"هیچ شتێك له ده‌ره‌وه‌ى شیعر بوونى نییه - هایدگه‌ر"
نوسین ژه‌هر و تریاكه، ئه‌و قسه‌یه‌ى دریدا پێمان ده‌ڵێت نوسین نه ته‌نها كۆمه‌ڵێك داله، ده‌بێ ته‌ئویل بكرێت! نه كاره، كه شیاوى به‌شداریكردن و گۆرِین و گواستنه‌وه بێت! به‌ڵكو فه‌زاى هه‌ر یه‌ك له خوێنه‌ر و نوسه‌ره، چونكه هیچ ده‌قێك بێ بوونى (نوسه‌ر) و به‌شداریكردنى (خوێنه‌ر) بوونى نییه، هه‌موو ئه‌وانه‌ش په‌یوه‌ندییان به چه‌مكى (جیاوازی)یه‌وه هه‌یه. نوسه‌ر پێش ئه‌وه‌ى خودى خۆى بدۆزێته‌وه، ده‌كه‌وێته نێو بوونى زمانه‌وه، زمانیش جیاوازییه، واته نیازى دانه‌ر ئاسۆى تێگه‌یشتن دیارى ناكات، به‌ڵكو به‌شێكى زۆرى تێگه‌یشتن ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ى هۆشیارى دانه‌ر و زمانى ده‌قه‌وه و په‌یوه‌ندى به كلتور و راڤه‌كردنى قۆناغه جیاوازه‌كانى كلتوره‌وه هه‌یه! خوێنه‌ر شوێنى ناوه‌ندى زمانه‌وانى پرِ ناكاته‌وه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ فۆرِمهكانى زمانه‌وانى و خهیاڵكراوى كۆمه‌ڵایه‌تى و جیهانبینى مامه‌ڵه ده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌ره‌و تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ى تایبه‌تمان ده‌كاته‌وه... ئه‌گه‌ر ئه‌وه خاڵى به‌شداریكردنى خوێنه‌ر بێت، ئه‌وه نوسین له‌سه‌ر زنجیره‌یه‌كى بێكۆتایى له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ى دال ده‌ژیت، به دیوه‌كه‌ى دیكه خاڵى گۆرِین و گواستنه‌وه‌ى گۆشه‌نیگاى ده‌ق له‌سه‌ر تواناى ورِوژاندنى پرسیار و وه‌ڵامى پرسیاره جیاوازه‌كان راست ده‌بێته‌وه... كه‌واته ئه‌وه جیاوازییه فیكره‌ى یه‌كگرتووى كۆتائامێزى نێوان ده‌ق و دانه‌ر، بابه‌ت و خود.. ره‌تده‌كاته‌وه، وه‌ك چۆن به تووندى یه‌كگرتنى نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر به‌جێده‌هێلێت، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌سه‌ر ئیشكالیى بێكۆتایى زمان درێژ ده‌بنه‌وه! مرۆڤ ده‌كه‌وێته نێو بوونى زمانه‌وه، زمان گوتن و نه‌گوتنه، ده‌ركه‌وتن و شاردنه‌وه‌یه، دیار و نادیاره... به‌و مانایه ئه‌وه تێگه‌یشتنى زمانه كه داواى كرانه‌وه‌ى بوارى ئاگامه‌ندى ده‌كات، ئه‌وه كرانه‌وه‌ى بوارى هۆشیارییه كه كه‌شفكردن و شاردنه‌وه‌ى تێدا رووده‌دات، ئه‌وه شاردنه‌وه و چهپێنراوهكانه كه به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ى جیاواز و چێژى جیاواز ده‌خاته‌وه.
