سازدانی: دلاوه‌ر ره‌حیمی
شاعیر و ره‌خنه‌گر عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا له‌م وتووێژه‌دا باس له قۆناغبه‌ندیی شیعری كوردی ده‌كات و پێی وایه كه له دنیای ئه‌ده‌ب و نووسیندا شتێك به ناوی ره‌سه‌نایه‌تی بوونی نییه و بۆچوونی خۆی وه‌ك ره‌خنه‌گرێك له‌باره‌ی شیعری به‌رگریی كوردی و ئه‌ركی زمان له شیعر و ئه‌ده‌بدا ده‌خاته ڕوو.
* به‌و پێیه‌ی كه جگه له شیعر، ئه‌ده‌ب به هه‌موو ژانهرهكانیهوه له‌ناو كورددا نوێیه، بۆ كورد قسه‌كردن له قۆناغه‌كانی شیعری كوردی ده‌بێ ئاوهرِدانهوه و قسه‌كردنێكی جدی بێت. ئایا كورد توانیویه‌تی كاری جدی له‌سه‌ر قۆناغه‌كان بكات؟ بۆ؟
پرسى قۆناغبهندكردنى شیعرى پرسێكی مێژوویییه، پێوه‌ندیی به نووسینه‌وه‌ى مێژووى ئه‌ده‌بى كوردیدایه، ئه‌وه‌ى كه قسه ههڵدهگرىَ قۆناغى شیعرى (كلاسیكى) و (گۆران) و (روانگه‌یه)، به‌ڵام شیعرى دواى روانگه دابه‌شى چه‌ند قۆناغ دهبىَ، ئه‌وه قابیلى مشتومرِى زۆره، ره‌نگه ههندىَ بیر له قۆناغى شیعرى هه‌شتاكان و دواى راپهرِین بكه‌نه‌وه.
من به شێوه‌یه‌كى گشتى له‌گه‌ڵ ئه‌و شێوه باوه له قۆناغبهندكردندا نیم، چونكه پێم وایه قۆناغبهندكردنى شیعرى كوردى هه‌ر ته‌نیا به‌رهه‌مى شیعرى ناگرێته‌وه، به‌ڵكو دهبىَ هه‌وڵ بده‌ین وه‌رگر و خوێنه‌رانیش له‌و پرسه‌دا به‌شداریى خۆیان هه‌بێت، به‌و مانایه‌ش ئه‌وه‌ى مێژووى ئه‌ده‌بى ده‌نووسێته‌وه، پێویسته هه‌ر ته‌نیا جه‌خت له‌سه‌ر به‌رهه‌م و دانه‌ر نه‌كات، به‌ڵكو جه‌خت له پرۆسه‌ى وه‌رگرتن بكاته‌وه، به دیوه‌كه‌ى تریش جه‌ختكردنه‌وه له خوێنه‌ر و وه‌رگر جه‌ختكردنه له پرۆسه‌ى تێگه‌یشتن، كه له رێگه‌ى خوێنه‌ر یان كۆمه‌ڵێك له خوێنه‌ران ئه‌نجام ده‌درێت، له‌و حاڵه‌ته‌ش شیعر ته‌نیا وه‌ك وجودێكى بابه‌تیانه سه‌یر ناكرىَ، به‌ڵكو ناسنامه‌ى ده‌ق به ناسنامه‌ى پێشوازیكهران و پرسیار و ئاسۆى چاوهرِوانیى خوێنه‌رانیه‌وه ده‌ناسرێته‌وه، یان وه‌ك (یاوس) ده‌ڵێت مێژووى ئه‌ده‌بى پشت به حه‌قیقه‌ته ئه‌ده‌بییه‌كان نابهستىَ، به‌ڵكو پشت به ئه‌زموونى پێشووى خوێنه‌ران و كارى ئه‌ده‌بییه‌وه دهبهستىَ، لێره‌دا خوێندنه‌وه خاڵى ده‌ست پێكردنى له ساته‌وه‌ختى ئێستا ده‌ست پێ ناكات، به‌ڵكو زۆر له‌وه كۆنتره. پێشبینییه‌كانمان بۆ ده‌ق به‌رده‌وام ده‌كه‌ونه به‌ر گۆرِان، هه‌میشه ئه‌و تێرِوانین و بۆچوونانه‌ى به‌رگریمان لێ ده‌كردن گۆرِانیان به‌سه‌ردا دێت. به كورتى دهمهوىَ بڵێم ئه‌ده‌ب و خوێندنه‌وه پرۆسه‌یه‌كى بێ پسانه‌وه و به‌رده‌وامه، به‌دیوه‌كه‌ى تریش ئاسۆى چاوهرِوانیى خوێنه‌ر له گۆرِانى به‌رده‌وامدایه، چونكه هه‌موو سهردهمىَ پرس و دنیابینیى خۆى به‌رجه‌سته ده‌كات، ئه‌وه‌ش روویه‌كى تر‌ى مێژووى ئه‌ده‌به، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بیر له قۆناغبهندكردنى شیعرى كوردى بكه‌ینه‌وه، ئه‌وه دهبىَ برِوامان به‌وه بىَ، كه چه‌ند شكاندنى ئاسۆى چاوهرِوانى به‌هێز بىَ، ئه‌وه‌نده به‌ها و بونیادى ده‌ق به‌هێز ده‌بێت. به برِواى من پرسیارى سه‌ره‌كى له قۆناغبهندكردنى شیعرى دهبىَ له تێكشكانى ئاسۆى چاوهرِوانیى خوێنه‌ر و پرس و دنیابینیى ده‌ق بكۆڵێـتهوه.
