١. ' لەم دۆزەخەدا ، باوەشێک ! لەم مەنفایەدا ، بارانێک ! '
 
چەندین کتێبم کردەوە، 
حەرفێک نەهاتە ژووەرەوە هەناسەیەکی تۆی هەڵگرتبێ.
ئەو هەموو قەسیدەیەم داخست، ڕستەیەک پێی نەوتم شەوباش!
دەرگا نەما نەینووسمەوە، کەسێ خۆی نەکرد بە دڵما
بۆنی عەترەکەی تۆی لێ بێت!
زستان کۆچی سپیی کرد و پایز لە غەریبیی گەڕایەوە و
تۆ دیار نەبوویت.
ئەڵێن کتێبێک بەڕێوەیە،
دێت و چرای قسەکانی تۆ هەڵئەکا،
ئەو دەمەی دائەگیرسێیت و ئەڵێیت:
تەفسیری خەونەکانی ئاسمان
هەر بە خەیاڵی ئەستێرە ئەکرێت
پێناسەی ئازارەکانی ڕووبار
هەر لە دڵی ماسییەکاندا مەوج ئەدات !
ئەی ئەبێ من چەند لاپەڕە ڕەشکەمەوە
هەتا بە ئاگرەکەی دڵ بڵێم؛ خامۆش مەبە،
هەتا بە گوڵێک بڵێم قۆپچەی کراسەکەت بترازێنە!
ئاخۆ چەند هەناسەم ئەوێت
هەتا ئەگەمە کەشتییەکی شکاوی کەنارەکانی دڵ،
لەوێ عاشقێکی پەناهەندە نایەوێت
حیکایەتی پیربوونی بەختەوەری،
بەسەرهاتی هەڵنوتانی ژیان لە مردن،
چیرۆکی بوورانەوەی لێوێک لە ماچێکدا
بۆ هیچ کەسێ بگێڕێتەوە و بڵێ؛
من لێرە نیم .. من لە کەستان ناچم ..
من شەقامێکی بێ خەڵکم .. من لێرە نیم!
دواجار ئەبێت چەند ئێوارەی تر لە خودا قەرز کەم
هەتا ئەگەمە ئەو پەڵە چنارانەی
لە دەرەوەی – شوێن – وەستاون.
ئیتر دەستم لە دەستی زەمەن ببێتەوە و
ئیتر بەیانیان لە ویتەویتی گوڵ بەئاگا بێم
ئیتر هەتا باران بژی، منیش قەت خۆشنەکەمەوە!
ئەمەیە ترسی پەڕینەوەی من لە ڕووبارێک
کاتێ ئەگاتە کەناری تۆ، وشک ئەبێت!
ئەمەیە هەڵنەکردنی من
لەگەڵ سێبەری قسەکانی ناو دڵی تۆ.
ئەمەیە داستانی گەمارۆدانی:
شارەکەی دڵی من
باخچەکەی خەونی من
ماڵە پڕ تەنیاییەکەی شەوی من
ئێوارە غەمگینەکەی قەسیدەی من!
من و تۆ؛
تازە مەحاڵە
ڕووخساری ونبووی یەکتری
لەم وێنە خۆڵەمێشییەی ژیاندا بدۆزینەوە !
تۆ کە رۆژێک
گوێت لە دەفی "سەفەرژەنەکان" نەگرتووە
گوڵی چ خەونێک ئەخەیتە جانتاکەی منەوە؟
من بەم باڵە بریندارانەشەوە هێشتا فڕینم لێ ئەتکێ!
من ڕۆیشتم! تا ئەبەد سەفەرم سەلامەت،
تا ئەبەد تەنییاییم پیرۆز.. تا ئەبەد!
 
٢. 'بۆ تۆ ؛ کە هیچکاممان نازانین لەکوێی دنیاداین ! '
 
گوێ ڕادێرە
چەند بریندارانە ئەدوێم !
بەفری تەمەنم بۆ ئەوە سپیی بوو
هەتا دنیا هەمیشە ڕووناک بێت!
ئەگەر ڕۆژێک
تۆشیان فڕێدایە باشووری زەمین،
لە کوچەیەکدا، سەرنجم بدە
چۆن هەمیشە بە نەزاکەتەوە
لە دەوری مۆمێک
یان چرایەکی شەرمن ئەگەڕێم
بۆ خاتری ئەوەی کوژانەوە قەت ڕوونەدات.
نازانم قسەکەی مانگت دێتەوە یاد
کە لە سەردانێکی ئاودا
بە شەپۆلەکانی وتبوو :
کەسانێ هەن هەرگیز بیر لەوە ناکەنەوە
لە ئێوارەیەکدا چەند کەس برسی ئەبن!
لە شەوێکدا
چەند کەس بێ جێگەن بۆ خەو!
ئاخر من بیر لە بەردێکیش ئەکەمەوە
کە شەو بە تەنیا لەو بنارە ڕۆژ ئەکاتەوە.
ئەمەیە گرفتی من لەگەڵ دنیا!
 
٣. ' وەک باران ! '
 
تۆ درێژترین حیکایەتی من بوویت
بەر لەوەی لەگەڵ باران بتگێڕمەوە
بێباکانە خۆت لە ناو دێڕەکاندا سڕییەوە
بێباکانە خۆتت جێهێشت !
 
