-1-
هەردوو دەستم بەسەرمەوە گرتووە
دەبێ وای بقوپێنم
هیچ تەنەكەچییەك بۆی ڕاست نەكرێتەوە
-2-
هەناسەم تووند بووە
پێدەچێ گرێ درابێ
-3-
خەیاڵم
بەبزمارێكەوە هەڵواسراوە
دەستم پێی ڕاناگا
تا بیكەمەوە ناوسەرم
-4-
وێنەی خۆم بە دیواری ژوورەكەمەوە دەكێشم
جارێك بێ چاو
جارێك بێ پێیەكانم و
جارێك بێ دەستەكانم
جارێك بێ خەونەكانم و
جارێكیش بەبێ خەیاڵەكانم
جارێك دەم بەپێكەنین و
جارێكی دیكە بە دەم و چاوی چرچاوی و
نیگەرانییەوە
دواجار تەماشایان دەكەمەوە
هیچیان من نیم
-5-
لەناو خۆمدا بۆ شوێن دەگەرێم
من پڕم
پڕ
پڕ
شوێن دەست ناكەوێ تا دڵێكی لێ دابنێم
-6-
گەورەترین گرفتم ئەوەیە ناتوانم
لەگەڵ كەسانێك ژیان بكەم
وەك من بیردەكەنەوە
وەك من خەون دەبینن
وەك من خەیاڵ دەكەن
وەك من كات تێدەپەڕێنن
-7-
تەپەی پێی پیاوێك لەناو سەرمدا
ئارامی لێهەڵگرتووم و
بە مایكێكەوە پڕ بە كووچەخامۆشەكانی سەرم
هاواردەكا
"بەختەوەری ئەوەیە مرۆڤ لەدایك نەبێ
ئەگەر لەدایكیش بوو
دەست بەجێ بمرێ *"
-8-
منداڵیمم بدەنەوە
لە ئینجانەیەكی دەخەم و
نزیك گەورەبوونم دایدەنێم
-9-
كتێب دەكڕم و نایخوێنمەوە
لاپەڕەكانی دەكەمە كەشتی و
لە نێو سەرنشینەكانی بەشوێن كچێك دەگەڕێم
-10-
هیچم لێ وون نەبووە و
بەشوێن شتێكدا دەگەڕێم و نایدۆزمەوە
-11-
هەناوم گەرمە
پشكۆیەك لەگەدەم دایە
-12-
بەكاركردن لەناوخۆمدا سەرقاڵم
سەرەڕای ئەوەش نامپەرژێ
پرچم شانە بكەم
پێڵاوەكانم خاوێن بكەمەوە
-13-
سەبەتەی ڕەنگەكانم لێ وون بووە
تا هێندێك
لە خەونەكانمی پێ بنەخشێنم
پێدەچێ هی ئەوەبێ ڕەشبین بم
-14-
دەنووسم
تا وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە
بۆ دەنووسی؟
كۆتایی زستانی 2012