(ڤیڤی فیکری)، ئەو ژنە سەماکەرەیە، کە ماوەیەکی زۆرە دەیناسم... وەک بڵێی کارەکتەری یەکێ لە چیرۆکەکانم بێت و خۆم لە ناخی خۆمدا هێنابێتمە بوون، ئاگای تەواوم لە هەست و نەستی هەیە، بۆیە هەر تەنیا لەو چاوە پرتەقاڵییانەی ڕابمێنم، دەزانم ڕێک لەو ساتەدا چیی لە خەیاڵە، بیر لە چی دەکاتەوە و بە نیازی چییە... هێشتا دەمی نەجووڵاندووە، من لام ڕوونە ئەو دەیەوێت چی بڵێت... بێگومان لەو گوتە پچڕپچڕانەی ناخیشی تێدەگەم، کە زۆرجار مەبەستیەتی کۆیان بکاتەوە و بە کەسەکەی بەرانبەریانی بڵێت، بەڵام لەبەر هەر هۆیەک بێت، دەیانگەڕێنێتەوە و نایاندرکێنێت... نایشارمەوە من دەستەڵاتی تەواوم بە سەر بیرکردنەوە و جووڵەکانیدا هەیە، بەڵام زۆر بە دەگمەن ئەو دەستەڵاتەی خۆمم بە سەریدا پراکتیزە کردووە، چونکە نەمویستووە بە پێی فەرمانەکانی من بجووڵێتەوە، بەڵکو ڕێگایم داوە سەربەستانە بیر بکاتەوە و هەڵبسووڕێت... دەمتوانی لە زۆر گرفتی گەورە ئاگاداری بکەمەوە و نەهێڵم تووشی هیچ نەهامەتییەک ببێت، بەڵام نەمدەویست ببێتە ژنێکی دەستەپاچە و چاوی لە قودرەتی من بێت، تاکو بەردەوام فریای بکەوم، ئەگەرچی ئەو هەرگیز نەیزانیوە من دەستەڵاتی تەواوم بە سەریدا هەیە و ئاگام لە سەرتاپێی هەست و نەستیەتی، بگرە ئەو نە منی بینیوە و نە دەشزانێت بوونم هەیە... ((ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار بە نیازم ئاڕاستەی بیرکردنەوەی بگۆڕم... دەمەوێت وای لێ بکەم سبەینێ لە گەمەیەکی سەیردا بەشدار ببێت، تاکو ژیانێکی جیاواز لەوەی پێشووی تاقی بکاتەوە، بەڵام با سەرەتا ئێوە بزانن ڤیڤی کێیە)):
(ڤیڤی) کورتکراوەی ناوی (ڤیان)ە و هەر لە منداڵییەوە بە سەمای ڕۆژهەڵاتی، ئەوەی بە (بێڵی دانس Belly Dance) ناسراوە، سەرسامە و حەزی کردووە ڕۆژگارێک ببێتە سەماکەرێکی زۆر لێهاتوو... خۆ ئەو سوور دەیزانی ئەو جۆرە سەمایە لە کوردستان بایەخێکی گەورەی نییە، بەڵام هەرگیز ئەمە ساردی نەدەکردەوە و کۆڵی پێ نەدەدا... ماوەیەک چووە قاهیرە و لەبارەی ئەو هونەرەوە چەند کۆرسێکی لای کۆمەڵێک ڕاهێنەری زۆر پرۆفیشیناڵ خوێند، بەو مەبەستەی زیاتر گەشە بەو توانایەی خۆی بدات، تەنانەت پێیان گوت لە ئێستاوە تۆ ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ئەو بوارەیت و ناوت دەچێتە ڕیزی ناوی سەماکەرە بەناوبانگەکانی وەک (بەدیعە مەسابنی)، (تەحیە کاریوکا)، (سامیە جەمال)، (نەجوا فوئاد) و (سوهێر زەکی)، کە هەر خۆیشی لە منداڵییەوە بەوانە سەرسام بووە و هەموو جووڵەیەکی لەشیانی لە کتێبی قوتابخانە چاکتر لەبەر کردوون... بە هۆی ئەوەی هەر لە زووەوە لاساییی (نەعیمە