لێره‌وه ئیتر كارى ئه‌ده‌بى خۆى له مادییهتى گوتن ده‌رباز ده‌كات و بوونى خۆى له ده‌نگدانه‌وه‌ى پرسى جیاوازى خوێنه‌ران هه‌ڵده‌گرێته‌وه، مێژووى ئه‌ده‌بى له پرۆسه‌ى وه‌رگر و به‌رهه‌مى جوانى له ئاستى خوێنه‌ر و ره‌خنه‌گر و دانه‌ر یان به‌رده‌وامیى به‌رهه‌مى ئه‌ده‌بیدا خۆى ده‌دۆزێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ى رابردوو شیاوى سه‌رده‌م بىَ (یاوس) رێكخستنى رابردوو و ئێستا له چه‌مكى (ئاوێته‌بوونى ئاسۆكان) دهخهمڵێنىَ. ئه‌و خه‌مڵاندنه جگه له‌وه‌ى هونهركارى و جوانكاریى ئیبداعى، له رێگه‌ى جۆره‌كانى وه‌رگر و خوێنه‌ر و ئاسته‌كانى خوێندنه‌وه ده‌ستنیشان ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پرس و دنیابینیى سه‌رده‌مى ناوبراویش ده‌خاته به‌ر رۆشنایى و به‌دواداچوونى جیاوازه‌وه. هه‌ڵبه‌ته دهمهوىَ بڵێم ئامانجى ئه‌و تێزه‌ى ره‌خنه‌گرى ئه‌ڵمانى، خه‌ڵقكردنى پرِشنگێكى نوێیه له مێژووى ئه‌ده‌بى كه جه‌خت له ته‌ئویلكردنى ئه‌ده‌بى له ساته‌وه‌ختى (پێشوازیكردن)ى مێژوویییانه ده‌كاته‌وه.
لێره دهشىَ پرسیاره‌كه ئه‌وه بىَ، ئایا ئێمه ده‌توانین قسه له‌و شێوه بیركردنه‌وه‌یه بكه‌ین، ئایا هیچ كاتێك مێژوونووسانى ئه‌ده‌بى كوردى بیریان له پێشوازیكردنى وه‌رگر و خوێنه‌رى جیاواز و ئاسته‌كانى خوێندنه‌وه و ره‌خنه كردووه‌ته‌وه؟ ئه‌و پرسیاره هه‌ر ته‌نیا ئه‌وه‌ى وه‌ك مێژووى ئه‌ده‌بى كوردى نووسراوه‌ته‌وه ناخاته به‌ر ره‌خنه‌ى فره ره‌هه‌نده‌وه، به‌ڵكو به جۆرێك له جۆره‌كان هه‌موو (مێژووى ئه‌ده‌بى كوردیى نووسراو) به‌تاڵ ده‌كاته‌وه، له‌وێوه كه برِواى به خوێنه‌ر و وه‌رگرى جیاواز و دنیابینیى جیاواز و ئاستى جیاوازى خوێندنه‌وه نییه، له‌وێوه كه یه‌ك شێوه‌ى له بهتهمابوونى خوێنه‌رانى به‌دواى خۆیدا كێش كردووه، یه‌ك پرس و دنیابینیى پهرِگیرى هه‌ڵناوه، له‌وێوه كه هه‌میشه له جه‌ماوه‌رێكى یهكرِهنگ هه‌ڵقوڵاوه و برِواى به فره ره‌نگى و فه‌ردانییه‌ت نه‌بووه، یان به‌لاى كه‌مى برِواى به ئاسته‌كانى خوێنه‌رى جیاواز و خوێندنه‌وه جیاوازه‌كان نه‌بووه، بێگومان هه‌تا ئێستاش ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه باوى هه‌یه، له‌وێوه كه نه‌یتوانیوه برِوا به خوێنه‌رى جیاواز و پرسى جیاوازى ده‌ق بكات، له‌وێوه كه یه‌ك جۆر له خوێنه‌رانى به‌رهه‌م هێناوه، خوێنه‌رانێك كه ئاستى خوێندنه‌وه‌یان له ئاستى عهقڵانییهتێكه كه كۆ برِیارى له‌سه‌ر ده‌دات، یان به مانایه‌كى تر ئه‌ده‌بى كوردى جه‌ماوه‌رێكى زێتر مهبهستگهراى به‌رهه‌م هێناوه.
كه‌واته ئه‌و قۆناغبهندییانهى هه‌تا ئێستا بۆ شیعرى كوردى كراوه، له‌وێوه دهشىَ ئه‌رزشى ئه‌ده‌بیانه و ئاستى هونه‌رى و جوانى له ده‌ست بدات، كه هه‌رگیز بیرى له جیاوازییه‌كانى خوێندنه‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه، هیچ كاتێك وێرِاى مێژووى شیعر و قۆناغه‌كان، قسه‌یان له كۆى ئاسته‌كانى وه‌رگر و خوێنه‌ر و ئاسته‌كانى خوێندنه‌وه جیاوازه‌كان نه‌كردووه‌ته‌وه، كه ئه‌وسا و ئێستاى ئه‌ده‌بی هێناوه‌ته به‌رهه‌م. بۆ نموونه قسه‌كردن له روانگه وه‌ك قۆناغێكى نوێى شیعرى كوردى، قسه‌كردن نه‌بووه له خوێنه‌ران و ئاسته‌كانى خوێندنه‌وه و ره‌خنه‌گرانى روانگه، مێژوونووسێكى ئه‌ده‌بى نه‌هاتووه له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌كانى روانگه، قسه له وه‌رگره جیاوازه‌كان و بیرورِا و ره‌خنه‌كانى بۆ نموونه (فواد مه‌جید میسرى) بكات.
ببورن كه من له‌و باره‌وه ناتوانم قسه بكه‌م، چونكه ئه‌و شێوه‌یه له قسه‌كردن پێویستى به به‌ڵگه و پشترِاستكردنهوه و به‌دواداچوونى ورد هه‌یه، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم قسه‌كردنى رشت له‌باره‌ى شیعرى كوردییه‌وه قسه‌كردنه له وه‌رگر و خوێنه‌ر و ره‌خنه و بیرورِاى جیاواز و پرس و دنیابینیى جیاوازى ده‌ق، قسه‌كردنه له هونهركارى و ئاسته‌كانى مه‌عریفه‌ى شیعرى هارمۆنیاى ره‌گه‌زه شیعرییه‌كانى ده‌وروبه‌ر و دنیا، قسه‌كردنه له ناسنامه جیاوازه‌كانى سه‌رده‌م.
