ئەی خودا ئەگەر تۆش وازت لە بەرانەكەی ئیبراهیم بهێنایە، ئەوا ئیتر شتێك بۆ بیانووی قوربانیدان لەم دنیا خوێناویەدا بوونی نەئەما، گەر تۆ میوەی بەهەشتت لە ئادەم حەرام نەكردایە، ئایا ئێمە لە ناخی خۆمانا ئەكوژراین؟؟ گەر تۆش لە گوناهی ئادەم‌ و حەوا خۆش بوویتایە ئایا ئێمە ئم دونیایەمان ئەبینی وەكو تەرمی كوژراوەكان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بۆگەن ئەكات؟؟
 
خودای من.....
تۆ یەك پارچە جوانیت، وەكو هەموو ئەو جوانیانەی تر لەم سەرزەمینەدا بۆخۆشبەختی خەڵقت كردوون. تۆ جوانیت وەكو عیشق، نیانیت وەك گوڵ، بەخشندەیت وەكو ئاو، دڵنەرمیت ‌وەكو ئەو ساتانەی دەرفەتی هاتنەدنیات پێداین ، وەك ئەو كاتەی بیرت كردەوە پێش ئەوەی مرۆڤ بۆ سەر ئەم زەویە بنێری دنیایەكی بەم هەموو ئامادەگییەوە بۆ دروست بكەیت. لە خۆڵ خواردن‌ و، لە خۆڵ گوڵ‌ و، لە خۆڵ گیا‌ و درەخت ‌و گوڵ‌ و دنیایەك نیعمەتی بدەیتێ. ئەی ئەو خوایەی لە ئاو، ئاگر، خۆڵ، هەوا، ژیانت خستە سەرسكەی جوانی، من دڵنیام ناودڵی تۆ لە خەیاڵی هیچ جەللادێكی نابووتی سەر ئەم زەویە ناچێت.
خودای من...، هەندێك وەك ئەوەی لای تۆ هاتبنەوە، خەریكی بەخشینەوەی بەهەشت‌ و جەهەنەمن، بەڵام من نازانم تۆ كەی ئەمەت داوەتە دەستی ئەوان‌ و خۆت لە خودایەتی خانەنشین كردووە؟! پێم بڵی جیاوازی چییە لە نێوان خودایەك سەری كچێكی بۆ پان بكەنەوە و بتێك مرۆڤێكی بۆ ئەكەن بە قوربانی ؟! من دڵنیام تۆ خودایەكی نە پیربوون ئەناسی‌ و نە ماندووبون، ئەوانەشی لەبەر بێدەنگی پێیان وایە ئەبێت خودا خانەنشین بكرێ‌، پێویستە سەرەتا دڵ‌ و دەروونیان لە خەیاڵی كوشتن پاك بكرێتەوە. ئەوانەی پێیان وایە لەم سەرزەویەدا سەرقاڵی تەواوكردنی كارە ناتەواوەكانی خودان، بەڵام خودای من... ئەگەر تەنیا ناڕێكیەك لە كارەكانی تۆدا بوونی هەبێت، پێویستە تەنیا تۆ ڕێكی بکەیتەوە، نەك كەسانێك دەسەڵاتیان نییە بەسەر نەخۆشی‌ و ناخۆشی‌ و پیربوونی خۆیاندا. ئەگەر بڕیار بووایە خودا دەست لەم زەمینە وەر بدات ئەوا ئەبوو سەرەتا دەروونی ئەوان لە خوێنڕشتن پاك بكاتەوە، ئەوانە مرۆڤیان بە بەرد بۆ نەكوژرێ بە لۆكە ئەیكوژن. ئەگەر ناڕێكیەك لە دونیادا هەبێت ئەوا لە دەروونی ئەواندا هەیە نەك كارەكانی تۆ.

