بەشی یەکەم
 
لە پێست داتماڵیم گوڵی خان
کەسێک هاواری نەبیستم.
بەلای لوت!
وەک ئەوەی لە ئاسمانەوە بۆنی بۆسۆیەک بکەی
بەسەر مێشکی ئاگرگرتووی مندا هاتی
نەفرەتێکت بەرگوێ نەکەوت.
بەنینۆک!
نەخشەی زامێکی درێژت لەسەر جەستەم هەڵکەنی،
کەسێک بۆنی قەتماغەی خوێنی نەکردم..
لە ڕەگەوە!
ئەو دەمارانەت جوڵاندم
لە چاوتروکانێکدا، ئاشتی دەگۆڕن بە شەڕ و
بەهەشت دەکەن بە کونەگورگ!
کەسێک ڕەنگێکی منی بە کاڵی نەدی.
ئای گوڵی خان
گەر من خودای خۆشەویستی یاوەرم نەبووایە
هەرگیز بەرگەی تۆم نەدەگرت.
جیاواز لە هەموو پیاوەکانی ئەم دونیایە
گەر دڵی من لە کریستاڵی بێ غەل‌وغەش نەبووایە
بەم هەموو زامەوە پێنەدەکەنیم
 

 

بەشی دووەم
 
سێ نامەی گوڵێ خان
(١)
سڵاو جەرگم
لە شێتبوونم بمبوورە
من نازانم بۆ وا دەکەم
چ ئیبلیسێک هانم ئەدا تۆ لە خۆم کەم
هەناسەکەم وا من هاتم
ناڕۆم هەتا دەرگام لێ نەکەیتەوە
(٢)
ئاخ لە جنۆکەکانی مێشکی من
شەووڕۆژێک بەتەنیا بم
تەگبیری شەڕی ساڵێکم بۆ دەکەن
بەجێممەهێڵە فریشتەم
بێ تۆ شێتێکی تەواوم
(٣)
تۆ هەبی من بۆ تەنیا بم؟
تۆ بۆ دڵتەنگ بی کە من هەم؟
ئای دڵە گیان
پێم بڵێ ئێستا من چی بکەم؟؟
 
 
بەشی سێیەم
 
دەمویست بێیتە جیهانمەوە
کلیلی دەروازەکان بە تۆ بسپێرم
لە پشت پەنجەرەکانەوە
لەسەر ڕانم دابنیشی‌ و
باسی باڵندە و ئاسمان‌ و نهێنیەکانی پشتی هەورت بۆ بکەم
باسی ڕووبار و باران‌ و عەشقی ئاوت بۆ بکەم
باسی خۆم بۆ تۆ بکەم
باسی تۆ بۆ خۆت بکەم
دەمویست بۆ یەکەمجار
بەدەنگی خۆم
گۆرانیت بۆ بڵێم
مەگەر من
(بێ لەو چاوە کاڵانەت چی شک دەبەم)؟
دڵتەنگدەبووم ئەگەر بەشێک لە خەونێکم بیربچێ‌ و بۆت نەگێڕمەوە
وەک ئەوەی هەرچی لە بوونی مندا هەیە بێتە قسە
خەیاڵێکم لە دوورەوە دەرکەوتایە
خەیاڵێکم باڵی لێکبدایە
لەهەرکوێوە بهاتایە و
بەرەو هەرکوێ بفڕیایە
تۆ مەنزڵگە و کۆتایی سەفەرەکان بوویت
 
دەمویست بێیتە جیهانمەوە
باسی جیاوازیەکانی پێش گەیشتن‌ و پاش گەیشتنی تۆ بکەم
لەگەڵ تۆدا ئەو جوانیانەم دەدی
ڕەنگە پێش تۆ
هەزاران جار بەلایاندا تێپەڕیبم،
یان من ئەوانم نەدیوە
یان ئەوان من!
وەک دەرگەوانێک تاقانە
بۆنی دڵنیایی لێ بێت
ویستم بێیتە جیهانمەوە
کلیلی دەروازەکان بە تۆ بسپێرم
لێ لە چاوتروکانێکدا
نە کلیل ما، نە دەروازە!
 