* ئاخۆ له چ قۆناغێكدا كورد توانیویه‌تی شوناس بۆ خۆی دروست بكا؟ ئایا شتێك هه‌یه به ناوی شوناسی شیعری؟ یان بێ ناسنامه‌یی؟
به برِواى من له دنیاى ئه‌ده‌ب و نووسیندا شتێك به ناوى ره‌سه‌نایه‌تى بوونى نییه، چونكه هه‌میشه ئه‌ده‌ب و بیركردنه‌وه برِواى به سنوورداركردن و چوارچێوه‌ى دیاریكراو و جوگرافیاى دیاریكراو نییه، جوانیى ئه‌ده‌ب له تێپهرِاندنى سنوورهكاندایه، له تهجاوزكردنى ره‌نگ و ناسنامه و خوده‌كاندا دنیاى خۆى ههڵدهنىَ. له دنیاى ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌ى كه‌سایه‌تیى خودى و ناسنامه بونیاد دهنىَ، خوێندنه‌وه‌یه. خوێندنه‌وه به‌ره‌و هۆشیارییه‌كى خودی قووڵترمان ده‌كاته‌وه و یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین بگه‌ینه دنیابینییه‌كى قووڵتر له‌باره‌ى ناسنامه‌ى تایبه‌تیمانه‌وه، دهمهوىَ بڵێم كاتێك ده‌خوێنینه‌وه ئه‌وه ناسنامه‌ى خۆمان ده‌خوێنینه‌وه.
له (فۆكۆ)وه چه‌مكى (من) دووچارى ره‌تكردنه‌وه بووه، بۆ ئه‌وه‌ى له رێگه‌ى ئه‌وی تره‌وه ده‌ق بخرێته به‌ر خوێندنه‌وه و نووسینه‌وه‌ى فره ره‌هه‌ند و فره ره‌نگ، بۆ ئه‌وه‌ى له رێگه‌ى ئه‌وی تره‌وه بخوێنرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ق ببێته موڵكى ئه‌وی تر، ئه‌وی تر به‌شدارى له داهێنانیدا بكات، ئیتر لێره‌وه منى (دیكارت)ى هه‌ڵوه‌شایه‌وه و له شوێنى ئه‌و چه‌ندان (من) هاتنه قسه‌كردن.
ده‌قى ئیبداعى به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه جۆراوجۆره‌كان له ململانێدایه، ده‌قى ئیبداعى هه‌رگیز خاوه‌ندارێتیى قبووڵ نییه، چونكه خاوه‌ندارێتى له رێگه‌ى ئه‌وه‌ى كه هه‌یه‌تى كهڵهگایى ده‌سه‌پێنآ، ئه‌گه‌رچى سه‌ره‌تاى خاوه‌نداریه‌تى به‌پێى پێداویستیی كۆمه‌ڵایه‌تى بووه و له زه‌روره‌تێكى ئاسمانى سه‌رى هه‌ڵداوه، به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا زۆردارى بووه و پاشان به‌پیرۆز كراوه. وه‌ك ده‌زانین به‌ر له‌وه‌ى رۆلان بارت مه‌رگى دانه‌ر رابگه‌یه‌نێت، نووسه‌ر له رێگه‌ى بوون به خاوه‌نى ده‌ق ته‌قدیس ده‌كرا، ئه‌م جۆره له بیركردنه‌وه له‌باره‌ى چه‌مكى خاوه‌نداریه‌تى دواتر بووه ئایدۆلۆژیا و یاریى به چاره‌نووسى خه‌ڵك و دنیا كرد. هه‌ڵبه‌ته ئهمرِۆ له رێگه‌ى شۆرِش و تهكنیكارى و هه‌ڵایسانى پرسه رۆشنبیرییه‌كانى تر‌ى ژیان، له رێگه‌ى داهێنان و فه‌لسه‌فه و هونه‌ر، مرۆڤێك هاتووه‌ته ناوه‌وه كه به‌رده‌وام به‌رانبه‌ر عه‌قڵییه‌تى دوالیزمخواز و مه‌رگدۆست و فیكرى ترانسندنتالى و گوتاره ئایرۆنییه چهوسێنهرهكانى تر له رابوونه‌وه و داهێنان و نوێبوونه‌وه‌دایه.
كه‌واته هه‌میشه سنووره‌كانی ئه‌ده‌ب و شیعر، پهرِگیرى و برِوانهبوون به داهێنان ره‌نگى ده‌كات، هه‌میشه داهێنان ده‌كه‌وێته ئه‌و دیو سنوور و هه‌میشه داهێنان له گه‌یشتن به جیاوازى بوونى خۆى به‌رجه‌سته ده‌كات. دهمهوىَ بڵێم شوناسى شیعرى، مه‌عریفه‌ى شیعرییه كه دنیاى ئه‌ده‌ب به هه‌موو رهنگهكانیهوه به‌شداریى تێدا ده‌كات. داهێنان ده‌كه‌وێته سه‌رووى قۆناغه‌كان و سه‌رووى من و عه‌قڵییه‌تى دوالیزمخواز و سه‌رووى گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كى دیاریكراو و فیكرى ترانسندنتالییه.
دهشىَ ئه‌و قسه‌ى تۆ به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان پێوه‌ندیى به ده‌وڵه‌مه‌ندبوونى ئه‌و زمانه‌وه بكات، كه داهێنانه ئه‌ده‌بى و فه‌لسه‌فییه‌كانى له‌خۆ گرتووه، به‌و مانایه‌ش ده‌توانم بڵێم به‌شێكى زۆرى قسه‌كردن له داهێنان قسه‌كردنه له دنیایه‌كى به‌رفره‌وان و بىَ سنوور و رهنگاورِهنگ. به دیوه‌كه‌ى تریش هه‌موو زمانێك له جیاوازبوونى له‌گه‌ڵ زمانێكى تر خۆى ده‌دۆزێته‌وه، به‌ڵام داهێنان له نه‌ته‌وه و گه‌ل و نیشتمانێك و ره‌نگێكى دیاریكراو و فیكرى دوالیزمى و پیرۆزى قه‌تیس نابىَ، به‌ڵكو له كۆى جیاوازییه‌كاندایه، هه‌رگیز برِواى به ناسنامه‌یه‌كى یهكرِهنگ و دیاریكراو نییه، به‌ڵكو له ئه‌وی تر‌ى جیاواز خۆى هه‌ڵده‌گرێته‌وه. هه‌میشه ناسنامه‌ى ئه‌ده‌بى به گشتى گه‌یشتنه به‌شێوازێكى تر‌ى جوانتر له پێوه‌ندیى نێوان مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و ده‌ق، مرۆڤ و دنیا. بۆ نموونه: رامبۆ هه‌ر ته‌نیا فهرِهنسییهكان شانازیى پێوه ناكه‌ن، به‌ڵكو ته‌واوى خوێنه‌ر و وه‌رگرى دنیاى ئه‌ده‌ب و فیكر و داهێنان شانازیى پێوه ده‌كات، به‌و مانایه‌ش رامبۆ به‌ر له‌وه‌ى ناسنامه‌ى فهرِهنسییهكان بىَ، ناسنامه‌ى داهێنان و دنیاى داهێنانه.