 

خودای من ...من دەزانم تۆ نەسروشتی مارێكت هەیە ژەهر بكەیتە دەروونی مەخلوقەكانتەوە و نە تلیاكفرۆشێكی بێ بەزەییت تا ئەو خەڵكە بە خەیاڵی كوشت‌وبڕین مودمین بكەیت‌ و نە حەربایەكی لەگەڵ ڕەنگی ئەو هەموو دەروونە نەخۆشەدا خۆت بگونجێنیت. ئاخر تۆ خوایت، ژەهر و سەرەتان نیت بچیتە مێشكی ئەو خەڵكەوە، تاكو تەنیا بە خوێنڕشتن دڵیان خۆش بێت. هەندێك هەن وا دەزانن تۆ خاوەنی جوانییەكی لەدەستچوویت، ئەبێت بە خوێن ئەو جوانییەت بۆ بگێڕنەوە، بەڵام ئەوان ناتوانن لە گوڵێكدا بۆ شوێن پەنجەی خودا بگەڕێن. لای ئەوان تەنیا مردن مانا ئەداتەوە بەو ژیانەی سیخناخیانكردووە لە بێمانایی. من لەم گۆڕە تەنگوتاریكەدا پێت ئەڵێم وەها مردنێك خۆشترە تاكو حەشاماتێك بریندارت كەن‌ و تەنیا و تەنیا وەكو صەگێك زمانی خۆت بكەیت بەمەرهەم، تەنیا خۆت لە برینەكانی خۆت بڕوانی‌ و فایدەی نەبێت. خودایە لەوساتەدا فەنادەبووم تۆ چۆن بیرت دەكردەوە كاتێك زیاتر لە سەد كەس بەشەق‌ و دار و بلۆك‌ و ئینگلاین سەرقاڵی گیان كێشانی كچۆڵیەك بوون سەرەتای تەمەنی جوانی بوو ؟؟! من ئەو پرسیارە سەرم دەكرۆژێ‌ تۆش لەو كاتەدا چ هەستێكت هەبوو؟ ((خودایە تۆ لە سەرەوە بەبێدەنگی لە هەموو شتێكت ئەڕوانی، تۆیەك كە دادوەری ئەم دونیا پڕ لە گوناه‌ و وێرانییەت هەڵگرتووە بۆ ڕۆژی دوایی، ئەمانە چۆن ئەتوانن لە بری تۆ لێرە پێوانەیك بۆ گوناه‌ و سزا دابنێن، لەكاتێكدا تەنیا تۆ ئەو مافەت هەیە و تەنیا تۆ دەتوانی ناو دڵ‌ و دەرونی مرۆڤ ببینی ؟؟! خودای من ...من ئەزانم تۆش لە هەموو ئەم مەخلوقە گوناهكارانە بێبەریت، خۆیان بە شوێنكەوتەی تۆ ئەزانن‌ و لەكاتێكدا تۆ ئەومافەت پێنەداون، قیامەت دێننە سەرزەوی !! مەگەر قیامەتیش حەشرو نەشری كەسەكان نییە لەلایەن خالیقەوە؟ دیاریكردنی گوناه‌ و سزا نییە؟! بەڵام خۆ ئەوان خالیق نین، مەخلوقن. ئایا ئەمانەی خوێن لە پێناو تۆدا دەبەخشنەوە دوای تۆ كەوتوون؟ ئایا كوشتن بەو شێوە بەشێكە لە عیبادەت؟! ئەگەر وایە تۆ لەو خودایە ناچیت ڕۆحی بەخشیوە بە مرۆڤێك، ژیانی لەناو سكی ژنێكدا دروست كردووە!! بەڵام كاری خودا دروستكردن‌ و جوانتركردنی دنیایە، نەك وێرانكردنی، ((ئەوانەی بنیاتنانەوە لە ڕوخاندا ئەببینن، دوای خودا نەكەوتون.)) دراوسێ گۆڕەكەم وای پێوتم.
 
