چەند ساڵێک لەمەوبەر، ڕانانی لێکۆڵینەوەیەکی سویدیم خوێندەوە کە سەبارەت بە گوتاری سیاسی حزبی چەپ بوو لە بەیاننامە سیاسییەکانی خۆیدا لە سوید. یەکێک لەو تێبینییانەی کە کەسی لێکۆڵەرەوە ئاماژەی پێدابوو: دووبارەبوونەوەی دەربڕینی: "پێویستە" بوو لە بەیاننامەکانی حزبی ناوبراودا. ژمارەی تەلەفۆنی کەسی لێکۆلەرەوەم دۆزیەوە و زەنگکێکم بۆ لێدا. خۆی هیچ کاردانەوەیەک و وەڵامێکی تایبەتی نەبوو لەسەر ئەوەی بۆچی زۆربەی بەیاننامەکانی حزبی چەپ بە دەربڕینی: پێویستە کۆتایدێت. بە بڕوای لێکۆلەرەوەکە، دەرکەوتنی "پێویستە" لە زۆربەی بەیاننامەکاندا، وەک زانیارییەک دێتەپێشەوە و مەبەستی سەرەکی لێکۆڵینەوەکە ئەمە نەبووە و وەک فاکتێک ئاماژەی پێدراوە و هیچی تر. من خۆم کە مێژوویەکی درێژم لەگەڵ ئەم جۆرە لە گووتاری سیاسیدا بردۆتەسەر، دەمزانی سەرچاوەکەی لە کوێوەیە و کاتێکش پێموت، بەلایەوە سەرنجێکی ورد بوو .
 
کاتێکیش وتاری بەرێز "عەتا قەرەداغی(١) دەخوێنمەوە لە سایتی خەنداندا، هەستدەکەم بۆچوونەکانم لەمەر هەمان دیاردە دەکرێ کۆمەکێکی زیاتر بە تێگەیشتن لەم دیاردەیە بکات. بە تایبەت لە کاتێکدا کە کەسێکی دیکە بۆی دەبێتە پرسیار بۆچی لەشکرێکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان و هاولاتیانی سادەش لە ئاخاوتنێکی فرماندەرانەدا، دەیانەوێ ئەمر بەسەر داروبەردا بکەن و بە زمانی دەبێ و پێویستە دەمبکەنەوە. وەک چۆن بەیاننامەی چەپی سوید و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، بە ئەمرەکانی دەبێ و پێویستە کۆتایی دێت.
 
بۆ ئەوەی خوێنەر زیاتر لە تێبینییەکانی عەتا قەرەداغی تێبگات، ناچارم بەشێکی درێژ لە بووچوونەکانی بەڕێزیان بنووسمەوە. پرسیارێک کە عەتا قەرەداغی دەیکات ئەوەیە کە:" با بپرسین ئه‌ی‌ ئه‌و رووبه‌ره‌ فراوانه‌ی‌ خه‌ڵك به‌ تایبه‌تی له‌ خوێنده‌وار و به‌ناو شرۆڤه‌كار و رۆژنامه‌نووسی كورد له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك زاراوه‌ و ده‌ربڕینی فه‌رمان به‌كار ده‌هێنن. بۆ نموونه‌، با سه‌یری‌ ئه‌م ده‌ربڕینانه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ قسه‌و نووسینی‌ رۆژنامه‌نووسان و شرۆڤه‌كارانمان وه‌رگرتوون: ده‌بێ مه‌سعود بارزانی وازبهێنێت، ده‌بێت مه‌سعود بارزانی كورسیه‌كی‌ به‌جێ بهێلێت، ده‌بێ نه‌وشیروان مسته‌فا دادگایی بكرێت، ده‌بێ ده‌سه‌ڵاته‌كانی هێرۆخان سنووردار بكرێن، نابێت یوسف محه‌مه‌د بچێته‌وه‌ سه‌ر كورسی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان" . من بۆ ماندوونەکردنی خوێنەر، لیستی درێژی نموونەکانی "دەبێ" و پێویستەکانم کورتکردووەتەوە.
 
