بۆ هەڵەبجە ،
ئەو كۆترەی هەمیشە لە ناو خۆڵەمێشكەیدا هەڵئەفڕێ
سەدساڵ لەمەوبەر جادوگەرێك وتی
گەردەلولێك هەڵئەكا و دۆلفینی دەریاكان ئەبات بۆ بیابان
بەڵام ئەو گەردەلولە نەفرەتییە بیری ئەچێت
نە دۆلفین لە سەرابا مەلە ئەكا و
نە بیابانیش بە خوێن تینوێتی ئەشكێت
باران بوو باڵی پەپوولە ئەباری
باران بوو گەڵای درەخت ئەباری
باران بوو تەرمی مرۆڤ ئەباری
باران بوو خوێنی كوكوختی ئەباری
شاعیرێك بەر لە من وتی ئیتر لەم ئاسمانە ئیزرائیل دائەكات
ژنێك پێش من وتی
ئیتر ژیان وەرزێكە بۆ هەڵوەرین
خودایە خۆ قەرار نەبوو فریشتەكانت لەم جەنگەدا
خوێنی پەروانەكان ببینن
لە باڵكۆنەكانی مردندا جگەرەبكێشن
پەپوولەكانت لە خوێنی خۆیانا بخنكێن
خوێنی كۆتر بە ناو چاوی ئێمەوە وشك بێتەوە
ماسیەكانت لەم سەرابستانەدا بخنكێن
بە خوێنی خەیاڵ یادگاریەكانمان بنووسین
وتم وای خودایە
لە ناو لاشەكاندا دەنگی مناڵێك دێت هەتا مەحشەر ئەگری
قریشكەی فریشتەیەك دێت هەتا قیامەت ئەڕوا
وتم با گورگ ئەو لاشانە نەخۆن كوڕو كچە هەتیوەكانی مانگن
وتم وای خوایە تەرمی فریشتەكان كۆكەنەوە
هەڵەبجە،خوێنی لەبەر ئەڕوا
دەنگێك وتی :
لەسەحراوە هاتبوون و ڕقیان لەسەوزی و كانی و پەپولە بوو
لەسەحراوە هاتبوون و تاجی خوێنیان لەسەرا بوو
توخودا
ئەو گوڵانە لەدەستی ئەو كچە سوتاوە دەربهێنن
چاوەڕێ ی كوڕێك بووە بیداوەتێ و نەیداوەتێ
وتم لێگەڕێن خوداش ئەو دیمەنە ببینێ
مناڵێك لەجەنازەی دایكی شیری مردن ئەخوا
لاچن باخوداش ئەو كچە كڵۆڵەببینێ
دەزگیرانە دڵشكاوەكەی كردووەتە كۆڵ
من شاهیدبووم هەموو فریشتەكانی خوا ئەگریان
هەموو ڕۆحلەبەرەكانی ئاسمان ئەیانقریشكاند
وتم توخودا
بەو پێشمەرگە بڵێن مەخزەنەكەی لەسەرمدا خاڵی بكاتەوە
بەو پازدارە بڵێن هەتا مەلەكوت بەدوای سەیارەكەیا ڕامكێشێ
دەنگێك لەئاسمانەوە وتی :
بەعەگاڵەوە هاتبوون و ئەقڵَیان لەپۆساڵەكانیانا بوو
بەجزداشەوە هاتبوون و باروت لەخوێنیانا بوو
بەو پازدارە بڵێن
ئایا ئێوەش فریشتەكانی خواتان نەدی
بۆ هەڵەبجەیەكی لەخوێنا شەڵاڵ ئەگریان
بەجەللادەكەی بەغدا بڵێن
كێ دەست نوێژ لەوكانیە ئەگرێ پڕە لەجەنازە؟
كێ دڵی ئەو منارە ڕوخاوە ئەداتەوە ؟
بەسەر قورئانێكی سوتاودا كەوتووە ؟
كێ تەرمی مرۆڤ و باڵندەو
ئاژەڵ و درەخت و
ئەم پەیامە كۆست كەوتووە ئەكاتە كۆڵ؟؟
دەنگێك لە ویژدانەوە وتی :
بەكەللە سەرێكی قورمیش كراوەوە هاتن و خوێنیان لەبەرابوو
وەك سەرخۆشێك هاتن و ئەقڵیان لەلولەی تفەنگا بوو