ئیلاهی، لە ناو دڵ و دەرونی ڕقاوی ئەواندا جێگایەك ماوە بۆ خوداپەرستی؟ ئایا لە ناو ئەو هەموو كینە و وێرانكردن‌ و مەینەتیەدا، لە ناو ڕۆحی ئەواندا گۆشەیەك ماوە بۆ خۆشەویستی؟؟! بەڵام ئەگەر ئەوان كێشە بەكێشە، خۆشەویستی بەخوێن چارەسەر بكەن، چ جوانییەك لە تۆوە فێربوون تاوەكو خۆشبەختی بدەنەوە بەم سەرزەمینەی خاڵیی بووەتەوە لە خۆشبەختیی؟ جوانیی بدەنەوە بەم جیهانەی كە خاڵیی بووەتەوە لە جوانیی‌ و سەرڕێژە لە نابووتیی، مانایەك بدەنەوە بەم ژیانەی لێوان لێویان كردووە لە بێمانایی؟!! ئایا دەكرێت لە دنیایەكی تردا، لەو جێگایەی كە تۆ دادگا بۆ گوناه‌ و سزا، سزاو پاداشت دائەنێی، دەكرێت بەهەشت بدەیت بەو كەسانەی ژیان ئەكەن بە جەهەنم؟! مەگەر دەكرێت لەسەر تاوانێكی بچووك ((ئەگەر تاوانیش بێت)) تاوانێكی هەزار هێندە گەورەتر بكرێت ؟؟! ئایا دەكرێت لە دنیایەكدا خوێن جێگای خوشەویستی بگرێتەوە، مرۆڤ لە وێدا لە جوانیی چڵەگیایەكدا شوێن دەستە ڕەنگینەكانی تۆ ببینێتەوە؟! نا، خودای من، تۆ كە لەو سەرەوە لەم دونیا خوێناوییە دەڕوانی، ئەگەر ئەو تەزووەی لە دڵ ئەدا لە ختورەی خواردنی سێوەكەی ئادەم‌ و حەوا گەورە تربووایە بێشك لەم دنیایەشدا دەرت دەكردین .
 
ئەی ئەو خودایەی لە چاوی ئاسك‌ و هەستی دۆلفین‌ و نیانی گوڵ‌ و ناسكی پەروانە‌ و لێدانی هەر دڵیكدا شوێن دەستەكانی تۆ دیارن، ئەوە تۆ نەبوویت منت كوشت، تۆ بەو دڕندەییە مرۆڤ ناكوژیت، ئەو وەحشیگەرییە تەنیا لە مرۆڤ ئەوەشێتەوە، خودا كاری لەو شێوەیە ناكات، ئەوە لە سروشتی خودایانە بەدوورە. ئا لەو كاتەدا بە بلۆك كەللەسەریان پانكردمەوە‌ و خەیاڵم لای مردن نەما، ئا لەو كاتەدا لە ناخەوە ڕاچڵەكیم‌ و وتم ((تۆبڵێی خودا بەیەكجاری لە ناو دڵی ئەمانەدا نەمردبێ، تۆ بڵێی خوداش لەم مەملەكەتە بێ دڵەدا دڵی نەشكابێ، تۆ بڵێی لەم مەملەكەتە بێ ڕۆحەدا ڕۆحی خوداش تیانەچووبێ‌ ؟!))بێگومان نا، كاتێكیش ئەو حەشاماتە چاوباشقاڵە بێ خودایەم بینی لەزەتی بینینی لەش‌ و خوێن لە چاوەكانیاندا تێكەڵ بووبوون سەرسام بووم بەوەی تۆ چۆن چۆنی بە بێدەنگی لەو سەرەوە بوویت‌ و هیچت نەوت! بەڵام ئەشێت تۆش لەو دیمەنە جەرگبڕ و دڵپڕوكێنەدا چاوت گرتبێت، بۆیە هیچت نەوت، ئەشێت تۆش نەتویستبێت ئەو پاداشت‌ و سزایەی قیامەت بێنیتە سەرزەوی، بەشێك لە سزای دادگاییەكە لەم خاكە تێكەڵبوو بە خوێنەدا جێبەجێ بكەی، ئەشێت تۆش ئارەقی شەرمەزاریت سڕیبێ، بیرت كردبێتەوە مەخلوقێكی ئا لەو شێوەت هەبێت، بەڵام خودای من گەر تۆ عیشقت لە مرۆڤ حەرام كردبوو بۆچی دڵت لە سینەیدا دروست كرد؟!! تۆ ئەگەر ئەوەت لە مرۆڤ حەرام كردبوو دوو مرۆڤ پێش ئەوەی بێنە دنیا لە چارەیانت نووسی ناشێ‌ و ناكرێ‌ لە نێوان دوو دینی جیاوازدا، لە نێوان دوو نەتەوەی جیاوازدا، لە نێوان دوو قەبیلەی جیاوازدا هاوسەرێتی بكرێت، بۆچی لە دین‌ و لە نەتەوە و قەبیلەی جیاواز دروستت كردین؟! ئایا جێگای گومان نییە لای تۆوە پەیاممان بۆهاتبێت دان بەم جیاكاری‌ و كارەی خودادا نانێن؟! یانی ئەمانە لە دین‌ و كارەكانی تۆ ناڕازی نین مرۆڤ لەسەر بنەمای نەتەوە و خێڵ و دین پلەبەندی ئەكەن، نەوەك گوناه‌ و چاكە؟؟

