بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی
تێگەیو شیوەنیە ئەمڕۆ، دا سبەی شایی بکا
پێگەیو دەروێشە، دا سوبحەی شەھەنشایی بکا
نووری عومری صەرف ئەکا بۆ کەشفی تاریکیی لە خەڵق
وەک چرا ھەر کەس بە شۆخیی مەجلیسئارایی بکا
گەر لە دنیا چاکەیێ صادر بوو، تەفرەی پێ نەخۆی
ڕووسپی ھەر ڕووڕەشە گەر بێ صەد ئازایی بکا
بۆ دوکانی موشتەریگر حەول ئەدا کاڵافرۆش
دینی وا دێنێتە قیمەت خواجە ئەعضایی بکا
ڕەم دەکا حەتتا لە میھر و مەھ جنوون ئادابی عیشق
سێبەری لێ بارە ھەر کەس مەیلی تەنھایی بکا
مادەری گێتی لە شیری بڕیەوە، دەبڕێتەوە
فایدەی چی شەخصی لێ کەوتوو بەدادایی بکا!
با حەقیشی بێ، لە بۆ (مەنصوور) (أنا الحق) حەق نییە
شێتییە مەجنوون ئەگەر بێ نازی لەیلایی بکا
زوشت و ناشیرینە پیر، ئەمما چ شیرینە، ئەگەر
چاوی خوونباری نەدامەت ڕیشی خورمایی بکا
دڵ لە ئیدراکی حەقیقەت بێبەشە بێ داغی عیشق
(مەحویا) دانا دەبێ بەم چاوە بینایی بکا