چه‌ندم کرد نه‌متوانی
پێ به‌پێی ئێوه بێم و
له پشت چیاکانه‌وه
لای شانی ڕاستی گۆیژه‌وه
سڵاوێکتان وه‌کو جاران بۆ بنێرم،

کێ ده‌ستی ده‌گاته دووریم
کێ وه‌ک جارانی باخ
هاورێیه‌تیی له‌گه‌ڵ ته‌نیاییم ده‌به‌ستێ
من بۆ سڵاوێکی شیرین
وا قوڵپی گریانم دێ،

من ئێستا
له ناو تاقانه‌یی خۆمدا گیرم خواردووه
ره‌هێڵه‌یه‌ک هه‌ڵناکات
بۆ ته‌نها جارێ
بمباته‌وه بۆ جارانی ئه‌وێم
دڵم هێند پڕه له گریان
مه‌گه‌ر هه‌ر خۆم بزانم
ڕۆژ به ڕۆژ
چ کارێک به ته‌نیاییم ده‌کات بێکهسییم
مه‌گه‌ر هه‌ر خۆم بزانم،

بێ ئه‌وه‌ی من بمه‌وێت
بوومه‌ته میوانێکی دواکۆتا و
پێش ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بکه‌م
چنارێک دابڕاو له هه‌موو شتێک
بوو به نازناوی غه‌ریبیم و
هه‌رکاتێک بمه‌وێ سرهوتێ بکه‌م
پهلکهکانیم تێ ده‌ژه‌نێ،

بیکه‌ن به خاتری باران
به‌ر له‌وه‌ی ئه‌م گیانه‌م داڕزێ
سه‌رێ له بێتاقه‌تیم بده‌ن و
نامه‌یه‌کم له‌سه‌ر وه‌زنی کۆنهشیعرێک بۆ بنێرن
به خوێندنه‌وه‌ی
بمباته‌وه بۆلای میهره‌بانیی دایکم
بیکه‌ن به خاتری نوور
ئاخر یاران
ئاوێزان بوون یه‌کجار بوو یه‌کجار
من سه‌فه‌رم هه‌ڵبژارد و
له باوه‌شی ئه‌ودا جێمهێشت

بڕوا ناکه‌م که‌س دڵی بێت
پیت به پیت و وشه به وشه‌ی ئه‌م شیعره‌م
له‌سه‌ر سووچی هه‌ر شه‌قامێکی سلێمانی نه‌خوێنێته‌وه و
زه‌ینیان نه‌چێته‌وه سه‌ر ئه‌و ده‌مانه‌ی
کۆڕ به کۆڕی هاوڕێیانمان تێدا به‌ڕێکرد،

بڕوا ناکه‌م که‌س دڵی بێت
به لاستیکی ره‌شی ژیان
بۆ دواجار من بسڕێته‌وه
چوون من له‌م دووری دووره‌وه
بۆی هه‌مووتانم گرتووه و
ئومێدم له‌سه‌ر دیتنهوهتان هه‌ڵچنیوه و
غه‌ریبیتان ده‌که‌م یاران
غه‌ریبی هه‌رهه‌مووتان.
ئه‌ڵمانیا / هانۆڤه‌ر
15-2-2011
15-2-2011