سه‌ره‌تا
هه‌میشه نووسه‌ر پێش ئه‌وه‌ى خودى خۆى بدۆزێته‌وه، ده‌كه‌وێته نێو (بوون)ى زمانه‌وه! ئه‌و قسه‌یه به‌ره‌و ئه‌وه‌مان ده‌بات، كه ده‌قى داهێنه‌رانه نه راسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتى بابه‌ت، نه به شێوه‌یه‌كى گشتى (ئیگۆ-خود، یان من) لێی به‌رپرسیاره؟!
ئه‌گه‌ر لایه‌نى (بابه‌تى) به جۆرێك له جۆره‌كان له‌وێوه ئاماژه به زمان بكات، كه واده‌كات كرده‌ى تێگه‌یشتن ئاسان بكه‌وێته‌وه، ئه‌وه لایه‌نى (خودى) و به‌كارهێنانه تایبه‌تییه‌كانى دانه‌ر، ئاماژه به مه‌عریفه و فیكر‌و خه‌یاڵ ده‌كات. لایه‌نى یه‌كه‌م ده‌كه‌وێته نێو مێژوو، به‌ڵام لایه‌نى دووه‌م به هوشیارییه‌وه ده‌لكێت. راسته هوشیاریى به‌شێكى سه‌ره‌كى ده‌قى داهێنه‌رانه‌ى پێكده‌هێنێت، به‌ڵام له بیرمان نه‌چێ ده‌قى داهێنه‌رانه له‌وێوه ده‌رده‌كه‌وێت، كه كۆى ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌خاته ژێر ئیقاع و پرسیارى سه‌رده‌مى خۆیه‌وه، به مانایه‌كى دیكه هه‌میشه ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له رێگاى هاوژیانى و گفتوگۆوه، له رێگاى دنیابینیه‌وه وێناكردنى دیكه‌ى جیاواز به‌رهه‌م ده‌هێنێت، وێناكردنێك كه پێشبینیكردن و جوانى و خه‌یاڵ... رۆڵى تێدا ده‌بینێت.
واقیعى گوماناویى/ ساتمه‌كردن له مانا لێڵهكان
ته‌نیا ئه‌گه‌ر نه‌ختێك تووندتر
ده‌ستى یه‌ك بكوشین
له‌وانه‌یه زستان
یه‌ك دوو قولانج له شار
دوور بكه‌وێته‌وه
"كتێبى زستان- شاڵاو حه‌بیبه، 2014، ل17"
(شاڵاو حه‌بیبه) له كۆى به‌رهه‌مه شیعرییه‌كانى هه‌وڵده‌دا ساتمه به خوێنه‌ران بكات! ئه‌و (كرده‌یه) دیار نییه وه‌ك ئه‌وه‌ى زمان قسه‌مان پێده‌كات، خۆى بنوێنێ؟! به‌و مانایه‌ش چه‌ند شیعرییه یان ده‌ستكرد من ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه بۆ خوێنه‌ران جێده‌هێڵم... له به‌رانبه‌ریشدا ده‌مه‌وێ بڵێم ده‌شێ هه‌ندێ له خوێنه‌ران له ساتمهكردندا به‌ربنه‌وه نێو گومان، به‌ڵام دووچارى هیچ كێشه‌یه‌كى مه‌عریفى نابن، هه‌ندێكى دیكه له خوێندنه‌وه‌دا به‌رده‌بنه‌وه نێو دڵهرِاوكێ بێ ئه‌وه‌ى ده‌ست له به‌خشنده‌یى ماناكان بشۆن، هه‌ندێكیان به‌رده‌بنه‌وه نێو بۆشایى و ره‌ش ده‌یانباته‌وه، به‌ڵام چێژ ده‌یانگرێته‌وه! (گومان) و (دڵهرِاوكێ) و (چێژ) سێ ته‌وه‌ره‌ن، ساتمه شیعرییه‌كان دروستیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام من وایده‌بینم بایه‌خى شیعریى هه‌ر ته‌نها له‌و ته‌وه‌رانه‌دا خۆى نه‌بینێته‌وه، به‌ڵكو له رهشبردنهوهى بۆشایى به‌رجه‌سته‌تر ده‌رده‌كه‌وێت.
