( 1 )
کاتێک شاسوار، شاسواری نازدار، که هاوڕێکانی به گریگۆر شاسوار بانگی ده‌که‌ن، شه‌و ده‌نوێ و به‌یانی له ژووره‌که‌ی خۆیدا له سابوونکه‌ران خه‌به‌ری ده‌بیته‌وه، زۆر به‌زه‌حمه‌ت ده‌توانێ بجوڵێت. قه‌ت ئه‌وه‌نده له‌شی قورس نه‌بووه.تۆ بڵێیت نه‌خۆش بێت. زۆر له‌خۆی ده‌کات تا له‌سه‌ر هه‌ردوو قاچی خۆی ڕاده‌گرێت، پێش ئه‌وه‌ی ده‌رگاکه بکاته‌وه و وه‌ک هه‌موو به‌یانییه‌ک بچێت و نانی به‌یانی له‌گه‌ڵ دایک و باوک و خووشکه چکۆلانه‌که‌یدا بخوات، له ئاوێنه‌دا سه‌یرێکی خۆی ده‌کات پیر بووه، ته‌واو پیر بووه‌و خۆی ناناسێته‌وه. زۆر ده‌شڵه‌ژێت، به‌ڵام دڵی به‌وه خۆش ده‌کات که ره‌نگه ئه‌مه درێژه‌ی خه‌ونێکی ناخۆشی بێت وه‌ک هه‌موو ئه‌و خه‌ونه ناخۆش و پچڕ پچڕانه‌ی ئه‌م دواییه‌ی، که دونیای ئه‌میان کرووه به دۆزه‌خ. به هه‌ردوو ده‌ست، به سووکی ده‌کێشێت به‌هه‌ر دوو روومه‌ته چرچه‌کانیدا به‌ڵکو گه‌ر تا ئێستا خه‌وتووه با خه‌به‌ری بێته‌وه، به‌ڵام نه‌خێر، ئه‌وا وه‌ک هه‌موو به‌یانییه‌ک گوێی له ده‌نگی دایکێتی بانگی ده‌کات تا نانی به‌یانی بخوات، تا له وانه‌کانی زانکۆی دوا نه‌که‌وێت و له‌وێوه به خێرایی بڕوات و دووکانه‌که‌ی باوکه ته‌ممه‌ڵه هه‌میشه سه‌رخۆشه‌که‌ی بکاته‌وه. چاوی کزی هه‌ڵده‌گڵۆفێت و له ئاوێنه‌دا سه‌یرێکی خێرای خۆی ده‌کاته‌وه. نه‌خێر بووه به که‌سێکی شه‌ست و پێنج حه‌فتا ساڵی و ته‌واو به‌خۆی غه‌ریبه. (شاسوار، شاسواری نازدار! ئه‌وه نه‌هاتی کوڕم؟ ده‌وه‌ره تا باوکت تووڕه نه‌بووه).
( 2 )
مانگێک زیاتر بوو رۆمانی ( به‌ڕمووزن بوون) ه‌که‌ی کافکای به‌ده‌سته‌وه بوو، به‌سه‌ر هاوڕێکانی زانکۆیدا هاواری ده‌کرد: رۆژێک هه‌موومان وه‌ک ( گریگۆر سامسا)مان لێ دێت. به‌یانییه‌ک خه‌به‌رمان ده‌بێته‌وه و بووینه به مێروویه‌کی گه‌وره، قالۆنچه‌یه‌کی ناشرین و که‌س فریامان ناکه‌وێت. هێنده به‌سه‌ریاندا هاواری کرد، تا هاوڕێکانی هه‌ر بۆ ته‌وس و خۆشی نازناوی گریگۆر شاسواریان لێ نا. ئه‌م چونکه هه‌موو رۆژێ له‌دوای ده‌وام ده‌بوایه زوو ڕابکات و دووکانه‌که‌ی باوکی بکاته‌وه، بۆیه هه‌میشه لای هاوڕێکانی وه‌ک باڵنده‌یه‌کی غه‌ریب وابوو که له‌گه‌ڵ فڕینه‌کانیاندا یه‌کی نه‌ده‌گرته‌وه، وه‌ک له‌کاتی فڕین‌دا هه‌میشه له‌نگه‌ری تێک بچێت و ته‌پ بکه‌وێته خواره‌وه ئاوا لای هاوڕێکانی جێگای پێکه‌نین بوو. هاوڕێیان ! من نازانم بۆ ئێوه چۆنه؟ به‌ڵام من هه‌ست ده‌که‌م نزیکییه‌کی زۆر له‌نێوان من و گریگۆر سامسادا هه‌یه، ئه‌و نزیکییه‌ش رۆژ دوای رۆژ تۆختر ده‌بێته‌وه.