بۆ بەرێزیان:" هه‌رچۆن به‌رهه‌مهێنانی زاراوه‌كانی "ده‌بێت، پێویسته‌ " به‌رهه‌می ده‌سه‌ڵات یان لوتكه‌ی‌ هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵات یان چین یان توێژی‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌رهه‌می عه‌قڵێكن كه‌ خۆی‌ له‌ به‌رزایی و ئه‌وانی تر له‌ نزمایدا ده‌بینێت، واته‌ خۆی‌ له‌ لوتكه‌ی‌ هه‌ره‌مه‌كه‌ و ئه‌وانی تر له‌ بنكه‌ی‌ هه‌ره‌مه‌كه‌دا ده‌بینێت. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ بۆ توێژی‌ ده‌سه‌ڵاتدار له‌ رووی‌ بنه‌ماكانی زانستی زمان و گه‌وهه‌ری‌ ده‌سه‌ڵات و په‌یوه‌ندی‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و زمانه‌وه‌ جۆرێك له‌ سرووشتیبوون یان پاساوی‌ هه‌بێت." ئەوا بەکارهێنانی ئەم دەبێ و پێویستەیەی کە رۆژنامەنووس و کادیری خوارەوە و مامناوەندی و بەرپرسە جۆراوجۆرەکانی حزب بەکاریدەهێنن لە کوێوە دێت:" ئایا له‌ خۆیانیان پرسیووه‌ چۆن ئه‌م فه‌رمانانه‌ ده‌كه‌ن؟ ئایا ئه‌وان ئه‌و بنه‌ما ساده‌یه‌ی‌ زمان نازانن كه‌ هه‌میشه‌ فه‌رمان له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ ده‌كرێت؟ كه‌واته‌ ئه‌و عه‌قڵه‌ی‌ له‌ دوای‌ فه‌رمانی كه‌سانی خواره‌وه‌یه‌ به‌ ئاراسته‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ كام عه‌قڵه‌ و چی به‌رهه‌م ده‌هێنێت ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت؟ "
بەڵام ئەی بۆ چینی خوارەوەی کۆمەلگا، یان بۆ ئەکسەرییەتێکی کۆمەلگای کوردی، کاتێک دەستبەداوێنی دەبێ و پێویستەوە دەگرێ سەرچاوەکەی لە کوێوەیە: بۆ عەتا قەرەداغی سەرچاوەکەی لە تێکشکاوی کەسایەتی کورددایە:" مرۆڤــ تا خۆی‌ نه‌ناسێت ناتوانێت ده‌وروبه‌ر و ده‌ره‌وه‌ی‌ خۆی‌ بناسێت. له‌ رووی‌ ده‌روونیه‌وه‌ ئه‌و كه‌سێته‌ی‌ كه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ له‌ خۆی‌ رابمێنێت و پرسیاری‌ من كێم و من چیم له‌ خۆی‌ بكات، ناتوانێت ده‌ره‌وه‌ی‌ خۆی‌ ببینێت. هه‌روه‌ك ئه‌م جۆره‌ كه‌سێته‌ سه‌رباری‌ مانه‌وه‌ی‌ له‌ جوغزی‌ خۆ به‌ بچووكزانیندا، به‌ڵام بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و گرێ ده‌روونیه‌ به‌رده‌وام خۆی‌ به‌شكۆوه‌ و لوتبه‌رزانه‌ نیشان ده‌دات و ده‌یه‌وێت خۆی‌ وه‌ها نمایش بكات كه‌ خاوه‌ن كه‌سێتیه‌كی ته‌واو و به‌رز و ئاماده‌یه‌. ئه‌مه‌ش وای‌ لێ ده‌كات به‌رده‌وام خۆی‌ له‌ ئاستی به‌رزدا ببینێت و به‌كارهێنانی زاراوه‌ و ده‌ربرینه‌كانی فه‌رمانكردن به‌كار بهێنێت وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ له‌ لوتكه‌ی‌ هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاتدا بێت."
پوختەی کەلام، له‌ پشتی عه‌قڵی به‌رهه‌مهێنی ئه‌م رسته‌ فه‌رمانیانه‌شه‌وه‌:" دیكتاتۆری‌ بچووك یان بسته‌باڵا راوه‌ستاوه‌، له‌ كاتێكدا كه‌ به‌ كرده‌وه‌ خاوه‌نی بڕیار و فه‌رمان نیه‌ تا به‌مجۆره‌ فه‌رمان بكات، بێگومان ئه‌گه‌ر خاوه‌نی ئه‌و عه‌قله‌ له‌ پێگه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدا بێت ئه‌وا تووندترین شێوه‌ی تۆتالیتاریزم پیاده‌ ده‌كات." تا ئێرە گێرانەوەی منە بۆ نیشاندانی پوختەی باسەکەی عەتا قەرەداغی .
 