عاکیف)ی دەکرەوە (ئەو ژنە لەشسووکەی پێش ئەوەی وەک ئەکتەری سینەما بناسرێت، هونەرمەندی سیرک بوو)، بۆیە فێری تەقڵە و جووڵەی سەیروسەمەرەی وا بووبوو، کە سەرنجی گەورە و بچووکی بۆ خۆی ڕادەکێشا... ئەگەرچی (ڤیڤی فیکری) هەمیشە ئاسوودە دیارە و بەردەوام بزەی لەسەر لێوە، بەڵام هەر من دەزانم ئەو ژنە چەند ئازاری هەیە... ((من دەمتوانی لە چاوترووکانێکدا هیچ ئازارێکی نەهێڵم و بیکەمە کەسێکی ئاسوودە، بەڵام وەک پێشتر بە شێوەیەک لە شێوەکان گوتم ئاسوودەیی بۆ مرۆڤە دەستەپاچەکان باشە و بە کەڵکی ڤیڤی نایەت، کە سەماکەرێکی لێهاتووە... بڕوام وایە مرۆڤ تەنیا لە ڕێگای ئازارەوە هەست بە ئاسوودەیی دەکات، با ئەو ئاسوودەییانە لای کەسانی تریش بن و هەرگیز ڕێگایان نەکەوێتە لای ئەو))... بە کورتی (ڤیڤی) ژنێکە و ئازاری لێ دەچۆڕێتەوە... تۆ وەرە بە شایەتیی ڕاهێنەرە پڕۆفیشیناڵەکانی میسر سەماکەرێکی تا بڵێی بەهرەمەند بیت، کەچی نە کەس بایەخت پێ بدات و نە کەسیش بە داهێنەرت بزانێت...!! لە دەزگایەکی چاکەخوازی، کە ڕێکخراوێکی ئەورووپی دایمەزراندووە، مانگانەیەکی ئاساییان بۆ بڕیوەتەوە، بۆ ئەوەی وەک ڕاهێنەرێک خەڵک لەسەر ئەوە ڕابهێنێت چۆن خۆیان لەو هێڵە سوورانە بپارێزن و لە هیچ حاڵەتێکدا نەیانبەزێنن، کە هەتا دێت ژمارەیان لەم هەرێمە زۆر دەبێت وەک هێڵی سووری بارزانی، هێڵی سووری تاڵەبانی، هێڵی سووری نەوشیروان، هێڵی سووری ئیسلامی، هێڵی سووری خومەینی، هێڵی سووری ئەردۆگان، بگرە هێڵی سووری سەدامیش... لێرە و لەوێش هێڵی سووری دیکە بەرچاو دەکەون، لەوانە هێڵی سووری قەرەزاوی، کە وێنەی هەموو شێخە گەورە و سەرکردە ئیسلامییەکانی هاوپیشەی، سەدام بە شەهید و کورد بە تیرۆریست دەزانێت.
من نامەوێت هەموو سەربردەی ژیانی (ڤیڤی فیکری)تان بۆ بگێڕمەوە، چونکو ئەمە لە کاتێکی ئاوادا ئاسان نییە، بەڵام مەبەستمە لەبارەی یەکێک لە گرفتەکانیەوە بدوێم، کە ئەویش پێوەندیی بە منداڵەکەیەوە هەیە... هەرچەند مرۆڤ کاتێ بیەوێت باسی ئەو بوونەوەرە بکات، کە بیست ساڵە لە دایک بووە، تووشی ئیشکالیەتێک دەبێت، بەوەی نازانێت بە منداڵ ناوی ببات، یان بە گەورە، چونکو هێشتا پێی نەگرتووە... شێوە و قەبارەی لە هیی منداڵ و قسەکانی لە هیی گەورە دەچن... تەنانەت تا ئێستا دایکی خۆی نەیزانیوە ئەو بوونەوەرە مێیە، یان نێر... بەوە باشە (ڤیڤی) لەشولارێکی پتەو و توانایەکی گەورەی هەیە، ئەگینا ئاسان نییە ڕۆژانە هەڵیبگرێت... کەسیش نییە یارمەتیی بدات... (مێرد!!)