بەهار مەحمودو .. ترێ مەحمود
وەك دوو نموونەی دەنگی شیعریی جیاواز
هیچ كاتێك جیاوازی هەست لەجیاوازی رەگەزدا خۆی نابینێتەوە، بەڵكو جیاوازیەكان لەجۆری بیركردنەوەدا دەبن، خەیاڵی بیركردنەوەو.. زمانی گوتن، دەرئەنجامی ململانێ جۆراوجۆرەكانی واقیعی فرە رەهەند بەخۆی دەدا .
كەواتا ئەوەی لای ئێمە بەجیاوازی گوتارو دەق سەبارەت بەجیاوازی رەگەز لای بەشێك لەرۆشنبیران ئاماژەی پێ دەدرێ، ئاكامی ناجێگری یەكسانی كۆمەڵایەتیو رێزنەگرتنە لەرەگەزی بەرانبەر كە لەڕێی دابو نەریتەوە ئەو رەوتە لەقاڵب دراوە، هەر دەقێكی شیعریی بەرلەوەی ئاماژە بێت بۆ رابردوو وەك روداو، دەبێ دەسەڵاتی زمان كار لەسەر تێكشكانی سنووری چەقبەستوویی زمان بكات، لای هەر مرۆڤێك یەك شێواز لەدەربڕینی وشەسازی ئامادەیە، بۆیە گرنگی بیرۆكەی دروستكردنی زمانی جیاواز و فرە رەهەند لەجۆری بەزاندنی سنووری واقیع دادەنێ، كەواتا كەسێك نیە لەجۆری گوتنو بیركردنەوەدا ئاماژە بە "رەگەز" بداتو جیاوازی زمان لەنێرو مێدا بخاتەڕوو، ئەوەی ئەم جیاوازیانە دروست دەكات خودی كۆمەڵە بەبیركردنەوەو رەهەندە زاڵەكانی ئەندێشەی تاك، كەدواجار لەكۆمەڵە رۆژهەڵاتیەكان كاردانەوەی نێگەتیڤی هەیە، بۆیە لەهەندێ لەو دەقانەی كە لەلایەن كچانو ژنانی رۆژهەڵاتیەوە دەنوسرێن، ئەوەندەی گوزارشت لەناجۆری ژیانو دەسەڵاتی رەگەزی بەرانبەر دەكات، نیو ئەوەندە لەهەوڵی بەرەو پێشەوە چوونی شیعرییەتو خوڵقاندنی هەستێكی جێگیر نادات.
ئەمەش وای كردووە بەشێك لەو ئەندێشانەی لای ژنانو كچانی شاعیر دروست دەبێت، زمانی تێدا دەبێتە زمانێكی گوتاریو.. رەخنەی كۆمەڵایەتیو ناجێگیری هەستی شیعریەتو.. بنبەستكردنی چێژوو زمانی شیعرییەت لەناو خودی ململانێ جەستەیەكان، بۆیە زۆرجار لای هەندێ لەكچانو ژنانی شاعیر زمان دەبێتە زمانی جیاوازی جەستەییو جۆرێك لەناسەقامگیریی فیكرییو رۆحی دروست دەكات كەدەرئەنجام رەهەندەكانی بیركردنەوە و سنووری بەربڵاوی زمان و شێوەكانی خوڵقاندنی زمانی یەكتایی لەتێڕوانینو بیركردنەوە لەدەست دەدات.
ئالێرەوە جیاوازیی زمانی رەگەز، جۆرێك لەبەندكردنی بیركردنەوەو شێواندنی هەستی ژنانی شاعیر دەكات، یەكێك لەو ژنە شاعیرانەی كەبوو بەقوربانی دابو نەریتی كۆمەڵی دواكەوتوو، ژنە شاعیری فەلەستینی (فەدوە تۆقان) بوو كەتەنانەت لەژیاننامەكەشیدا نەیتوانی گوزارشت لەخۆشەویستی بكات، بۆیە نووسەرە پیاوەكانی ئەو قۆناغەش نەیانتوانی لەسەر دەقە رۆمانسیەكانی فەدوە بنووسن، كاردانەوەی ئەم بۆچوونو تێڕوانینە دۆگماتیزمەی كەتا ئێستاش لەجۆری بیركردنەوەی ئێمەشدا كاریگەریی هەیە، بەجۆرێك وای لێهاتووە شاعیرە ژنانەكانی لای ئێمەش زۆر بەكەمی جورئەتی گوزارشتكردن لەخۆشەویستی دەكەن، لەبەرانبەردا هەندێكی دییان بێزاریو غوربەتی رۆحی لەدەقەكانیاندا بەدی دەكرێ، لای هەندێكی دییش تێكشكانی كۆتو زنجیری دابو نەریتو تێكشكانی جیاوازیە جەستەیەكان بووەتە مایەی ئاماژە بۆكردن كەدوای ئەو دیدانەش، دونیایەك لەژنانی شاعیر لەهەوڵی بەردەوامیدان بەوجۆرە بیركردنەوەیە، یەكێك لەو ژنە جەسوورانە، ژنە شاعیری جەزائیری "ئەحلام موستەغانمی"ە كە ئەمڕۆ لەناوەندی رۆشنبیریی عەرەبیدا یەكێكە لەو ژنە چالاكانەی بواری ئەدەب كە ئەو ناوەندە شانازی پێوە دەكات، لای خۆشمان هەندێك لەو ژنو كچە شاعیرانە كاریگەریی ئەحلام موستەغانمییان بەسەرەوەیە ، بەڵام لای هەندێكیان ئەو رەوتە بەجۆرێك لەجۆرەكان سیمای لاسایكردنەوەیان پێوە دیارە كە بەدخەوە نەیانتوانیوە لەپاڵ ئەو دونیابینییەی "ئەحلام" سوود لەو ئەزموونە پۆزەتیف و مەعریفە بەربڵاوەی ئەو نووسەرە واقیع شكێنە بكەنە پێوەرێك بۆ گرنگیدان بەرەوتی ئەدەبی كوردی
هەر لەناوەندی رۆشنبیریی عەرەبیدا ژنە رۆشبیری تریش هەیەو كەوتووەتە بەر تانەو تەشەری گروپە تووندڕەوەكان ئەویش "د. نەوال سەعداوی"یە، یەكێكە لەو سەدان ژنە روناكبیرانەی بە بەردەوامی داكۆكی لەفیمینیزمو دیموكراسی و دونیای فیكرو مەعریفە كردووە، بەیەكێ لەژنە ئەكتیڤەكانی ناوەندی رۆشنبیریی وڵاتی میسر ئەژمار دەكرێ.