 
بەشی چوارەم
 
دەپاڕامەوەو دەمگوت:
بمهێڵە گوڵی خان
بمهێڵە و فەوتم مەکە
ئێستاش دەیان داستانی نەبیستراو لە سینەمدان،
لەگەرومدا سەدان گۆرانی نەوتراو.
بمهێڵە گوڵی خان
مەمدەرە دەستی قەدەر
قەدەری تۆ ئەنگوستەچاوە گوڵی خان
قەدەری تۆ دوو هەنگاوە و سێجار کەوتن
سەرڕێگەکان پڕن لە جادوگەری بێحەیا و دڵرەش
ڕیگە بە تێپەڕبوونی شنەیەک نادەن
تا نەیکەن بەگژ دیواردا.
ڕیگە بە شیعرێ نادەن
تا تووشی دڵپیسیی نەکەن.
ڕیگە بە سڵاوێک نادەن
تا بۆنی ژەهر نەگرێت.
ڕیگە بە من‌ و تۆ نادەن
تا دەست لە خوێنی یەک نەسووین.
لەگەڵ قەدری خۆت مەمبە
بمهێڵە‌ و مەڕۆ گوڵی خان
من پیاوێکم
داستانەکان دەمناسن
سەدان ساڵ بەر لە بوونم
شاعیران شیعریان بۆ وتووم
من پیاوێکم وەفای تۆ لە خوێنمدا
وەفا لە هەناسەمدا
وەفا لە ڕوانینمدا
تا نەفخی سور تێکەڵی بوونی من بووە وە لێم نابێتەوە
بمهێڵە گوڵی خان
بمهێڵە و فەوتم مەکە
 
 
بەشی پێنجەم
 
خەوبینین بە تۆوە ماندوی کردووم، گوڵی خان
شەوێک پەریت لە دەریادا و پوولەکەکانی باڵات یەک یەک هەڵدەورێن
شەوێک پیر، تۆراو و تەنیا.
شەوێک لە پشت ڕێبوارێکی بێخەبەر
شەوێک نزیک‌‌
شەوێک شەرمن
شەوێکیش سەرت دەخەیتە ناو دەستمەوە
بێئەوەی شتێک بڵێیت، چاوت خستوەتە چاومەوە
دەمەوبەیانیش بە هەوای فوویەکی نەرم
لێوت دەنێیت بە گوێمەوە و دەڵێیت "دڵە"
ئیتر من ڕۆژم مەراق‌ و
ڕۆژم خەیاڵ،
ڕۆژم حەسرەت‌‌ و ڕۆژم زام،
ڕۆژم ڕۆژێکە کەس خۆزگەی پێناخوازێت، گوڵی خان
دەترسم لە دەنگی دەرگا
لە گوێگرتن لە گۆرانی
لە بینینی لێوی ئاڵ
نامەوێت بچمە ناو وردەکاریەکانی جوانی گوڵێکەوە
یان دیقەت لە باڵی باڵندەیەکی فڕیو بدەم
تاقەتم نەماوە لەگەڵ پێکەنینی منداڵێکدا پێبکەنم
ڕۆژم مەراقە گوڵی خان
هەمووت هەر زامە گوڵی خان
ئیتر خەیاڵم لای مەرگێکە، بێدەنگ
وەک جەنگاوەرێکی سامورای یەخسیرکراو
خەون بە دواساتەکانی شمشێرەوە ببینێت
ئارەزوی مەرگێکمە، دوا وشەی گوڵی خان بێت
گوڵی خان
 
 

 

بەشی شەشەم‌ و کۆتایی
 
ئەمە چیرۆکی خۆشەویستی من بوو...
لە ڕۆژێکی خامۆشدا
ڕۆژێک کە کۆتایی من بوو
کچێکی تیژ،
تیژ وەک تیشکی خۆری هاوین
بە پەنجەرەی ماڵەکەمدا هاتە ژوورێ
قۆڵی ڕاستی لەسەر سینگم
دەستی چەپی لەژێر ملما
بەیانیەکی خەواڵوو
کچێکی تیژ
تیژ وەک هەتاوی گەرمیان
بەگوێما چپانی‌ و وتی:
سڵاو، من ناوم کوێستانە.
 
 
 
پایزی ٢٠١٣