(1)
ئه‌گه‌ر بشێ سه‌ره‌تاى زمانى شیعرى كوردى له رێگاى زمانى (ئایینی)یه‌وه دیارى بكه‌ین، ئه‌وه ئایینى كوردى هه‌ر ته‌نها مه‌عریفه‌یه‌كى گشتگیر نیشان نادات، به‌ڵكو ئه‌و فۆرمه شیعرییه‌ش نیشان ده‌دات، كه زمانى ئایینى ره‌هه‌نده‌كانى دیارى ده‌كات، ئه‌و دنیایه نیشان ده‌دات كه سنوره‌كانى زمانى كوردى دادهرِێژێت، به‌و مانایه ئاگامه‌ندى زمانى ئایینى له هه‌مان كاتدا ئاگامه‌ندییه‌ك په‌رده‌پۆش ده‌كات، كه خۆى له نه‌گوتنى شیعرییدا ده‌بینێته‌وه، ده‌مه‌وێت بڵێم شیعر له پشت په‌رده‌ى ئاییندا به وسبهلێكراوى ده‌مێنێته‌وه، چونكه شیعر گوتنه به دژى گوتن، سه‌ره‌تایه‌كه به دژى سه‌ره‌تا... چونكه شیعر داهێنانه، شیعر بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێ ناوى نوێ و ماناى نوێ له دنیا و شته‌كان بنێت، دنیایه‌كى دیكه‌ى نوێ له په‌یوه‌ندى نێوان وشه‌كان و شته‌كان دروست ده‌كات، نه‌ك بۆ (په‌رستگا) بگهرِێتهوه.. چونكه شیعر كه‌شفكردن و دنیابینییه، له‌سه‌ر بنه‌مای لهیهكنزیكردنهوهی ئیرۆسیهتى (زمان و رووداو)، نه‌ك (زمان و په‌یام).... كه‌واته جیاوازى سه‌ره‌كى نێوان زمانى (ئایینی) و زمانى (شیعریى) هه‌ر ته‌نها ئه‌وه نییه، كه شیعر هه‌میشه له‌سه‌ر كرانه‌وه‌ى زمان به رووى دنیادا گه‌شه ده‌كات و ئایین یه‌قین و راستییه‌كان له خۆیدا كورت ده‌كاته‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه كه شیعر له خۆیه‌وه ده‌ستپێده‌كات، نه‌ك له نموونه‌كانى پێش خۆى، شیعر له ئهگهرهكانهوه ده‌ستپێده‌كات، نه‌ك له برِواوه؟!
(2)
شیعرى كوردى نه له ره‌سه‌نایه‌تى ئایینى كوردى و نه له لادانه‌كانى نالى و قوتابخانه‌ى نالى نه‌وه‌ستاوه، نه له ئاگامه‌ندى گۆران و هاورِێكانى و نه له شه‌پۆل و دژه شه‌پۆله‌كانى روانگه و نه له مه‌عریفه‌ى شیعریى هه‌شتاكان و شیعرییه‌تى به‌تاڵى نه‌وه‌ده‌كان نه‌وه‌ستاوه... شیعرى كوردى هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌ره‌تا و پانتایى نادیار ده‌نێت، به‌ره‌و پرِشنگى جوانى، به‌ره‌و ئازادى، به‌ره‌و دنیابینى... قسه‌ى من له وه‌ستان نییه، قسه‌ى من له مه‌عریفه‌ى شیعریى و دنیابینى و شیعرییه‌ت خۆى واز ده‌كات... ده‌توانم بڵێم پانتایى شیعریى (باشورى كوردستان) له رێگاى (هه‌ستى شیعریى) و (ئاگامهندیى شیعریى)یه‌وه جوانى میسالیانهى گۆران و هاورِێكانى بونیادنا و جوانى میسالیانهى گۆران و هاورِێكانى بوو، شێوازى زاڵى كۆنى عهروزییان تێك‌شكاند و جارێكى دیكه شیعرى كوردی‌یان بۆ كێشى خۆماڵى (هیجا- په‌نجه)، یان بۆ په‌رستگاى زمانى كوردى گهرِاندهوه! به‌ڵام هه‌ست و مه‌عریفه‌ى گۆران و هاورِێكانى برِى ئه‌وه‌ى نه‌كرد، ئیرۆسیهتى (زمان و رووداو)، له (زمان و برِوا) جیا بكه‌نه‌وه؟! ده‌توانم بڵێم (شه‌پۆلى روانگه) له برى گوتارى شیعریى و پرسى شیعریى، (گوتارى ئایدیۆلۆجى) و ماناكانى گه‌ڵاڵه كرد. ده‌توانم بڵێم (مه‌عریفه‌ى شیعریى هه‌شتاكانى شیعریى كوردى) دنیابینى شیعری‌یان به شێوه‌یه‌كى جیاواز هه‌ڵنا، به‌ڵام نه‌یانتوانى پرسى منى كوردى و جیاوازییه شیعرییه‌كانى به‌رجه‌سته بكه‌ن؟! من قسه له گوتارى نه‌ته‌وه‌یى و جورئه‌تى خۆ رووتكردنهوهى شیعریى و مه‌عریفه‌ى شیعریى ناكه‌م، به‌ڵام جوانى میسالیانهى گۆران هه‌ر ته‌نها ده‌لاله‌ت له كوشتنى پرسیارى تاكى كوردى ناكات، به‌ڵكو كۆى ئه‌و كێشه و قه‌یرانانه‌ش ده‌شارێته‌وه كه واقیعى كوردى له دووتوێى خۆیدا هه‌ڵیگرتووه. جورئه‌تى خۆ رووتكردنهوهى گوتارى ئایدیۆلۆجى روانگه هه‌ر ته‌نها ئیرۆسیهتى ژیان و زمانى به‌ره‌و تووندوتیژى نه‌كرده‌وه، به‌ڵكو غه‌ریزه‌ى مه‌رگدۆستى له ناخى كوردیدا چاند! مه‌عریفه‌ى شیعریى هه‌شتاكان هه‌ر ته‌نها پشتگوێخستنى رووداو و گێرِانهوه نه‌بوو، به‌شێكى زۆرى شیعریى هه‌شتاكان هه‌ر ته‌نها به‌رزكردنه‌وه‌ى ره‌گه‌زى شیعریى به‌سه‌ر ره‌گه‌زه‌كانى دیكه‌دا نه‌بوو، به‌ڵكو زمانى شیعریى هه‌شتاكان له برى ئه‌وه زمانێكى جیاوازى شیعریى هه‌ڵبنێ، به‌لاى زمانى فیكرى بوونگه‌راییدا كه‌وته‌وه! شیعرى كوردى له نێوان هه‌ستى شیعرییانه‌ى گۆران و گوتارى ئایدیۆلۆجیانهى روانگه و زمانى بوونگه‌رایى هه‌شتاكان نه‌وه‌ستاوه... به‌ره‌و درككردنى جوانى و شیعرییه‌ت هه‌نگاوى نا.
(3)
له نه‌وه‌ى نه‌وه‌ده‌كانى شیعریى كوردى، به‌شێكى زۆرى وه‌سفكردنى وشه و به‌كارهێنانى وشه و مه‌جاز... ده‌لاله‌ت له فیكر و دنیابینى و هه‌ستى جوانى و مه‌عریفه‌ى شیعرى ناكات، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه زۆرترین (ده‌سته‌واژه‌ى شیعریى) به نه‌گوتن سه‌ر ببرِێت! ئه‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ى تێنه‌گه‌یشتن و زاڵبوونى شیعرییه‌تى ده‌ستكرده به‌سه‌ر شیعرییه‌تى خۆكرد... ئه‌و زاڵبوونه له دنیاى شیعرى نه‌وه‌ده‌كان دیارده‌یه‌كى كوشنده‌یه، ئه‌و چۆلاییه، ئه‌و تاریك كردنه وه‌همییه به‌شێكى زۆرى داهێنانى شیعرى كوردى و ره‌هه‌نده‌كانى ماناى وشك هه‌ڵێنا. شیعرییه‌ت ئه‌و فه‌زا خۆكردهیه كه له ساته‌وه‌ختى نوسینى شیعر دروست ده‌بێت، نه‌ك هه‌ڵاتن له مانا، شیعرییه‌ت له ئاسته به‌رزه‌كانى خوێندنه‌وه‌وه دێته به‌رهه‌م، نه‌ك هه‌ڵاتن له بیركردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مهێن... شیعرییه‌تى ده‌ستكرد هه‌ستى شیعرى و دنیابینى و مه‌عریفه‌ى شیعریى ناس ناكات، هێرشى شیعرییه‌تى ده‌ستكرد جگه له بونیادنانى تووندوتیژى شیعریى و پووچكردنهوهى ره‌هه‌نده‌كانى مانا، به‌ره‌و جۆرێك له چۆلایى و هیچ نه‌گوتن ده‌بێته‌وه! شیعرییه‌تى ده‌ستكرد نه پرسى شیعریى به‌رجه‌سته ده‌كات، نه نیگه‌رانییه‌كانى شاعیربوون، نه هه‌ستى جوانى ده‌خاته‌وه، نه هێزى خه‌ون و خه‌یاڵ ته‌رجه‌مه‌ى نیگه‌رانییه‌كان ده‌كاته‌وه... له پشت شیعرییه‌تى ده‌ستكرد دنیا دنیاى ئاماده و بیابانێكى بینراوه، نه‌ك فه‌زاى نه‌بینراو، له شیعرییه‌تى ده‌ستكرددا زمان قسان ناكات، زمان قسه‌ى پێده‌كرێت! شیعرییه‌تى ده‌ستكرد كار له‌سه‌ر نێودژى به‌تاڵ و زمانى ئاماده و تووندوتیژى مه‌جازى بێ بنه‌ما ده‌كات! بۆ نموونه (هه‌ور به پلایس بگرین، یان به ددان... باینجان له قسه‌ى سپى وه‌ستایه... ئه‌و چۆلایى و هیچنهگوتنه، ئه‌و نێودژییه به‌تاڵ و پارادۆكسانه چ ئاوێته‌بوونێك له كیمیایى وشه و هه‌ستى شیعرى و فه‌زاى گوتن و ره‌هه‌نده‌كانى مانا و دنیابینى شیعرى... پێشان ده‌دات؟!)