كاردانەوەی ناجێگیریی كۆمەڵ وا لەژنە شاعیرو نووسەرە كوردەكان دەكات، هەمیشە لەپشت دەرگا داخراوەكانەوە بژین، زمانی ئەوان زمانێكی یاسا رێژكراوی موقەیەد بێت، ئەوەی لە "فەدوە تۆقان" هەڵیدا، لای نوسەرە ژنەكانی كوردیش بەهەمان شێوە وێنە رێژ كراوە.
ئەوەی كاریگەری نێگەتیڤی لامان دروستكردووە، جیاوازی زمانە لەنێوان ئاخاوتنی ئاساییو زمانی شیعریی، بەوەی زۆرجار زمانی ئاخاوتنی سادە زاڵە بەسەر شیعرییەتو زمانو خەیاڵی شیعرییەت، كێشەی جیاكردنەوەی دەنگو زمانی شیعریی لەنێوان ژنو پیاو بەئاگاییو بێ ئاگایی بێ كێشەیەكی خوڵقاندوە كەدەرئەنجام ئاڵۆزی خەیاڵو فەنتازیای زمان شێوازێكی ناجێگیریان لەخۆگرتووەو هەریەك لەو دەقانەی لەم قۆناغەدا، بەتایبەتی لای ژنان دەنووسرێتەوە، بەشێكی زۆری كاردانەوەی جیاوازی رەگەزو حاڵەتی سایكۆلۆژی رۆژانەیە.
بۆئەوەی جێگیریو ناجێگیری بەشێك لەدەقی ئەو ژنە شاعیرانە بەسەر بكەینەوە، سەرەتا دێین لەجیاوازی زمانو بۆچوونو كاریگەریی ئەم شێوازە مامەڵەیە دەخەینەڕوو كەلای هەندێك لەو شاعیرانە، رەنگیداوەتەوە.
هەوڵئەدەم لەم لێكۆڵینەوەیەدا بەجیاوازی دەقەكانی هەردوو شاعیر "بەهار مەحمودو .. ترێ مەحمود" بەسەر بكەمەوە، سەرەتا ئاماژە بەوە دەدەم ئەم دوو شاعیرە خوشكنو پەروەردەی یەك خێزانن، لەهەمان كاتدا زۆرجار بەیەكەوە دەقەكانیان بڵاودەكەنەوە. بۆئەوەی لەنزیكەوە بۆچوونو روانینو شێوازی ئەم دوو شاعیرە بخەینەڕوو، دەبێ ئەوەش بزانین لێكۆڵینەوە لەسەر دەقەكانی ئەم دوو شاعیرە رەهەندی بۆچوونەكانی بڕێكی زۆر لەشاعیرانی تری ژن بەدەردەخات، بۆیە جیاوازی لەتێڕوانینی "بەهارو ترێ" دونیایەك مانای قووڵی سایكۆلۆژیو دونیابینیو هەستكردن بەجیاوازیمان پێ دەبەخشن، لەوەدا چۆن "بەهارو ترێ" لەژێر یەك چەتری خێزانی دوو دەنگی شیعریی جیاواز دەخوڵقێنن، ئایا كاریگەریی جیاكردنەوەی دەنگی ژنو پیاو تاچەند لای هەریەك لە "بەهارو ترێ" رەنگی داوەتەوە، كامانەن خاڵە هاوبەشەكانی زمانو خەیاڵو مەعریفە، چۆن بونایدی عەقڵیی لای ئەم دوو شاعیرە توانیویەتی زمانو كۆمەڵ لەخەیاڵی رەمزییو یەك گوتاریی شیعریدا خۆی بپارێزێ؟
ئایا جیاوازی زمان لای "بەهارو ترێ" جیاوازی مەعریفیە یا رۆحی، یاخود دەرئەنجامی ئیفرازاتی كۆمەڵایەتی و ململانێی دەسەڵاتی عەقڵو جەستەیە ؟، یاخود كاریگەریی دەسەڵاتی نێرینەیە بەبێ ئاگایی لەمومارەسەكردنی ژیانو قسەكردندا لای زۆربەی ژناندا زەقبوەتەوە ؟، بەمەش مانەوەی تێڕوانینی عەقڵانی لای خودی مرۆڤ بەمەبەستی روبەڕوبونەوە لەگەڵ دەوروبەر ئەوەیە كەهەست، باشتر یارمەتیمان دەدات، لەوەی حاڵەتی هەستیاریمان لا دروست بێت، ئەم دوو حاڵەتە دەچنە سەر شێوازی بیركردنەوەی مەعریفی، بەمەش جیاوازی ئەم دوو شێوازە لەوەدایە:
یەكەم: چۆن بمانەوێ كاری بۆ بكەین؟
دووەم: ئەوەی چۆن هەوڵی بۆ بدەین؟
"جۆن سیرڵ" دەڵێ: "دەبێ ئەوە بڵێم لەبەرئەوەی هەست، پەیوەندی بەجەوهەری مەبەستدارییەوە هەیە، كەواتا بەشێكی زۆری حاڵەتی مەبەستداری ناهوشیاریشی هەیە". كەواتا دەبێ ئەوەش بزانین حاڵەتی مەبەستداریی ناهوشیاری پەرچەكداری خەونو حاڵەتە سایكۆلۆژیەكانە، كەخۆی لەخۆیدا لەئاكامی ناسەقامگیریی حاڵەتە دەروونیەكانی ئینسانەوە سەرهەڵدەدات.
ئەوجار زمانی شیعریی لەفەزایەكی ناجێگیر، تووشی شكستی ناهەستیاریی دەبێت، لێرەوە كێشەی زمانو فیكرو مەعریفە سەرهەڵدەداتو شیعرییەت دەچێتە قۆناغێكی جوداوە كە لەبنەڕەتدا ئەركی شیعر نیە.
