سەد کە پاشای،1 حەز بکەی هەر جۆر موکافاتم ئەدەی2
من قسەی حەق هەر ئەکەم سا چۆن موجازاتم ئەدەی
من بە تەختی خوسرەو و جامی جیهانی تێ ئەگەم
تۆ بە مەئموور و ئیعانەی دۆم و خەڕاتم ئەکەی
من بە سەد میننەت لە نەحلی لێوی یاری خۆم ئەخۆم
تۆ بە شاگردی دووکانی مەروەقە و نانم ئەکەی
من ڕەزا نابم بە نانی گەندومی ئادەم فەریب
تۆ ئومێدی کوورەخانەی نانەواخانم ئەکەی
من لە شاهی خاوەنی فێڵ و عەلەم پەروام نییە
تۆ بە ژێر دەستی پیادە و ئەسپەوە ماتم ئەکەی
في المثل من موسلیمم دەعوای موسڵمانیم هەیە
تۆ حەواڵەی مەسئەلەی ئینجیل و تەوراتم ئەکەی
نەزم و نەسری 'تاهیر' ئیمڕۆ بۆتە ئەورادی زبان
تازە دێی فێری قەسیدە و شیعر و ئەبیاتم ئەکەی

-----------------

1. پاشا: مەبەستی وەسمان پاشای جافە، باوکی تاهیربەگی جاف
2. تاهیربەگ ئەم هەڵبەستەی لە وەڵامی باوکیدا نووسیوە، کە داوای لێ کردووە پچێ بۆ سەیدسادق و لەوێ ‌ببێتە حاکم.

 

نووسینەوەی 'ماڵێک لە ئاسمان'، دیوانی تاهیربەگی جاف، کۆکردنەوە و ئامادەکردنی: حەسەن گۆران، دەزگای ڕۆشنبیریی گۆران