ەکەی بوو، ئەویش هەر زوو، پێش لە دایکبوونی (هۆزان) لێی جیا بووەوە و ئیتر چاوی پێی نەکەوتەوە... ڕاستییەکەی (ڤیڤی) نەیدەویست منداڵی ببێت، یان با بڵێین نەیدەویست ئاوا زوو سکی پڕ ببێت، چونکە ئەو چاک دەیزانی منداڵبوون بۆ ژنێکی سەماکەری وەک ئەو دەست نادات، بەوەی لە لایەک لەشولاری تێک دەچێت و لە لایەکی تر دەبێت بەشێکی کاتی خۆی بۆ بەخێوکردنی تەرخان بکات... لەشولاری جوان و کاتیش بۆ ئەو لە هەر شتێکی دیکە پێویستترن، بۆیە ئەمە شۆکێکی زۆر گەورە بوو بۆ ئەم، بە ڕادەیەک ویستی دەبەیەک بەنزین بە لەشیدا بکات و خۆی بسووتێنێت، بەڵام پەشیمان بووەوە و ئەو بیرۆکەیەی لە خەیاڵی بە دەر نا... ڕاستییەکەی من نەمهێشت خۆی بسووتێنێت، چونکە دەزانم ئەو مانایەی لە خۆکوشتندا بەرجەستە دەبێت، تاکو ئەو کاتە مانای هەیە، کە پرۆسێسەکەت نەکردووەتە ڕاستی... یان با بە شێوەیەکی تر بڵێین جوانیی خۆکوشتن لە بڕیار و ئیرادەکەدایە، نەوەک لە جێبەجێکردنی، چونکو جێبەجێکردن، واتە خۆبەدەستەوەدان بە کۆتاییەکان... هەموو کۆتاییەکیش دوژمنی ئازارە، وەک پێشتر گوتم تا ئەو کاتەی ئازار بوونی هەیە، ژیان مانای خۆی لە دەست نەداوە... هەرکە ئازار نەما، ئەوا خێرا ژیانیش تەواو دەبێت... بە هەرحاڵ ئەوە یەکێک بوو لەو حاڵەتە دەگمەنانەی، کە من دەستەڵاتی خۆمم بە سەر (ڤیڤی)دا پراکتیزە کرد و نەمهێشت خۆی بسووتێنێت... لێیشی پەشیمان نیم... بەڵێ، من (ڤیڤی)م کردە دایکی منداڵێکی سەیروسەمەرە... ئەو پیاوەیش هەر بە ناو (مێرد!!)ی بوو، ئەگینا لای خەڵک نکووڵی لەوە دەکرد، کە (ڤیڤی) هاوسەری بێت، بەڵکو وای پێشان دەدا لە سۆزانییەک بەولاوە شتێکی تر نییە و بە شێوەیەکی کاتی لەگەڵی ڕادەبوێرێت، بۆیە زۆر بە وریاییەوە لەگەڵی دەخەوت، نەبادا ڕۆژگارێک ئاوا سکی پڕ ببێت... ئەو هەواڵە بۆ ئەویش گەورەترەین شۆک بوو... سەرەتا نکوڵی لەوە دەکرد، کە ئەو تۆپەڵە گۆشتەی ناو هەناوی (ڤیڤی) دوور و نزیک پێوەندیی بەوەوە هەبێت، بەڵکو پێی دەگوت: ((تۆ ناپاکیت لێ کردووم و لەگەڵ پیاوی دیکەدا خەوتوویت، ڤیڤی...!! من لەگەڵ ئەوەشدا بە بێ کۆندۆم هەرگیز لە تۆ نزیک نەکەوتوومەتەوە، بەڵام هێشتا وریای خۆم بووم... هەمیشە لەوپەڕی وەرگرتنی چێژ و موچووڕکەپێداهاتنیشدا ئاگام لەوە بووە بۆ دواوەی بگەڕێنمەوە و لە دەرەوە بیڕێژم... ئاخۆ تۆ لەژێر چ سەرخۆشێکدا پاڵ کەوتوویت و ئاوا بێباکانە سکی پڕ کردوویت))، بەڵام دۆکتۆرەکان سەلماندیان لەو زیاتر کەس خاوەنی ئەو کۆرپەلەیە نییە، کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر گەشەی دەکرد و قەبارەی سکی (ڤیڤی)ی گەورەتر دەردەخست... لەمەوە سەری هەڵگرت و (ڤیڤی) چاوی پێی نەکەوتەوە... ئەو بوونەوەرە سەیرەی بە سەردا جێ هێشت و دەبێت ڕۆژانە لە باوەشی بکات، تەنانەت لەو کۆرسەیش، کە تێیدا وەک ڕاهێنەر خەڵک لەسەر ئەوە ڕادەهێنێت چۆن بە شێوەیەکی هونەری بە سەر هێڵە سووورەکاندا قەڵەمباز هەڵبدەن؛ هەر خەیاڵی لایەتی... ڕەنگە بپرسن ئینجا (ڤیڤی) بۆ (منداڵ!!)