بۆئەوەی لەم رەوتە ناسەقامگیرە فیكریە رزگارمان بێت، پێویستمان بەشەڕێكی فیكریی مەعریفی هەیە لەگەڵ كۆنخوازو عەقڵە دۆگماكان،
ئەوەی لەم شەڕە فیكریەدا بەدەستی دێنین، دونیای بەرفراوانی رۆشنبیریی و تایبەتمەندی ئەدەبە ، بەتایبەتی زمانی فرە رەهەندی شیعر كەدواجار دەچێتە قۆناغی گوزارشتكردن لەویژدانی تاكو تایبەتمەندیەكانی، كەدەبێتە خاوەن هێزێكی پتەو لەجوڵەو سەربەخۆییو دەربازبوون لەترادسیۆنی خێزانیو كاریگەریی ئەو هەژموونە ناجێگیرەی تێدا نامێنێ.
بۆئەوەی جیاوازی دیدو بۆچونو شێوازی زمانی ناجێگیر لای هەندێ لەژنانی شاعیر و جۆرێك لەئارامی رۆحیو یاخی بوون لەفەنتازیای تاك رەهەندی بیری جیاوازی نووسین لەنێوان رەگەزی نێرو مێ بخەینەڕوو كەلەلای ئەم دوو شاعیرەدا بەجیاواز لەو خۆبەدەستەوەدانە لەبەرانبەر زمانی ئەبستراك لەمەعریفەو فەنتازیا، كەجۆرێك لەروئیاو دونیابینی تێدا رەنگیداوەتەوە.
سەرەتا دێمە سەر دەقی شیعریی "باخێك لەهەڵووژە"ی شاعیر "بەهار مەحمود" و لەو دونیا جیاوازەوە زمانی شیعریی جیاواز لای "بەهار" دەخەمەڕوو كەبەشێوەیەكی پراكتیكی لێرەوە ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە، جیاوازی زمانی شیعریی نێوان رەگەزەكان لەدەقەكەی "بەهار"دا بەئاشكرا خراوەتەڕوو، كەدڵنیام ئەم بۆچوونە هەروا بەبێ ئاگایی نەخزاوەتە دونیای بیركردنەوەو هەستی شاعیرێتی سەبارەت بەجیاكردنەوەی چەمكی شیعر لەنێوان رەگەزی نێرو مێ كەلای بەهار كاری لەسەر كراوە،
بەهار مەحمودی شاعیر دەڵێ:
"رێگەم پێبە ئەی دۆست لەم شەوە نوێیەدا، مۆمێك لەبەردەم دەرگا كڵۆمدراوەكانی موحیبەتدا داگیرسێنم".
ئەگەر بەوردی قسە لەناوەڕۆكو زمانو تێڕوانینی ئەم دەقە شیعریە بكەین، دەتوانین سەرەتا ئەوە بڵێین، ئێمەی كورد تاكو ئەم چركەساتە لەباگراوندی فیكریی بەشێك لەشاعیرانی ژنانو پیاوانی كورد، تارمایی گوتاریی رۆشنبیرانی سەردەمی جەنگی یەكەمی جیهانی كاریگەریی بەسەریانەوە هەیەو هەوڵیان داوە توندوتیژی كۆمەڵ لەدونیایی بێ سنوری ئەدەبدا تەرجەمە بكەن، ئەمەش بەو مانایە كەپیاوان لەكۆمەڵی كوردیدا بواریان بەیاخیبوونو بەزاندنی هەیكەلی هێزی پیاوەتی خۆیان نەداوەو هەمیشە كچانو ژنانی شاعیر بەزمانێكی مەجازی گوزارشتیان لەرەوشی دەروونیو كۆمەڵایەتی كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ ئەوەش بڵێین، جگە لەو فۆڕمە شێوێنراوەی زمانی شیعرییو جیاكردنەوی لەفۆرمی گشتی شیعر، ئەوەی جێگەی مشتوومڕە ، هەندێ دەقی كچانو ژنان نەیانهێشتووە بەشێوەیەكی گشتی هەژموونی ئەم تێڕوانینە ئەبستراكتە لەبەربڵاوی خەیاڵو فەنتازی زمانو مەعریفە، مۆرانە ئاسا دەقەكانیان بخاتە هاوكێشەیەكی سیاسیو كۆمەڵایەتیەوە.
ئەگەر وردتر لەم دەقە بكۆڵینەوە، دەبێ لەوێوە گرێ كوێرەكان بكەینەوە، ئایا غیابی دۆست لەبەرەنگاربوونەوەی هەستدا چۆن لەنێوان شەوەكاندا شەوێكی نوێ بەیاخیبون دەسپێرێتو لەبەردەم "دەرگا كلۆمدراوەكانی موحیبەتدا" مۆمێك دادەگیرسێنن.
سەرەتا ئاماژەم بەوەدا جەوهەری ئەم دەقە تژیە لەیاخیبوون، یاخیبوونی یەكەم : لەو زمانە ئەبستراكتەی دونیابینیو مەعریفەو خەیاڵی لەدەست داوە، دووەم : یاخیبوونە لەجەوهەری ناجۆری بەكارهێنانی زمانی شیعریی كەلەم دەقەی "بەهار"دا بەئاشكرا شەڕێكی فیكریی خوڵقاندووە،
كەواتا ئەوەی دروستە لای ژنان، ئەم دەنگەیە كە "بەهار" دێت بەو زمانە شیعریە چەقبەستووانە دەڵێ:
ئەو دەرگایەی لەبەردەم موحیبەتدا داخراوە، مۆمێك روناكیدەكاتەوە. رەنگە لەڕووی فۆرمو رەهەندی تەكنیكی زمانەوانیەوە ئەو رەوتە ئەوەندەی لەمیانەی بیرێكی نوێخوازیەوە سەریهەڵدابێ، نیوئەوەندە مومارەسەی فەنتازی تێدا رەنگی نەدابێتەوە، ئەمەش بەو مانایە نیە، رەهەندەكانی ئەم دەقە، تەنها لەكایە عەقڵانیەكەیدا كاریگەریی هەبێ، بەڵكو خەیاڵی شاعیرێتیو زمانی دەربڕینی لای ئەم خانمە شاعیرە دەیان رەهەندی جیاوازی لەخۆگرتووە بەشێك لەم رەهەندانە، رەهەندی زمانەوانیە ، ئەگەر جیاوازی لەنێوان بەهارو فەدوە تۆقاندا بكەین، لەوێوە بۆمان دەردەكەوێت، كاریگەریی سستی رووناكبیرانی عەرەب سەبارەت بەو دونیابینییەی (فەدوە)دا بەندكران، جارێكی تر بەدیدی "ئەحلام مستەغانمی"یەوە ئەو جیاوازیانە دەخاتەڕوو،
"بەهار مەحمود" دەڵێ:
"چی بەشی ئەم تێگەیشتنەی منو تۆ ئەكا، ئەی دۆست من بەحورمەتی باخێك هەڵووژەوە لەهەڕاجی سەبەتەیەكا ئەبینێو.. باهۆزێك بێ ویستی خۆی، دەست بۆ پێكەنینی كچێنی ئەبا" .