ئەوەی دەوترێت: دەسەلات دەتوانێت ئەم زمانە فرمانیانە بەکاربهێنێت. بەلام لەشکری گەورەی ڕۆژنامەنووسان و کادیرە گەورە و بچووکەکانی حزب:" ئەو بنه‌ما ساده‌یه‌ی‌ زمان نازانن كه‌ هه‌میشه‌ فه‌رمان له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ ده‌كرێت" و لە دۆخی زۆرایەتییەکی کۆمەلگاشدا کە دەستبەداوێنی ئەم ڕستە فرمانیانەوە دەگرن، گرێی خۆپێبچووکبوونیان هەیە و لە ڕێی ئەم زمانەوە دەیانەوێت، خۆیان بەرزبکەنەوە.
دەکرێ ئەمە مۆدێلێکی شیکردنەوە بێت.
لەم مۆدێلەدا، ئەم بەلاغە زمانەوانییە وەک فرمانێک یەک ئاڕاستەی هەیە کە لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە و ئەگەر خواریشەوە بەرەو سەر بەکاریهێنێ، گرفتێکی سایکلۆژی لە ئارادایە.
لە ناو لێکۆڵینەوەکانی دیموکراسیدا، دەربڕینێک هەیە کە ڕستەی:" ئەوان لەسەرەوە و ئەوان لە خوارەوە" گێرەرەوەی ئەو مەسافە گەورەیەیە کە لە نێوان سەرەوەی هەڵبژێردراو وخوارەوەی هەڵبژێدەردا هەیە. من لێرەدا دەربڕینەکانی سەرەوە و خوارەوە بە هەمان مەبەست بەکاردەهێنمەوە.
ئەوەی کە دەربڕینەکانی دەبێ و پێویستەی هاولاتی کورد بە هەموو چین و تۆێژەکانیەوە بەکاریدەهێنن، بەرلەوەی سەروکاری لە نەزانینی یاسا و رێساکانی چۆنێتی فرمان دەرکردنەوە بێت کە دەبێ هەمیشە یەک ئاراستەی هەبێت لەسەرەوە بەرەو خوار، زادەی لەپێکردنی سەرەوەیە بۆ خواست و داخوازییەکانی خوارەوە. بەکورتییەکەی، بەرلەوەی ئەم بابەتە پەیوەندی بە فەرماندەرکردن و کێ بۆی هەیە دەریبکات و هاوڵاتیان چەندە ملکەچی کۆدەکانی ئاخاوتنێکی بە ئەدەبانە ببن یاخود نا، بەرلەوەی سەروکاری ئەم بابەتە لە چۆنێتی ئاخاوتنی نێوان ئینسانەکانی کۆمەلگایەکەوە هەبێت، پەیوەندی بە دەنگدەرنەهاتن و هاوارێکی بێدەنگەوە هەیە کە لە رێی کرداری فرمانئاساوە لە خوارەوە بۆ سەرەوە، نەک بۆ ئەوەی دەیەوێ خۆی لە گرێکانی خۆپێبچووکبووندا دەربازبکات و لووتبەرزانە خۆی پیشانبدات، بەڵکو وەک ستراتیژیکی بە ئاگای مانەوە بۆ ئەوەی حورمەت و کەرامەتی شەخسی خۆی لە دەستنەدات و وەک کەسێکی زەلیل لە بێدەنگیدا نەمرێ، بەکاردەهێنرێت.
با سەرنجێ لەم ئاخاوتنەی خوارەوە بدەین.
 
من قسەت لەگەڵ دەکەم.
تۆ گوێت لێ نییە.
یان وا نیشاندەدەیت کە گوێت لێ نییە.
من کەمێک دەنگهەڵدەبڕم تا سەرنجتان بۆ قسەکانی خۆم رابکێشم
تۆ هێشتا نامبیستیت و ڕەنگە سەیری شوێنێکی دیکەش بکەیت بۆ ئەوەی نەمبینیت و نەمبیسیت.
من دەنگم زیاتر بەرزدەکەمەوە.
تۆ هەر نامبینیت و نامبیستیت
من توورەدەبم و دەنگهەڵدەبڕم
من زیاتر تووڕە دەبم و دەقیژێنم: بۆیە لێرەم تا گوێم لێبگری!
گوێبگرە دەسەلاتی کەڕ
سەیرم بکە، دەسەڵاتی نابینا!
 