ێکی بیستساڵان لە باوەش دەکات، خۆ دەتوانێت بیخاتە ناو عەرەبانەوە و پاڵی پێوە بنێت... هەروەها هەقی خۆشتانە ئەگەر بپرسن بۆ هەر بەو عەرەبانەیە لەگەڵ خۆی بۆ دەوامی نابات... ڕاستییەکەی چەند جارێک عەرەبانەی بۆ کڕیوە، بەڵام ئەو منداڵە بە هیچ شێوەیەک نەیویستووە لەسەریان دابنیشێت، بێ ئەوەی هۆکارەکەیشی بە دایکی بڵێت... سەرەتا بە قسەی خۆش هەوڵی لەگەڵ دا ڕازیی بکات، بەڵام کاتێ قسەی خۆش سوودی نەبوو، لێی تووڕە بوو و ویستی بە زۆر بیخاتە ناویەوە... ئەو تاکو توانیی لە ئاستی دایکیدا بەرگری کرد و نەیهێشت لە عەرەبەناکەی نزیک بخاتەوە... من تاکە کەسێکم دەزانم (هۆزان) ڕقی لە ڕەنگی سوورە، بەوەی من وەک چۆن ئاگام لە هەموو بیرکردنەوەیەکی (ڤیڤی) هەیە، بە هەمان شێوە پەی بە کونوکەلەبەرەکانی ناخی (هۆزان)یش دەبەم... بێگومان دەستەڵاتی تەواوم بە سەر ئەویشدا هەیە... ئەو لە ڕەنگی سوور دەتۆقێت و ناتوانێت بە هیچ جۆرێک ئەو وشەیە بدرکێنێت، تەنانەت ئەو سێ پیتە لەناو هەر وشەیەکیشدا هەبن، ئەو ناوێرێت بیانڵێت، بۆیە زۆر کەس وا دەزانن زمانی دەگیرێت... سەیرەکە لەوە دایە هەموو ئەو عەرەبانانەی دایکی بۆی دەکڕین، ڕەنگیان سوور بوو... ئینجا ئەمە ئەگەر لەبەر ئەوە بووبێت (ڤیڤی) خۆی شەیدای ڕەنگی سوورە، یان مەسەلەکە هەر ڕێککەوت بووە، ئەوا هیچ لەوە ناگۆڕێت، کە عەرەبانەکان بە کەڵکی (هۆزان) نەدەهاتن... هەر کاتێ (ڤیڤی) جلی سووری دەپۆشی، کە بە حوکمی پیشەکەی و بە پێی پرینسیپی دەزگاکە، دەبووایە بۆ دەوامی کۆرسەکەی هەر بیپۆشێت؛ ئەوا (هۆزان) نەیدەویست بە هیچ شێوەیەک لێی نزیک ببێتەوە... چاوی دەنووقاند و نەیدەتوانی سەیری بکات، بگرە مانیشی لە خواردن دەگرت... ئەمە هۆکاری سەرەکیی گەشەنەکردنەکەیەتی، کە بەردەوام لەشی پێویستی بە خۆراک هەبووە، تاکو وەک مرۆڤێکی ئاسایی قۆناغەکانی ژیانی ببڕێت... ئێستا کێشی شانزدە کیلۆیە و درێژیی دەگاتە هەشتا سانتیمەتر... ئەگەر بە پێوە بوەستێت، کە تاکو ئێستا نەوەستاوە، ئەوا سەری ناگاتە کەمەری دایکی، بەوەی ئەو یەک مەتر و هەشتاوپێنج سانتیمەتری تەواوە... باوەڕ دەکەم ئێستا زانیبێتتان بۆچی (ڤیڤی) لەگەڵ خۆی بۆ دەوامی نەبردووە، چونکە تەنیا بینینی ئەو کراسە سوورەی بەری بەس بوو، تاکو نەیەوێت لێی نزیک ببێتەوە... ئینجا بیهێننە بەرچاوتان، ئەگەر بۆ ئەوێی ببردایە، چی ڕووی دەدا... ئەو لە هۆڵێکی گەورە ڕاهێنەرە، کە