ئەحلام مستەغانمی دەڵێ: "من مومارەسەی سێكس لەسەر كاغەز دەكەم" یاخیبوون لەدابو نەریتو ناجۆری كولتوور جۆرێكە لەباوەڕ بەخۆبوونو تێكشكانی بەهاكانی دەسەڵاتو پیرۆزیی.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەرەتای دێڕی یەكەمی دەقەكەی "بەهار" "رێگەم پێبە ئەی دۆست".
دەبێ بیر لەقسەكەی بیرمەندی فەرەنسی "جاك لاكان" بكەینەوە كەدەڵێ:
"ئەگەرچی ناهوشیاری دەرئەنجامی فشاری تایبەتمەندی رێژەییە، چەندە پەیوەستە بەپێشكەشكردنی ناهوشیاری لەوەی ئەوە چیە، پەیوەندە بەپێشكەشكردنی لەپێناو.. ئەوەی هەو نیە"
كەواتا گرفتی "دۆست" گرفتێكی دەروونی نیە، بەڵكو هێندەی گەڕانە بەدووی "دال"ی مەعریفە ، كەكردنەوەی دەرگا كلۆمدراوەكانە، نیو هێندە گەڕان نیە بەدوی "ئەی دۆست" وەك خاڵی "دال"،
زمانی مەدلوول لای شاعیر گرفتی "دال"ی كایە فیكرییو ستاتیكیو مەعریفییەكەیە، تا حاڵەتە رۆمانسییەكەی، گەرچی زمانی رۆمانسیو خەیاڵی بەربڵاوی رۆمانسی زاڵە بەسەر پێكهاتەی قەسیدەكەی "بەهار" بەڵام غەریزەو.. مانای كچبوونو پیاوبوون لەبەشێكی زۆری دەقەكانی ئێمە زمان بەو ململانێ دەروونیە دەباتو ناتوانێ لەو گەڕانە روحیەدا كچبوون یا پیاو بونی خۆی تیا ون بكات.
ئەوەی قسەی لێكردووە و ئەم گەڕانەی خستووەتە ئەو هاوكێشەیەوە ، باگراوندو رۆحی كچبوونی "بەهار"ە كەدەیەوێ جیاوازیە زمانەوانیەكان بخاتە لاوە، دواجار بەو پیاوانە بڵێ:
تۆش ئەی پیاو لەم دارستانی هەڵووژەیە دەكەیتەوەو شیعر بۆ "رەشەبا" دەنووسیتەوە.
شاعیری لێهاتوو ئەو كەسەیە گوێ بۆ لێكدانەوەو تێڕوانینی فیكریو كۆمەڵایەتی ناجۆر رانەدێرێ، بەڵكو ئەو دەبێ تەنها گوێیەكی هەبێ بەدەوری ئاڵووگۆڕی جیاوازیە فیكریو پۆزەتیڤەكاندا بڕوانێو. هەوڵبدات زمانی چێژو تایبەتمەندی گوتنو چی گوتن بكات بەپێوەرێك بۆ توانا بەربڵاوەكانی خەیاڵو. ستاتیكاو زمان.
بۆرخیس دەڵێ: "گوێی من دەتوانێت بەچاكی مۆسیقای وشەكانی برنادشۆ ببیستێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت مۆسیقای یەكێكی تر، یان گۆرانیبێژێكی تر ببیستێت".
ئەمە وامان لێدەكات قسە لەسەر ئەوە بكەین كە "بەهار" لەبەشێكی زۆری دەقەكانیدا شیعریی بەجیاواز لەكایە كۆمەڵایەتیو سیاسیەكاندا خستبێتەڕوو، ئەوەی شیعری لای "بەهار" دواندبێ خودی هەستو ستاتیكا و زمانە ، هەربۆیە لەو ورانگەیەوە هەستو زمانی شیعریی لەدونیا تایبەتیەكەی خۆی ماوەتەوە و وەزیفەی زمان بەخەیاڵكردنی ئەو واقیعە نەخوازراوەیە كەزۆرجار رەوتی سیاسەتو ململانێ كۆمەڵایەتیەكان دەیانەوێ رایەڵە سیحراویەكانی بترازێننو شیعرییەت بكەنە خزمەتی كایە جیاوازەكانی واقیعەوە، دواجار ئەوەی ناوی شیعریی ژنانەو.. پیاوانەیە، كەخەریكە دەبێت بەحاڵەتێكی سایكۆلۆژی لەڕێی رەوتی ناجێگیری كۆمەڵی كوردیو فشاری توندوتیژ بۆ سەر ژنان، لەدەقەكانی "بەهار"دا.. ئاماژەیەكە بۆ بەرپەرچدانەوەی میتۆدی جیاكردنەوەی رەوتی شیعریی.
دیارە هەر لەم روانگەیەوە دیدو سەرنجی شیعریی تری هاوشێوەی ئەوەی لای سەرەوە باسمان لێوەكرد، دونیای جیاواز هەیە كەبەردەوام لای شاعیرانی تری ژنان بەدی دەكرێ.
"ترێ مەحمود" شاعیرێكی تری ئەم باسەی منە كە لەسەرەتاوە ئاماژەم بۆ كردووە، لەم چەند ساڵەی رابوردودا ئەویش دونیایەكی جیاوازی شیعریی تیا رەنگیداوەتەوە، كەخۆشبەختانە كۆمەلێك ژنو كچی تری كوردستان لەبوارە جیاجیاكانی ئەدەبدا كاردەكەن.
"ترێ مەحمود" لەقەسیدەی
"لەبەردەم دەرگایەكی سادەیا مردم"دا
دەڵێ:
"هەرچی وەرزی جوان هەیە، لەو ئەچێ،
كاتێ گیانم پڕ ئەبێ لەگوڵ
بۆنم هەروەكو بۆنی رەیحانەكەی ئەو ئەڕوا..
هەروەك ئەوەی..
