كوڕیژگەی بێكەس
ئەیوت بەنیازە گورچیلەیەكی بفرۆشێت بۆ باوكی
ئەیوت باوكی دەردێكی بێئامانی گرتووە
دوای چەندڕۆژێك من ئەوم لەژێر لافیتەیەكی ڕەشدا بینی
كەكراسە دڕاوەكەی دایكی بوو
ئەو ئەیزانی خۆر ئەڕوات و درەختەكان بۆ یەكتری ئەسوتێن
كەچی مرۆڤ مرۆڤ ئەبڕێتەوە
ئەو ئەیزانی بەرد بۆ بەرد دڵی نەرم ئەبێت و
مرۆڤ ھەر بە دڵبەردی ئەمێنێتەوە
ڕۆژێكیان
تفەنگێكی لە باڵای خۆی بەرزتریان كردبووە شانی
من ئەمزانی
ئێوارەیەك وەكو سەگە پۆلیسیەكان بەری ئەدەنە گیانی ئەم و ئەو
بەیانییەك وەكو ئەسپی قاچاخچیەكان گیانی ئەبێژن
دەستم بشكێ مناڵیەكی دلڕەق و شكاوی بەڕێكرد
دڵم ورد بێت دڵێكی باش و چارەنووسێكی خراپی ھەبوو
بەڵێنی دابوو كەس نەكوژێت و نانی گەرم بۆ دایكی بھێنێتەوە
بەڵام وەك تاریكی لەتاریكیدا جەنگ قوتی دا
وەك ئەو مەلە وێڵەی بەئاسمانی شارێكدا ئەفڕێت
دایانە بەر ڕێژنەی گوللە
من مامۆستای بووم و
ئەو كوڕێكی نەوجەوان بوو
بە جوتێك پێڵاوی كچانەوە ڕۆژانە ئەھاتە حەوشەی قوتابخانە
كە كچە دراوسێكەیان گەورەبووبوو، پێی دابوو
ڕۆژێك لە تەریقیدا ڕۆیشت و ئیتر نەھاتەوە
دەستم بشكێ وەكو سەربازێكی پێكراو ئەشەلی
پێڵاوەكانی تەنگ بوو وەكو ئێستای دڵم
---
دەزگیرانەكەم ئەڵێت تۆ ژەھریت
من مناڵێكی بچووكم
ژەھر نابێ لەبەردەمی مناڵدا دابنرێت و بخورێتەوە
خوشكەكەم ئەڵێت تۆ شارێكی بێدەنگیت
لە دوای جەنگێكی وێرانكەر
ئەبێت ئاوەدان بكرێیتەوە
باوكم ئەڵێت تۆجەرگی ئەو ئاسكە سەربڕاوەیت
لەسەر خەڵوز كە
كەلـلەسەری لە ماڵی سوڵتاندا ھەڵواسراوە
مۆسیقارەكە ئەڵێت
تۆ ئەو دەنگەی لە بێدەنگیدا ئەبیت بەئاواز
ھاوڕێ شاعیرەكەم ئەڵێت
تۆ خوێن و كوكوختیت
جادەیەكیت لەوسەری خەیاڵەوە دێیتەوە
تۆ ڕێگایەكیت بەناو شەودا ئەڕۆیت
دكتۆرەكەم كە بەسەر یادەوەریما ئەڕوانێت
ئەڵێت تۆ برینێكی قوڵی، نابێت بكولێیتەوە
بەڵام لەنێو مندا تەنیا منداڵێكی خەوتوو ھەیە
سەری لەسەر ئەڵغامێكە و
خەو بە دنیایەكی جوانترەوە ئەبینێت
---
مهی پهستێنه
ئهو كهموڵهی لهمێژه پڕبووه لهئازار
ئهم جهستهیه لهبهر جێ برین
جێیهكی نهماوه بۆ تاتۆی گوڵێك
ئهو كاتژمێرهش لهناو ئاودا خنكاوه
دهبوو لهمێژه بووهستێت
ژیانیش ئهو بهفره بوو له حهوشهكهی ئێمهدا نهباری
بهختهوهریش ماسییهك بوو
له ڕووبارێكدا
بهناو پهردهی پهنجهرهكهدا دهڕۆیشت
ئاگات لێی بێت دوكتۆر
ئهم ئاوێنه زۆر لهوه زیاتر شكاوه
وێنهی كهسێكی تهواوی تێدا ببینی
وه ئهو دڵهش بهكارهبا ژیانی بۆ دهگهڕێنیتهوه
دڵ نییه
پهپوولهیهكه له سینگیدا
دهنگی باڵهكانی دێت
----
هاتن و زیندانیان بۆ خۆشەویستی دروستکرد
هاتن و بیریان لە ئازاری نان نەکردەوە،
خەیاڵیان لای هەڵفڕین بوو
عەشقیان خستە ناو چوارچێوەوە
بەڵام برسیان بوو
باڵندەکان قەفەزەکانیان خوارد !