( 3 )
ویستی وه‌ڵامی دایکی بداته‌وه، به‌ڵام هه‌ستی کرد ده‌نگی گڕ بووه، له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌نگی خۆی تاقی کرده‌وه. ده‌نگێکی کرخی پیرانه‌ی هه‌یه و زۆر له‌ده‌نگی باوکی ده‌چێت. زۆر ترسا و ته‌واو باوه‌ڕی به‌وه هێنا که ئێستا ته‌واو پیر بووه. بۆیه به په‌له ده‌رگای ژوره‌که‌ی به کلیل داخست تا دایکی یان خووشکه چکۆله‌که‌ی نه‌یه‌نه ژوره‌وه. به‌هێواشی گه‌ڕایه‌وه به‌رده‌م ئاوێنه‌ی ژووره‌که‌ی، تا به‌شێوه‌یه‌کی هێمنتر بڕوانێته سیمای تازه‌ی خۆی، بروانێته ئه‌م له‌شه پیره‌ی، که له‌م به‌یانییه‌وه وه‌ک به‌ندیخانه‌یه‌ک که‌وتۆته ناوی و هاتنه ده‌ره‌وه لێی مه‌حاڵه.سه‌یری قژی سپی، مووی زۆری ناو گوێچکه‌ی، لووتی درێژ و تووکاویی،دوو گوێچکه‌ی وه‌ک ته‌په قوڕ،پێستێکی ناشرین وه‌ک مشه‌مما، هه‌موو دانه‌کانی کلۆر، ڕیشی سپی نه‌تاشراو، ورگێکی زل، غه‌بغه‌به‌یه‌ک وه‌ک چلووره‌ی گوێسه‌بان له ژێر چه‌ناگه‌یه‌وه شۆڕ بووه‌ته‌وه، کراسی بیجامه‌که‌ی داکه‌ند و سه‌یری کرد، له‌شی پڕ بووه له وورده خاڵی ڕه‌ش که دوێنێ نه‌یبوون، کۆمه‌ڵێ ورده گۆشتی زیایه، دوو قه‌پرغه وه‌ک دوو کۆڵکه شووتی له‌م لاو ئه‌ولاوه ده‌رپه‌ڕیوون و شۆڕبوونه‌ته‌وه. له هه‌مووی ناخۆشتر موویه‌کی ته‌واو درێژ له ناوچه‌وانی روواوه، پێی سه‌یره چۆن تا ئێستا نه‌یبینیووه؟
( 4 )
( کوڕم! ده‌وه‌ره دره‌نگه با دوانه‌که‌وی، چایه‌که‌ت سارد بووه‌وه) . (ئێوه نانه‌که‌تان بخۆن،چاوه‌ڕێم مه‌که‌ن، من هه‌ر دێم).ئێستا من بچمه ده‌ره‌وه بڵێم چی؟ کێ بڕوام پێ ده‌کات چل و پێنج تا په‌نجا ساڵ ته‌مه‌نم زیادی کردووه، زیاد بووه بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بکه‌م. بێ هیچ یادگارییه‌کی خۆش، بێ هیچ تێڕامانێک له‌و ورده خۆشییانه‌ی تا ده‌هات که‌متر ده‌بوونه‌وه. تۆ بوه‌سته! له‌وانه‌یه من ئه‌و ته‌مه‌نه به‌راستی ژیابم؟ من بۆ ئه‌وه پێویستم به سیناریۆیه‌که بۆ ئه‌وه‌ی بروا به‌خۆم بێنم که ژیاوم، من زانکۆم ته‌واو کرد، ئێ ئه‌ی دوایی چی ؟ چه‌ند ساڵێک به‌دوای ئیشدا گه‌ڕام و ئیشم ده‌ست نه‌که‌وت.هه‌ر چوومه‌وه دووکانه کۆنه‌که‌ی باوکم تا به‌خێوی بکه‌م. چه‌ند شه‌ڕێک روویان دا، وڵات رۆژ به رۆژ به‌ره‌و کاول بوون ده‌ڕۆیشت.ئێ باشه چی تر؟ خه‌ڵکێکی زۆر به‌کۆمه‌ڵ خنکێندران که‌س قسه‌ی نه‌کرد. به به‌رچاوی دونیاوه هه‌زاره‌ها ڕاپیچی مه‌رگ کران و دیسان که‌س قسه‌ی نه‌کرد، دوایی ساڵ به‌ساڵ له‌و رۆژه‌دا ئه‌و یادانه ده‌کرێنه‌وه و بۆ به‌یانییه‌که‌ی بیر ده‌چنه‌وه. شتێکی تر له مێشکمدایه وه‌ک کۆڕه‌و. من ره‌نگه له‌و ڕه‌وه‌دا باوکم به کۆڵه‌وه بووبێت، شایه‌تیشم بۆ ئه‌وه ئه‌وه‌یه که باوکم ماوه، باوکم به کۆڵی منه‌وه نه‌بووبێت ده‌مرد و دوو هه‌نگاو نه‌ده‌ڕۆشت. ماوه‌یه‌ک له‌و سنوورانه ماینه‌وه. سیاسییه‌کانی ئه‌و وڵاتانه هاتن بۆ سه‌یرمان، که‌مێک سه‌موونیان بۆ فڕێ داین و دوایش هاتینه‌وه سه‌ر مالی چۆڵ. دوایی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌ستی پێ کرد، تا بۆیان کرا له‌یه‌کترییان کوشت، دوایی وتیان ئێمه براین، سه‌یر که‌ن چ برایه‌کین. وڵاتیان وه‌ک برا له نێوان خۆیاندا دابه‌ش کرد، ڕاستیان کرد له‌وه‌دا برا بوون. نا نابێ ئه‌و هه‌موو ساڵانه تێپه‌ڕیبن و من هه‌ستم پێ نه‌کردبێت، ناکرێ وا به ئاسانی له‌بیری بکه‌م.ناچێته عه‌قڵه‌وه ئه‌و هه‌موو برینانه له جه‌سته‌م هاتبن و من بیرم بچنه‌وه، که‌واته من ئه‌م شه‌و په‌نجا ساڵ ته‌مه‌نم زیادی کردووه. باوه‌ڕ هێنان به‌مه ئاسانتره وه‌ک بیرچوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ئاگری دۆزه‌خه.
( 5 )
( ده‌وه‌ره کاکه شاسوار! هه‌موومان چاوه‌ڕێی تۆین، ده‌وه‌ره تا باوکم وه‌ک دوێنێ تووڕه نه‌بووه ) . ئه‌وه ده‌نگی خووشکه چکۆله‌که‌مه له‌و دیو ده‌رگاکه‌وه. دوێنێ باوکم زۆر لێم تووڕه بوو، شووشه‌ی تێ ده‌گرتم، شووشه‌ی عاره‌قه‌کانی. باش بوو هیچم به‌رنه‌که‌وت، به‌زۆر له‌خۆکردنێکه‌وه وه‌ڵامم دایه‌وه، خووشکی جوانم، ئێوه نانه‌که‌تان بخۆن، تۆش خێرا بیخۆ با بۆ قوتابخانه دوانه‌که‌وی.. ئه‌ویش پرسی ( ئه‌وه کاکه نه‌خۆشی؟ بۆ ده‌نگت گڕ بووه؟ قوڕگت دێشێ) ؟
( 6 )
هاوڕێیان ! ده‌زانن گریگۆر سامسا هه‌موو هه‌وڵێک ده‌دات که ده‌رگاکه نه‌کاته‌وه، هه‌موو فێڵێک ده‌دۆزیته‌وه به‌و شێوه‌یه نه‌یبینن، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه وازی لێ نایه‌نن، په‌یتا په‌یتا فشاری زۆری ده‌خه‌نه سه‌ر، به‌هه‌موو جۆرێک هانی ده‌ده‌ن تا ده‌رگاکه بکاته‌وه. ئه‌ویش نیوه‌ی ده‌رگاکه ده‌کاته‌وه تا به باشی نه‌بینرێت.