بەبارمتە گوڵم لەباخچەیەكدا رووان
بەقەزا خۆشەویستم گێڕایەوەو
سەرم سپاردە هیجرانی نیشتمان".
ئەگەر بەوردی ئەم كۆپلە شیعرە بەسەر بكەینەوە، كۆمەڵێك خاڵی جیاوازو.. رەهەندی جیاوازمان دەداتە دەست.
ئەوەی سەرنجی منی بەلای خۆیدا راكێشا، ئەو پەیوەندییە قوڵەیە كە"ترێ" لەم شیعرەدا لەنێوان هەموو ئەم تێڕوانینە جیاوازانەدا هەریەك لەبەئاخاوتنو.. شێوە زمانی جودا مومارەسەی سیحری قووڵی تیا كردووە، "ترێ" هەوڵی داوە لەم شیعرەدا كۆی بۆچوونە زمانەوانیەكان هەریەك بەشێوەی كارەكتەرێكی جودا
مامەڵە لەگەڵ دەقەكەیدا بكات،
لەوانە رەهەندی رۆمانسی، سۆفیزم، فیكریی، لەسیاقی یەك مانای گەڕاندا خستووەتەڕوو كە ئەویش چەكی رۆشنگەرییە ، هەستی شاعیرێتی "ترێ" لەم شیعرەدا پەیوەندی زمانەوانی مرۆڤدۆستانەی بەپلەیەك خستووەتەڕوو، پاشان جیاوازی لەنێوان "بەهارو.. ترێ" لەهەردوو ئەو شیعرانەدا لێرەوە بەدەردەكەوێت.
ئامانجی فكریی لای "بەهار" بەدەستەواژەی "ئەی دۆست" كاری كردووە، بەڵام لای "ترێ" دەستەواژەی "ئەو" خاڵی وەرچەرخانی زمانی پەیوەندییەكانە بۆ گەیشتن بە "دال" كەخودی بەرپەرچدانەوەی شێوازی لەقاڵبدانی زمانە كە لەپێشەكی لێكۆڵینەوەكەمدا ئاماژەم پێدا، كەواتا "ئەو" ، "غائبە" و لەڕێی بیستنەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین، بۆئەوەی "من" لەپەیوەندی بەتێكستەوە نەبێتە "من"ێكی دروستكراو، یاخود هەوڵنەدرێ كۆی كارو بۆچوونەكانی دی زمانەوانی وەك منێكی یەك شێوە زمان، ماناو دەلالەتەكانی دەق نەشێوێنێ، ناچار نووسەر "ئەوی ون" دەكاتە كارەكتەری سەرەكی دەقەكەیو هەوڵدەدات "ئەو" بەهەموو شێوە و مانا دەلالیەكان جیهانی تایبەتی خۆی هەبێ، دیارە ئەم جۆرە نووسینە یەكێكە لەو نووسینە سەركەوتوانەی كەدەرگایەكی كراوە بۆ خوێنەر بەجێدێڵێ ، تاكوو هەریەك بەشێوازێك لەو دەرگایەوە رەهەندو خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بكات، كەواتا شیعر زمانی دەربڕینەكانە، هەركەسێك بەشێوەیەكی جودا كار لەسەر تێگەیشتنی بۆ دەق دەكات.
هەستی شاعیرانە لای "ترێ" لەڕووی فۆرم و ناوەڕۆك و هەندێك جاریش بۆچوونەوە بەجۆرێك لەجۆرەكان ناتوانێ لەتێڕوانینی "بەهار" وەك "كچ" و خوشك خۆی جیابكاتەوە،
بەڵام گەیشتن بە "یەقین" لەبەرانبەر گەیشتن بەئامانج كەزمانی "ترێ" هەر لەسەرەتای دەقەكەیەوە، مەبەستێتیو لەڕێی تێكشكانی زمانو خەیاڵو مەعریفەوە هەوڵی یاخیبوونی داوە، كەئەمەیان جۆرێكە لەو وێنە جیاوازەی كە لەبنەڕەتدا رەوشی شیعریو زمانی شیعریی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتێكی زۆر گەورەوە.
ئەوەی لەم دوو جۆرە دەقەدا هەستی پێ دەكرێ، ئەو قوڵاییە خەیاڵییەیە كەراستەوخۆ رەهەندێكی دەروونی بەقوڵایی سۆزدارییەوە هەیە كە لای نووسەر بەوێنەو رایەڵەیەكی فیكریی و مەعریفیەوە خۆی دەخاتەڕوو، لەكاتێكدا دەتوانین ئاماژە بەوەش بدەین كەزۆرجار "نەست" زاڵ دەبێت بەسەر "هەست" دا ، بۆیە هەڵوێستو پەیوەندییەكانی لەكاردەخات.
ئەم حاڵەتە لای "جاك لاكان" بەوشێوەیە ئاماژەی پێ دەداتو دەڵێ: "بنەمای خەیاڵ بەپێی ئەوەی پەیوەندییە دوو لایەنەی هەیە" بەو مانایەی جیاوازی لەنێوان خەیاڵو بووندا هەیە، كەواتا شیعریی بوونی زمانی "ترێ" لەو روانگەیەوە ئاماژەی پێ دەدرێ كەچۆن توانیویەتی لەنێوان تێڕوانینی سۆفیزم و سیاسی و فیكریدا، چەمكی چێژ بەمانا هەستیارییەكەی سەرنج و ئەندێشەمان بەو دونیا جیاوازەدا سەرسام بكات.
لەدێڕی كۆتایی ئەم كۆپلەیەدا، "ترێ مەحمود" خەیاڵو رۆحی تێكەڵ بەغوربەتی نیشتمان دەكاتو لەگەڵ ئەو هەموو هیجرانەدا دەیەوێ بەو ئیحساسە نامۆییەوە كۆنتاكت لەگەڵ نیشتمان بكاتەوە كە لە"حاجی قادری كۆیی " ەوە بۆمان بەجێ ماوە ،كە دەبوو خۆشەویستیمان بۆ نیشتمان تەنها لەسیاقی غوربەتی رۆحیو شوێنو مێژوودا نەبێت، ئەوەی "ترێ مەحمود" خەونەكانی تیا روواندووە ئەو هاوكێشە پۆزەتیڤەیە كە لەڕەهەندەكانی سۆفیگەرییو سیاسیو فیكریو رۆمانسیدا خۆیان دەخەنەڕوو.