٤. ' دەنگ دێ ، دەنگی ئاشوب ! '
 
هەندێک جار ئەپرسم؛
گەردوون تۆ چیی ئەکەیت
من لەکوێی تۆدا وەستاوم؟
کەی لە ئاگری شەڕەکانت دێیتە دەرێ؟
گەردوون! جاران من وامئەزانی تۆ خودایت!
منداڵانە ئەمپرسی؛
ئەم ئاسمانە لەسەر کام دەستی شین ڕاکشاوە؟
ئەمپرسی؛
خودایا بۆچی ئێمە
هەر لە خەیاڵدا جوان ئەچینەوە!
ئەو دەمەشی کە ئەبینەوە بە خۆمان،
گورگ شەرمەزار ئەکەین!
دواجار ئەمپرسی؛
هەتا کەی لە سەر خواردنی سێوێک
ئاشوب ئەم زەمینە بخوات!
 
٥. ' لە جەنگەڵێکدا '
 
لەم گەردوونە،
تا بێدارێک خەریکی ژماردنی خۆی بێت
مانای وایە شتێک هەیە ناتەواوە!
لەم جەنگەڵە،
هەتا ژنێک مابێ و
هەموو ڕۆژێک جەستەی بە چەقۆ ئەنجنکراوی
لە پەنجەرەی زیندانەکانی ڕۆحەوە
نیشانی خوا بدات،
مانای وایە ئەم زەمینە
هێشتاکە تاریکە، تاریک! 
بڕوانە، هەموو توولەڕێیەکانی گوندەکەمان
چۆن ئەچنەوە سەر یەک گۆڕستان.
هەست ڕاگرە
مردووەکان چەند بێباکانە خەریکی گەندەڵیین!
سەرنج بدە؛
لەم گەردوونە
هەر بە تەنێ شاخ و ئەسپەکان ئەگلێن.
شاخەوان و سوارەکانیش
ئەبنە مۆمیا، جوڵەیەکیان لێوە نایە.
بڕوانە؛
شاعیرێک، چۆن ناسکیی سەری ئەخوات!
 
٦. ' بە کەمێک ئاگرەوە ! '
بە پێکی سەبرەوە
هێندە لە ژێر درەختی بەردەم ئەم خەراباتە دانیشتم
چاوەڕوانییم لێ ئەتکێ
بووم بە گەڵا، هەڵوەرین خەریکە ئەمکوژێ!
ئەم تۆزە ئاگرەی لە تەمەنیش بەجێماوە
بەشی کردنەوەی یادێک ناکا.
باڵندەیەکی سپی
کە تۆزێک بۆشایی بە دەنووک هەڵگرتووە،
دەرگای هەور ئەکاتەوە و
بەم بانگی شێوانی عیشقە
بەم فڕان فڕانی گیانە،
بانگم ئەکاتە ژوورەوە و
وەک گۆرانییەکی ناوەخت
لە خۆم و دەف و شەراب و
چراکەی دەستم ئەڕوانێت!
لای ئەم باڵندەیە من ئەبمە هەندێک قسەی بەجێماو،
یان لە کەسێک ئەچم
دوا شەمەندەفەری نیوەشەو
لە وێستگەیەکی چۆڵدا جێی هێشتبێ!
ئەم باڵندەیە نازانێ
من لە دڵما ڕووبارێکی نائومێد و
سەدان پەپوولەی کوژراوی
شەڕی نێوان خۆم و دنیام بۆ هێناوە!
ئەمەیە چیرۆکی هەڵکەندنی
دارپرتەقاڵەکانی شیعر
دارچوالەکانی گەنجێتیی
هەنارە گوڵبەدەمەکانی عیشق
لیمۆکانی تەمەن
لە بێستانە بێمروەتەکانی ژیانی من!
تەماشا کە، لە چ شەڕێکدا دانیشتوین ئێمە !
بڕوانە، چۆن، قەت بە یەکتری ناگەین من و تۆ !
 
٧. ' بە ڕوخسەتی گیا ..! '
 
هەمیشە هەست ئەکەم لە دڵما هەرایەک هەیە.
هەمیشە ئەبینم لە دەستما گەڵایەک هاتوچۆیەتی.
هەمیشە ئەڵێم؛
ئیتر لەمڕۆوە سۆز ئەدەم
دوکەڵی ژیان بنێم بە وەسوەسەی مردنەوە!
ئیتر لە ئێوارەی ئەم شیعرەوە
بڕیار ئەدەم دڵ بکەمە باخچە
بۆ پیاسەی ئەو گوڵانەی ، قردێلەی خەندە
لە قژی درەختە تاریکەکان ئەدەن!
کەچی هێندە نابات،
هەموو خەونەکان ئەڕوخێن بەسەرما،
هەموو پەنجەرەکان ئەشکێن،
هەموو دەرگاکان ڕا ئەکەن،
هەموو سۆز و بەڵێنەکانم هاڕە ئەکەن!
ناچارم بە ڕوخسەتی گیا،
هەندێ پوشی دڵ کۆکەمەوە و
ئاگرێ بۆ خۆگەرمکردنەوەی کەنارییە
تەزیوەکان بکەمەوە
پێیان بڵێم؛
تەنها ئەو دەمە من تەنیا نیم کە لەگەڵ ئێوەدا ئەفڕم
ئەو دەمە من خۆمم کە گۆرانیی بۆ ئێوە ئەڵێم!
پێیان بڵێم؛ تکایە جارێ لێرە بن لە ئاسمان
تەنیایی بە ئێوەوە جوانە!
تکایە جارێ مەچنەوە سەرزەمین ..
من کە لە سەر زەمین ئەبم .. تەنیام!
تکایە جارێ لێرە بن، لە فڕیندا بن، فڕین !
سەرەتای جەنیوەری 2012
ئەدیلاید – باشووری زەمین