* به‌شێك له شیعری نوێی كوردی به‌تایبه‌ت هه‌شتاكان و سه‌رده‌می روانگه پێك هاتووه له ئه‌ده‌بی مقاوه‌مه (به‌رگری) ئاخۆ ئه‌ده‌بی به‌رگری له كوێی ئه‌ده‌بی كوردیدایه؟ چۆن ئه‌ده‌بی مقاوه‌مه جیا ده‌كرێته‌وه؟ یان ئاخۆ ئه‌ده‌بی مقاوه‌مه قۆناغێكه له ئه‌ده‌ب ده‌بێ ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌یه‌ك تێی پهرِێنێ؟ ئێوه له‌و ئه‌ده‌به‌ی كه له كوردیدا ناو نراوه ئه‌ده‌بی مقاوه‌مه‌ی كوردی رازین؟ ئایا خودی ئه‌ده‌بی مقاوه‌مه شوناس نادات به ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، وه‌ك ئێوه له پرسیای پێشتردا ره‌تتان كردووه‌ته‌وه؟
شیعری به‌رگری به‌و وه‌سفه‌ی كه ته‌عبیر له هه‌ڵچوونێكی ده‌روونی و رۆحی و هه‌ڵوێستی شۆرِشگێرِانه ده‌كات، بۆ به‌رگریكردن له نیشتمان و نه‌ته‌وه و مرۆڤی سته‌مدیده، گوتارێكه رووبهرِووی داگیركه‌ر و زۆرداران ده‌كرێته‌وه. شیعری به‌رگری به‌و مانایه‌ی كه داكۆكیكردنه له هه‌ستی ناسیۆنالی و ویژدانی زیندووی ئینسان، به‌و مانایه‌ی كه هه‌ڵگری جۆش و خرۆش و یاخیبوون و په‌یامی ئازادییه، پارێزگاری له مانه‌وه و جیاوازی و سه‌ربه‌ستی ده‌كات. راسته ده‌چێته ناو هه‌ڵوێست و هه‌ژان و په‌رچه‌كرداره‌وه، ده‌چێته ناو كردارێكی فیسیۆلۆجی و به‌رگریكردنی ده‌روونی و سیاسی و ئابوورییه‌وه. په‌رچه‌كرداره به دژی هه‌ژموون و كهڵهگایی، به‌رگریكردن له بیر و باوهرِ، هه‌ڵوێستێكی مرۆڤدۆستانه و و ژیاندۆستانه‌یه. ده‌مه‌وێ بڵێم شیعری به‌رگری له كۆنتێكسته كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و سیاسییه‌كه‌ی شیعری مانه‌وه و بیر و باوهرِی شۆرِشگێرِانه و ره‌مزی جیاوازی و پاڵهوانپفی و توندوتیژییه. وه‌ك چۆن له كۆنتێكسته ئیستێتیكی و هونه‌رییه‌كه‌یدا زێتر به‌لای گوتاری راسته‌وخۆ و راشكاوی و مانای دروشمئامێز و به‌رجه‌سته‌كردنی په‌یام و رۆحی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌دا ده‌كه‌وێته‌وه، ته‌عبیر له ئازادی و هه‌ستی ورووژاو ده‌كات.
ئه‌گه‌ر له‌و قسه ساكارانه‌ی منه‌وه سه‌یری ئه‌ده‌بی به‌رگریی كوردی و گوتاری مانه‌وه بكه‌ین، ده‌بینین كه‌مخوێن و هه‌ژار ده‌كه‌وێته‌وه، تۆ واز له‌وه بهێنه كه ده‌ڵێ هه‌تا سته‌م بمێنێ شیعری به‌رگری هه‌ر ده‌مێنێ، وه‌ره به‌گشتی سه‌یری (ئه‌ده‌بی به‌رگریی كوردی) بكه له‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن ئه‌ده‌بی رابوونه‌وه، یان (شۆرِشی كوردی) بۆ نموونه‌ی له شۆرِشی شێخ مه‌حموود، یان مه‌لا مسته‌فای بارزانییه‌وه. ئایا ده‌توانی ئه‌ده‌بی به‌رگری وه‌ك هه‌ڵوێستێكی ئینسانیی رێك‌وپێك و ده‌نگی ئازادی نیشانی ئه‌وی تری كوردی بده‌یت، كه ته‌عبیر له هه‌ستی كوردایه‌تی و هه‌ستی یاخیبوون و ویژدانی مرۆیی و په‌یامی ئه‌و شۆرِشانه بكات؟
بێگومان هه‌موو یاخیبوونێك، هه‌موو بهرگریكردنێك له به‌ها مرۆیییهكان و هه‌موو به‌رجه‌سته‌كردنێكی جیاوازییه جۆراوجۆره‌كان جۆرێكه له هه‌ڵوێست و په‌رچه‌كردار. رووبهرِووی ئه‌وی تری داگیركه‌ر و سته‌مكار. به‌ڵام من بۆیه شۆرِشی كوردی ده‌خه‌مه ناو دوو كه‌وانه‌وه، چونكه پێم وایه چه‌مكی شۆرِش وه‌ك ده‌رئه‌نجامێكی لۆجیكانهی یاخیبوون، هه‌ر ته‌نیا نواندنی په‌رچه‌كردار و نكووڵیكردن و دژبوونه‌وه نییه، به‌ڵكو وه‌ك گونجاندنی بیرۆكه و سیستمێكی تری جیاوازی ناو ئه‌زموونی مێژوو سه‌یری ده‌كه‌م. بێگومان خه‌باتی چه‌كداریی كوردی ئه‌گه‌رچی به هه‌موو برینه‌كانیه‌وه ژیانی قبووڵ كرد و رێگه‌ی به ئه‌وی تری زۆردار و داگیركه‌ر و سته‌مكار نه‌دا ده‌ست بۆ سارِێژكردنی زامه‌كانی به‌رێت، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئازار و هه‌موو یاخیبوونه‌كانی خۆی ژیا، به‌ڵام وێرای هه‌موو ئه‌وانه‌ش به شێوه‌یه‌كی سه‌یر هه‌میشه دژ به دۆخه‌كه‌ی خۆی رابووهتهوه. ده‌شێ لێره‌دا پرسیار ئه‌وه بێ، ئایا شۆرِشی كوردی و ئه‌ده‌بی به‌رگریی كوردی له دووتوێی خه‌بات و تێكۆشانی خۆیدا توانی (بۆ نموونه) ئه‌و رسته ئاراسته‌ی داگیركه‌ر (سه‌دام حوسێن) بكات و بڵێ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له‌و چیایانه پێی هه‌ڵساوه ته‌نیا یاخیبوون نییه، به‌ڵكو شۆرِشی كوردییه؟
له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه به برِوای من ئه‌وه‌ی كه پێی ده‌ڵێن ئه‌ده‌بی مقاوه‌مه‌ی كوردی وه‌ك چۆن له رووی په‌یام و چۆنیه‌تییه‌وه هه‌ژاره، له رووی گوتار و چهندایهتییهوهش وه‌ك پێویست نه‌یتوانیوه خۆی كۆ بكاته‌وه، به‌ڵكو به‌شێكی زۆری وه‌ك ره‌مز و پاڵهوانپفی سه‌ر ئاو كه‌وتووه. من نكووڵی له هه‌ندێ له‌و قه‌ڵه‌مانه ناكه‌م كه هه‌ژان و یاخیبوون و كوردایه‌تی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان به شێوه‌یه‌كی هونه‌ریی به‌رز و پرِ جۆش و خرۆش نه‌خشاندووه. به‌تایبه‌تی به‌شێكی زۆر له ره‌مزییه‌تی سه‌رده‌می روانگه.
