" لە دەستم بەرمەدە دامەن ، نەبادا بمکوژێ هیجرەت
نەبادا خوێنی ناهەق ، دامەنت بگرێ لە مەحشەر ! "
                                                     (سالم)

 
١
ئەو شیعرەی تۆ لەوێیت ؛
چەند تەڕە بێدەنگییم ،
چۆن دائەکات سوتانم !
ئەو سروەیەی تۆ هەڵئەکەیت و
لە باخچەکانی تەنیایی ئەگەڕێیتەوە ،
بۆ نزای تەیرەکانی ناو دڵی خۆت ئەگەڕێیت
کەچی منی گۆرانیی ئەدۆزییەوە ، کلارا !
٢
کە هەتاوی شیعر خامۆش ئەبێت
داگیرسانی تۆ
من ڕوناکتر ئەکاتەوە ، کلارا!
٣
بە ناو خۆتدا بمگێڕە .
بۆ شاری گوڵەکانت حەجێکم پێ بکە ،
حەجێ ، لە 'مەدینە' ی دڵتا بمرم ، کلارا !
٤
بۆ ئەوەی بمخەیتە گۆرانی
لەگەڵ کانییەکی دەفژەن دێمە لات ،
بە شمشاڵێکی گەڕۆک ئەڵێم
ماچەکانی تۆ بژەنێت ، هیچی تر نا !
٥
دڵم دەمێکە وەک ئەستێرەیەکی بێدەنگ
ئەڕژێتە ناو تریفەی ژنێتیی تۆوە !
٦
کلارا ؛
تۆ هەمیشە تەنیا بە ، تەنیا !
تۆ گوڵگرتنت هەر بە تەنیایی لێ دێت !
٧
ئەو نەبا ؛
کلارا نەبا
گەزۆی ئەم هەموو گوناهە
نەئەبارییە سەر گەلاکانی ڕۆحم !
شەرابی قسەکانی ئەو نەبا ، کلارا ئەڵێم ،
من نەمئەزانی ، ئەبارێم یان نوێژ ئەکەم !
٨
تۆ بە عیشق ، خەیاڵی خۆت ئەشۆیت و
لێرەش دڵڕەقیی ئەبارێت ، کلارا !
لە نێوانی عەرشی بێمروەتیی و
هەنارستانی وەفادا
تۆ بڕوانە سەبای لە تۆوە هەڵکردووی ئەوین
چۆن لە مێرگی دڵی منا ئەشنێتەوە ، کلارا !
٩
تاقە وڵاتێک بەبێ شەڕد اگیرکرابێت ، منم ،
داگیرکەرەشم تۆ بویت ، کلارا !
١٠
بهێڵە شتێکت لا بدرکێنم کلارا ؛
لە هەندێ باریندا
عیشق هێندە ترسناک دائەکات
بۆی هەیە دڵێ ، ژنێک ، پیاوێک
یان هەموو دونیا وێران بکات !
١١
من نامەوێت
وەک زارای ناو گۆرانییەکە
سوبح و ئێوارێ بە لەنجە و لار بڕۆیت !
من ئەمەوێت وەک دڵم ڕێ بکەیت
من ئەمەوێت کە مردن هات
پێکەوە چرایەک بە داری گیانەوە هەڵواسین .
لە ماڵی گۆڕستان یاخی بین .
کە مردن هات
لە بیرت بێ ، یەک گۆڕ بۆ هەردووکمان لێدەین !
١٢
گەر لە ژەنینی سازی قەسیدەم بێزاریت
سەری خۆم و قەڵەمم هەڵئەگرم
ئەچمە خەونی ژنێکی ئازەریی
ئەبمەوە بە قەرەجی وڵاتان
دەوارێکی شین
لە ناوسپێتیی ئاسمان هەڵئەدەم !
لە ناو ئەستێرەیەکدا بە دەم نزاوە هەڵئەبم
وەک سەبای خەمێک هەڵئەکەم و
دونیا پڕ ئەکەم لە چریکە ؛
+ خودایا چەند جیلوەدارە قیبلەکەی ڕوخساری "ئەو"
چەند تەسکە کراسی ئەم زەمینە
بە بەری عیشقەکەی "ئەو"!
خودایا لە ناو بیابانی نوسینەوەی 'هیچ' دا ،
بمکە بە نەمامێک لە وشە و
بمخە ناو دەفتەری قسە و کەلامی خۆشی "ئەو" !
ئۆهـ خودایا !
چەنێ سەختە ڕێکردن بە کۆڵانەکانی شیعردا
بەبێ سێبەرە سەوزەکەی"ئەو" !
١٣
قەرارە بەعیشقەوە بێیت و
هەر بە عیشقیشەوە
سەفەر بە دڵی نەگەییوم بکەیت !
بڕیارە حیکایەتێ
لەگەڵ شەراب بگێڕیتەوە
حیکایەتێ تیایدا
عیشق دیوار نەناسێت ، کلارا !
١٤
خۆتت لێئەبارێت
ئەو دەمەی لەو دیو هەوری ڕوانینەوە
بۆ پەنجەرەیەک ئەگەڕێیت
کەمێک عیشقی لێوە بهێنیتە ژوورێ !
لە خۆت ئەچیت
ئەو دەمەی نوێژی قەسیدەم
ڕووەو کەعبەی دڵەکەی تۆ دائەبەستم .