ئەم ئاخاوتنە دەکرێ لە هەموو کونج و کەلەبەرێکی دنیادا رووبدات و قسە لەسەر هیچ کەسایەتیەکی تێکشکاویش لە ئارادا نەبێت.
ئەم ئاخاوتنە دەکرێ قسەی مقاولێکی ملیاردەر بێت لەبەرانبەر دەسەلاتێکدا کە پارەی ئەنجامدانی کارەکەی بۆ سەرف ناکات و دەشکرێ بەشێک لە ئاخاوتنی مامۆستایەک بێت لە بەرانبەر نەدانی مووچەکەیدا.
ئەوەی کە لە کوردستاندا دەگوزەرێ، گەیشتنی هاوڵاتی کورد بە بەکارهێانی زمانێکی تووند و تیژی پڕ لە فرمانی بیدە و بیکە و پێوستە و دەستبەجێ دەبێ چارەسەربکرێت، لە پاش چەندین دەیە لە خۆکەڕکردنی دەسەڵاتی سیاسی لەبەرانبەر ئەودا.
ئەوەی ئێمە دەیبیستین، بەشی کۆتایی ئاخاوتنەکەیە کە بە قیڕەو هاوار گەیشتووە و نەک سەرەتای دەستپێکردنی: من قسەت لەگەڵ دەکەم. دێڕی یەکەمی ئاخاوتنەکە.
واتا کوردستان لە پاش زیاتر لە ٢٠ ساڵ گوێنەگرتن لە ئینسانی کورد. واتا دۆخێک کە هەموو پردەکانی ئاخاوتنی نێوان سەرەوە و خوارەوە پچراوە و خوارەوە جگە لە پەلاماردانێکی ڕەمزی لە باری زمانەوە، هیچ شتێکی دیکە شک نابات و دەسەڵاتیش ئەم جۆرە لە تووڕەوونی زمانەوانی قبووڵە. چونکە هێشتا توورەبوونەکەی ناو زمان، نەگۆڕدراوە بە کردەوەیەک کە هەڕەشە لەسەر دەسەڵات دروست بکات.
با بێمەوە سەر ئاخاوتنی من و لێکۆلەرەوە سویدییەکەی کە وەلامی سەدبارەبوونەوەی پێویستەی ناو بەیاننامە سیاسییەکانی حزبی چەپی پێنەبوو. نمونەیەک کە دەکرێ تیشکێکی تر بخاتە سەر ئەم باسە لە گۆشەیەکی ترەوە.
 
من مێژوویەکی درێژم لەگەڵ گوتاری سیاسی بزووتنەوە چەپ و کۆمۆنیستییەکانی کوردستاندا هەیە. جۆرێک لە کلێشەسازی زەق سەرتاپای بەیاننامە سیاسیەکانی یەک بەیەکی رەوتە کۆمۆنیستییەکانی کوردستانی عێراقی داگیرکردووە.
چەند نمونەیەک
 