به كورتی ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌ده‌بی به‌رگریی كوردی ده‌كه‌وێته ناواخنی ئه‌ده‌بی كوردییه‌وه، بۆیه ناتوانین به شێوه‌یه‌كی جیاواز سه‌یری بكه‌ین، به دیوه‌كه‌ی تر ئه‌گه‌رچی من برِوام به‌و شێوه له قسه‌كردن نییه له‌باره‌ی شوناسی شیعرییه‌وه، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌ده‌بی مقاوه‌مه‌ی كوردی نه‌یتوانیوه بێته شوناسی نه‌ته‌وه‌ی كورد، كه‌واته ئه‌ده‌بی به‌رگریی كوردی قۆناغێك نییه بتوانین ته‌جاوزی بكه‌ین، به‌ڵكو هه‌تا ئێستاش له دووتوێی ئه‌ده‌بی كوردیدا به ره‌نگه جیاوازه‌كانیه‌وه ده‌ژی.
* یه‌كێك له‌و بۆچوون و ره‌خنانه‌ی ئێسته له‌باره‌ی شیعری كوردی له ئارادایه، ئه‌و ره‌خنه‌یه‌یه كه شیعری ئهمرِۆ به‌رهه‌می نائومێدیی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی نییه، به‌ڵكو له‌ژێر كاریگه‌ریی تیۆره و ئه‌زموونی ده‌ستی دووه‌مدایه (به زۆریش ئه‌زموونی فارس) و تا راده‌یه‌كیش رۆژئاوا. ئێوه وه‌ك ره‌خنه‌گرێكی جدی له‌و باره‌یه‌وه چی ده‌ڵێن؟
ئه‌و شێوه قسه‌كردنانه له‌وێوه كورتى دێنىَ كه گشتگیرانه دێته گۆ، له‌وێوه كه ره‌ش و سپى به‌یه‌كدا ده‌دات، له‌وێوه كه كوێرانه له درزێكى بچووكه‌وه پێی وایه هه‌موو شیعرى كوردى لێ دیاره، چۆن دهكرىَ به ناوى شیعرى كوردى قسه بكه‌ین كه ته‌نیا ئاگامان له به‌شێكى زۆر بچووكى هه‌یه، به دڵنیایییه‌وه ئاگامان له به‌شێكى زۆر بچووكى هه‌یه له‌و هه‌رێمه‌ى كه تێیدا ده‌ژین، ئایا دهكرىَ له‌و به‌شه‌وه قسه له كۆى شیعرى كوردى بكه‌ین؟
كه‌واته ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه زۆر گشتگیرانه‌یه و زێتر له حوكمدان نزیكه، پاشان له‌گه‌ڵ كۆى ئه‌و قسانه‌ى من، به گشتى پرۆسه‌ى نووسین پرۆسه‌یه‌كى ئاڵۆز و فره ره‌هه‌نده، دهشىَ به‌شێكى ئه‌و قسه‌یه به‌رانبه‌ر شیعرى قۆناغێكى دیاریكراوى هه‌رێمێكى دیاریكراو راست بىَ، ئه‌گه‌رچى هه‌موو راستى نییه، چونكه چۆن ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه بۆ نموونه له‌سه‌ر (شێركۆ بێكه‌س) جێبهجىَ ده‌كه‌یت، ئایا ده‌توانى شیعرى شێركۆ بخه‌یته ده‌ره‌وه‌ى ئێستاى شیعرى كوردییه‌وه؟
پاشان ته‌ماشاكردنى ئه‌ده‌ب وه‌ك كاڵا، تهماشاكردنێكه تا سه‌ر ئێسقان خهیاڵكوژ. دهشىَ له بازارِى كۆنه‌فرۆشان قسه له ده‌ستى یه‌ك و دوو بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌و شێوه‌یه له قسه‌كردن له كوێوه پێوه‌ندیى به داهێنانه‌وه ده‌كات، له كوێوه به جورئه‌تى ئه‌ده‌بى و رۆحى سهركێشانهى ئه‌ده‌به‌وه دهلكىَ، له كوێوه به پرسى سه‌رده‌م دنیابینى و ئاسته جیاوازه‌كانى ئهدهبیهت و زمان و وه‌رگره‌وه به‌نده؟
* فیكر له شیعری ئهمرِۆدا كه‌متر هه‌ستی پێ ده‌كرێ، هه‌ست ده‌كرێ كه هێشتا ئێمه له دۆخی (سانتی مانتالیسم)ین، زۆر به كه‌می روو ده‌دات پاش خوێندنه‌وه‌ی شیعرێك، فه‌زا و فیكری ئه‌و شیعره بمانخاته بیركردنه‌وه، یان ته‌نانه‌ت دڵمان پێی خۆش بێت، ئێوه چی ده‌ڵێن؟ چۆن له‌و دۆخه ده‌ربازمان ده‌بێت؟