شیعرییه‌تى ده‌ستكرد پابه‌ندى نهگێرِانهوه و ده‌سته‌واژه‌ى شیعریى ئاماده و نێودژى به‌تاڵه، نه‌ك هێزى خه‌ون و خه‌یاڵ و پرسى سه‌رده‌م و دۆزینه‌وه و رووداوى زمانى شیعریى! خوێنه‌ر له خوێندنه‌وه‌ى شیعرییه‌تى ده‌ستكرددا دووچارى تووندوتیژى شیعریى و هه‌راسانى و به‌دوادانه‌چوون و بیابان ده‌بیته‌وه، نه‌ك راڤه‌كردنى ره‌هه‌نده‌كانى مانا و ده‌لاله‌تى جیاوازى... به‌ڵام له شیعرییه‌تى خۆكرد، خوێنه‌ر ده‌كه‌وێته رووه جیاوازه‌كانى مانا و ده‌لاله‌تى چێژ و خه‌یاڵه‌وه... خوێنه‌ر له میانى هێرش و ئامادهباشییهكانى شیعرییه‌تى ده‌ستكرد هه‌ستى شیعرى له ده‌ست ده‌دات، له هێرش و ئامادهباشییهكانى شیعرییه‌تى ده‌ستكرد چییه‌تى زمان و خه‌ون و خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه... به‌تاڵ ده‌بێته‌وه، جگه له‌وه‌ش فه‌زاى شیعرییه‌تى ده‌ستكرد نیگه‌رانى و گومانى شیعریى به تووندوتیژى و هه‌راسانى ده‌سپێرێ... به‌ڵام له شیعرییه‌تى خۆكرد خه‌ون و خه‌یاڵ... ده‌رگاكانى بۆ به‌دواداچوونى جیاواز ده‌كاته‌وه و به دنیابینى ده‌سپێرێ! كێشه‌ى نوسهرى شیعرییه‌تى ده‌ستكرد زیندانكردنى وشه و دهركنهكردنى ماناى وشه و پرسى شیعرییه... كێشه‌ى ناس نه‌كردنى ره‌گه‌زه شیعرییه‌كان و هاوگونجانى فهزاكانه، كێشه‌ى هه‌ستى شیعریى و دۆزینه‌وه‌ى رێرِهوهكانى خه‌یاڵى وشه‌یه... هه‌میشه فه‌زاى شیعرییه‌تى ده‌ستكرد به‌ره‌و بیابان و هیچ نه‌گوتن دهرِوات، فه‌زاى شیعرییه‌تى خۆكرد به‌ره‌و گوتنى جیاوازى شیعریى ده‌بێته‌وه...
(4)
شیعر له كۆمه‌ڵێك ره‌گه‌ز پێكهاتووه نه‌ك به‌و مانایه‌ى كه سیستمێكى رێك و چنراو و مه‌حكه‌مه و هه‌میشه مانا و وه‌زیفه‌یه‌كى دیاریكراو به ره‌گه‌زه‌كانى ده‌به‌خشێ ((قسه له به‌سه‌رچوونى هیچ ره‌گه‌زێك ناكه‌م، قسه له نارِێكى جوانى و هارِمۆنیهتى ره‌گه‌زه‌كان ده‌كه‌م)) له شیعرى داهێنه‌رانه‌دا ره‌گه‌زه‌كان تۆرِێكى به‌رفره‌وان له په‌یوه‌ندى ئیستیًتیكى پێكه‌وه‌یان ده‌به‌ستێته‌وه و هه‌ر یه‌كه‌یان به كارى جوانكردنى خۆى هه‌ڵده‌ستێ و له ناوكۆییهكى شیعرییدا جوانیه‌كانى یه‌كتر ته‌واو ده‌كه‌ن و شیعرییه‌ت به جێده‌هێنن، نهێنى شیعر ئه‌وه‌یه شیعرییه‌ت هه‌ڵده‌نرێت، نانوسرێته‌وه! به دیوه‌كه‌ى دیكه‌ش شیعرییه‌ت ده‌رئه‌نجام نییه، به‌ڵكو وه‌ك ره‌گه‌زێك له ره‌گه‌زه‌كانى پرۆسه‌ى ساته‌وه‌ختى نوسینى شیعریى و خوێندنه‌وه دێته به‌رهه‌م. وه‌ك نهێنى ناوه‌وه‌ى شاعیر و خوێنه‌ریش ده‌مێنێته‌وه، به كورتى ده‌مه‌وێ بڵێم شیعریى ئیبداعى له‌سه‌ر پێكه‌وه‌گونجان و تۆكمه‌یى ره‌گه‌زه شیعرییه‌كان دێته‌وه، شیعریى ئیبداعى له‌سه‌ر تواناى چه‌سپاندن و كرده و ئاوێته بوون و به‌رجه‌سته‌بوونى بوێرى و ئازادى زمان خۆى ده‌نوێنێ... شیعریى ئیبداعى جوانى و جیاوازى و چێژه.