من شاهید بووم شارێكیان لەناو خوێنی خۆیا ئەگەوزاند
من شاهیدبووم پەپولەیان بە تێزاب ئەخنكاند
نێودەمی شكۆفەكانیان پڕ ئەكرد لەگوللە
من مناڵبووم گڵەبەڕۆژەم ئەفرۆشت و
جگەرەم ئەنا بەلا دەممەوە
وەك ناڵەیەك لەگەرودا بیتاسێن خەمی ئەوەیان بوون
دەنگی ئەم كەناریە بریندارە بەهیچ جێیەك نەگات
خەمی ئەوەیان بوو مانگ لەناو ئەم دەریای خوێنەدا هەڵنەیەت
كەچی هەڵهات
من شاهید بووم
لەسەحراوە هاتبوون و یەشتا فێری ئەوە نەبووبوون بەدوای سەرابا نەچن
من شاهید بووم پێغەمبەرێكیان ئەدا لەخاچ
مزگەوتێكیان ئەدا لەسێدارە
بۆ ڕۆحی زەردەشت ئەگەڕان یەخسیری كەن
مانگیان لەناو دووكەڵی باروتا ئەشاردەوە
من شاهید بووم باڵندەكان وەكو گوڵ وگەڵا هەڵئەوەرین
مانگی خەونەكانیان ئەدایە بەر دەستڕێژ
تریفەی خەیاڵەكانیان ئەدایەبەر چەقۆ
لەگۆمە خوێنەكانا دەست نوێژیان ئەگرت
مەرگ بەدەستێك جلی مەغاویریەوە لەئاسمان دەگەڕا
بازگەیان بۆ ڕۆحی پەروانیەك دائەنا بەرەو ئاسمان ئەفڕی
ئەیان ویست خودا لەئاوێنەكانی ئەمشارەدا
بەجوتێك پۆساڵی تاكەوتاكەوە ببینن
مەخلوق و گوڵو كانیەكانیان ئەكوشت و ئەیانوت ئەهریمەنمان كوشت
پەپولەو ماسی و منارەكانیان شەهید ئەكردو ئەیان وت شەیتانمان كوشت
من شاهیدبووم
وەك ڕەوە پاڵنگێكی برسی بۆ خواردنی بێچووە ئاسكێك ئەهاتن
هاتن و ئەیان ویست یونس لەناو سكی دۆلفینەكەدا بكوژن
یوسف لەبیرەكەدا گورگان خوارد بكەن
هاتنو ئەیان ویست خوێنی زەردەشت بەسەر ئاڤێستادا بڕێژن
هاتن و ئەیان ویست موحەمەد لەدەروازەی شارا بدەن لەدار
پوشو پەڵاشیان بۆ ئاگرەكەی ئیبراهیم خڕئەكردەوە
خاچیان بۆ عیسا ئەدا بەكردن
حەللاجیان بەشمشێر ئەكرد بەدوولەتی یەكسانەوە
وەك ئەو خێڵانەی خوێنی ئەسپەكانیان ئەخۆنەوە
هاتن و هیچیان لەمیهرەبانی خوا پێنەبوو
بۆیە بینیان ئەنا بەخوێنی ئێمەوە
من كەچاوم تێزابی بەسەرا ڕژابوو
ڕۆژنامەنوسێك لێی پرسیم چی ئەبینی
وتم پەیامەكانی خۆا بەكوژراوی لەمشارەدا و
پێغەمبەری كوژراو لەكاتی سوجدەداو
فریشتەی خودای كوژراو لەكاتی فرمانداو
بەهارێكی ئەتككراو لەكاتی گوڵكردناو
خوێنێكی ناكۆتا ئەبینم
لەو مەرگبارانەدا كەهەنسكی خودام ئەبیست، ئەموت:
من خودایەكی بریندارو گریاو ئەبینم
دەنگێك لەغەیبەوە وتی
گۆڕستانیان ئەكرد بەماڵ و ماڵیش بەگۆڕستان
باروت بەدەمارەكانیانا ئەگەڕا
لەسەحراوە هاتبوون و تەقەیان لەتریفەی مانگ ئەكرد
لەسەحراوە هاتبوون و بەخوێن لەشپیسیان دەرئەكرد
