...
...
پاسارییەک بە باوکی وت:
سەری من سەری تۆ نییە… من فڕینێکی جیاوازم
سەری من پڕ جریوەیە و سەری تۆ پڕ خۆڵەمێشە.
تۆ سەرت داوەتە دەستی (با)ی ڕابوردووی
باپیرەم و کونەبۆری ئەشکەوتەکان.
ئەوەندە کۆن و بەسەرچوون
هێندە ڕەش و هێند نسرمن
بۆنی گۆگردی مردن و بیرچوونەوەیان گرتووە.
من لە سەرما ڕووباری ئاوێنە هەیە و
من لە دڵما
ڕەنگ هەڵئەکا و ڕەنگ هاژەی دێ و
تۆ فڕینت گرمۆڵەی ناو هێلانەیە و
من فڕینم بە چاوی باڵ قوڵایی ئاسمان ئەبینێ!
تۆ دەنگی باڵت نووساوە و گەوجێتییت بۆتە یەقین و
من شەقژنم پڕ پرسیارە و
گومان چاومە و
خۆشەویستیی لە دەنووکما
بۆ سبەی ڕۆژم ئەخوێنێ!
...
...