دیارم دەیری عیشقە، جێ بە سووتن بێ لەوێ دەگرم
كە من مشتێ چڵ و چێوم، بە چی بم، كەڵكی كێ دەگرم!

نەگەییە دامەنی دەستی دوعا، جا دەبمە خاكی ڕێی
طەریقەی گۆشەگیریی بەردەدەم، ئەم جارە ڕێ دەگرم

كە دادی یەئسی خۆمم بردە لا، ئەم عارفە توند بوو
وتی ئاخر سبەینێ چەژنە، خوێنی تۆ لە پێ دەگرم

لە ڕووسووری عیبادەت لام و ڕووزەردی خەجاڵەت مام
بە ناوی سێوی ناوم باغەوان و، من بەهێ دەگرم

لەسەرخۆچوونە، شەیدابوونە، قوڕپێوانە، سووتانە
هەتا مردن، مەحەببەت ئیشی زۆرە، ڕیزی لێ دەگرم

ج شۆخە ئاگرم تێ بەردەدات و پێم دەڵێ: یاشێخ!
بە خاشاكی دەوت شوعلە، عەصامە، دەستی پێ دەگرم

كە سینەی ڕێشمی بەو تیغی نازە ئەنجن ئەنجن كرد
وتی: پەژمووردەیە ئەم لالەزاره، ئاوی تێ دەگرم

لە پاداشتی قسەی سەردا هەمە ئاه و هەناسەی گەرم
كەسێ شێتانە بەردم تێ گرێ، من بەرقی تێ دەگرم

شوكور هۆشیارە (محوی)، تێ دەگا دنیا خەراباتە
كە بەدمەستیی بكا ئەهلی، خراپەی بۆچی لێ دەگرم!