دونیا هه‌تاوه
به‌ر په‌نجه‌ره‌که‌م سێبه‌ر
ته‌یرێک له‌به‌ر هه‌تاوه‌که‌دا،
هه‌ڵنیشتوو به جلکی ڕه‌شه‌وه له‌سه‌ر چڵێک به‌فر
خه‌واڵوو ده‌چمه به‌ر په‌نجه‌ره‌که
دایکم له هه‌یوان به‌دیار قوڵپی سه‌ماوه‌ره‌وه
دیژله‌مه ده‌خواته‌وه و له‌به‌رخۆیه‌وه قسان ده‌کا
به‌و به‌یانییه
زوڵێخا له سه‌ربان جلک هه‌ڵده‌خات
*
ڕیزێک جێگه‌پێی تازه،
ڕۆیشتوو تا به‌ر ده‌رگه‌ی حه‌وشه
هی که‌سێک که له خه‌ونیدا چووه بۆ شوێنێک
بیرده‌که‌مه‌وه ڕه‌نگبێ جێگه‌پێی خاوه‌ن ماڵه‌که‌ی
سه‌ره‌وه‌مان بێ
که شه‌وێکی دره‌نگ جانتای پێچاوه‌ته‌وه و
چووه بۆ سه‌فه‌رێکی دوور
یان ڕه‌نگه ته‌نها بۆ پیاسه‌یه‌کی کورت چووبێ بۆ کۆڵان
خۆ ده‌شبێ جێگه‌پێی خۆم بن
که ئێستا به نیازم بچم بۆ جێگه‌یه‌کی تر!
*
دونیا هه‌تاوه
حه‌زم له خواردنه‌وه‌ی چایه‌کی زۆر شیرینه
پاشان جانتا بپێچمه‌وه و له دوای ماشێنێکدا دانیشم
هه‌ست ده‌که‌م ... دڵم خه‌راپ خۆشه
له‌به‌رخۆمه‌وه دوعا ده‌که‌م
خودایه ئه‌مه وابێ!
*
من له‌م ماڵه‌دا کوڕێکی به‌خته‌وه‌ر بووم
خۆش بوون ئه‌و خه‌ونانه‌ی که له‌م ماڵه‌دا بینیمن
میهره‌بان بوو ئه‌و هه‌تاوه‌ی
که به چه‌پک خۆی ده‌کرد به ژووردا
ناشبێ نه‌زاکه‌تی ئه‌و مهلانهم بیربچێ
که ده‌یانزانی شاعیرم و
کاتێ ده‌هاتمه‌وه ماڵه‌وه و خۆم به حه‌وشه‌دا ده‌کرد
به ئه‌ده‌به‌وه ده‌یانجریواند!
*
من له‌م گه‌ڕه‌که‌دا دراوسێی باشم هه‌بوون
دراوسێی میهره‌بان
به ده‌گمه‌ن ... ده‌نا هه‌ر هه‌موو
سه‌ریان له شیعر ... به تایبه‌تی له شیعری نالی دهخوورا
مناڵه‌کانیان به ده‌گمه‌ن .. ده‌نا هه‌ر هه‌موو
ده‌فته‌ره‌کانیان پڕ بوو له ده له ده و
زۆر باشه .. ئافه‌رین!
*
با ئه‌وه‌ش بڵێم
که هه‌ر له‌م گه‌ڕه‌که‌دا هاوڕێیه‌کم هه‌بوو
ناوی یوسف بوو
گه‌رچی له هیچی که‌م نه‌بوو
به‌ڵام ته‌نیا بوو وه‌ک گوڵدان
ئه‌و ... جگه له‌وه‌ی شاعیرێکی باش بوو
جاروبار نیگاری ده‌کێشا و خه‌تیشی تا بڵێی خۆش بوو
پاییزێکی دره‌نگ
ئه‌و کوڕه تاقانه‌یه‌یان ڕفاند و
چوون له جێگه‌یه‌کی دوور کوشتیان و به‌جێیانهێشت
ئێواره‌یه‌ک یوسف به کوژراویی و به‌پێی خۆی
خۆی کرده‌وه به ماڵدا و به گریانه‌وه گوتی:
وای دایکه ... ئازارم زۆره
بمنێژن!
*