ژیان و ئەرکی ناخۆشیی، پەپوولەی ئارەزووی کوشتم
شەرابی جامی دڵداریی، لە تافی لاوییـــا، ڕشتم!
تەمی ڕۆژانی پڕمەینەت، وەها تاریک و چڵکن بوو
نیگاری خۆشەویستی دڵ، پەریئاسایی، تیا ون بوو!
شەوی تەنیایی، ڕووناکیی چرای ئاواتی، خنکانم
دەستی ناکامی، ئاوازی دەروونی کەیلی، تاسانم
ئەوا ئێستا لەگەڵ زامی،
دەروونی پڕ لە ناکامیی
ئەپێوم چۆڵی سەرسامیی
* * *
لە تەنیایی شەوی ژینا، ئەنێم هەنگاوی کوێرانە!
نییە دەستێ، دەرمبێنێ لەناو ئەم گۆڕە وێرانە
نییە جوانێ، سەری کاسم، بنێمە سەر دڵی نەرمی!
کە هیلاکیی لەشم دەرکا، خەوی سەر باوەشی گەرمی
ئەگێڕم چاوی بێــتینم، بە تاریکیی شەوا، سەرسام
نییە پرشنگی دووچاوێ، کە ڕووناکی بکا، ڕێگام..!
بە غەیری باڵی غەمناکی،
شەوی پڕ ترس و سامناکیی،
نییە یەک تۆزە ڕووناکیی!
* * *
نییە تەنیا پەریزادێ، کە پاڵمپێوەنێ، نازی
کە بەهرەی سیس و ژاکاوم، ببوژێنێتەوە، ڕازی
تریقەی ئەو، تەمی ئەم یەئسە ڕاماڵێ لەسەر چاوم
وەکو لایلایە ژیری کا، دڵی منداڵی گریاوم
بەڵێ گوێ هەڵئەخەم بێجگە لە خورپەی سست و لێدانی!
دڵی پەستم، کە نووزەی دێ بە عاستەم ڕازی پەنهانی
نییە هەر دەنگێ، هیچ نایێ،
لە هیچ شوێنێ، لە هیچ لایێ
شەقەی باڵێ، شنەی بایێ..!
سلێمانی، ١٩٥١