( 7 )
ئا، به‌قوربان، ره‌نگه که‌مێک قوڕگم بیه‌شێ، به‌س هیچ نییه چاک ده‌بم، ئه‌ویش وتی ( ئۆی خوایه ! ده‌نگت چه‌ند له ده‌نگی باوکم ده‌چێت، گه‌ر باوکم له موبه‌قه‌که نه‌بوایه، وام ده‌زانی ئه‌و تۆیت) .
( 8 )
رۆژێکیان باوکی گریگۆر سامسا که کوڕه‌که‌ی ده‌بینێت و ده‌زانێت ئیتر بووه به قالۆنچه‌و به‌که‌ڵکی ئه‌وه نایه‌ت ئیش بکات و پاره‌یان بۆ بێنێته‌وه‌و به‌خێویان بکات، به ماڵه‌که‌دا دوای کوڕه‌که‌ی ده‌که‌وێت و سێوی تێ ده‌گرێت. تا یه‌کێ له سێوه‌کان له گۆشته‌که‌ی گیر ده‌بێت و شوێنه‌که‌ی بۆگه‌ن ده‌کات. ئه‌ویش دیسانه‌وه به نه‌خۆشێی و برینداری خۆی له ژووره‌وه قایم ده‌کات، دایکی ده‌یه‌وێ بچێ بۆ لای و نایه‌ڵن، ئه‌ویش هاوار ده‌کات ( وازم لێ بێنن بچم بۆ لای، ئه‌وه کوڕه بێ به‌خته‌که‌ی منه).
( 9 )
بیرم کرده‌وه، ڕه‌نگه ئێستا من و باوکم له‌یه‌ک ته‌مه‌ندا بین. بڕوا ناکه‌م له‌مه‌ودوا شووشه‌ی عاره‌قه‌کانیم تێ بگرێت. ڕه‌نگه له‌مه‌ودوا وه‌ک هاوڕێیه‌ک بچینه ده‌ره‌وه،پیاسه‌یه‌کم له‌گه‌ڵدا بکات و که‌مێک غه‌می دڵ له‌گه‌ڵ یه‌ک بگۆڕینه‌وه. رووم بێت دوو نووکته‌ی قۆڕی بۆ بکه‌م و دوو جاران به‌ده‌م یه‌که‌وه پێبکه‌نین. هه‌وڵ بده‌م وا بکات زۆر نه‌خواته‌وه.وا بکه‌م وه‌ک هاوڕێیه‌ک به قسه‌م بکات، ئه‌و هیچ کاتێک وه‌ک باوکێک به قسه‌ی نه‌کردووم، بچووکترین حیسابی بۆ نه‌کردووم، به‌ڵام له‌مه‌ودوا ڕه‌نگه به‌م سه‌ره سپییه‌وه که‌مێک به‌گوێم بکات. ره‌نگه له‌مه‌ودوا حه‌ز بکات تاوڵه‌یه‌کم له‌گه‌ڵدا بکات. یان پێکه‌وه هه‌ر به بیجامه‌ی به‌یانییانه‌وه بچین و له حه‌مامی چیمه‌ن که هه‌ر له‌وبه‌ر ماڵمانه، حه‌مامێکی گه‌رم بکه‌ین و لیفکه‌یه‌کی زبر له پشتی یه‌کتر بده‌ین. به‌ڵام تۆ بڵیی تووڕه بێت گه‌ر به‌م ته‌مه‌نه‌شه‌وه دووکانه‌که‌ی بۆ نه‌که‌مه‌وه؟ گه‌ر هه‌ردووکمان پێکه‌وه بچین بۆ پیاسه ، ئه‌ی کێ بچێت به‌لای دووکانه‌وه؟ خۆ خووشکه چکۆله‌که‌م نانێرم، نا، نامه‌وێ ئه‌و عومری خۆی له کردنه‌وه‌ی دووکانه‌که‌ی باوکمدا سه‌رف بکات، حه‌ز ناکه‌م ئه‌و وه‌ک من پیر بێت، ده‌مه‌وێ به دڵی خۆی پیاوێک بدۆزێته‌وه و به خۆشه‌ویستی شوو بکات، نه‌ک وه‌ک زۆربه‌ی کچانی وڵاته‌که‌م به زۆره ملێ.بۆیه هه‌ر من ده‌ڕۆم و چش ده‌ڕابه‌کانی بۆ هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه. ئه‌ی بۆ زانکۆ چی بکه‌م؟ به‌م عومره‌وه هه‌ر ته‌واوی بکه‌م ؟ ئه‌ی بۆ نا؟ به سه‌ده‌ها که‌س به ته‌مه‌ن و ورگه‌وه به واسته و پاره ته‌واویان کرد و شه‌هاده‌یه‌کی درۆیان خسته گیرفانیانه‌وه، ئه‌ی من بۆ ته‌واوی نه‌که‌م؟ ( ده وه‌ره کوڕم له زانکۆ دوا ده‌که‌وی، ئۆف ده توخوا وه‌ره‌وه و باوکتم لێ تووڕه مه‌که و هێزی ئه‌وم نییه، وا شوکر خه‌ریکه خه‌وی لێ ده‌که‌وێته‌وه).