ئایا له نێوان فه‌زاى بێ مرۆڤ و مرۆڤى بێ واقیع و ماناى به‌تاڵ و بیركردنه‌وه‌ى باو و گوتارى ئایدیۆلۆجى و سۆزى ئایینى و خه‌یاڵى سنوردار و هیچنهگوتنى شیعرییانه‌ى ده‌ستكرد... شیعرییه‌ت هه‌ڵده‌نرێت، شیعرییه‌ت له دایك ده‌بێت؟! (ئه‌رستۆ) ئه‌و زاراوه‌یه‌ى به‌كار هێناوه بۆ ئه‌وه‌ى ته‌عبیر له هه‌موو جۆره‌كانى خه‌ڵقكردن بكات. جوانى شیعر له خهلقكردندایه، جوانى شیعر هه‌میشه له خۆیه‌وه له پرسى سه‌رده‌مه‌وه ده‌ستپێده‌كات، چێژى شیعریى شوێنپێى نموونه‌كانى پێش خۆى هه‌ڵناگرێته‌وه، داهێنان كه‌شفكردن و دنیابینییه! شیعرییه‌ت له هارمۆنیه‌تى هه‌ست و سۆزى مرۆیى و مانا و بیركردنه‌وه‌ى داهێنه‌رانه و خه‌یاڵ و گێرِانهوه و زمانى شیعریى... فه‌زا جیاوازه‌كانى خۆى ده‌كاته‌وه. خوێنه‌ر له رێگاى هارِمۆنیهتى ره‌گه‌زه جیاوازه‌كانه‌وه راڤه‌كردنى جیاواز بونیاد ده‌نێت. خوێنه‌ر له نێوان فه‌زاى جیاواز و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ره‌گه‌زه شیعرییه‌كانه‌وه به‌ره‌و رووداوى شیعریى و زمانى خه‌یاڵ و چێژ و ره‌هه‌نده‌كانى جوانى ده‌بێته‌وه.
كه‌واته داهێنان نه ره‌سه‌نایه‌تى به‌رێوه‌ى ده‌بات، نه لاسایكردنه‌وه، به‌ڵكو پرسى سه‌رده‌م و هێزى خه‌یاڵ و هه‌ستى مرۆیانه ده‌خوێنێته‌وه. داهێنان نه نهتهوهگهریى ده‌ناسێ، نه دنیاگهریى... به‌ڵكو ئازادى و كرانه‌وه‌ى ئاسته به‌رزه‌كانى زمان و جوانى ده‌نوسێته‌وه. داهێنان فره ره‌گه. شیعرى هونه‌رى كوردى گهرِانهوه نییه، بۆ ئایینى كوردى و سێكوچهكهى بابان و گۆران و روانگه و هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كان و... به‌ڵكو كه‌شفكردن و دنیابینییه، ژه‌هر و تریاكه، ئازادى و بوێرییه، جوانى و چێژه، فه‌زاى هه‌ر یه‌ك له خوێنه‌ر و نوسه‌ره! داهێنان فیكره‌ى یه‌كگرتووى كۆتائامێز و پهرِگیر ره‌تده‌كاته‌وه، یه‌كگرتنى نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر به‌جێده‌هێلێت، شیعریى هونه‌رى كوردى له‌سه‌ر ئیشكالیى بێكۆتایى زمان درێژ ده‌بێته‌وه...