هێرشی ئەمرێکا بۆ سەر عێراق دەبێ دەستبەجێ کۆتایی پێبێت!
پەلاماری ئیسلامییەکان بۆ سەر ئارایشتگاکان دەبێ دەستبەجێ ڕابگیرێت!
پارەی نەوت و بەنزین دەبێ ئاشکرا بکرێت!
ئینسان دەکرێ لیستێکی درێژ لەم داخوازییانە بنووسێتەوە و هەمووشییان: پێویستە و "دەبێ"یە کە فرمانێکی ئەمری لە ژێرەوە بۆ سەرەوەیە.
هۆکارەکەی لە چیدایە.
چەپ و کۆمۆنیزم بە هۆی سەرکووتی دەسەلاتەوە، هەمیشە لە ژێرزەمین و لە حاشییەی کۆمەلگادا ڕادەگیرێن. ئێمە لە عێراقدا کورترین زەمەنە مێژوویەکان شکدەبەین کە دەرفەتێکی کراوە لەبەردەم چەپ و کۆمۆنیزمدا ئاواڵە بوو بێت و توانرا بێت ئازادانە کار بکرێت. بێجگە لە ڕۆژگارێک کە حزبی شیوعی عێراق گەورەترین حزبی کۆمەلایەتی کۆمەلگایە.
بەشێکی زۆری چەپ و کۆمۆنیزمی کوردی و ئەوروپیش، لە پرۆسەی ناکۆمەلایەتیبوونێکی گەورەی بزووتنەوەکانیاندا ژیان بەسەر دەبەن.
لە کوردستانی عێراقدا ئەم پرۆسەیە هێندە زەقە کە ناکرێ هات و هاواری هاوڕێ کۆمۆنیستەکانیشم بمخاتە گوومانەوە.
پرۆسەی ناکۆمەلایەتیبوون بە مانای لەدەرەوەی کۆمەلگادا ژیان بەسەربردن و سێکت و مەحفەلیانە پێکەوەبوون ، لە دیدی ئایدۆلۆژیاوە بۆ دنیا و کۆمەلگا ڕوانین. ئەمە نەک هەر وەک بەوەی فشارە سیاسییەکانی سەر ئەم بزووتنەوانە بەهێزە، بەلکو بێتوانایی خودی ئەم بزووتنەوەیەش بۆ دەربازبوون لەم قۆزاغەیە هۆکارێکی دیکەیە، ئەم هەلومەرجە گروپێک دروستدەکات کە ئەندامەکانی سەردەکەن بەسەری یەکتریدا و لە سەری یەک و دید و بۆچوونەکانی خۆیانەوە لە کۆمەلگا دەڕوانن.
ئەمەش وا دەکات کە کاریگەرییەکانیان لەسەر ڕووداوەکان دارێک نەخاتە سەر بەردێک. ئەگەرچی ناوەڕۆکی پەیامەکە سیاسییەکەیشیان هەتا بڵێ ئینسانی بێت.
بۆ کۆمەلگای کوردی کە چەپەکەی ناتوانێت بزووتنەوەیەکی جەماوەری رێکبخات تا بە زەبری هێز مەعاش بۆ هاولاتییەکانی کۆمەلگا دابین بکات، بۆ خواستێ کە هێندە سادەیە بە بیستنی ئەوەی کە مەعاش چەند مانگە نەدراوە، ئینسان تۆشی هیستیریا دەبێت و هیچ شێکی بۆ نامێنێتەوە جگە لەوەی بە دەنگی بەرز بقیڕێنێ: مەعاش دەبێ دەست بەجێ بدرێ! شیعارێکی واهی هێندەی زادەی لاوازیی و داماوی جەماوەرێک و بزووتنەوەیەکەیەتی، هێندەی ئاماژەی گروپپێکی فەرماندەرکەر نییە کە وەفادارە بە جێبەجێکردنی فرمانەکەی خۆیەوە. ئەوەی لێرەدا وەک فرمانێک دێتە بەرگوێ، لە راستیدا جگە لە هاوارێکی داماوانە لە کەنار و پەراوێزی کۆمەلگاوە نێردراو بۆ ناو کۆمەلگا، هیچ جێگایەکی لە ئیعرابی دەسەڵاتدا نییە بۆ ئەوەی جێگایەکی لەناو قەواعیدی دان و نەدانی مەعاشدا بۆ دابنێت.
بزووتنەوەیەک لەناو کۆمەلگادا بژی و لەشکرێکی سەدان هەزار کەسی لە پشتەوە بێت، کاتێک دێتە سەر شەقام، دەسەلات هەزار ویەک حسابی بۆدەکات . بزووتنەوەیەکی واهی، بەرلەوەی بقیژێنێ، لە نمایش و مارشی هەزاران کەسی خۆیدا، خواستەکانی خۆی فەرزدەکات و پێوستی بە دەبێ و پێویستە نییە.
هات وهاواری دەبێ و پێویستەی چەپ لە کوردستان و زۆر شوێنی تری دنیادا، گێڕەرەوەی حەکایەتی گروپێکە کە شەڕی سادەترین خواستەکانی کۆمەلگا دەکات و پێیوایە ئەو حەقیقەتەی کە گرووپ دەیزانێ سەبارەت بە پرسیارەکە هێندە ڕۆشنە کەچی پشتگوێدەخرێت و بۆ دووبارە جەختلێکردنەوەی، ناچارە دەست بەداوێنێ پێویستە و دەبێوە بگرێت بۆ ئەوەی روو بە کۆمەلگا بیڵێتەوە. بە تایبەت لە کەش و هەوایەکی سیاسیدا کە گروپ لە پەراوێزی کۆمەلگا ژیان بەسەردەبات و هیشتا لوغزی کۆمەلایەتیبوونی بۆ نەکراوەتەوە. وەک ئەوەی ئەم حەقیقەتە تەنها لای ئەمان بێ و کۆمەلگای لێئاگاداربکرێتەوە. ئینسان ئەگەر کەمێک بە ئینسافەوە قسە بکات، ئەم ڕەخنەیە لە چەپێکی ناکۆمەلایەتی، دەکرێ هەر بزووتنەویەکی دیکەی کۆمەلگاش بگرێتەوە کە رەنگێکی دیکەی ئایدئۆلۆژی هەیە و دەکرێ لەوپەڕی ڕاستی کۆمەلگادا راوەستابێت.
ئەگەر ئەمە یەکێک لە روونکردنەوەکانی هات و هاواری پێویستە و دەبێی ناو گوتاری سیاسی و بەیاننامەکانی چەپ بێت بۆ ئەو خواستانەی کە هێندە سادەن کە ئیمکانی خستنە ژێرپرسیارییان نییە و لە کوردستاندا دەخرێتە ژێر پرسیار، هاوکات هێندە بزووتنەوەیەکی ناکۆمەلایەتییە کە توانای وەگەڕخستنی لەشکرێکی جەماوەری نییە بۆ ئەوەی ئەم نانە لە قوڕگی شێردا دەربینێت، ئەوا هیچ شتێک نامێنێتەوە جگە لە فەرماندەرکردنێکی دەبێ و پێویستە لە خوارەوە بۆ سەرەوە کە جگە لە دڵدانەوەیەکی ڕۆحی بۆ خۆ، هیچ کاریگەرییەکی دیکەی نییە. بۆیە ئەوەی کە وەک فرماندەرکردنێک سەرنجدەدرێت، جگە لە هاوارێکی بێدەنگی داماوانە هیچ شتێکی دیکە نییە و دەسەلاتی سیاسیش لە راستیدا گرفتێکی لەگەڵ ئەم خیتابەدا نییە و ناشیبێت.
بۆ لەشکری گەورە و زۆری کۆمەلانی کوردستانیش هەمان هاوکێشە بە هێزی خۆیەوە ئامادەیی هەیە.
پێشێلکردنی سادەترین ماف. مافێک کە ناکرێ بخرێتە ژێر پرسیارەوە. سەرۆکێک بێ هیچ پێوەرێکی مرۆیی، سیاسی، ئابووری، دیموکراسی بۆی نییە لە دەسەلاتدا بیت و ساڵ لە دوای ساڵ دەستبەرداری پۆستەکەی نابێت و جەماوەریش ناچارە بقیڕێنێ. دەبێ لە پۆستەکەی بهێنرێتەخوار! بەلام هیچ هێزێکی گەورەی خۆڕێکخستن شک نابات تا لە بری قیڕەی: دەبێ بهێنریتە خوار! بتوانێت بە عەمەلی بیهێنێتەخوار.
 
