڕێوەبەرە، من هێشتا لەتە پەڕەكە هەر لە نێو دەستمدایە... بەڕێوەبەر بە دووچاوی زەقەوە خۆی بە مەسیحێكی زرنگ دەچووێنێت.. بەڵام ئەو ڕێك لە من دەچێت، مەسیحێكی درۆزن و ترسنۆكە .. وەكو قاژو دەخوێنێت، بە بەرچاوی هەموومانەوە بە ئامۆژگاری درۆ ماڵێكی پڕ لە تەفرە دروست دەكات، هەموومان تێ ئاخنێت، خۆشیی لە دەرەوە دڵسۆزانە (بەدرۆ) لەسەر یەك خۆی لەخاچ دەداتەوە!! من هێشتا دەستم دەلەرزێت، بەڕێوەبەر دێتە سەرم و وەكو دووپشك پێوەم دەدات.. دەستی چەپم دەگرێت، قۆپییە ئارەقاوییەكە لە نێو دەستم دەردەهێنێت.. بەڕێوەبەر بە دەنگێكی نێرانە، وەكو سەركردەیەكی سەركەوتووی جەنگ، دەنەڕێنێت: (ئەمە چییە خوێڕی؟) زمانم قفڵ دەبێت، وشەكان لە گەروومدا دەتاسێن، ناتوانم هیچ بڵێم، بە چەپۆكێك چاوەكانم دەشڵەقێنێت دیدەم تاریك دەكات، منیش وەكو قوماربازێكی دۆڕاو و موفلیسو بێ زانست، بە فەرمانێكی بەڕێوەبەر لە خوێندن تەڵاق دەدرێم! وەكو گەڵای دارێكی پایز دەكەومە سەر شەقامە جەنجاڵەكە، بەكزە بایەكی نەرم، تلاوتل بەردەم كۆگا و جامخانەكان، سینەما و مەزاتخانە و مزگەوت و كڵێسا و تەكیە و گەڕەك و ماڵ و خانەخوێ و یاران, ئەمسەرو ئەوسەر دەكەم، هیچ یەك لەمانە نابنە مەنزڵگەم، ئۆقرەیان تیا ناگرم!.. دواجار دەكەومە زێرابێكەوە، دەبم بە هاوڕێی جرجەكان!.. وەكو مار چەند جارێك كاژ فڕێ دەدەم، سەرلەنوێ بە بەرگ و سیمایەكی ترەوە خۆم دەنوێنم، سەما دەكەم، بەڵام هەمیشە بێزار و بۆن گرتووم، نامتوانم لە هیچ ساتێكدا سەرخەوێك بشكێنم، یان خەونێكی پەمەیی ببینم.. هەمیشە لە خەیاڵی ئەوەدام چۆن و بە چ شێوەیەك ئەم شكستی تەمەنە دروست بكەمەوە؟ بە دووی وەڵامی ئەم پرسیارە دەكەوم و وەكو دێوانە دەشت و شارو گوند تەی دەكەم، ئەو دەستەی برینم ساڕێژ دەكات، ئۆخژن بە گیانم بەخشێت (جەنگە جەنگ!) هەر ئەوە سیمای من بەدی دەكات، لەمە زیاتر ون نابم.. جەنگ خۆی دەكات بە پەیژەیەكی درێژ و لەبەر پێم ڕادەوەستێت، منیش بەسەر پشتی ئەودا پلە پلە سەردەكەوم، هەڵدەزنێم و مەزن دەبم, تا دەستم دەگاتە گەردنی ئەستێرەكان و یەك بەیەكیان دەهێنمە خوارەوە، لەسەر هەردوو شانی خۆم ڕیزیان دەكەم.. ئیتر دنیا دەبێت بە تاریكستان، ڕووناكی تیا قاتی دەبێت، تەنها شەوقێك كە هەبێت، ئەستێرەكانی سەرشانی من دەبێت، منی ژەنەراڵ، ژەنەراڵی سوپای مەرگ!.. لەسەرخۆ دادەبەزم و هەموو باخچەكانی شار دەكێڵم ... (چی لە جوانی و ڕەونەق و بۆن و بەرامەی گوڵ بكەم، كە بستە خاكێك نەبێت بۆ گۆڕستان؟). (ئەدی تەرمی سەربازەكانم لە كوێ بنێمە چاڵ؟). (دەبێت، كانی و گۆلاوەكانیش وشك بكەم، چی لە سەوزەڵانی بكەم؟). (دەبێت، گۆڕستانەكان زیاتر ئاوەدان بكرێنەوە!).
*
تا ئەم كاتە ڕاوەستانەكەم، تەواو ڕاوەستانێكی سەربازییە، جەستەم هەر لە خاچێكی یەك باڵا دەچێت، دەستی چەپم، ڕاست جووت بووە، بە لەشمەوە، دەستی ڕاستیشم وەكو كلكی دووپشك هەڵگەڕاوەتەوە بۆ لای سەرم، پەنجەكانم كراوەیەو هەر بەلاچاوی ڕاستمەوە لەنگەری گرتووە.. سەربازەكانیش هەر بە پێشمدا تێدەپەڕن، سڵاو لە ئەستێرەكانی سەرشانم دەكەن، منیش پۆل پۆلو دەستەدەستە بەخێرایی بەرەو شەڕگەكان بەڕێیان دەخەم.. گرنگ نییە، شەڕەكان هەر جارەو بە ناوێكەوە دەڕازێنمەوە، ناوی دەنێم شەڕی وڵاتپارێزی، یان شەڕی چینایەتی، نەخێر كێ دەڵێ شەڕی شەرەفو كەرامەت نییە؟
*
(خوێنەری بەڕێز، چاكتر وایە پرسێكیش بە تۆ بكەم، تۆ هەرچیت پێ باشە ئەمن رازیم، ئاوهای ناودەنێم..)...
*
بەڵام هەی هوو.. هێندە دەزانم سێبەرە قەزەمەكەم هێندەی قەد و باڵای ئێستام باڵای كردووە، مەزن بووە.
*
لەم كاتەدا، ڕاڕەو و نمایشی سەربازەكان دەبن بە دوو راڕەو، لە لایەك بەرەو خۆرهەڵات، بەتەواوی جلو تفاقی سەربازییەوە تێدەپەڕن.. لە ڕاڕەوی بەرامبەریشمەوە، ڕێچكەی سەربازەكان مەراسیمێكی تر ساز دەكەن، بەڵام ئەم جارە سەربازەكان لە تابووتدان، پارچە پەڕۆیەكیش كفن و كاڵای باڵایانە، بەسەر پشتی ئوتومبیلەكانەوە بەرەو خۆرئاوا دەگەڕێنەوە.. لەم كاتەدا سێبەرە باڵابەرزەكەم لە جێی خۆم دادەنێم، خۆشم بە قەڵەمبازێك خۆم دەگەیەنمە ڕاڕەوی ئەوبەرەوە، بە هەمان دەستوور بە شێوەی خاچێكی یەكباڵ ڕادەوەستم... ڕاوەستانەكەم تەواو ڕاوەستانێكی سەربازییە، سڵاوی سەربازی خۆم دەگەیەنمە یەك بەیەكی سەربازەكانی ناو تابوتەكان و بە ڕێزەوە ئەمانیش بەڕێ دەخەم..