سەدان هێڵی سووری لەسەر کێشراوە... خۆ کاتێ (هۆزان) ئەو هێڵە سوورانەی بدیایە، ئەوا بێگومان زراوی دەڕژا، بێ ئەوەی دایکی بزانێت هۆکارەکەی چی بووە... من لە دەستم دەهات کارێکی وا بکەم (هۆزان) ڕقی لە ڕەنگی سوور نەبێت، بگرە وەک پێشتر گوتم دەمتوانی نەهێڵم هەر لە بنەڕەتەوە بخوڵقێت، یان بە شێوەیەکی ئاسایی لە دایک ببێت، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە نەمدەویست ئەوانە بە بێ ئازار لەم دنیایە بژیێن... بەڵێنم بە ئێوە داوە، کە ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار ئاڕاستەی بیرکردنەوەی (ڤیڤی) بگۆڕم، بەڵام دەمەوێت ئەوەتان پێ بڵێم، کە ئەمە مانای ئەوە نییە ئازارەکانی نەهێڵم، یاخود کەمیان بکەمەوە، چونکە وەک خۆتان دەزانن (ڤیڤی) سەماکەرە و سەماکەریش بە بێ ئازار مەحاڵە بتوانێت سەما بکات، بۆیە با بۆتانی ڕوون بکەمەوە، کە چ گۆڕانکارییەکی بە سەردا دەهێنم... چاکتریش وایە بڵێم چی لە منداڵە سەیرەکەی دەگۆڕم، چونکە ئەوە گرفتی سەرەکیی (ڤیڤی)ە... کارێکی وەها دەکەم لە بەیانییەوە (هۆزان) لە ڕەنگی سوور نەترسێت، بگرە بە شێوەی ئاسایی وشەکە بدرکێنێت و ئیتر ئەو پیتانەی وشەی (سوور)یشیان لێ پێک هاتووە، بە دروستی بیانڵێت، بەڵام هاوکات خەمێکی گەورە دەدەمە (ڤیڤی)، بەوەی دوای بیست ساڵ ئینجا بۆی دەربکەوێت خۆ ئەوە بە هۆی ڕەنگی سوورەوەیە منداڵە سەیرەکەی ئەو هەموو نەهامەتییەی بینیوە...!!
* * * *
بڕوانە (هۆزان)...!! من ئێستا پایەتەختی ئەم هەرێمەت بۆ هێندەی حەوزی ماسی بچووک دەکەمەوە، تاکو بە چاوی خۆت هەموو شتێک ببینیت... پەنجەم خستە سەر هەر شوێنێ، تۆ لەوێ بڕوانە و سەرنج بدە... باشە ئازیزم...؟! ئەم هێڵە سوورانە، کە لێرە و لەوێ کێشراون، خاوەنیان هەیە و دەبێت مرۆڤ زۆر ئاگاداریان بێت، نەوەکا بەریان بکەوێت... ڕۆژانە لە مێدیاکان ئەم گوتانە دەوترێنەوە: (هێڵی سوور نەبەزێنیت...!!)، (فلان شت هێڵی سوورە و کەس بۆی نییە خۆیی لێ بدات)... (واوەیلا بە حاڵی ئەوەی لە هێڵی سوور تێدەپەڕێت)... بۆ ئەوەی لە مەبەستم تێبگەیت، ئێستا ئەم شەقامەت بۆ پڕ دەکەم لە خەڵک و بزانە چی بە چاوی خۆت دەبینیت... سەرەتا کۆمەڵ کۆمەڵ پیاوی چوارشانە دەردەکەون... ئەمانە هەندێکیان پۆلیسن، هەندێکیان پێشمەرگەی دێرینن، هەندێکیان سەرۆکجاشی پێشوون، هەندێکیان زێڕەڤانین، هەندێکیان ئاسایشن، هەندێکیان پاراستنن، هەندێکیان پاسەوانی تایبەتن، هەندێکیان پاسەوانی زۆر تایبەتن، هەندێکیان پاسەوانی یەکجار تایبەتن، هەندێکیان پاسەوانی یەکجار زۆر تایبەتن، هەندێکیان پاسەوانی تا بڵێی تایبەتن و بەم شێوەیە... ئەمانە ئەرکیان