 

خودای من .....خودای گوڵ‌ و پەپوولە و جوانی، لە گوناهی ئەوانە ببوورە تا هەتایە بەوە سزات داون سواڵكەری عەشق بن و وەك جەللادی عەشقی خۆیان بژین، پاسەوان‌ و زیندانی ناو دڵی خۆیان بن، وەكو حەللاج پێت ئەڵێم بیان بەخشە، وەكو مەسیح نزا ئەكەم لێیان خۆش بە، ئەوانە پێش ئەوەی من بكوژن خۆیانیان كوشت، دڵی خۆیانیان دا لە خاچ، عەشقیان لە ناو خۆیاندا لەسێدارەدا، ئایا ئەوەش سزا نییە كەسێك تا هەتایە بێبەری بێ‌ لە جوانییەكانی مرۆڤ بوون وەك ویژدان و خۆشەویستی و بەزەیی؟ تۆ هەموو ئەو جوانییانەت لێسەندنەوە لە ژیان شیرینترن، لە مردن و زیندووبوون گرنگرتن. ئیلاهی ...پێم بڵێ‌ ئایا تۆش ئەوەندە خودایەكی دڵڕەقی‌ و تەنیایی ئەوەندە بێزاری كردوویت ئەتەوێ‌ مەخلوقەكانیشت ئەو ئازارەی تۆ بكێشن؟ بەڵام خۆ ئەگەر وا بووایە ئەوكاتە نە عیشقت ئەخوڵقاند و نە مرۆڤیش بە تێكەڵاوبوون زۆر ئەبوو، نەدڵیش ئەو تەزووە قاچاخەی تێدا دروست ئەبوو، ئەو كات كارێكی ترت ئەكرد بەبێ‌ تێكەڵاو بوون زۆر بووبوواین، بە بێ‌ عیشقیش دنیایەكی خاڵی لە كەموكورتی نە ئەبوو، بە هەرەسهێنانی موحیبەتیش دونیا وێران نە ئەبوو.
 