بە بڕوای من، ئەوەی ئەم زمانە تووند و فرماندەرە ئامادەییەکی گەورەی لە ناو کۆمەلگادا هەیە و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەلگا وەک یەک بەکاریدە‌هێننەوە، بەرلەوەی زادەی کردارێکی فرماندەرانەی زەبرئامێز بێت، دەرەئەنجامی پرۆسەیەکی درێژی گوێلێنەگرتنە و لە هاوارێکی خنکاو بەولاوە، هیچی لێ سەوزنابێت. سارتەر لە شوێنێکدا لەسەر ئەفسانە قسەدەکات و دەڵێ: ئەفسانە کۆششی ئینسانە بۆ پێدانی مانا بە ژیان لە ژیانێکی بێ مانادا. ئەم زمانی دەبێ و پێوستە و بیدە و بیگۆڕەیە، دوا کۆششەکانی ئینسانی کوردە لە بێتوانایی خۆیدا بۆ ئەوەی هێندەی دی رەزیلنەکرێت و ئەفسانەیەکی سادەی دەنگی گەورەی فرماندەرە لە زەمەنی بچووککردنەوە و بێقیمەتکردن و نەبیستنی دەنگدا.
بە بڕوای من، ئەگەر هاوڵاتی ئەمڕۆی کوردستان، ئەم مافەی لێبسەنرێتەوە، رەنگە بمرێ.
 
----------------------
بروانە سایتی خەندان بۆ بینینی وتارەکەی عەتا قەرەداغی
http://www.xendan.org/drejaWtar.aspx?NusarID=136&Jmara=6888

20160817