----
تا چاو بڕكات مرۆڤ بەدبەختیەكە بێسنوور
جاڵجاڵۆكە چەند ئاسوودەیە
منەتی قاڵیچنێک ناكێشێت فێری كردووە
بەئاسمانەوە ماڵەكەی بچنێت
تۆ سەیریکە یارۆ مرۆڤ چ بەدبەختییەكە!
قەلەڕەش چەنێك عەبەسییە بەبێ ئەوەی كافكا و هیدایەت بناسێت !
ئاسك چەنێك جادوكارە ڕاوچی ئەخاتە داوی چاوەكانی!
كوكوختی چ مۆسیقارێكە هەر بە مناڵیی كەمانێك لە گەرویدا ئەژەنێت !
گوێچكەماسی چەند زەنگینە بە مرواریەكەوە لە دڵیدا
دراوسێیەكی نییە لە ئیرەیی!
گورگ چەنێك دەروونی ڕووناكە لە تاریكییدا تاڵەموو ئەبینێ !
بەبێ ئەوەی چەكی كردبێتە شان،دووپشكە لە جیڤارا شۆڕشگێڕترە
سكی ئەكات بە سفرەی بێچووەكانی
خودایە تاوس چەنێك دڵی خۆشە بەبێ ئارایشت ،
ئەو هەموو جوانییەی هەیە
كیسەڵ چەنێك بەختەوەرە لە قاوغەكەیدا كرێی خانوو نادات!
---
من تۆم لەبەر خاتری تۆ خۆش دەویست،
دەرگاکە پێوە بدە و بڕۆ
بێدەنگ ئازار و جگەرە ئەکێشم
بێدەنگ جلی ئەو هەموو خەیاڵە جوانەت لەبەر دائەکەنم.
بێدەنگ بۆ هاوڕێ شاعیرەکەم ئەنووسم :
عەشق مۆدی نەماوە دڵت بگۆڕە.
دنیا هەمووی ڕوو خاوە بەسەر یەکا.
بۆی ئەنووسم:
جیهان وەکو قژت ئاڵۆزکاوە.
بۆی ئەنووسم :
شەو قەلەڕەشێکی نەخۆشە و ،
(با) دڵی منی برد.
بۆی ئەنووسم:
ئاسمان ساماڵێکی سپی نییە،
لەناو کتێبی (شەوە سپیەکان)ا،
تەنیا لە خەیاڵی تۆدا نیانە و
عەشق بە دووباڵی سپییەوە ئەفڕێ.
بۆی ئەنووسم:
ئیتر ئەو هەموو نابووتییە ئارایشت مەکە،
ژنەکان؛
ئاوێنەکانیان لە شیعر زیاتر خۆش ئەوێت.
---
بیكەرەوە
ئەو دەرگایەی ساڵەھایە داخراوە
دڵ ئیتر دڵ نییە كۆترە، سەری بڕە
بیكەرەوە ئەو دنیایەی وەكو قژت ئالۆزكاوە
ئەو قوفڵەی لە چاوەڕوانیدا ژەنگی كردووە، بیكەرەوە
گەر تۆم نەبیت
دڵێك لە تەنھاییدا ئەبێت بە گرێکوێرە،
بیكەرەوە
گەر تۆم نەبیت
من ئەو مارەم
لە تەنھاییدا بووە بە كڵافە
---
له مهراسیمهكاندا بەپێوە ئەوەستم
دهقیقهیهك بۆ گیانی پاكی ئهو دۆلفینانهی
بۆ بیربردنهوهی ئازارهكهی دڵیان
بهمهرگ خۆیانیان سهرخۆشكرد
دهقیقهیهك بۆ گیانی پاكی ئهو ماسییانهی
دوای تێکشکانی كهشتییه نهوتهكان سهر ئاو كهوتن
دهقیقهیهك بۆ گیانی پاكی ئهو موسافیرانهی
به قاچاخ دڵی خۆیان ئهبرد بۆ وڵاتێكی تر و
ژێر ئاو كهوتن
دهقیقهیهكیش بۆ گیانی پاكی ئهو ڕاوچییهی
تفهنگهكهی شكاند و له برسانا مرد
دهقیقهیهك بۆ ئهو ورچه سپییانهی جهمسهرهكان
لهبهر توانهوهی سههۆڵهكان و تێكچونی سروشت
بێچوهكانی خۆیانیان خوارد
دهقیقهیهكیش بۆ كچ و كوڕه جوانهكانی مهریوان
لهسهرباڵای عامودهكان هێلانهیان دروست كرد
بۆ ئهوهی كاتی هاتنهوهی حاجی لهقلهقهكان
ههست نهكهن میوانن
ڕۆژێكیش بۆ حاجی لهقلهقه شههیدهكهی ههولێر
به بێدهنگی
به پێوه ئهوهستم
تهمهنێكیش بۆ گیانی پاكی عهشق ئەكەومە سەر ئەژنۆ
كهس پێی نهزانی و
به بێدهنگی له ناو ماندا مرد
---
مەهێڵە وەکو کۆتر لە سەربانەکەتان بنیشمەوە
وەک چۆلەکە بێمە حەوشە و هەیوانەکەتان
بە پێڵاوی قوڕاویەوە
بەسەر فەرشی خۆزگە و خەیاڵەکانتا بڕۆم