من ئەزانم تۆ خودای ژیان وخۆشەویستیت، خودای مردن وكوشتن وكینە نیت، ئایا هەر تۆ نەبوویت دڵ‌ و عیشق‌ و موحیبەتت خوڵقاند؟ ئیتر ئەم كوشتن و لەناوبردنە لە پای چی كاتێك كە تۆ ئەو جوانییەت پێبەخشیوین؟ مەگەر دەكرێ‌ خودا لە كارێك كە خۆی لە ناو مرۆڤدا خەڵقی كردووە پەشیمان بێت؟ هەر تۆ نەبوویت قەدەرەكانت بەو شێوە ڕێكخست ڕۆژێك لە ڕۆژان وەك ڕێبوارێكی شەكەت ڕێم بكەوێتە یەكێك لەكۆڵانەكانی عیشق‌ و لە ماڵی یەكێكیاندا كەمێك پشوو بەو تەنیاییە درێژە تاقەتكوژە بدەم؟ ئیتر ئەم چارەنووسە شوومە لەپای چی؟ من ئەپرسم مەملەكەتی عەشق كە بەچوونە ناوی و نەچوونە ناوی ئەتكوژێ‌ بۆ دروستتكرد؟ یا بۆچی كە سێوەكەت لەم دونیایەدا خەڵق كرد وەك‌ و ئەوێ‌ دیسان دەرمان ناكەیت؟ كەوابوو ئەمەكاری تۆ نییە كاری مرۆڤە.

 

من نازانم خودای من، بەم كارەیان ئەیانویست خودا لە من خۆشبێ‌ یاخود ئابڕوی تكاویان بكڕنەوە، من نازانم ئەیانویست تۆ لە من خۆشبی یاخود خۆیان لە گوناه پاك بكەنەوە بەڵام مەگەر دەكرێ‌ مرۆڤ بەو شێوە لە گوناه پاكبكرێتەوە؟ خۆ ئەگەر گوناهیش بێت خۆ ئەوان گوناهبار نەبوون تاكو سزاكەی بدەن ئەوەی كە دەبوو سزاكەی لەلای خودا بچێژێ‌ من بووم، جگە لەوەش نە ئەوان خودا بوون و نەئێرەش قیامەت تا من سزای خۆم وەرگرم. خودای من ئەوەی ئەبوو منیش سزا بدات ئەوە تۆ بوویت نەك ئەوان، شوێنەكەش ئەبوو دۆزەخ بووایە نەك ئێرە، سزاكەش ئەبوو لەدوای حەشر بووایە نەوەك لە دنیادا. بەڵام ئەوان ئەیانویست بەم كارەیان بڵێن قیامەت شوێنێكە تەنیا لە خەیاڵی ئەواندا بوونی هەیە دەنا بۆچی لێنەئەگەڕان بۆ ئەوێ‌؟!

 