ئه‌گه‌ر (گومان) له شیعره‌كانى شاڵاودا په‌یوه‌ندى نێوان شوێن و كات له واقیعدا تۆخ بكاته‌وه، ئه‌وه (دڵهرِاوكێ) لێڵى ماناكان چرِ ده‌كاته‌وه! وه‌ك ده‌زانین شیعر له واقیعێكى گوماناویدا سه‌ر ده‌رده‌كات، به‌ڵام مه‌رج نییه شوێن و كاتى شیعریى وه‌ك پێویست سنوره‌كانیان دیار بێت... وه‌ك چۆن لێڵى ماناكان خوێنه‌ر ده‌خاته دڵهرِاوكێوه، به‌و مانایه‌ش (واقیعى گوماناویى) و (دڵهرِاوكێى مانا لێڵهكان) به نێو یه‌كدا ده‌چن و یه‌ك ئه‌ویدیكه ته‌واو ده‌كات، ده‌مه‌وێ بڵێم وه‌ك چۆن واقیعى گوماناویى هه‌ڵگرى دڵهرِاوكێیه، به هه‌مان شێوه ئه‌و مانا لێڵانهى له دڵهرِاوكێوه له دایك ده‌بن، ده‌بنه هۆكارى سه‌ره‌كى واقیعى پرِ له گومانى شیعریى! لێره خوێنه‌ر له داخستنى كتێبدا، گومانى شیعریى دهرِهوێتهوه، به دیوه‌كه‌ى دیكه‌ش له زۆربه‌ى جار له به‌دواداچوونى لێڵى ماناكاندا به رۆناكییهك ده‌گات، كه له بێداربوونهوهى ماناكاندا هه‌ڵده‌قوڵێت. كه‌واته خوێنه‌ران دواى خوێندنه‌وه‌ى شیعره‌كانى شاڵاو حه‌بیبه ئه‌وه‌ى له داخستنى كتێب له ده‌ستى ده‌ده‌ن، له بێداربوونهوهى ماناكاندا ده‌یقۆزنه‌وه، ئه‌وه‌ى له جێگیربوون به‌جێیده‌هێڵن، له گهرِانى به‌رده‌وامدا ده‌یدۆزنه‌وه...
رهشبردنهوهى بۆشایى/ ساتمه‌كردن له تاریكى
بێزارى بۆ باخێكى بردم
منداڵێك
به بۆیه كێشابووى
"كه‌سێك لێره‌وه تێپهرِى، شاڵاو حه‌بیبه، 2008،ل21"
(رهشبردنهوهى بۆشایى) وه‌ك له ناونیشانى ئه‌و نووسینه‌دا هاتووه، یان وه‌ك له شیعره‌كانى شاڵاودا وه‌ك خوێنه‌رێك ده‌یبینم، له رووى ماناوه په‌یوه‌ندییه‌كى لۆژیكى به تاریكى بۆشاییه‌وه هه‌یه، مرۆڤ له تاریكى بۆشاییه‌وه ساتمه ده‌كات، له رووى ده‌لاله‌ته‌وه په‌یوه‌ندى به جۆرێك له ره‌شبینییه‌وه ده‌كات، واته خوێنه‌ران له ناوكۆییه‌ك ساتمه ده‌كه‌ن، كه به شێوه‌یه‌كى باو به ما‌نایان ناگه‌یه‌نێت، هه‌ڵبه‌ته مانایه‌ك كه لێیرِاهاتوون و قسه‌كردن ده‌یانباته‌وه سه‌رى، به‌ڵكو ده‌كه‌ونه كه‌لێن و بۆشاییه‌وه، كه‌لێن و بۆشاییه‌ك كه جگه له ماناى لێڵ و بێداركردنه‌وه‌ى مانا هه‌ندێكجار به تاریكییان ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و تاریكییهش جۆرێك له ره‌شبینى بۆ خوێنه‌ر ده‌سازێنێ، بۆیه ده‌بێ خوێنه‌ر له خوێندنه‌وه‌دا چراى خۆى پێبێ بۆ به‌دواداچوون و ته‌ئویلكردنى تاریكى! ده‌شێ له رووى ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بییه‌وه بۆ ئه‌و تێگه‌یشتنه (وولفگانگ ئایزه‌ر Wolfgang Iser 1926-2007) بیر بخه‌ینه‌وه، لاى ئایزه‌ر مه‌رجى كارلێكردنى (ده‌ق) و (خوێنه‌ر) له‌یه‌كنه‌چوونه! ئه‌و له‌یه‌كنه‌چوونه، نه‌چوونه‌وه سه‌ر ناوكۆیى باو و روانینى باوى نووسه‌ر و خوێنه‌ره، كاتێك هه‌ر یه‌ك له نووسه‌ر و خوێنه‌ر ناسنامه‌ى یه‌كتر له‌بیر ده‌كه‌ن. یان خۆیان له ناسنامه كۆنه‌كه‌یان ده‌كه‌نه‌وه، له‌و كاته‌دا هه‌ر یه‌ك له سه‌ر ئه‌ویدیكه، یان له دانوستان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا حه‌قیقه‌تى خۆیان له سه‌ر "ناشت" وێنا ده‌كه‌ن: بێزارى بۆ باخێكمان ده‌بات، منداڵێك به بۆیه كێشاوویهتى... له باخى واقیعه‌وه بۆ باخى سه‌ر كاغه‌ز... له سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و بۆشاییه و ناشته په‌یوه‌ندى نوێ داده‌مه‌زرێ! بێگومان دامه‌زراندنى په‌یوه‌ندى نوێ له نێوان ئه‌و دوو رسته‌یه یان نووسه‌ر و خوێنه‌ر، له سه‌ر پرِكردنهوهى ئه‌و بۆشاییانه‌وه دێت كه خوێنه‌ر ساتمهى لێكردووه، له نێوان دوو سه‌وزایى (سه‌وزایى واقیع) و (سه‌وزایى بۆیه) ته‌ئویلكردنى بۆشاییه‌كان ناكه‌ونه سه‌ر یه‌ك ناسنامه، ئه‌و (له‌یه‌كنه‌چوونه)ى سه‌وزاییه‌كان پشت به ته‌ئویلى جیاواز ده‌به‌ستێت. به‌ڵام وه‌ك ده‌زانین له سه‌ر ناسنامه‌ى كۆن، زۆرجاران ته‌ئویلكردن بۆ وههم دهگۆرِێ.
هه‌ڵبه‌ته ئه‌و وێنه‌یه‌ى له خوێندنه‌وه‌ى(سه‌وزایى واقیع) و(سه‌وزایى بۆیه) دروست ده‌بێت، په‌یوه‌ندییه‌كى راسته‌وخۆى به لێوردبوونه‌وه و رامانه‌وه هه‌یه، ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌گه‌ر مرۆڤ له تاریكى ساتمه بكات، ئه‌وه خوێنه‌رانى شاڵاو حه‌بیبه له لێوردبوونه‌وه‌ى نهلیستییهوه ساتمه ده‌كه‌ن، یان له ناشته‌وه ساتمه ده‌كه‌ن، چونكه كاتێك خوێنه‌ر له (سه‌وزایى واقیع) بۆ (سه‌وزایى بۆیه) هه‌نگاو ده‌نێ، ده‌كه‌وێت! ئه‌گه‌رچى رهشبردنهوهى بۆشایى له لایه‌ك به چه‌مكى بۆشایى و سپێتى و كه‌لێن و دابرِانهكان... ئایزهرهوه ده‌لكێ، له لایه‌كى دیكه په‌یوه‌ندى به ماوه‌ى گرژبووى نێوان وشه‌كانه‌وه ده‌كات، ئه‌وه ئه‌و گرژبوونه‌وه‌یه خوێنه‌ران ده‌خاته رامانه‌وه!