ئه‌و قسه‌یه‌ى تۆ هه‌وڵێكه بۆ وه‌لاخستنى سانتى مانتالیسم و راسته‌وخۆ پێوه‌ندیى به فیكره‌ى پۆست مۆدێرنه‌وه هه‌یه، به‌ڵام وه‌ك هایدگه‌ر دهڵىَ ئێمه مرۆڤین و په‌یوه‌ستین به مرۆڤه‌كانى تر و دنیاى هه‌ستپێكراوه‌وه، ئه‌و بهكۆمهڵایهتیبوونه و بهمێژووبوونهى هایدگه‌ر قسه‌ى لێ ده‌كات بهمێژووبوونێكى ده‌ره‌كى نییه، به‌ڵكو خودى و ناوه‌كییه، به‌ڵام دهبىَ بزانین ئه‌و خودى و ناوه‌كییه چ مانایه‌كى له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه؟ هه‌ڵبه‌ته به‌و مانایه‌ى كه ئێمه‌ى مرۆڤ ده‌كه‌وینه ناو زمان، به‌و مانایه‌ى كه زمان ماڵى بوونه، هه‌ر له‌وێشه‌وه جیهان له ئێمه دابرِاو نییه، جیهان ئێمه پێك دههێنىَ و ئێمه‌ش له رێگه‌ى ماناوه جیهان پێك ده‌هێنین و بوونى ئێمه به‌شێكه له‌و، كه‌واته هاوسۆزیى كۆمه‌ڵایه‌تى و هاوژیانیى كۆمه‌ڵایه‌تى و پێوه‌ندییه گهرموگورِهكان به‌شێكه له هه‌ستى مرۆیییانه، به دیوه‌كه‌ى تریش ره‌گه‌زێكه له ره‌گه‌زه‌كانى شیعر. دنیاى ئه‌ده‌ب و فیكر نه دنیاى شته باوه‌كانه نه دنیاى هه‌نووكه‌ى له ده‌ستچوو، دنیاى ئه‌ده‌ب و فیكر نه سه‌ر به رابردووه و نه ئێستا، دنیاى ئه‌ده‌ب و فیكر هیچ كاتێك ناكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ى مرۆڤه‌كانه‌وه، مرۆڤیش هه‌میشه له‌ناو ئێستا و رابردوو به شێوه جیاواز و پرسى جیاواز و تێگه‌یشتنى جیاواز، هاوژیانى ده‌كات.
شیعر له كۆمه‌ڵێك ره‌گه‌ز پێك هاتووه و یه‌كێك له‌و ره‌گه‌زانه ره‌گه‌زى ئیحساسگهرایییه، راسته به‌ها و ئه‌رزشى ده‌قى باڵا هه‌رگیز پێوه‌ندیى به باڵاده‌ستیى ره‌گه‌زێكى دیاریكراوه‌وه نییه، به‌ڵكو پێوه‌ندیى به به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى جوانیى كۆى ره‌گه‌زه‌كانه‌وه ده‌كات.
به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌میشه له‌و ده‌ڤه‌ره‌ى ئێمه شوێنى زیاد له پێویست داگیر ده‌كات، وه‌ك خۆت گووتت ههستگهرایییه، نه‌ك فیكرگهرایى، بێگومان ئه‌و شێوه‌یه له بیركردنه‌وه به مێژووى رۆژهه‌ڵاته‌وه دهلكىَ، هه‌میشه مرۆڤى رۆژهه‌ڵاتى هه‌ست پێش بیركردنه‌وه ده‌خات، ره‌نگه ئه‌و قسه‌یه بمانخاته ناو كێشه‌یه‌كى فه‌لسه‌فى ئه‌ویش جه‌وهه‌رى بیر و هه‌سته، به‌ڵام بێگومان له‌باره‌ى ههستگهراییى رۆژهه‌ڵاتى و بیرگهرایى رۆژئاوایى گفتوگۆى فیكرى و فه‌لسه‌فیى زۆر كراوه، كه ته‌نیا به ئاماژه‌كردنێك دهشىَ وێنه‌یه‌ك له وێنه به‌رجه‌سته‌كان وه‌بیر بهێنینه‌وه.
ئه‌گه‌ر له‌و باره‌وه قسه‌یه‌كم ههبىَ ئه‌وه‌یه، كه له دنیادا زمانى بىَ فیكر بوونى نییه. به‌ڵام ئه‌و قسه‌یه‌ى من له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا كردم زێتر مه‌به‌ستم تیۆریزه‌كردنى فیكر بووه، ئه‌گینا تۆ ناتوانى قسه له زمان بهبىَ فیكرى ئه‌و زمانه بكه‌یت، به‌ڵام دهشىَ قسه له شیعرى رۆژهه‌ڵاتى بكه‌یت به‌وه‌ى توانیویه‌تى ره‌گه‌زى هه‌ست له هه‌موو ره‌گه‌زه شیعرییه‌كانى تر زێتر به‌رجه‌سته بكات، دهشىَ ئه‌وه له شیعرى رۆژئاوایى پێچه‌وانه بكه‌وێته، له هه‌ردووكیاندا كێشه‌ى خۆى هه‌یه، چونكه ئیبداع هه‌رگیز ره‌گه‌زێك ناخاته پێش یه‌كێكى تره‌وه، به‌ڵكو له به‌رجه‌سته‌كردنى ئاستى جوانیى كۆى ره‌گه‌زه‌كان دێته به‌رهه‌م، شیعرییه‌ت له‌سه‌ر لێكخشان و ئاوێته‌بوون و هاوگونجانى ره‌گه‌زه شیعرییه‌كان خۆى ده‌بینێته‌وه، مه‌عریفه‌ى شیعرى پێوه‌ندیى به بهرزرِاگرتنى ئاستى جوانى و مانا و چێژدایه. كه‌واته نه هه‌ست به ته‌نیا شیعر بهرِێوه ده‌بات، نه فیكر... جگه له هارِمونیهت له شیعردا باڵاده‌ستیى هیچ ره‌گه‌زێك قابیلى قبووڵ نییه.