ئاخر من مرۆڤ بووم‌ و سەرابێكی فریوكار نەبووم، ئەگەر تۆش لە سەرپانكردنەوەی كچێكدا دەستت هەبێ‌ و لە دروستكردنی ئەو تەزووەشدا بە دڵیدا دێت‌ و دەچێت دیسان دەستت هەبێت، ئێمە مەحكوم بین بە ژیان و مەحكوم بین بە عیشق و مەحكوم بین بە سەرپانكردنەوە، لەم نێوەندەدا كێ‌ تاوانبارە؟؟ ئەگەر قیامەتی تۆش لە دەستی كەسانێكدایە ڕووتبوونەوەی كچێك لە ئامێزی دڵخوازەكەیدا حەرام بێ‌‌ و ڕووتكردنەوەی لەبەر چاوی حەشاماتێكدا و خەڵتانی خوێن كردنی حەرام نەبێت ئەبێت لەم كارەدا كێ‌ سزای پەشیمانی بكێشێت؟ نا خودای من، ئەمە لە كاری تۆ ناچێت لە هەر كوێیەك جوانیی هەبێت تۆ لەوێ‌ی، لە هەر كوێیەك تینو هەبێت تۆ لەوێیت، تۆ هەرگیز قیامەتی خۆت نادەیتە دەستی كۆمەڵێك لەوانەی ئەو مرۆڤانە ئەكوژن بە تەنیا تۆ مافی گیان كێشانیانت هەیە و هەرتۆش دروستت كردوون‌ و بە تەنیا تۆش مافی ئەوەت هەیە مەحشەریان بۆ ساز بكەی. ئاخر ئەگەر ئەوەی من كردم گوناه بێت هەقی ئەوەم نییە بپرسم ئایا ئەوەی ئەوان كردیان گوناه نەبوو؟ من ئەزانم مرۆڤ هەمیشە پێویستی بەوەیە موعجیزەی تازەی نیشان بدەیت، ئاخر موعجیزە كە چەند جارێك دووبارە بووەوە ئیتر تەلیسمی سەرسامیەكەی بەتاڵ ئەبێتەوە، تۆش ئەكرا تێیان بگەیەنیت ئەگەر سزای دڵداری سەر پانكردنەوە بیبَت بە بلۆك ئاخۆ سزای سەرپانكردنەوە بە بلۆك ئەبێت چی بێت؟؟!.....خودای من كە تۆ یەك پارچە نوور و جوانییت ئەم وەحشیگەریە چییە بە ناوی تۆەوە ئەكرێ‌ و بێدەنگ لێی ئەڕوانیت؟ ئەی ئەو خودایەی یەك پارچە میهر و ئەوینینیت، بمبوورە خەریكە لە بێدەنگبوونت ئەكەومە گومان، ئاخر تۆ منت بینی و هیچت نەكرد، موعجیزەیەكت نیشان نەدا، بۆ نموونە تاوێك خوێن نەباری تاكو بڵێن خوداش لەو سەرەوە فرمێسك ئەڕێژێ‌، مانگ ڕەنگی خوێنی لێ نەنیشت تاكو بڵێن خوداش لەو سەرەوە دڵی شكاوە.

 

ئیلاهی..... زۆریش هەبوون لەسەر ئەوە وەدەنگ هاتن وتیان نابێت سەری كچە یەزیدییەك لەبەر ئەوە پان بكرێتەوە كوڕە موسوڵمانێكی خۆشئەوێ‌، بەڵام ئەمانە هیچیان تۆ لەناو دڵیانا نەبووی، چما كچە موسوڵمانەكان نین لێرەولەوێ‌ خۆیان ئەسوتێنن‌ و لە جەهەننەمی ئەم دونیایە هەڵدێن بەرە و جەهەننەمەكەی تۆ؟ ئایا كەسێك ناچار نەكرێت ئامادەیە سەفەر بكات لە جەهەنەمێكەوە بۆ جەهەەنەمێكی تر؟ ئەگەر ئەوانە ئاگرێك لەناو دڵیانا بەئازارتر لەئاگرەكەی لەشیان ناسوتێت چۆن چۆنی دەرەقەتی ئەو كارە دێن؟ بەڵام ئیلاهی.... ئەوان، بەڵێ‌ مەخلوقە ژنكوژەكانی تۆ ئەگەر جەهەننەمەكەی تۆ بناسن تاكە جارێك سەرێك لە بیمارخانەی سوتاوییەكە ئەدەن، مەگەر ئازاری ئەوانەش هیچیان لە ئازاری من كەمترە؟ نا خودای من، ئەوانیش ڕاستیان لەگەڵ مندا نەكرد، ئەگەر وابووایە ئەبوو سەرەتا ئاوڕێك لەوانەی خۆیان بدەنەوە، دەبوو بەرگرییان لە من بكردایە نەك تۆ! چونكە تۆیەك ئەم هەموو ئەستێرە و ئاسمانەت دروستكردبێت، ئەتوانیت لە بەرامبەر مرۆڤگەلێكی بێناوەرۆكدا بووەستیت هەرخۆت دروستت كردوون، ژیان و مردنی ئەوانت بەدەستە. ئاخر ئەوانەی ئەیانەوێ‌ ببنە پارێزەری خودا، ئەوانەی بەناوی خواوە ئەكوژن، ئەیانەوێت خودا وەكو بتێكی بێدەسەڵاتێك نیشان بدەن ئەگەر نا دونیا تاقیكردنەوەیەكی خودایی بێت ئیدی چ ڕەوایە خەڵكانێك بەناوی خوداوە مەحشەر لێرە سازبكەن؟ بە گیانكێشانی كەسێك حیكمەتی دروستبوونی لەم دونیایەدا بكوژن؟؟