بۆیە كچانو ژنانی شاعیری كورد، سوورن لەسەر یەك گوتاریی زمانی شیعرییو رێگە نەدان بەجیاكردنەوەی دەنگەكان كە بەشێكی زۆری پیاوانیش بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ شیعردا دەكەن، كە لەسەر بنەمای رەگەزو جەستە خەریكە شیعرییەت لەهەناوی گوتاری سیاسیدا دابەش دەكانە سەر ژنانەو پیاوانەكردنی شیعر .
بەرپەرچدانەوەی ئەم جۆرە بۆچوونەش خاڵی هاوبەشی بەشێكی زۆری ژنانی شاعیری كوردە كە "بەهارو ترێ" نموونەی ئەو بۆچوونە پۆزەتیڤانەن وەك دوو ئەزمونی شیعریی نوێ كەخۆشبەختانە جیاوازی نێوانیان جیاوازییەكی رۆحیە، بەڵام جەوهەری مەسەلەكان لەو گوتارەدا خۆی ئاشكرا دەكات كەفیندەمینتالیزمەكانو.. هەندێك لەنووسەرە ئەنار شیزمەكان رێ بۆ ئەو گوتارە خۆش دەكەن كەدەیەوێ جیاوازی دەنگەكان لەجیاوازی رەگەزەكاندا دروست بكاتو گوتاریی فرە رەهەندی رۆشنبیریی لەگوتاری مەبەستداریدا قەتیس بكات.
ئەمجارەیان "بەهار مەحمود" لەشیعری "ئەی عەشق ئەی گوناهترین بڕیار"دا دەڵێ:
"ئەی عیشق چەند بریاڕێكی جوانی، پڕیت لەبۆنی بەهێ
سادەتر لەئاو
هێمنتر لەپەپوولە،
كاتێ بەسەر گۆنای گوڵێكەوە دەوەستێ".
ئەگەرچی هەستی شاعیرێتی بەر لەهەر شتێك زادەی خەیاڵێكی شاعیرانەیە، ئەم هاوكێشەیە لەنێوان نەستی خودی شاعیردا گەرا دەكات، بۆیە بڕیاردان لەعیشق بڕیارێكی داڕێژراوە، ئەوەی مەبەستە لێرەدا قسەی لەسەر بكرێ، ئەوەیە كە شتێك نیە لەعیشقدا بڕیاری لەسەر بدرێ.
هەر لەم روانگەیەوە حاڵەتە نەستییەكان زاڵن بەسەر حاڵەتە هەستیەكان، بەوەی "بەهار" دەڵێ.. "پڕیت لەبۆنی بەهێ" جوانی بەهێ لەڕەنگو هەڵكەوتەی سیمایدایە، جگە لەوەش زۆرێك لە "میوە" هەندێ جار بێ حەد حاڵەتی غەریزەیی ئینسانەكان دەوروژێنێو بەشێك لەغەریزەی ئینسانەكان دەوروژێنێ و بەشێك لەغەریزەی "میوە" ژنبوونی تێدا بەدی دەكرێ و ئینسانەكان دەباتەوە دۆخی جووتبوون، بەو مانایەش "پەپولە" گوزارشتكردنە لەناسكیو هێمنیو بێدەنگی، كەهەموو ئەم حاڵەتانە مانای ژیانو تامەزرۆییو بەردەوامی بەئینسانەكان دەبەخشێ.
ئەوەی "بەهار" بەم دەقەوە دەبەستێتەوە جگە لەو بڕیارەی كەتائێستاش قسەی لێنەكردووە، پرسیارێكی غەریزەییو ئیختیارییە بۆ ساغ بوونەوەی حاڵەتە ناسەقامگیریەكانی دەروونو گەڕان بەدوای حەقیقەتی عیشق وەك بەشێكی گرنگی ژیانكردن . ئەوەی ئەم عیشقەی خستوەتە دەریای گومانەوە، نە "بەهار"ە و. نەخودی "عیشق"ە، بەڵكو ئەو رایەڵە ترازاوەیە كە لەنێوان عەقڵو خۆشەویستیدا كەتا هەنووكەش نەمانتوانیوە پێكەوەیان گرێ بدەینەوە، زیزبوونی عەقڵ لەخۆشەویستی، لەكۆمەڵی كوردیدا، زیزبوونی زمانو مەعریفەیە لەئاست گۆڕانكارییە رۆشنگەرییەكان ، جارێكی دی "بەهار مەحمود" درێژە بەو جورئەتە دەدات كەدەرئەنجام گەڕانە بەدووی ژیان لەناو دۆزەخی دژە بۆچوونەكان.
كەواتا بەر لەڕەنگڕێژكردنی گەڕانە خوازراوەكەی "هەست" لەناو دونیا جیاوازەكەی "عیشق" ئێمە دێین جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كەعیشق بەر لەعەقڵ و بڕیاردان ئەو پەیوەندیە دروست دەكات كە لەبۆنی بەهێ و سادەیی ئاو دەچێ، خاڵی جیاوازو زمانی جیاواز لای ئەم دوو خانمە شاعیرە، جۆری مامەڵەكردنە لەگەڵ "عیشق".
