فەیلەسوفێك وتی من بیر دەكەمەوە كەواتە من هەم *
منیش وتم من خەو دەبینم كەواتە من بەخەبەرم
كەواتە من نەخەوتووم


لەخەومدا ئێسكوپروسكی من لەبەردەمی صەگەكانا دائەنێن
مەمكی ئاسكەكان پڕ ئەبن لە شەراب
حاجیلەقلەق سەفەری خۆی لەحەجەوە ئەگۆڕێت بۆ غەریبی
گورگ دێن وەكو مەڕێكی دابڕاو ئەمبەن
ڕێویەكی چاوساغ دەستی شێرێكی نابینا ئەگرێ‌
مارێك لەناو دڵما پەپكە ئەكات‌ و بە زۆریش ناڕوات
لە خەومدا حەشیشكێشەكان
جگەرەكانیان بە گوڵەئەستێرەكان دائەگیرسێنن
پاساریەكان لە ناو تابلۆكانا كڕ ئەكەون


لەخەومدا
مشكی برسی لە ئاسمان ئەبارێت
خوێنی من بۆ دڵشكانیان ئەكەن بە مەرهەم
پەڕەسێلكەی سۆزانی
دڵی من بەخانووە قوڕەكانیانا هەڵئەواسن
قەلەڕەشەكان بە سەرما ئەخوێنن
كوندەپەپوو بەسەر وێرانیما ئەگرین
باڵندەكان بەدەنووك چاوم دەردێنن
دۆلفینەكان لە دیار تەرمم سەما ئەكەن
كەروێشكەكان یەكتری ئەخۆن
لە خەومدا
سمۆرە خەمی پایزێكی تر ناخوات


لەخەومدا
پەپوسڵەیمانە زمانی سولەیمانی بیر ئەچێتەوە
بتسازەكان بە سەرخۆشی
خواوەندێكی تازە دروست ئەكەن و
كچێنی لەبەر پێدا ئەڕێژن
خێڵێك دێن و خواكانی خۆیان ئەخۆن
تۆفانی خوێن هەڵدەكا و
درەختەكانی موسیبەت لەبەردەمیا ئەوەستن
جاڵجاڵۆكە دێن و ئاسمانی شار لەخورافە ئەچنن
ماسیەكان دەریا بەجێدێڵن و لەتێزابا مەلە ئەكەن
شەمشەمە كوێرە دێن و دنیایەكی تاریكتر دێنن
گوڵە ئەستێرە دێن و مۆمەكانی دەستیان خامۆشن


لەخەومدا جۆرە توتیەكی ڕەگەزبڕاو سەر هەڵئەدەنەوە
گۆرانیەكی تازەترمان فێر ئەكەن
خوێنی خۆم لەسەر لاپەڕەی كتێبەكان ئەخوێنمەوە
براكانم لە بری شەراب خوێنی سمۆرە ئەخۆنەوە
لە سێبەری گوڵەباخەكانی ڕۆحما
هێلكەی ماری كوبرا ئەتروكێن
دۆلفین ئەو دەریا بڕە میهرەبانەی
هەمیشە دڵی ئەشكێ‌
دڵم ئەشكێنێ‌


من نانی بێوەفاییم خوارد لە خەومدا
وەك مناڵێ‌ لە بێوەفایی دایكیدا شیری گورگ ئەخوا
وەك سواڵكەر لەبەر دەرگاكاندا
لە دەرگام دا


لە خەومدا كەللەسەری من لە مۆزەخانەكانا دائەنێن
زیكزیككەرە گۆرانییەكانی بیر ئەچێتەوە
كوكوختیەك دێتە دنیا تاكو قیامەت ئەگری و
هاوار ئەكا و فەغان ئەكا و
كەسیش گوێ‌ی لێ ناگرئ
بۆنی عەتری ئاسكێك ئەچێت بە ڕووما و
برینەكانم ساڕێژ ئەبن
لە خەومدا
بەسەر كێڵگە سەوزەكاندا
كوللە وەكو باران ئەبارێت


لە خەومدا
پەتایەكی سەیر ڕوو ئەكاتە شار و
هەموو كۆترەكانم بە دیار چاومەوە ئەمرن
خوێنی من لەبەر خۆرا وشك ئەبێتەوە
تاوس ڕەنگەكانی لێ ئەدزرێت
پڵنگەكان بە زیندوویی ئەمخۆن
هەزاران چەقۆ ڕاوم ئەنێن و نامگرن
پەپوولە گللەیی لە تەمەنی خۆی ناكات لە لای خودا
پەڕەسێلكە وەكو گەڵای پایز
بە بنمیچەكەمانەوە هەڵدەوەرن


لە خەومدا
دۆلفین ئەو شەرابە ئەتفێنیتەوە لە ماسیگرێك بەجێماوە
گوڵی ژاراوی لەبەر تریفەی مانگدا چرۆ ئەكەن
پرتەقاڵ تاقەتی نییە مەمكی خڕ بكات
مێرولەكان چیتر گەنمی جوتیارەكان نادزن
گوڵەبەڕۆژەكان بە دوای خۆرا ناگەڕێن


لە خەومدا قەلەڕەشەكان بەسەرما ئەخوێنن
موسیبەت وەكو تەرزەی بەهار دائەكات
مارخۆرەكان چاویان بڕیوەتە دڵم
پەپوولەكان بە باڵ خەڵوز باوەشێن ئەكەن
لە خەومدا پەیامبەرێك
فلود بۆ بێچوەمارێكی هەتیو لێ ئەدات
كتێبەكانی شار گڕ ئەگرن و
بە گۆزە خوێنیان پیا ئەكەن


لە خەومدا
من مردووم كەواتە من زیندووم
من خەو ئەبینم كەواتە من بەخەبەرم
من خەو ئەبینم كەواتە من نەخەوتووم


*من بیر دەكەمەوە كەواتە من هەم(دیكارت)