ئەگەر وەکو مەلێکی بریندار
لە هەر گوێسەبانەیەکدا منت بینی
هەڵمفڕێنە
بەهەر درەختێکەوە نیشتمەوە
ئاگرێک بنێ بەڕەگ و ڕیشەیەوە
لەهەر ژوورێکی چۆڵی داڵغەتا گۆرانیم وت
کاولی کە
ئێوارەی پایزێک
وەکو گەڵایەکی نەخۆش
هاتمە بەر دەرگای یادەوەریت
تۆ دەرمکە
من گریانێکم
لە گەروی تۆدا گیرم خواردووە
---
من ئازارێكی پێخاوس بووم
كەڕۆڵێكی جوانم لە دنیایەكی ناشیریندا ئەبینی
وەك ئەو سەربازەی بەیەك قاچەوە
لە شانۆیەكی كۆمیدیدا
تەماشاكاران ئەخاتە پێكەنین
وەك ئەو پێكراوەی گوللە بەشێكی دەموچاوی بردووە
ڕۆڵی كەسێك ئەبینێ
ماسی بەشێكی خواردبێت
من ڕۆڵێكی جوانم ئەبینی لە دنیایەكی ناشیریندا
بەئەندازە گوڵەئەستێرەیەكی ونبوو لە ڕوناكایی مانگدا
من بچوك بووم و دنیا گەورە
من خەیاڵی ئەو پەپوولەم ھەبوو لە پایزدا
ئەیویست بڕوا بەگوڵێكی پەژموردە بھێنێت، بەھارە
وەكو ئاسكێك بە جادە ی ئوتوبانەكەدا ئەڕۆیشت و
وای نیشان ئەدا شارستانییەت دەستی نەگەیشتوەتە سروشت
پڕی بكات لە دوكەڵ و ڕۆبۆت و برغۆ
بەڵام من ...
ئەو گوڵەئەستێرەی لە پەرداخی مەیدا خنكا بوو
ئەو زیکزیكەرەی شەوەكانی ھاوینی پڕ ئەكرد لە گۆرانی
ھیچی ئەم دنیا كۆنەم نەگۆڕی بوو
ھیچی ئەم دنیا تاریكەم ڕوناك نەكردبوو
وەكو شیعرێكی ھەڵواسراو وا بووم
بەدیواری كارخانەیەكی چەكسازیدا
---
من لەو فڕۆكە ئەچم
كەبەر كێوێك نائومێدی ئەكەوێت و
لە دەریادا تێك ئەشكێت
تۆ لەو كەشتییە ئەچیت لە دواساتی غەرقبووندا
بەلاتدا تێ ئەپەڕێ و بە نوقومبوونت پێئەكەنێت
یا وەك گوڵێك بۆ تەنھا بۆنكردنێك لێی ئەكەیتەوە و جێی دێڵی
تۆ لەو چەقۆ ئەچیت لە كاتی سەربڕینی باڵندەیەكدا
بەسەر ملتدا تێ ئەپەڕێ و خوێن جێ ئەمێنێ
ئێستا من سەیری ئەو چەقۆ ئەكەم و
بیر لە تۆ ئەكەمەوە بە ناو دڵما تێپەڕیت
لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا
وەك یاریچییەكی دۆڕاو سوێند ئەخۆم
*بەقەد گۆڵی دەقەی نەوەد جوانی!
---
ڕۆحی کەسمان مۆمێک نەبوو بۆ دڵی ئەو
لە دۆسیەکەیدا نوسرابوو
مردنی ئەو چیتر شاعیرانە نییە
ناوی پەروانە بوو
ڕۆژێک لە داخی ئەو هەموو زوڵمەی ژیانی ئەو کرا
بە نەوت و شقارتە خۆیی سوتاند
---
باوکم ئەیوت
جاران کاروان بەیانیان بەڕێ ئەکەوت
مێخەک و ڕازیانەیان لە وڵاتی دورەوە ئەهێنا
لەبری عەتر بوغوردیان لە ماڵا ئەسووتاند
لەبری ئاڵتوون مێخەکیان ئەکرد بە ملوانکە
جاران خەڵک...
ماڵەکانیان بە گوڵی سرووشتی ئەڕازاندەوە
ئەوسا کاتژمێری زەنگدار نەبوو
بەیانیان بە دەنگی کەڵەشێر لەخەو ڕائەبوون
تەماشای ئەستێرەکانیان ئەکرد و
ڕێگای کاروانەکانیان ئەدۆزیەوە
عەسرێک چۆلەکەکان مەلەیان کردبا
ئەیانزانی بۆ سبەینێ باران ئەبارێت
ئەو ئەیوت:
جاران عاشق و مەعشوق لە تابوتێکا
لەبری یەکتری ئەڕۆیشتن
لەلای باوکم هەرجاری جاران خۆشترە
ئەو تاکو ئێستاش ئەڵێت:
شاعیرەکان لە حەسرەتا
بەدیار مۆم و پەروانەوە شیعریان ئەنووسی
ئەوسا خەڵک کارەبای نەبوو
بەڵام
مناڵەکەی ناو ئەنا چرا
----