(چه‌مكى بۆشایى) و (ماوه‌ى گرژبوون) له سه‌ر په‌یوه‌ندى نوێى نێوان وشه‌كان وه‌ستاوه، خودى ئه‌و په‌یوه‌ندییه نوێنه‌رایه‌تى ده‌ق ده‌كات، ئه‌و چرایهى كه خوێنه‌ریش بۆ رۆناككردنهوه له‌گه‌ڵ خۆى دهیگێرِێ وه‌ك بنهرِهتى خودى نوێنه‌رایه‌تى ئه‌زموونى رۆشنبیریى خوێنه‌ر ده‌كات، ئه‌وه‌ى كه ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ش دهورِوژێنێ په‌یوه‌ندى به‌و په‌رچه‌كرداره ده‌لالى و ئیستێتیكیانهوه هه‌یه، كه پشت به واقیعى گوماناوی دڵهرِاوكێ ده‌به‌ستێ و له‌و نووسینه‌دا له چه‌مكى (رهشبردنهوهى بۆشاییه‌كان)دا كورت كراوه‌ته‌وه... كه‌واته تێگه‌یشتن له رهشبردنهوهى بۆشایى تێگه‌یشتنه له ماوه‌ى گرژبوو و لێوردبوونه‌وه له‌و په‌یوه‌ندییه نوێیه‌ى كه ده‌كه‌وێته نێوان وشه‌كان و چراى خه‌یاڵى خوێنه‌ره‌وه.
ماوه‌ى گرژبوو/ ئاگایى نهلیستى
كاتێك له خوێندنه‌وه بیر له رسته‌یه‌ك ده‌كه‌ینه‌وه (دواى ته‌واوبوونى رسته‌كه) ئه‌وه ئێمه ئاماده‌ین له شێوه‌ى رسته‌ى دیكه، بیر له به‌رده‌وامبوون بكه‌ینه‌وه.. به دیاریكراوى رسته‌ى دواتر ده‌بێ په‌یوه‌ندى به رسته‌ى یه‌كه‌مه‌وه بكات، به‌مجۆره خوێندنه‌وه‌ى ده‌ق به‌بێ ماندووبوون به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌چێت... به‌ڵام ئه‌گه‌ر رسته‌ى دووه‌م و (دواتر) به هیچ شتێكه‌وه به‌ند نه‌بوو، ئه‌وه جه‌ریانى بیركردنه‌وه‌ى خوێنه‌ر دهپچرِێ، یان دووچارى ته‌گه‌ره، رهشبردنهوهى بۆشایى، یان دووچارى گرژبوون و موفاجه‌ئه ده‌بێ... له‌وێوه زینده‌گى له ده‌ستده‌دات و ده‌كه‌وێته چاڵێك (بۆشاییه‌ك) كه له‌و نێوانه‌دا دروست بووه... ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر بیه‌وێ جهرهیانهكهى درێژه پێبدات، ده‌بێ چراى خۆى هه‌بێ، تاكو ئه‌و وه‌ستانه (بۆشاییه) رۆناك بكاته‌وه؟!
