ژیانی من هیچ نەبوو لە دووبارەبوونەوە زیاتر
خەونی من هیچ نەبوو لە دووبارەوە بوونەوە زیاتر
غەمگینی من هیچ نەبوو لە دووبارە بوونەوە زیاتر
ئازاری من هیچ نەبوو لە دووبارەبوونەوە زیاتر

من هەزار جار دووبارە بوومەوە
بە ئاگرێک هەزار جار ڕۆحم سووتاوە
لە ئاوێکدا هەزار جار خنکاوم
هەزارا جار کەوتوومەتە خەرەندێکەوە

من غەمگینی ئەوەم بۆ جارێکیش نەمتوانی دووبارە نەبمەوە
من هەر دووبارەبوومەوە و دووبارەبوومەوە و دووبارەبوومەوە
تا کاتێک هەستم کرد کە نیم
لە دووبارەبوونەوەدا پارچە پارچە بووم
پارچەکانم دووبارە یەکیان گرتەوە و بوونەوە بەمن
بۆ ئەوەی دووبارە دووبارە ببنەوە و پارچە پارچە ببنەوە و ببنەوە بە من
ئای من چ پیاوێکی دووبارەم
نازانم بۆ بێزار نەبووم لەوەی هەزار جار تەقەم لە دەرگای دڵێک هەڵسان
هەزار جار بە یەک ڕێگادا سەفەری یەک شارم کرد و
لە یەک شەقامدا چاوەڕێی کەسێکم بووم کە نەمدەزانی کێیە.

من داهێنەرم، وا تێنەگەن ستایشی خۆم دەکەم
دەستێکی باڵام هەیە لە داهێنانی غەمگینیدا
دەتوانم قاقای پێکەنین بگۆڕم، بە گەرمە شین
سەما پڕکەم لە وەرین

داهێنەرم لە دووبارەبوونەوەدا
یەک خەیاڵ هەزار جار بردوومی
هەزار جار یەک خەونم بینیوە
شمشاڵی ئازاری تەمەنم
یەک نەوای ژەنیوە

من پیاوێکی دووبارەم وەک خولانەوە بەدەوری خەرمانی ئازارەوە دووبارە بوومەوە
وەک بێ ئۆقرەیی بەدەم چاوەڕوانییەوە
وەک دووبارە و سەدبارەکردنەوەی پرسیارێک لە لایەن منداڵەوە
وەک دووبارەبوونەوەی پاسی غەمگینی و تەکسی حەسرەت بە هەمان ڕێگای خەیاڵدا
وەک هەزار بارەبوونەوەی نوێژ و دوعا و سێکس و مردن من دووبارە بوومەوە

نازانم بۆ چێژ لە دووبارەبوونەوەی شکستەکانم دەبینم
دووبارە چوومەتەوە بەردەم ئەو پەنجەرەیەی کە لەوێوە دواین ئاوڕدانەوەی تۆم بینی
لەوێوە خۆری من ئاوابوو
لەوێوە کەوتنی باران و ونبوونی ئاسمانم بینی

ژیانی من وەک بانگدان
هەموو ڕۆژێک چەند بارەدەبووە
کەچی خۆیشم بەدەنگی ئەو بانگەوە نەچووم
کە ژیانم بوو

ژیانی من
وەک شێلانی گوڵ بۆ گوڵاو
وەک شێلانی هەویری خەونێک
وەک شێلانی ترێ بۆ شەراب
ژنێک بە دەستە شەیداکانی
بە قاچە غەمگینەکانی
دەیشێلا و دەیشێلا و دەیشێلا
ئەم شیعرە لە ژمارە ٩٠ ی گۆڤاری هەنار بڵاوکراوەتەوە