خودای من
لەم مۆزەخانەی كارەساتە خوێنی كاولكاری دەبارێ
تەرمی خۆمم بینی بۆ گەنی كردبوو
كەللە سەری خۆمم بینی بەدەستی پیاوێكەوە بوو لەبیابان
من كەچاوەكانم لەدەست دابوو جەنازەیەكی لێڵم ئەبینی
بەجۆرێك ڕاكشابوو
وەك ئەوەی بڵێ بەم زووییە نیازم نەبوو بمرم
وەك ئەوە بڵێت خودایە ئەم هەموو وێنە تاریكەت بیر نەچێت
ئەمە قسەی ئەو مناڵە بوو لەسكی دایكیدا
(خەردەل)لای لایەی بۆكردبوو
ئەمە گۆرانی ئەو پاساریە بوو
بەسەر پێنج زەڕنەقووتەی برسیدا كەوتبوو
فریشتەكان وتیان
لەسەحراوە هاتبوون و بەدوكەڵی جەنگ موعتاد بووبوون
لەسەحراوە هاتبوون و بەخوێنی گوڵ سەرخۆش بووبوون
بەپۆساڵەكانیان ڕِۆحی ناو هێلكەی كۆترەكانیان ئەشكان
ئاویلكەدانی پەپولەكانیان پڕ ئەكرد لەژەهر
ئێسقانی مناڵەكانیان ئەسوتاند و
كلیان ئەبردەوە بۆچاوی ژنەكانیان
من ئەم وت ئەمە سەربوردەی شارێكی كوژراوە لەسوجدەدا
حیكایەتی قەتڵو عامی فریشتەكانی خوایە لەسەرزەوی
دەنگێك لەملەكوتەوە ئەیوت
باكەسێك بێت ئەو هەموو گوناهە ئەرشیف بكات
با كەسێك بێت ئەم مەحشەرە بنوسێتەوە
باكەسێك بێت گوێ لەناڵەی بریندارەكان بگرێت
با چیتر خودا
لەوەزیاتر لەم شارەدا
دڵی نەشكێت
من لەهەڵەبجە هاتمەوە
لەناو هەزاران گوڵە ئەستێرەی خامۆشدابووم
لەهەڵەبجە هاتمەوە سێ ڕۆژ بوو لەناو تەرمەكانا خەوتبووم
بۆنی مردن و مەحشەرو فریشتەی كوژراوی خوام لێئەهات
لەسەرجلی ئەو پەریانەی كفنیان نەبوو نوێژم دابەست و
لەخودام پرسی
ئایا ئەم ئەنفالەش بەشێكە لەعیبادەت؟
لەسەر تەرمی ئەوماسیانەی لەگەراكانا خنكابوون
ڕوم كردە ئاسمان و پرسیم
ئەم قەتڵو عامەش بەشێكە لەخودا پەرستی ؟
لەناو خوێنی ئەو پاساریانەی بەسەر هێلكەكانەوە مردبوون
وتم خودای من
ئێمە پێغەمبەرێكی ترمان ئەوێت
ئەم خێڵەوەحشیە بكات بكۆتر
من لەوێ بووم پەپولەیەكیان نەهێڵا كەمێك جوانیم بیر خاتەوە
كەناریەك نەمابوو غەریبترین گۆرانی دونیا بڵێ
پەروانەیەك نەمابوو نامەیەكی پیادا بنێرین بۆ مەلەكوت
كوكوحتیەكیان نەهێڵا بەسەر عیبادەتگایەكیدا بخوێنێ
منارەیەكیان نەهێڵا بۆ ئەوەی كۆترێكی پێوە بنیشێ
گوڵێك نەمابوو بەشەونمی دەست نوێژ بشوا
وەك ئەوەی ئەم ئەستێرەیە هەناسەی تیا نەمابێ
هەمووشتێك لەوشارە بێدەنگەدا كز كز ئەگریا
هەتا فریشتەكانی خواش
تۆبڵێ ی خوداش نەگریابێ؟؟
دەنگێك لە ئاسمانەوە وتی
لە سەحراوە هاتبوون و ڕقیان لەجوانی و تریفەی مانگ بوو
شمشێرەكانیان بە خوێنی سەدە كۆنەكان ژەنگی كردبوو