هێنده جوان خه‌وتووى ده‌ڵێى كوژراوى له شیعرێكى تردا
هه‌سته له خه‌و
ده‌نووسم
هاتبووم شیعرێكت بۆ بخوێنمه‌وه خهوتبووى له شیعرێكى تردا
-كێ نووسیبووى؟
" كتێبێك له باره‌ى ئه‌و گولله‌ى كه هه‌زار ساڵه ته‌قێنراوه و چه‌ند هه‌زار ساڵه لێم دهگهرِێت، شاڵاو حه‌بیبه"
وه‌ك له خوێندنه‌وه‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ماوه‌ى گرژبووى په‌یوه‌ندییه‌كان و بۆشایى نێوان وشه‌كان پشت به كه‌له‌پورى لێوردبوونه‌وه ده‌به‌ستێت، به‌ڵام لێوردبوونهوهیهكى نهلیستییانه، ئه‌گه‌ر نهلیستیى په‌یوه‌ندى به (واقیعى گوماناویى) و (دڵهرِاوكێى مانا لێڵهكان)ه‌وه بكات، ئه‌وه مه‌به‌ست له كه‌له‌پورى لێوردبوونه‌وه له كۆمه‌ڵگاى داخراودا په‌یوه‌ندى به ناوكۆیى كراوه‌وه هه‌یه، چونكه كۆمه‌ڵگا داخراوه‌كان هه‌میشه به‌نده‌ى ناوكۆییه ئهخلاقیهكانن نه‌ك لێوردبوونه‌وه! له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش جیاوازى نێوان نهلیستییهتیهت و ئاژاوهگێرِیمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه ئاژاوهگێرِیى له لێوردبوونه‌وه و رامان ده‌رناكه‌وێت، به‌ڵكو له ره‌فتاردا به‌رجه‌سته ده‌بێت، به‌ڵام لێوردبوونه‌وه‌ى نهلیستى له زه‌مه‌نه‌دایه!
هه‌ڵبه‌ته زمان لاى هایدگه‌ر حه‌قیقه‌ت ده‌خاته روو، به‌ڵام زمان لاى شاڵاو حه‌بیبه هه‌ڵگرى لێوردبوونه‌وه‌یه، به‌و مانایه‌ش شیعرى ئه‌و سه‌ر به حه‌قیقه‌ت نییه، به‌ڵكو له دنیایه‌ك ده‌ژى كه لێوردبوونه‌وه دیدگاكانى داده‌مه‌زرێنێ، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات خودى شاعیر به نێو سیاقهكاندا په‌رت ببێ و بكه‌وێته نێو جوله‌ى زهمهنهكانهوه نه‌ك رووداوه‌كان، ئه‌وه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ى تێزه‌كه‌ى هایدگه‌ره بۆ زمان و شیعر و بوون!
شاڵاو حه‌بیبه هه‌میشه له فه‌وزاى وێرانكردنى سیاقهكان دوور ده‌كه‌وێته‌وه، له نێو زه‌مه‌نى رووخانه یه‌ك له دوا یه‌كه‌كاندا خۆى ده‌نوێنێ و ده‌بێته كورِى ئه‌زموونه وێرانه‌كه‌ى مرۆڤایه‌تى و له هه‌موو زه‌مان و مهكانێكهوه سه‌ر ده‌رده‌هێنێت! هه‌ر له‌وێشه‌وه به ئاگاییه‌كى نهلیستى ده‌نووسێت و به‌ره‌و ئه‌زموونى نهلیستیانهمان ده‌كاته‌وه، له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش زمانى ئه‌و ئاگاییه‌كى نهلیستى ده‌خاته‌وه، یان ته‌ڵه‌یه‌كى ئاماده‌كراوه، نه‌ك هه‌ر ده‌مانخاته وه‌سفى مانایه‌كى دیكه‌ى نوێوه و مانایه‌كى نوێ بێ‌دار ده‌كاته‌وه، به‌ڵكو هه‌وڵى ئه‌زموونێكى دیكه له‌گه‌ڵ زمان ده‌دا و به‌ره‌و كه‌وتن و بۆشایى یه‌ك له دوا یه‌كمان ده‌كاته‌وه، نه‌ك سه‌لماندنى رووخانه یه‌ك له دوا یه‌كه‌كان... به‌و مانایه‌ش زمانى شیعریى شاڵاو حه‌بیبه زه‌مه‌نى وجودى جێده‌هێڵێت و به‌ره‌و زه‌مه‌نى عهدهمیمان ده‌بات!