لای "ترێ مەحمود" عیشق چووەتە حاڵەتێ "سۆفیگەرایی" و جەخت لەسەر قاڵبوونەوەی رۆحیو فیكریی ئەو هاوكێشەیە دەكاتەوە، بەدیوێكی دی لای "بەهار مەحمود" ، "عیشق " ە ئەگەرچی لەحاڵەتێكی ناجێگیردایە، بەڵام خودی عیشق لای ئەم خانمە دونیایەكی كراوەیە، بەردەوام لەڕێی ستاتیكا و زمانو خەیاڵەوە عیشق دەكات بەو هێڵە تەریبەی رۆحو عیشق بۆ جوانكردنی دیوە ناشرینەكەی ژیان ، زمانی مەجازی لەم دەقەی "بەهار" لەوەدایە، شاعیر بەهەستی سیحر ئامێزی پڕ لەتامەزرۆیی لەبری پێكهاتەی خودی "بەهێ" زمانی واقیعی دەكاتە زمانێكی مەجازی لەبۆنی "مەعشوقەوە" دەڕژێتە خەسڵەتەكانی "میوە"ی غەریزەكانی عیشقەوە ، دروستكردنی ئەم جیاوازیە ناواقیعیە تەنها لەزمانی مەجازی شیعریدا دەتوانرێ جوانی "بەهێ" بگۆڕێتە سەر حاڵەتێكی نەبینراو ، كەدواجار تەنها لەڕێی چێژەوە دەدۆزرێتەوە ، ئەویش بۆنی "مەعشوقە" لەو "بەهێ"یەدا تەوزیف كراوە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە، ئەم جیاوازیە هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدایە قسەی جیاوازو تێڕوانینی جیاواز دروست بكات، لەهەمان كاتدا یەك گوتاریی زمانی شیعرییو گرنگیدان بەزمانو ناوەڕۆك و خەیاڵا لای هەریەك لە"بەهارو ترێ" رەوتی یەك لایەنەی چەمكی شیعرو فرە رەهەندیە لەشیعرییەتدا، كەئەدەبی كوردیو شیعر بەتایەبتی پێویستی بەو جۆرە تێڕوانینە هەیە، ماوەتەوە ئەوەش بڵێین، بۆچوونی جیاوازو زمانی شیعریی جیاواز، دونیایەكی شیعرییو زمانەوانی لەسەر بنەمای خەیاڵو مەعریفەمان پێ دەبەخشێ كەشیعرییەت لەو مەسارەدا ئامادەیە.
"ترێ مەحمود" لەشیعری
"كە هەور عاشق دەبێ دەبێتە باران" دا دەڵێ:
"بڕوانە چ بەرماڵێكی موحیبەتم لەشانەو..
لەمیحرابی چ عیشقێكا چاوەكانم پڕ بووە لەخۆشەویستی
جەستەمت لەنزای ئەوین هەڵكێشاوە
چاوەكانم سەراپا هۆیدابوون
ئەزانی لەچ چەشمەیەكەوە سەوز بووەو
لەچ خەزانێكیشدا كۆتایی دێ".
ئەگەرچی پێشتر ئاماژەم بەوە داوە چێژو رەوتی سۆفیزمانە لەلای "ترێ" بەڕێژەیەكی زۆر رەنگیداوەتەوە، لەهەمان كاتدا، شیعر بەردەوام هەوڵی داوە مەودای زمانو مەعریفە بەرفراوانتر بكات، كەئەمەشیان جۆرێكە لەدەربڕینو گوزارشتكردن لەباگراوندی رۆشنبیرییو ئیحساسی شاعیرانەی خاتوو "ترێ مەحمود".
ئەوجار خانمی شاعیر زۆر بەشێوازێكی سیحراوی جیاوازی نێوان عەقڵو خۆشەویستی یاخود عیشقو عەقڵ بەیەكەوە دەبەستێتەوە، من زۆرجار ئاماژەم بەوە داوە كەبەداخەوە زۆر بەكەمی هەوڵی یەكانگیریی ئەم دوو كایە سروشتیە دراوە، بۆیە سروشتی خەیاڵو هەستی شاعیرانە لای كەسی لێهاتوو ئەوەیە، چۆن زمانی ئاسایی لەنێو ژانری شیعردا دەكاتە زمانێكی بەربڵاو كەئاماژە بەهەموو دەلالەتەكان بدات، كەواتا سنورداركردنی زمان، سنوورداركردنی عەقڵو مەعریفەیە.
بۆئەوەی تەنها لەدیوە رۆمانسییەكەی شیعر نەدوێین، دەبێ بیر لەوەش بكەینەوە كەیەكێك لەكایە گرنگەكانی شیعریی نوێگەری، خودی خۆبەدەستەوە نەدانە بەخوێنەرو لەهەوڵی ئەوەدایە هەمیشە خوێنەر بەبۆچوونو تێڕوانینە جیاوازەكانی سەرسام بكات.
بۆئەوەی دەق لەتاك رەهەندی رزگار بكەین، دەبێ بیر لەجۆرەكانی دی دید و بۆچوونەكانی ژیان بكەینەوە، كەتاچەند مانا جیاوازەكانی لەزمانو خەیاڵو عەقڵی خستووەتە خزمەتی شیعرییەتەوە.
دەبێ ئەوەشمان بیرنەچێت، بەشێكی زۆری زمانی سادەی شاعیرانی كورد ئاكامی دەسەڵاتی ئاینو كولتوورە رێگای نەداوە زمان پەرەی پێ بدرێ، وەك ئەوەی "سەلاح ستیتیە " باس لە دەقی شیعری عەرەبی پێش تەشریع و دوای تەشریع یاخود پێش جاهلییەت و دوای جاهلییەت دەكات .
نموونەش "حەلاج" یەكێكە لەو كەسانەی بوو بەقوربانیی بەرفراوانكردنی زمانی شیعرییو رەوتی سۆفیزم كە كەكودەتایەكی گەورەی زمانەوانییان لەدونیای زماندا بەرپا كردو لەڕێی دەسەڵاتی ئاینو كولتوورەوە سەری " مەنسووری حەلاجی" خوارد.
كەواتا دەتوانین بڵێین زمانی شیعریی لای "بەهارو ترێ" ئەو دونیا جیاوازەیە كەشیعرییەت بەدوایدا وێڵە و درێژە پێدراوی رەوتی سۆفیزمو قوربانیانی ئەو رەوتەیە كە فیندەمینتالیزمەكانو عەقڵە كۆنزرڤاتیڤەكان رێگری دەكەن، ئەوەی بەشێك لەو نووسەرە ئەنارشیزمانانە، بێ ئاگاییو بەمەبەستەوە بێ، زمانی شیعریی لەنێوان رەگەزی نێرو مێدا دابەش دەكەن، ئەم رەوتە تازەیەی شیعری كوردی پیاتێدەپەڕێ "بەهارو ترێ" مان وەك دوو شاعیری كچ كردووەتە نموونەی دەیان شاعیری دی "ژنو كچ"ی شاعیری ئەمڕۆی كورد.
كەواتا دونیایەك لەجیاوازی دەنگی شیعریی لەدونیای ئەدەبیاتی كوردیدا، لەڕێی زمانو خەیاڵاو مەعریفەوە، هەریەك بەجۆرێك لەجۆرەكان.
رەوتی جیاكردنەوەی شیعریی كوردی لەنێوان رەگەزەكاندا رەتكردووەتەوە.