 

خودای من، سەختە لە جێیەكدا بژیت مردن بە دواتدا بگەڕێ‌‌ و تۆش بە دوای ژیاندا بگەڕێی، بمبوورە ئەگەر بڵێم لەم گۆڕە تاریكەدا خۆشبەختترم لەو جێگایەی نەمئەتوانی وەكو مرۆڤ تیایدا بژیم و دەسەڵاتی ڕووبەڕووبوونەوەی مردنیشم نەبوو، زیندوو بوونی من لە وەها جێگاو قەفەزێكدا، باشترین بەڵگەی مردنم بوو، بوونی من لەوێدا ئاماژەیەك بوو بۆ ژیان لە ناو ڕۆژگارێكی مردوودا .
خودای من...... تۆ نە ژنكوژێكی دڕندەیت لێت بترسم‌ و نەیەكێك لەو كەسانەی تۆ لە دڵیانا مردوویت، ئەیانەوێت تۆ بە خوێن زیندوو بكەنەوە و بە بلۆكیش سەری من پانبكەنەوە، نە یەكێك لەو پیاوە چاوباشقاڵانەشی دوای ئەوەی ئەتكت ئەكەن شقارتەكەت ئەدەنێ‌ خۆت بسوتێنی‌ و نەیەكێك لەو كوڕە ناوگەڵ برسیانەی پێش ئەوەی خۆشیان بووێی ئەیانەوێت بەگرتەیەكی ڤیدیۆیی بتكەن بەكۆیلە و بەقسەڵۆك بتكوژن. خودای من..... من لێت ناترسم چونكە ئەزانم تۆ مرۆڤت خۆش ئەوێت، بۆیە لە بری ئەوەی لێت بترسم خۆشم ئەوێیت، كاتێكیش كە لێیان ئەپرسیم ئەمووت خودا خۆشەویستیەكە لە ناو دڵی مرۆڤدا، ئاخر كینەكاری و خوێنڕشتن لە شكۆی خوایانە ناوەشێتەوە، ئاخر كەسێك خودای خۆش بووێت هەوڵ نادات دۆزەخ و بەهەشتی لێ وەرگرێتەوە، كەسێك خودا لە دڵیدا ببێت ئەزانێت تەنیا خودا توانای دروستكرنی مرۆڤی هەیە و هەرئەویش حەقی لێسەندنەوەی ژیانی هەیە، ئاخر ئەمە سوكایەتی كردنە بە جوانیەكانی خودا. تۆ ئەكتەرێك لەم سەرشانۆی تاقیكردنەوە بسڕیتەوە كە خودا لەوێدا دایناوە، تێزاب بكەیتە بنی گوڵێك خودا بەشێكی باخچەكەی پێ جوان كردووە، ئاخر ئەگەر تەنیا تۆ مافی مافی ئەوەت هەیە دادوەری بكەیت‌ و پاداشت و سزا دیاری بكەیت دیوە ڕاستەقینەكی تری مرۆڤ (ناودڵی)ببینینت ، ئیتر داوەری كردنی ئەمانە لەپای چی؟ ئەمانە سووكایەتی بە مەحشەری تۆ ناكەن لە بری تۆ داوەری ئەكەن؟ ئایا ئەمە سروشتی بوتپەرستە كۆنەكان نییە خودایەكی مردوویان ئەخوڵقاند و ئەبوونە زمان‌ و كاركتەری ئەو؟ ئایا تەنیا خودا مردووەكانی ئەوان شایستەی ئەوە نییە مرۆڤ بەرگری لێ بكات؟ بمبوورە خودای من، ئاخر تۆ خودایەكی خاوەن توانا و موعجیزەی، تۆ هێزو دەسەڵات‌ و جوانی‌ و خوڵقاندن‌ و لەناوبردن لە خودای بوتپەرستەكانت جیا ئەكاتەوە، ئایا ئەوان لە بری تۆ بڕیار بدەن واتای ئەوە نییە بڕوایان بەمەحشەر و دەسەڵاتی تۆنییە؟ مەگەر هەر تۆ نیت سزا و پاداشتت هەڵگرتووە بۆدوای مردن، ئیدی بۆچی لەم دونیادا جێبەجێبكرێ‌؟ گریمان باوەڕمان هێنا ئەوان جێنشینی خودان، ئایا كێ‌ ئەم مافەی پێ داون جگە لە خۆیان؟ من ئەزانم خودایەك مرۆڤی خوڵقاندبێت و موحیبەتی خوڵقاندبێت دڵی نایەت بە بینینی خوێنی مرۆڤێك دڵخۆش بێت، من ئەزانم هەر ئەو خودایەی مرۆڤی خەڵق كردووە دڵیشی خەڵق كردوە، هەر ئەو خودایەی دڵی خەڵقكردووە ناو دڵیشی خەڵقكردووە، دەنا ئەكرا ئێمە خاوەنی ئەو هەموو موحیبەت وجوانییە نەبین، لە بری دڵێك لە گۆشت‌ و لە نیانی‌ و لە خۆشەویستی خودا، ئەبوو خاوەنی دڵێك بووینایە لە ئاسن‌ و ئێسكوپروسك و عیبادەتمان بۆ شمشێرێك كردبا، ئاخر مەگەر دەكرێ‌ خودایەك خۆشەویستی خۆی بە ڕەوا بزانێ‌ و خۆشەویستی مرۆڤ بە ناڕەوا؟
 