پاراستنی ئەو هێڵە سوورانەیە... ئێستا دوای ئەوانە خەڵکی ئاسایی دەبینیت، کە چۆن بۆ ئیشی ڕۆژانە دەچن... نەخێر، با پێشەکی تێبینییەکت بخەمە بەرچاو، ئەویش ئەوەیە دەبێت بزانیت دوو جۆر خەڵک لەم شارە هەن: ئەوانەی فێری هونەری پەڕینەوە بوون و ئەوانەی کۆلەوارن و فێری ئەو هونەرە نەبوون، بۆیە تۆ زۆر پێویستە بزانیت هەر کەسێکی پەککەوتەت بینی، ئەوا لەبەر نەفامیی خۆی بەر هێڵی سوور کەوتووە و سزا دراوە... جارێک و دووان و دە، هەر فێر نەبووە و سزا دراوە، تاکو گیانی داڕزاوە... ئەگەر ژمارەی ئەو پەککەوتانە دە جار، تۆ بڵێ پەنجا جار، لە هیی کەسانی ئاسایی زیاترە، ئەوا نابێت بە لاتەوە سەیر بێت (هۆزان)، چونکە هەر کۆمەڵگایەک بگری هونەرمەندەکان تێیدا کەمینەن... بەڵێ، (هۆزان) ئەمانە هونەرمەندن، کە وەک مشکی ناو ڕێگومکەی (ئێداورد لی سۆرندایک Edward Lee Thorndike)ی دەروونناس دەتوانن ئەو هەموو ڕێگا پێچاوپێچانە ببڕن و بگەنە شوێنی مەبەست... بۆ ئەوەی چاکتر لێم تێبگەیت، با بە کورتی باسی ئەو دەروونناسە ئەمریکییە و تاقیکردنەوەکەیت بۆ بکەم، (هۆزان)... ڕێگومکەیەکی شووشەی دەهێنا، کە هەندێک ڕێگاکانی کراوە و هەندێکیانی داخراو بوون... لەمسەری ڕێگومکەکە کەمێک خواردنی دادەنا و لەوسەریشی مشکێکی بەڕەلڵا دەکرد، تاکو ئەو هەموو ڕێگا پێچاوپێچانە ببڕێت و بگاتە خواردنەکە... دەبێت ئەوەیشت پێ بڵێم (هۆزان)، کە دەبووایە مشکەکە زۆری برسی بێت، بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەک بووایە خۆی بگەیاندایەتە خواردنەکە... (سۆرندایک) ئەو تاقیکردنەوەیەی ناو نا (هەوڵدان و هەڵە)... واتە مشکەکە سەرەتا بەردەوام هەڵەی دەکرد، بەوەی ڕێگای خواردنەکەی نەدەدۆزییەوە، بەڵام بە هۆی هەوڵدانە بەردەوامەکانیەوە تاکو دەهات هەڵەکانی کەم دەبوونەوە، ئەنجام بە خێرایی ئەو ڕێگا پێچاوپێچانەی دەبڕی و دەگەیشتە خواردنەکە، بێ ئەوەی تاقە هەڵەیەکیش بکات... بە کورتی دەیزانی ئەگەر بە کام ڕێگادا بڕوات، دەگاتە خواردنەکە... خۆ زانیت باسی چی دەکەم (هۆزان)...؟! ئەوانەی ئێستا وا بە ئاسانی خۆیان لەو هێڵە سوورانە دەپارێزن، پێشتر وەکو مشکەکەی (سۆرندایک) هەڵەی زۆریان کردووە، بەڵام جیاوازیی نێوان مشکەکە و ئەوان ئەوەیە، کە مشکەکە سزا نەدەدرا، بەڵام ئەوانە سزا دەدرێن و گیانیان لەژێر ئەشکەنجە دادەڕزێندرێت... باوەڕ دەکەم لەم ساتەوە تۆ بزانیت بۆچی ژمارەی پەککەوتەکانی ئەم هەرێمە هێندە زۆرە... ئێستا بەو مەبەستەی بە چاوی خۆت بیانبینیت، ئەم شەقامەت بۆ لەو دوو جۆرە مرۆڤە پڕ دەکەم... دەی بڕوانە (هۆزان)...!! سەرنجی ئەو هونەرمەندانە بدە چۆن بە