كه‌واته لهپرِ ده‌ركه‌وتنى ئه‌و په‌یوه‌نده نوێیانه‌ى نێوان وشه‌كان، یان بێداركردنه‌وه‌ى مانا و رۆناككردنهوهى مانا لێڵهكان له دووتوێى زمانى كرده‌دا خۆى دروست ده‌كاته‌وه، ئه‌وه په‌یامى سه‌رده‌مێكه بۆ بۆشاییه‌كان، په‌یامى رێبوارێكه به نێو بۆشاییه‌كانى زه‌مان و مه‌كاندا به ئاگاییه‌كى نهلیستییهوه ره‌تده‌بێت، كتێبێكى كراوه‌یه خوێنه‌ران بۆ رۆیشتن به نێو بۆشاییه‌كاندا هانده‌دات، په‌یامى نه‌وه‌ستان و بهدواداگهرِانه و له سه‌ر خود راناوه‌ستێ، له بۆشاییه‌كه‌وه به‌ره‌و بۆشاییه‌كى دیكه و له عه‌ده‌مێكه‌وه به‌ره‌و عهدهمێكى دیكه هه‌نگاو ده‌نێت، له زه‌مه‌ن و مه‌كاندا ده‌توێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى به عه‌ده‌مدا گوزه‌ر بكات، به‌ڵام وه‌ك گوتمان ناكه‌وێته نێو فه‌وزاوه، به‌ڵكو به بێداركردنه‌وه‌ى مه‌عریفه‌ى شیعرییه‌وه ده‌لكێت، خوێنه‌ران له نێوان رهشبردنهوهى بۆشایى عه‌ده‌مى و بێداركردنه‌وه‌ى ئاگایى، هه‌نگاو ده‌نێن... له نێوان لێوردبوونه‌وه و بێداركردنه‌وه‌ى مانا لێڵهكان دووباره بهدواداگهرِانى خوێنه‌ران ده‌ستپێده‌كاته‌وه، له نێوان وێنه و دۆزینه‌وه‌ى مانا خوێنه‌ران چێژ له بۆشاییه‌كان وه‌رده‌گرن.
ده‌رئه‌نجام:
له كۆى ئه‌و نووسینه‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، كه شیعره‌كانى شاڵاو حه‌بیبه سه‌ر به مانا باوه‌كانى زمان نین، ناكه‌ونه سه‌ر ئه‌وه‌ى زمان ده‌مانبات، به‌ڵكو زۆربه‌یان ساتمه به خوێنه‌ران ده‌كه‌ن و به‌ره‌و ماناى لێڵ و بێداركرنهوهى مانا دهرِۆن و واقیعێكى گوماناوى دروست ده‌كه‌ن، له ده‌رئه‌نجامیشدا خوێنه‌ران ده‌خه‌نه دڵهرِاوكێوه. به‌ڵام به‌شێك له شیعره‌كانى خوێنه‌ران ده‌خه‌نه سه‌ر رهشبردنهوهى بۆشایى و به‌ره‌و دۆزینه‌وه و بهدواداگهرِانى به‌رده‌وام هانیانده‌ده‌ن، له‌و بهدواداگهرِانهشدا خوێنه‌ران زه‌مه‌نى وجودى جێده‌هێڵێن و له لێوردبوونه‌وه‌ى بۆشایى چێژ له تاریكى و نهلیستییهت وه‌رده‌گرن. له‌و به‌شه‌دا شاڵاو حه‌بیبه سه‌ر به ئاگایى نهلیستییه و ناكه‌وێته نێو حه‌قیقه‌تى زمانى باوه‌وه.