خودای من.... تۆ یەك پارچە جوانییت، جوانیش لە ناو خوێندا جێی نابێتەوە، تۆ لە ناو دڵ‌و ڕۆحی مرۆڤدایت كە ژیان لەسەر ئەم دووانە بەندە و هەردووكیانیش بە خوێنبەربوون تیا ئەچن، تۆ جیاوازی لەگەڵ ئەو خودا بەردینە كۆنانەدا نە دڵیان هەیە و نە موحیبەت، نە ژیان لە وجودیاندا بەردەوامە و نە شتێكیان خەڵقكردووە، ئاخر دونیایەك جیاوازی هەیە لە نێوان خودایەكی خەڵقكراو و خاڵقێكدا، تۆجیاوازی لەگەڵ ئەو خودا بەرد و دڵبەردانەی مرۆڤی سەدە كۆنەكان دروستیان ئەكردن، تۆ جیاوازی لەگەڵ ئەو بتانەی لە خورما دروستیان ئەكردن و كە برسیان ئەبوو ئەیان خواردن، تۆ جیاوازی لەو خودا لە درخت دروستكراوانەی مرۆڤێكیان بۆ سەرئەبڕی‌ و خوێنی دڵی مرۆڤیان ئەكردنە بن، ئەو خودایانەی نە ژیان لە وجودیاندا هەبوو نە مێروولەیەكیشیان پێ خەڵق ئەكرا، من ئەزانم تۆ خودای ژیان و بەردەوامییت، خودای دروستكردن‌ و جوانسازییت نەك خودای خوێن و كاولكاری، تۆ خودای موحیبەت و جوانییت، من ئەزانم ئەوەی لەم دونیادا جێدەمێنێت، تەنیا تۆو خۆشەویستین هەمیشە جاویدانین، نەك كوشتن و وێرانكاری.