ئ/ زانا سامان
تۆ له‌کوێیت ئه‌ی گه‌ڕیده شینپۆشه‌که.. تۆ له‌کوێیت، سێ ساڵه چاوه‌ڕێی تۆین بێیت و بمانبه‌یته‌وه بۆ خۆت و به قه‌ڵه‌مه‌که‌ت, پێشکه‌شمان بکه‌یت به هاوڕێکانت و هه‌ندێکیشمان له سووچی کتێبخانه‌که‌تدا دابنێیت، ئێمه له چاوه‌ڕوانی تۆدا خه‌ریکه دادهڕزێین و ههڵدهوهرێین، سێ ساڵه له ژووره‌که‌ی زانا سامان به په‌تی شیلفێک بهسراوینهتهوهو خه‌ریکه وشک ده‌بینه‌وه، 2007 ئه‌و به‌رواره‌ی ئێمه‌ی تێدا چاپکراین، خۆمان ڕازانبۆوهو ده‌مانویست بمانبینیت و نازت به‌سه‌ردا بکه‌ین، که‌چی وه‌ک هه‌تیو له سوچێکیدا گرمۆڵه کراین و بێ خاوه‌ن ماینه‌وه، ته‌نها دڵمان به‌وه خۆشه که ئه‌و براده‌ره‌ت زوو زوو ته‌پوتۆزی زه‌مانه‌مان له‌سه‌ر لاده‌بات و پاکمان ده‌کاته‌وه، سا تۆ له‌کوێیت ئه‌ی شاعیره تۆراوه‌که؟؟، چ ده‌بێت یه‌کجار ڕووخسارت ببینین و دڵمان ڕۆشن بکه‌یته‌وه؟؟، چ ده‌بێت ئه‌گه‌ر بێیت و له باوه‌شت بگرین و ئامێزت بۆ بگرینه‌وه‌و تۆیش له ئامێزمان بگریت؟؟، ئیتر ئه‌مه یه‌که‌مین نامه‌و دواهه‌مین نامه‌ی ئێمه‌یه بۆ تۆ و ڕه‌نگه ئیتر هێدی هێدی به‌و دهردهمانهوه له‌ناو بچین و نه ئێمه تۆ‌و نه تۆیش ئێمه ببینیت، سا غه‌مباره ئازیزه‌که له هه‌ر کوێ هه‌یت وه‌ره‌وه بۆلامان و ببینه چ کۆمه‌ڵه کتێبێکی بێ نازین!!، چ داڕزاوێکی بێ گوناهین، وه‌ک چۆن ئێمه بیرت ده‌که‌ین، ده‌زانین تۆیش بیرمان ده‌که‌یت، وه‌لێ ڕه‌نگه شتێک هه‌بێت که دیار نیت، ڕه‌نگه له پشت ئۆقیانووسه‌کانه‌وه گۆرانی بۆ سیسبوونه‌وه‌ی ژیانت بڵێیت و به‌دیار ته‌مه‌نی به‌سه‌رچووی خۆته‌وه بگریت، چاوه‌ڕێتین ئه‌ی شاعیره شینپۆشه‌که.. چاوه‌ڕێتین، دهوهرهوهو له‌پاڵ ئێمه‌و هاوڕێکانتدا دابنیشه‌و قه‌سیده‌یه‌ک تا کۆتایی هه‌موو دنیا بخوێنه‌ره‌وه بۆمان... چاوه‌ڕێتین.
نامه‌یه‌ک
له په‌نجا کتێبی شانۆیی ده‌رگاوه
بۆ وه‌رگێڕه ونبووه‌که‌مان