لە خۆت ئەچیت لەناو دڵما ،
خۆت هەر خۆتی !
هەر خۆتی خۆت ...!
١٥
بە گوڵی سینەتا ئەزانم
ڕۆحی تۆ چەندین جار
کەوتۆتە خەرەندی غەریبیی و ،
بە جیلوەی ڕژاوی ڕوخسارتا ئەزانم
دڵی تۆ چەندین جار
وەک بلووری شیعری من
بە دەستی تەنیایی شکاوە !
بە شەوقی کوژاوەی ڕوانینتا ئەزانم
هەنگی گریانت چەندین جار
لە سەفەری نەبڕاوەی عیشقدا جێماوە !
بە خۆتدا ئەزانم بەدەم عیشقەوە
چۆن ئەشنێیتەوە ، کلارا !
١٦
ئێمە ، نە لە باخی فیراقدا ، دەستبەرداری یەکتر ئەبین
نە لەسەر پشتی ئەسپی ویساڵیش ، بەیەک ئەگەین !
ئەم ئاوابوون و سوتانە ناوئەنێیت چیی ؟
ئەم پەپولەی ئینتیزارە
لە کام دەفتەری خەیاڵدا مۆمیا ئەکەیت !
تۆ ئەستێرەی تەنیایی من ئەبینی و
کەچی من ئاسمانە غەمگینەکەی تۆ نابینم
هەرمێیەکی چەندە بێباکە دڵی من ،
سەحرایەکی چەندە بێ کانیی و بێ ئاوە دڵی من !
بێ تۆ ، بێ نەورەسی ئەوینی تۆ
خوا نغرۆی کا ، وێرانی کا ئەم دڵەی من !
١٧
ئەم عیشقە ، وەک جەنگ وێرانمان ئەکات
ئەم عیشقە ، وەک مۆسیقا دڵمان ئەخوات !
ئەم عیشقە
بە نەزمێک خۆی ئەژەنێ
لە درزی دڵەوە دێتە ژوورەکانی ڕۆحەوە !
ئەم عیشقە کە دێت
دەست ئەخاتە دەستی باران و
لەگەڵ حەرفەکانی ناوەکەی تۆدا شەڕە ئاو ئەکات .
یان هەر بە دەم ڕێوە
ورتە ورتێک ئەکا و ئەپرسێ ؛
ئەبێ کەون چۆن بڕوخێ
ئەو دەمەی من و تۆ بەیەک ناگەین !
ئەو دەمەی تاریکیی کۆچی تۆ
بە دەیان چرای خەیاڵ و
بە سەدان مۆمی قەسیدەش ڕۆشن نابێت ،
ئەبێ چۆن چۆنی بسوتێت هێلانەی دڵ !
ئەبێ چۆن چۆنی وێران بێت
مەملەکەتی دڵنیایی !
یان لە جانتاکەی پایزدا
ئەبێ چۆن چۆنی هەڵوەرێن
کتێبە زەردەکانی تەمەن !
ئەبێ تۆش لەگەڵ قافڵەی کام بارانی دڵا
مانگی ماڵئاوایی من بخەیتە ڕێ ، کلارا !
ئیتر چۆن دەستی کانییەکی خۆتم ئەدەیتێ
هەتا لە شەوی ئەم بیرە قووڵەی تەمەن بێمە دەرێ!
ئاخر من لەگەڵ "مەحوی"دا
خانە و ماڵی ئێوارانم ، دەیری عیشقەکەی "ئەو" بوو
کەچی جێیەکم بە گۆرانیی و سووتن لەوێ نەگرت !
بۆ دواجار بمخەرە وە سەر کەڵکەڵەی
پۆشینی " کراسێک لە ئاگر " ی سەرهەڵگرتن
خۆهەڵگرتن !
منی گوناهبار بە شیعر ،
تازە جێگەم لە خەریتەی عیشقی تۆدا نابێتەوە !
منێک کە لەگەڵ نیشتمانەکەم ،
نیشتمانی خاڵییم لە تۆ
نیشتمانی خاڵیی لە خۆم ، خاڵیی لە "ئەو" ،
هەموو بەیانییەک لێرەدا
لەم ماڵە چۆڵەی ڕۆحمدا
پێکەوە قاوەیەکی تاڵ
بەدەم خوێندنەوەی ڕۆژنامەکانەوە ، ئەخۆینەوە !
چەند هەواڵێک لە قولاپی ڕوانینمان گیر دەبن :
لە ئەستێرەخانەی گیانێکدا ، نورێک ڕژا !
لە چراخانی دڵێکدا ، لالەی ئەوینێک درزی برد !
لە مەیخانەکەی عیشقیشدا ،
بادەی ماچێ کەوتە خوارێ !
کەچی نە ئاسمان لە خەوێ ڕابوو ،
نوری ڕژاو کۆکاتەوە .
نە ئاگر لە کورسییەکەی هاتە خوارێ
چراکان لە سینەی خۆیدا داگیرسێنێت .
نە دەستی تۆش
بادەی ماچەکەی منی هەڵگرتەوە !
کلارا !
منی گوناهبار بە شیعر ،
تازە جێگەم لە خەریتەی عیشقی تۆدا نابێتەوە !
 
 
٢٠١٥