ئێستا ماڵەكەم
لای نزیك ماڵی (با)وەیە،
هەموو بەیانییەك لەحەوشەكەی خۆیەوە
پرچی شۆڕەبییەكان دادەهێنێ‌،
كە ئەزانێت لە بەرامبەری وەستاوم
شەرمنییەك دایدەگرێت‌و
پەنجەكانی لە شنینەوە دەكەون.

************

ڕۆژێك ویستم
لەناو جەرگەی ئەڤیندا
سەرەتاتكێی عیشق بكەم،
بەڵام لەوپەڕی دنیاوە
ژنێك
داگیریكردم‌و
بە ئاوێنەی ژووورەكەیەوە
هەڵیواسیم،
ئیتر لەو ڕۆژە بەدواوە
گشت نوزە نوزی شیعرێكم
بێخواستی خۆم
دەچن بۆ ئەو.

************

ماوەیەكە ژنە شیعرێك
دێتە ناو تەینایمەوە‌و
گۆرانییەكی عەنتیكە دەچڕێ‌،
بەڵام كاتێك تەواو دەبێت
تەنیایم دەزریكێنێ‌‌و
شەڕی دنیام پێدەفرۆشێ‌،
هێندە حەسودە تەنیایم
نایەوێ‌ ئەو ژنە شیعرە
تا مردن لە تەنیشتم بێ‌‌و
گۆرانی عیشقم بۆ بچڕێ‌.
*******
زۆرجار
بەبەر پەنجەرەی ژوورەكەدا
ڕەتدەبێ‌
جاری  واش هەیە
لە دەرگاكەوە دێتە ژوورێ‌،
لە پڕمەی گریاندابم
یان خۆخواردنەوە
دەستێك دێنێت‌و ڕامدەگرێت،
هەر بە گاڵتەوە باوەشم پێدا دەكات،
لە هەندێك كاتدا
ئاشنام دەكاتەوە بە زەردەخەنە،
وادەی هاتنت هێشتا زووە
(خۆشبەختی)
من
بیری كچەكانم دەكەم.
14-5-2010
سلێمانی