( 10 )
هاوڕێیان ! ئه‌و سێوه‌ی که باوکی ده‌یگرێته گریگۆر سامسا و له گۆشته‌که‌ی گیر ده‌بێت،ماوه‌یه‌ک نابات ده‌یکوژێت، مردنی کوڕه‌که‌یان وه‌ک پاک بوونه‌وه‌یه‌ک بۆ هه‌موو خانه‌واده‌که‌یان تۆمار ده‌کرێ و وه‌ک پیرۆزییه‌ک و سه‌رکه‌وتنێک سه‌یر ده‌کرێت و وایان لێ ده‌کات که بیر له ژیانی داهاتوویان بکه‌نه‌وه‌و پڵانێکی بۆ دابنێن و بیر له به شوودانی خوشکه چکۆله‌که‌ی بکه‌نه‌وه.
( 11 )
بیرم کرده‌وه، من شووشه‌کانی باوکم به‌رنه‌که‌وت، یه‌ک شووشه به‌س بوو خراپ پێی بریندار بم، دوێنێ به‌رم نه‌که‌وت، به‌ڵام کێ ده‌ڵێ ئه‌مرۆ یان به‌یانی یان هه‌فته‌که‌ی تر به‌رم ناکه‌وێت. به‌م ته‌مه‌نه‌وه شووشه‌یه‌ک به‌رم که‌وێت، ده‌مکوژێت. مادام باوکم که‌وته شت هاویشتن، ئه‌ویش ته‌واو بوو به جانه‌وه‌رێکی وه‌ک باوکی گریگۆر.ئای خوایه ئه‌م شاره پڕه له جانه‌وه‌ر! بۆیه لێره ده‌مێنمه‌وه تا خووشکه چکۆله‌که‌م ده‌چێ بۆ قوتابخانه تا به‌م سه‌ر و شکڵه‌وه نه‌مبینێت و خه‌فه‌تم پێ نه‌خوات، تا باوکم وه‌ک بوورانه‌وه خه‌وی لێ ده‌که‌وێته‌وه، تا دایکم له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌کانی کۆڵان تۆزێ میوه‌و گه‌ڵامێو ده‌کرێ، من به دزییه‌وه ماڵیان بۆ چۆڵ ده‌که‌م و نایه‌مه‌وه، ده‌بێت خێرا بڕۆم و دایکم کاتی ئه‌وه‌ی نه‌بێ ئاوڕم لێ بداته‌وه، چونکه به‌م سه‌ر و فه‌ساڵه‌وه هه‌ر ده‌مناسیته‌وه، ره‌نگه ئه‌ویش هاوار بکات و بڵێ: ئه‌وه کوڕه بێ به‌خته‌که‌ی منه. ئه‌وه شاسواری نازداره، ئاگاتان لێیه چۆن پیر بووه؟ به‌ڵام بچم بۆ کوێ؟ نازانم و زۆر گرنگ نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه ئێستا بچمه ده‌ره‌وه و تا دوایی بزانم چۆن ده‌بێت.
ستۆکهۆڵم، ئه‌پریلی 2013