لای ئەو هێڵە سوورانەدا تێدەپەڕن، بێ ئەوەی چمکی جلەکانیشیان بەریان بکەون، بەڵام ئەو پەککەوتانەیش ببینە وا هەندێکیان لەسەر سک و هەندێکیان لەسەر ئەژنۆ دەخشێن و هێڵە سوورەکان دەبەزێنن... تۆ پێویستە ئەوە بزانیت، کە مرۆڤ دوای ئەوەی یەک دوو ئەندامی لەشی لە دەست دەدات، ئیتر لەسەر بەزاندنی هێڵە سوورەکان سزا نادرێت... دەسا تۆ دڵت لە خۆت دانەمێنێت (هۆزان)، کە تۆپەڵێک گۆشتی کوتراو و چەند چڵێک ئێسقانی تێکشکاویت و ناتوانیت بجووڵێیت، مادام زۆربەی خەڵک وەک تۆ وان... دەبێت شانازی بە دایکیشتەوە بکەیت، کە چاکترین سەماکەری ئەم وڵاتەیە و خەڵکی ڕاهێناوە بە تەقڵە بە سەر ئەو هێڵانەدا قەڵەمباز هەڵبدەن... هەر ئێستا (ڤیڤی)ی دایکتت پێشان دەدەم، چۆن وەک مەلێکی ئەفسووناوی باڵ دەگرێت و بە تەقڵە ئەو شەقامە دەبڕێت... ئینجا دەکەوێتە سەما و دەستی، قاچی، کەمەری، قژی و هەموو ئەندامەکانی دیکەی جەستەی بە شێوەیەکی سەیر دەجووڵێنێت... ئەوانەی دایکت ڕایهێناون، هەموویان بەو ستایلە دەفڕن و بە تەقڵە لە هێڵە سوورەکان دەپەڕنەوە... دواتریش جوانترین سەما دەکەن... ئێستا هەر بۆ نموونە جەماعەتێک مەلات پێشان دەدەم، بە کەوا و جبەوە بفڕن و تەقڵە لێ بدەن، بێ ئەوەی مێزەریان بکەوێتە خوارێ... بیستوپێنج دەستفرۆشت پێشان دەدەم، سەرمەقولات لێ بدەن، بێ ئەوەی شتومەکەکانیان لێ جیا ببێتەوە... پەنجا خوێندکارت پێشان دەدەم، لەو ئاسمانە سووڕ بدەن، بێ ئەوەی کتێب و دەفتەریان لە دەست بکەونە خوارێ... سەد دۆکتۆری زانکۆت پێشان دەدەم، بە قات و بۆینباغەوە بفڕن و خۆیان لە هێڵی سوور دوور بخەنەوە، بێ ئەوەی تاقمی ددان و چاویلکەیان لە شوێنی خۆیان بترازێن... پۆل پۆل ڕۆشنبیرت پێشان دەدەم، وەک قەلەڕەش سووک سووک باڵ بگرن و لە دووری هێڵە سوورەکان بنیشنەوە، بێ ئەوەی لاپتۆپیان بەر زەوی بکەوێت... کۆڵانێک ڕۆژنامەنووسی حزبیت پێشان دەدەم، بە دەم جڕت و چەقەنەوە خۆیان هەڵدەن و چەند مەترێک لەولای هێڵە سوورەکان قنگیان بەو قیڕە ڕەقەدا بدەن، بێ ئەوەی لە حریتوهووڕی خۆیان بکەون... دەرزەنێک سەرۆکی حزبە بچکۆلەکانت پێشان دەدەم، وەک پەڕەمووچ بە بەرچاوتدا تێپەڕن و لەودیوی هێڵە سوورەکان بکەونەوە، بێ ئەوەی ڕاپۆرتیان لە گیرفانی ناوەوەی چاکێتیان دەربپەڕێت... دەیان پەرلەمانتاری کۆن و نوێت پێشان دەدەم، قەڵەمبازی بەرز هەڵدەن و بە تەقڵە لەسەر هێڵە سوورەکان بپەڕنەوە، بێ ئەوەی مۆبایلیان لە گیرفانی بکەوێتە خوارێ... ئەمەی بە چاوی خۆت دەیبینی، ڕاستییە و خەون نییە (هۆزان)... ئەمانە هەموویان شاگردی دایکە سەماکەرەکەتن و ئەو هونەرە بەرزە لەسەر دەستی ئەو فێر بوون.