* هه‌روه‌ك ده‌زانن، ئێسته له‌ناو ئیدعا و بۆچوونی لاوه‌كاندا، باس باسی تێكشكانی زمان و شیعری ئاڵۆزه، له كاتێكدا وه‌ك هه‌ندێ ره‌خنه‌گر و شاعیری نه‌وه‌ی پێشوو بۆی چوون، زۆر به كه‌می ئاگایان له زانستی زمان و تیۆره‌كانی ئه‌ده‌بی نوێن، به حوكمی ئاگایی و خوێندنه‌وه و رهخنهكانتان له‌سه‌ر شیعری نوێی كوردی، چۆن ئه‌م ئیدعا و بانگه‌شانه هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
دیارده‌ى تێكشكاندنى زمان و ته‌قینه‌وه‌ى زمان و ته‌مومژى شیعرى.. قسه و باسى زۆرى له‌سه‌ر كراوه، به‌ڵام به باكگراوندى رۆشنبیرى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئاستى مه‌عریفیى جیاواز. به‌ڵام پێویسته بزانین دید و بۆچوونى جیاواز، له هه‌ڵدانى وشه و دهستهواژاوه و چه‌مكدا كورت ناكرێته‌وه، به‌ڵكو له پێداویستیى مه‌عریفى و رۆشنبیریى سه‌رده‌مه‌كه‌یدا خۆى دهنوێنىَ، به ئه‌زموون و دنیابینیى سه‌رده‌مه‌كه‌یه‌وه به‌نده.
ئه‌وه‌ى ئهمرِۆ وه‌ك بنهرِهتى شیعرى نوىَ قسه‌ى لێ دهكرىَ، كرانه‌وه‌یه، یان به مانایه‌كى تر ده‌قى كراوه‌یه، ده‌قى كراوه به پێچه‌وانه‌ى ده‌قى داخراو توانایه‌كى بىَ سنوورى بۆ كرانه‌وه هه‌یه، هه‌ر له رێگه‌ى ئه‌و توانایه‌وه خوێنه‌ر به‌رده‌وام پێوانه ئیستێتیكییهكانى خۆى تێدا ده‌دۆزێـته‌وه. هه‌ڵبه‌ته ئه‌و شێوه‌یه له قسه‌كردن راسته‌وخۆ پێوه‌ندیى به فیكرى پۆست مۆدێرن و شه‌فافییه‌ت و هاوژیانى و پرسه دیموكراسییه‌كانى تره‌وه هه‌یه، دهمهوىَ بڵێم هه‌ڵقوڵاوى هه‌لومه‌رجى ئێستاى ژیان و عه‌قڵانییه‌تى سه‌رده‌مه. به دیوه‌كه‌ى تر له پشت ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه شیعرییه سیسته‌مێكى تایبه‌تى له بیركردنه‌وه، له دنیابینى و زمان و ته‌عبیركردن وه‌ستاوه. له پشت ده‌قى كراوه مه‌عریفه‌یه‌كى شیعرى كراوه قسه ده‌كات، كه پێی وایه ده‌ق بهبىَ خوێنه‌رى جیاواز بوونى نییه.
كه‌واته ئه‌وه‌ى ئهمرِۆ زێتر جێگه‌ى قسه لێكردنه تێكشكاندنى زمان و ته‌قینه‌وه‌ى مانا و ته‌مومژ نییه، به‌ڵكو مه‌عریفه‌ى شیعری و دنیابینى و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ئیستێتیكاى زمانه، ئاسته به‌رزه‌كانى خوێندنه‌وه و هه‌ڵوه‌شانه‌وه و دووباره به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه، ئه‌وه‌ى ئهمرِۆ شوێنى دیارده شیعرییه‌كانى دوێنێى گرتووه‌ته‌وه داهێنان و جوانكارى و وه‌رگره، چونكه ئامانجى شیعر به ته‌مومژ و روونییه‌وه به‌ند نییه، به‌ڵكو له هه‌نگاونان به‌ره‌و ئیبداعدا خۆى ده‌دۆزێته‌وه. به‌و مانایه هه‌موو ئه‌و دیارده شیعرییانه دوێنىَ جیگه‌ى قسه و باس بوو، ئهمرِۆ به كۆمه‌ڵێك شێوه‌ى جۆراوجۆر تیۆریزه كراوه و بووه‌ته مۆركى زمانى شیعرى و داهێنان و وه‌رگر.
لێره‌وه هه‌موو ئه‌و بانگه‌شانه‌ى بۆ شیعر و ئه‌ده‌ب له ئارادایه، هه‌موو ئه‌و توندوتیژییانه‌ى به‌رانبه‌ر دوێنێى فیكر و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر دهكرىَ، به برِواى من كه‌مترین پێوه‌ندیى به زمانى داهێنانه‌وه ده‌كات و هه‌میشه ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ى پێوه‌ندییه‌كانى داهێنان و جوانكارى و هونه‌ره‌وه.
* بۆچوونێكی زاڵ هه‌یه كه پێی وایه یه‌كێك له ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌ده‌ب، گه‌شه‌پێدان و فراوانكردنی زمانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌یه، ئێوه له‌م باره‌یه‌وه چی ده‌ڵێن؟ ئاخۆ ئه‌ده‌بی كوردی توانیویه‌تی زمانی كوردی فراوانتر بكا و گه‌شه‌ی پێ بدا؟
زمان هه‌ر ته‌نیا ئامرازی ته‌عبیركردنی مرۆڤ نییه، به‌ڵكو تێرِوانینی مرۆڤه بۆ شته‌كان و گه‌ردوون و ده‌وروبه‌ر، واته له یه‌ك كاتدا مه‌عریفه‌یه به دنیا، وه‌ك چۆن ئامرازی گوتنی مه‌عریفه‌شه. یان وه‌ك (هایدگه‌ر) ده‌ڵێت شته‌كان له‌خۆ ده‌گرێت، پاشان وه‌سفیان ده‌كات و ما‌نایان لێ وه‌به‌ر دینێت. كه‌واته زمان له رێگه‌ی ناونانه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر واقیعدا ده‌گرێت و بۆ مانا دهیگۆرِێت، هه‌ر لێره‌شه‌وه زمان بۆ بوونی واقیع هه‌م بارمته‌یه، هه‌م تهجاوزیشی ده‌كات. به‌و مانایه‌ش ئه‌وه‌ی به درككردنی شته‌كان وه‌سفی ده‌كه‌ین، وه‌ك چۆن له واقیعدا درككردنی مانای شته‌كانه، به هه‌مان شێوه‌ش له زماندایه، هه‌ر لێره‌شه‌وه ده‌سته‌واژه‌ی (زمان ئاگایییه به دنیا) جوانتر ده‌رده‌كه‌وێت. ده‌مه‌وێ بڵێم زمان كه‌شفكردنی دنیایه، هه‌روه‌ها زانیارییه‌كانمان له‌باره‌ی دنیا له رێگه‌ی زمانه‌وه فۆرمه‌له ده‌كه‌ینه‌وه، وه‌ك چۆن گواستنه‌وه‌ی كرده و په‌رچه‌كرداری مرۆڤ له رێگه‌ی زمانه‌وه‌یه، هه‌ر زمانیشه كۆی كرده و پهرچهكردهكان بۆ پێكهاته‌یه‌كی مه‌عریفی ده‌گوازێته‌وه. زمان هێزێكی خهڵقندهیه، كه قسه له‌باره‌ی شته‌كانه‌وه ده‌كات وایان لێ ده‌كات له سیسته‌می خۆیان به‌ره‌و سیسته‌مێكی تر بچن و ده‌یانكات به گوتن و خۆی به‌سه‌ر شته‌كاندا ده‌سه‌پێنێت، وجودێكی تر و هه‌بوونێكی تریان پێ ده‌به‌خشێت.