بۆئەوەی لەدونیای ئەدەبیاتی كوردی بكۆڵینەوە، دەبێ ئەوەش بڵێین ئەدەبی كوردی لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانیەوە تاكو ئەمڕۆ، بەپێی قۆناغو.. واقیعی سیاسیو كۆمەڵایەتی بەچەندین رەوتو گوتاری جیاوازدا تێپەڕیوە، هەریەك لەم رەوتو گوتارانە، بەشێوەیەك لەشێوەكان كاریگەریی راستەوخۆی بەسەر چەمكی ئەدەبو باری كۆمەڵایەتیو سیاسیدا هێناوە، بۆیە ناتوانین هیچ كام لەم رەوتو گوتارانە بەسەر ئەوی دیدا فەرز بكەینو بەكاریگەرینیان لەقەڵەم بدەین، بەڵام بەهەر شێوەیەك بێت، زمانی شیعریی لەهەر قۆناغێك بەپێی توانای عەقڵیو زمانەوانی، دەتوانێ بەرپەرچی گوتارە ناعەقڵانیو مەترسیدارەكان بداتەوە كەڕێگری لەبەردەم بەرفراوانكردنی پانتایی زمانو مەعریفەدا بكەن ، وەك ئەوەی لەدوای جەنگی جیهانی یەكەمەوە نەوە دوای نەوە دەنگ و گووتاری ناجۆر لە ئەدەبیات و شیعری كوردی رەتدەكرایەوە و لەجیاتی ئەوان دەگ و گوتاری عەقڵانی جێی بەوانی دی چۆڵ دەكرد .
ئەوەی لەم لێكۆڵینەوەیەدا باسم لێوەكردووە یاخی بوونی هەریەك لەشاعیران "بەهارو ترێ" یە لەناجۆری زمانو نەبوونی زەمینەی كاركردن لەپانتایی خەیاڵو مەعریفەی زمانەوانیدا، كە لەبنەڕەتدا شێوازو دەنگی بڕێكی زۆری دەنگەكانی ترن، بەدیوێكی تر هەر سەبارەت بەجیاوازی دەنگو تێڕوانین لای "بەهارو ترێ" سەبارەت بەچەمكی "خۆشەویستی". جیاوازیەیكی رۆحی هەیە لەنێوانیاندا، ئەوەی لای "ترێ" بەدی دەكرێ، لای "بەهار" ئەو حاڵەتە سروشتیە دونیایەكی گوماناوی هەیە، بگرە نەبوونی جورئەت هۆكارێكە لەبەرانبەر گوماناویبوونی ئەم كایە رۆحیە، بەوەی یەك : جۆرێك لەشەرمنی باڵی كێشاوە بەسەر دونیای گوتنی "بەهار"دا كە لەبنەڕەتدا ئەم حاڵەتە خاڵێكی زۆر لاوازی لای "بەهار" دروستكردووە.
دوو: هەرچی دەقی رۆمانسی لای "بەهار" بەرجەستە بێت، لەواقیعدا بەشێكە لەو ململانێیەی كە لەنێوان واقیعو خەیاڵدا سەرهەڵدەدەن، بەڵام سروشتی پەیوەندییە رۆحیەكان، مانایەكی جیاوازیان هەیە، ئەویش نەبوونی جورئەتی بڕیاردانە، كەرەگو ریشەكەی دەگەڕێتەوە بۆ شەرمنبوونی "بەهار" لەبەرانبەر گوزارشتكردن لەو حاڵەتە سروشتیە.
ئەم جیاوازیە دونیایەكی دی ئەم دوو خانمە شاعیرەیە كە لەژێر چەتری یەك رەنگو دەنگی خێزانیدا پەروەردە و ژیاون ، بەڵام خودی حاڵەتە رۆحیەكان لەهەناوی كۆمەڵی ئێمەدا جۆرێك لەو جیاوازیانە دروست دەكەن ، ئەمەشیان بەپلەیەك: ئاكامی پەروەردەی ناجۆری خێزانە، سروشتی نەوەكان دەشێوێنێ.
لەكۆتایدا ئەوەی مەبەستمانە جیاوازی نێوان بیروبۆچوونی كچانی شاعیری كورد لەئاست رەوتی جیاكردنەوەی دەنگەكان چ وەك فیكرو مەعریفە، چ وەك جیاوازی بەمێینەو نێرینەكردنی ئەدەبی كوردیو بەتایبەتی شیعر كە خەریكە دونیای ئەدەبی كوردی بەئاقارێكی ناجۆردا دەبات.
بۆئەوەی بزانین كاریگەریی ئەم حاڵەتە تاچەند توانیویەتی دونیای ئەدەی كوردیو سنوری بیرو ئەندێشەی نووسەران ببەزێنێو.. وەڵامی كچانی شاعیری كورد لەمبارەیەوە چیە؟ دواجار بەدرێژایی ژیانو بەردەوامی رۆژگار دەتوانین چەند دەنگێكی دی كچانو ژنانی كورد بكەینە پێوەر بۆ رووبەڕوبوونەوە لەگەڵ ئەم رەوتە ناشیعرییەی كەخەریكە سنوری جیاوازی زمانو فیكرو مەعریفەش دەبەزێنێ.
سەرچاوە:
1-نقد الشعر عند مندور. د. جابر عصفور. مجلە الثقافە.
2-پێكەنینو بیرچوونەوە، چەند وتارو چاوپێكەوتنی لەگەڵ میلان كۆندیرا وەرگێڕانی: ئاوات ئەحمەد.
3-العقل واللغە والمجتمع، الفلسفە فی العالم الواقعی.. جۆن سیرل ل/117 + 117.
4-اللغە الخیالی والرمزی، جاك لاكان، مرحلە المرێە وتشكیل الذات ل/ 40 تا 49.
5-كەهەور عاشق دەبێ... دەبێتە باران: شعر.. ترێ مەحمود، ئەدەبو هونەر ژمارە (537) 31/5/2007.
6-لەبەردەم دەرگایەكی سادەیا مردم.. شیعر: ترێ مەحمود، ئەدەبو هونەر ژمارە (482) 20/4/2006.
7-باخێك لەهەڵوژە: شیعر: بەهار مەحموود، رۆژنامەی ژیانی نوێ ژمارە (126) 23/4/2006.
8-ئەی عەشق، ئەی گوناهترین بڕیار .. شیعر.. بەهار مەحوود، ئەدەبو هونەر ژ (545) 26/7/2007.
danaasker@yahoo.com