* * * *
ئەم بەیانییە بۆ یەکەمجار (ڤیڤی) بە جلی سوورەوە نەچووە دەرێ، بەڵکو جلێکی ڕەشی پۆشیی و ئەوانی خستە جانتای شانیەوە، بۆ ئەوەی لە ڕێگا لە ماڵی دەستەخوشکێکی خۆی بگۆڕێت و لەوێوە بچێتە دەوام... وەک گوتم من ئەمڕۆ دوای بیست ساڵ ئەوەم خستە دڵی، کە هۆکاری ئەو نەهامەتییانەی بە سەر منداڵەکەیدا هاتوون، ڕەنگی سوورە... هاوکات وام لە (هۆزان) کرد ئیتر لە ڕەنگی سوور نەترسێت... ئەوە بوو بێترس لە دایکی و ئەو خەڵکەی دەڕوانی، چۆن تەقڵەیان لێ دەدا و لە هێڵە سوورەکان دەپەڕینەوە... دواتریش جوانترین سەمایان دەکرد... (ڤیڤی) لە گەڕانەوەیشدا لای دەستەخوشکەکەی لای دا، تاکو سوورەکەی دابکەنێت و ڕەشەکەی بپۆشێت، بەڵام کاتێ گەیشتەوە ماڵ، (هۆزان) لێی پرسیی:
_ ئەدی کوا جلە سوورەکانت...؟! بۆچی لەبەرت نەماون...؟!
(ڤیڤی) سەری لەو پرسیارانەی منداڵەکەی سووڕ ما، بۆیە ماوەیەک هیچی بۆ نەگوترا... دوایی پێی گوت:
_ من بە جلی ڕەشەوە چووبوومە دەرێ و ئەوەتا هەر بە جلی ڕەشیشەوە گەڕاومەتەوە.
_ بەڵام من تۆم بینی لەسەر ئەو شەقامە بە جلی سوورەوە تەقڵەت لێ دەدا و لە هێڵە سوورەکان دەپەڕیتەوە... وا نییە...؟!
(ڤیڤی) هێندەی دیکە حەپەسا و لێی پرسیی:
_ ئەمڕۆ کەسێک نەهاتووەتە ئێرە و باسی منی بۆ کردبێتی...؟!
_ نەخێر، من خۆم تۆم بینی... هەموو ئەو کەسانەیشم بینی، کە لە دوای تۆ دەفڕین و بە تەقڵە لە هێڵە سوورەکان دەپەڕینەوە.
_ من ئەم بەیانییە دەنگێک دەتگوت لە غەیبەوە دێت و پێم دەڵێت تۆ ناتەوێت بە هیچ شێوەیەک ڕەنگی سوور ببینیت.
_ زۆر سەیرە، دایە، چونکە هەمان دەنگیش بە منی گوت ئیتر لە ڕەنگی سوور مەترسە.
ماوەیەک هەر دووکیان بێدەنگ بوون، بەڵام دوایی (ڤیڤی) لێی پرسیی:
_ ئینجا تۆ ئیتر لە ڕەنگی سوور ناترسیت...؟!
_ نا، بەڵام خەفەت لەوە دەخۆم، کە ناتوانم بفڕم و بە تەقڵە لە هێڵە سوورەکان بپەڕمەوە... ئەمە یارییەکی تا بڵێی خۆشە... دەمەوێت لە بەیانییەوە لەگەڵ خۆتم ببەیت، تاکو لە نزیکەوە ئەو یارییە سەیرە ببینم.
_ کەچی من لەو یارییە تەواو بێزارم... وا بیر لەوە دەکەمەوە، کە مادام تۆ ئیتر لەگەڵ من دێیتە دەرێ، ئەوا لە بەیانییەوە واز لە دەوام دەهێنم و ڕۆژانە بە یەکەوە دەچینە ئەو دەشتە... لەوێ فێری فڕین، سەما و هەموو جۆرەکانی تەقڵەت دەکەم... بڕیارم داوە لەسەر ئەم شەقامانە یەک مەتری دیکە نەفڕم و تەقڵەیەکی دیکە لێ نەدەم، بەڵکو بە شێوەی ئاسایی بە ڕێگادا بڕۆم.
_ ناترسیت بەر هێڵە سوورەکان بکەویت و سزا بدرێیت...؟! ئەو هەموو خەڵکە پەککەوتەیە نابینی لەسەر ئەو شەقامانە...؟!
(ڤیڤی) لە سیمای (هۆزان)ی ڕوانیی و بزەیەکی خستە سەر لێوی... ئەویش بە بزەیەکی هاوشێوەی ئەو وەڵامی دایەوە... ئەوە یەکەمجار بوو لەو دایک و منداڵە تێنەگەم و نەزانم بیر لە چی دەکەنەوە... نەخێر، نەمتوانی لە مانای ئەو بزەیەیان تێبگەم... ئێستا من جاڕی ئەوە دەدەم، کە هیچ دەستەڵاتێکم بە سەر ئەوانەدا نەماوە.
دانمارک 15.04.2011