ماڵەکەی نزار قەببانی

مەحمود دەروێش
و . جەمال غەمبار

ماڵی ئەم (دیمەشقی) یە ،
ماڵێکە لە شیعر
هەر لە زەنگی دەرگاکەوە هەتا سەرچەفی جێی نووستن ،
قەسیدە دەبێتە ماڵ و دەبێتە ئەندازەی هەور !
ئەم دیمەشقییە ؛
لە دەمی نووسیندا
لەسەر کورسی و مێز دانەدەنیشت .
شەوانە لە سەر بالیف دەینووسی و ،
بیرەوەرییەکانی کۆتر ، خەونەکانی ئەویان تەواو دەکرد !
سپێدانیش ،
بە - با - ی هەناسەی ژنێک لە دارخورمای عێراق ،
بە ئاگا دەهات .
ژنێک ،
سپێدان گوڵە یاسەمینی
بۆ دەخستە ئینجانەوە !
نزار ؛ وەک پەڕی تاوسەکان
کەشخە بوو .
نزار ؛ (دۆن جوان) نەبوو ،
کەچی ژنان
دەبوونە کەنیزەکی شیعر و
لەسەر دڵی دەنیشتنەوە و
دواجار دەچوونە نێو پەیڤی گۆرانییەکان !
ئەو بە تەنێ پیاسەی دەکرد .
کە نیوەشەویش دادەهات ،
خەون پیاسەکەی پێ دەبڕی :
کەس نییە بە لای ژوورە چۆڵەکانی دڵمدا تێپەڕێ و
سڵاوێک بکات !
لەو دەمەوەی دیمەشقم جێ هێشتووە
ڕوباری (بەرەدا)
ڕژاوەتە نێو وشەکانم و ،
ئەز بەرهەڵڵا بووم !
من شاعیری ڕوناکیی و یاسەمینم ..
زمانی من بێ سێبەر و تاریکییە !
لە زمانی مندا ، هەموو وشەکان
یەک مانا دەبەخشن ؛
ئەویش «یاسەمین »!
(من ) ی خۆڕەس و منی داگیرساو ،
ئەسپی سۆزگرتن
لەسەربانەکانی گۆرانیی
دەخەمە سەما .
کەچی هەورێک ، وردوخاشم دەکات !
وێنەکەم سەرگوزەشتەی منی نوسییەوە و
بۆ ژوورە کەناراوییەکانی ،
نەفیی کردم .
ماڵی ئەم (دیمەشقی) یە ،
ماڵێکە لە شیعر !
لێرە لەم ماڵە شیعرییە ؛
ڕەنگی سەرزەمینی عیبارەت ،
شین و ڕوونە .
شەوی ئەم دیمەشقیە
وەک چاوەکانی خۆی شینە .
ئینجانەی گوڵ شین و
پەردەکانیش شین !
فەرشی ژوورەکەشی هەر شین !
ئەو دەمەشی
بۆ کۆچی (کوڕ) ەکەی دەگری ،
فرمێسکی ئەو
لە داڵانی ماڵەکەدا شین دەچێتەوە !
کەلوپەلی جێماوی
ژنەکەشی لە کەنتۆرەکەدا
شین دەچنەوە !
لێرەوە ، ئیدی زەمین
موحتاج بە شینایی ئاسمان نابێت
ئیدی شیعر ،
چنگێک ئاوی دەریای بەسە
بۆ ئەوەی تا ئەبەد ،
ئەلف و بێ ، شین بچێتەوە !
ئەو دەمەشی لەگەڵ نزار ،
دەمانویست پێکەوە بمرین ،
بە تەنێ ، بە دزیی مردنەوە
پێم گوت:
تۆ پێویستە
هەوایەکی دیمەشق هەڵمژیت !
کەچی ئەو پێی گوتم :
کەمێکی تر بازێک ئەدەم و
دەچم
لە چاڵێکی ئاسمانی دیمەشقا ڕادەکشێم !
ئەز پێم گوت : هەتا چاک دەبمەوە ،چاوەڕێ بە ،
بۆ ئەوەی دوا قسەت بژنەوم !
چاوەڕێم بە و
ئێستا مەڕۆ و
مەمخەرە سەر سەنگی مەحەک و
بە تەنێ، سەرقاڵی هۆنینەوەی یاسەمین مەبە !
کەچی ئەو گوتی :
نا .. تۆ چاوەڕێ بە و
لە دوای من بژی .
چونکە دەبێ شاعیرێک لێرە بێ و چاوەڕێ کات !
بۆیە منیش
مەرگی خۆمم دوا خست و
لە چاوەڕونیدا ستارەم گرت !

----‐------------------------------------------

سەرچاوە : (محمود درویش - الاعمال الشعریة الکاملة ) - المجلد الثالث - ٢٠٠٠ - ٢٠٠٩ - الطبعة الاولی - 2014

سەرنجی وەرگێڕ :
- نزار قەببانی لە دیمەشق لە دایک بووە و وەچەی بنەماڵەیەکی دێرینی ئەو شارەیە . بۆیە م . دەروێش ، نزاری شاعیر بە (دیمەشقی ) وەسف دەکات .
- ژنێک لە دارخورمای عێراق : مەبەست لە خاتوو (بەلقیس) ی هاوژینی نزارە کە بە داخەوە لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکاندا لە بەیروت لە تەقینەوەیەکی تیرۆریستییدا گیانی لەدەست دا.
- گریانی نزار بۆ کۆچی کوڕەکەی : مەبەست کۆچی ناوادەی (تۆفیق)ی جوانەمەرگی کوڕەکەیەتی بە نەخۆشییدڵ لە تەمەنی حەڤدە ساڵییدا . ئەو دەم تۆفیق خوێندکاری کۆلێجی پزیشکیی بوو !
- بەرەدا (بردی) : ڕوباڕێکە بە ناو شاری دیمەشقدا دەڕوات .
- (دۆن جوان ) : لە ئەفسانەیەکی ئیسپانیاییدا کەسێکی زۆر جوانخاسە .
- خۆڕەس : عفوي .

* هاوڕێی شاعیرم کاک سەباح ڕەنجدەر ، لوتفی نواند و ئەم تێکستەی بە تایبەت بۆ ناردم بۆ تەرجەمەکردن . سوپاسی ئەکەم .