لێره له ئه‌ده‌بی كوردیدا ئه‌وه‌ی وه‌ك گوتاری مانه‌وه قسه‌ی لێ ده‌كرێ، هه‌ڵبه‌ته به داهێنانی زمانی ئه‌ده‌بییه‌وه به‌نده، پێوه‌ندیی به به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاسته‌كانی زمان و مانا و په‌یام و ده‌لاله‌ته جۆراوجۆره‌كانیه‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌رچی به برِوای من كێشه‌ی گوتاری مانه‌وه و كێشه‌ی زمان له رووی داهێنانه‌وه ئه‌وه‌نده له یه‌كترییه‌وه نزیك نین، چونكه ئه‌و له‌یه‌ك نزیكردنه‌وه‌ی كه له‌و رووه‌وه قسه‌ی لێ ده‌كه‌ین، جۆرێك له مه‌به‌ستگه‌رایی به زمانی ئه‌ده‌بی ده‌به‌خشێت، ئه‌و مهبهستگهرایییهی كه له گوتاری مانه‌وه نمایان ده‌كرێ، به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی داهێنانه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا ده‌شێ له ده‌ره‌وه‌ی مه‌رجه ئیبداعییهكانیشهوه به شێوه‌یه‌كی به‌رفره‌وان و كراوه قسه له داهێنان بكه‌یت و له‌وێوه زۆر ئاسایییه وه‌ك گوتاری مانه‌وه ئه‌و زمانه دووباره راڤه بكه‌ینه‌وه، كه‌واته لكاندنی گوتاری مانه‌وه به داهێنان ئه‌گه‌رچی مهبهستگهرانه ده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵام قابیلی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنه، چونكه برِوامان به‌وه هه‌یه كه داهێنان له جوانكردنی پێوه‌ندییه مرۆیییهكان و جیهان راده‌بێته‌وه. وه‌ك چۆن برِوامان به‌وه هه‌یه، كه دنیا به‌بآ فیكر و كرده ئیبداعییه‌كان ناتوانآ خۆی له جیاوازی و ناكۆكی و هاوگونجان و گۆرِان نزیك بكاته‌وه، ناتوانآ ره‌نگه‌كان بۆ خۆی دابرِێژآ و به‌ره‌وپێشچوون و گۆرِان پراكتیزه بكات، به‌و مانایه‌ی كه گۆرِان و به‌ره‌وپێشچوون و به‌رفره‌وانبوونی زمان، پێوه‌ندیی به ره‌گه‌زه‌كانی هێزی داهێنانه‌وه هه‌یه و پشت به وزه‌كانی ناخی تاكی داهێنه‌ر ده‌به‌ستآ، هه‌روه‌ها هه‌رگیز فیكر و داهێنان بآ ئازادی بوونی نییه، ئازادیش پابه‌ندی ئیراده‌ی خود و وزه له‌بننه‌هاتووه‌كانی ناخی مرۆڤی داهێنه‌ره، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا داهێنان و وزه خه‌فه‌كراوه‌كانی ناخی مرۆڤ، هه‌ر ته‌نیا پابه‌ندی شوێن و زه‌مه‌نێكی دیاریكراو نییه، هه‌ر ته‌نیا پابه‌ندی زمان و نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراو نییه، ئهمرِۆ پێوه‌ندییه‌كانی مرۆڤ و شوێن، مرۆڤ و كات، پێوه‌ندییه‌ك نییه له دووتوێی سنوور و زه‌مه‌نی دیاریكراوه‌وه بێته به‌رهه‌م، به‌ڵكو پێوه‌ندییه‌كه راسته‌وخۆ له فیكر و داهێنانه‌وه هه‌ڵده‌قووڵا. هه‌ر به‌و مانایه‌ش داهێنانی ئه‌ده‌بی ده‌بێته زمانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان، زمانی ئه‌ده‌بی هه‌میشه رێگه‌خۆشكه‌ره بۆ پرۆسیسه‌كردنی وزه كه‌بتكراوه‌كان، رێگه‌خۆشكه‌ره بۆ به‌شداریكردن له ژیانی سه‌رده‌میانه، رێگه‌خۆشكه‌ره بۆ پراكتیزه‌كردنی خه‌ون و هیوا دواخراوه‌كانی ئهمرِۆ و سه‌ده‌كانی پێشووی مرۆڤایه‌تی، هه‌ر له‌وێشه‌وه ده‌شآ زمان وه‌ك هێز و چالاكی و كرده و بزاڤی مرۆیی له به‌ره‌وپێشچوونی به‌رده‌وامیدا بێ، نه‌ك به مانا ته‌قلیدییه‌كه‌ی، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی كه مرۆڤ هه‌میشه قابیلی به‌ره‌وپێشچوون و گۆرِانه، به‌و مانایه‌ی كه مرۆڤ خۆی كرده‌یه‌كی ئیبداعییه و هه‌میشه ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌ن و ده‌ره‌وه‌ی شوێن، ده‌كه‌وێته سه‌رووری پێوانه‌كان و ره‌نگ و فۆرمه دیاریكراوه‌كانه‌وه.