درۆ

ئیلهام لە خۆشبەختیی وەرئەگرم
من شاعیری ڕۆژە جوانەکانم
بۆ کچان
لە جیازی قسە ئەکەم
بۆ زیندانیان لێخۆشبوونی گشتی
بۆ ئەو مناڵانەی کە باوکیان لە جەبهەیە
مژدە ئەدەم
بەڵام ئەم کارانە سەختە
سەختە درۆ وتن

یەکتربڕەکان، یان : لەهەر بیرێکدا "یوسف" ێک دەگری !

و. لە عەرەبییەوە : جەمال غەمبار
 
ئەو کەشتییەی نەگەیشتە جێ .
ئەو ماڵەی دروست نەکرا .
ئەو ڕێگایەی نەگیرایە بەر .
ئەو نامەیەی کە نەگەیشت .
ئەو بیرەی کە لێ نەدرا .
ئەو درەختەی نەڕوێنرا .
ئەو سیگارەی نەکێشرا .
ئەو قاوەیەی نەخورایەوە .
ئەو مردنەی کە نەهات .
ئەو ژیانەی دەستی پێ نەکرد .
***
+ لە هەر کەشتییەکدا ، موسافیرێکی قاچاخ هەیە و
لە هەر ماڵێکدا ، چەندین بیرەوەریی ون .
+ لە هەر ڕێگایەکدا ، کاروانێک دەگەڕێتەوە .
+ لە هەر نامەیەکدا ، ڕستەیەک لەبیر کراوە .

یەکێک لە ناوماندا ئەناڵێنێ

بۆ شێرکۆ بێکەس
دەتبینم
بەسەر خەمێکی خزەوە
لەگەڵ ئازادیی دەستی یەکتان گرتووە
جارێک تۆ ئەو هەڵدەکێشی
جارێک ئەو تۆ ڕادەکێشێ.
دەتبینم
لەگەڵ مێژوو زۆران دەگریت
جارێک ئەو برینە تەڕەکانی خۆیت تێ دەسوێ
جارێک تۆ توێکڵە لینجەکانی بێزاریی لێ دادەماڵی.