ئەم شیعرانە لە هەڵبژاردەیەکی شاعیردا بە ناوی " پەپوولەی سپی" کە وەرگێردراوەتە سەر زمانی سویدی، کراونەتە کوردی. 
ناوی کتێب: پەپوولەی سپی
چاپخانەی: ئەتلانتیس
وەرگێرانی لە کۆرییەوە بۆ سویدی: سون کیۆنگ چۆی
 
 
لای پەنجەرەیەکدا
 
 
چی زیاتر دەکرێ بخوازم
جێگایەک هەیە لەو دوورە،
جێگایەک هەیە زۆر نزیک، لێرە
 
 
 
 
 
 
 
خەرابە
 
کە بیست ساڵ بووم
هەموو دەورم کەلاوە بوو
شەوانی مەنع التجول، کە زیتەی چاوانم دەهات
زیاتر حەزم لە مردن بوو وەک لە ژیان
 
ئەوی بە کەلاوە کراوە جارێک، وا بە ئاسانی ناگۆڕدرێت 
ناکرێتەوە بە شتێکی دی
وەک ساوا دیسان سەرلەنوێ ناقیژێنی و لە دایک نابێتەوە
 
لە دڵی مندا،  جەنگ قەت  نەگەییە کۆتایی
 
دوای پەنجا ساڵ
من لەم شارە، هێشتا کەلاوە دەبینم
من هیشتاکە خشتە سوورێکی پێکراوی ناو ئەم شارە بریقەدارەم
 
چرا نەوتییەکانی ڕۆژانی زوو خامۆش بوون
کەچی هێشتاش زەمەنی دوای کاولکاریم،  نەگەیشتووەتێ.
 
 
گوێچکە
 
لە جیهانێکی زۆر دوورەوە
کەسێک دێ
 
دەنگی بارانی شەوە
 
کەسێک بەڕێوەیە بۆ ئەو جیهانەی دی
من دڵنییام، کە هەردووکییان بەیەکدەگەن
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
گۆرانییەک لە چوار دێڕدا
 
کە چاوانم دەکەمەوە، گوڵ دەپشکوێ
کە دایدەخەم، وا دەبارێ
وەختێک دەژیم، باڵندەکان دەخوێنن
کاتێک دەمرم، بەفر دەبارێ
 
ماڵئاوا
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
لە ڕۆژێکی باڕەشدا 
 
ڕۆژێکی ڕەشەبا بوو، لەو ڕۆژانەی من هەمیشە خۆشمویستوون
کچە چوارساڵانەکەم دەڵێ: سڵاو ئەی با!
مانگایەکی بەڵەک بە بۆڕین بۆی دێتە وەڵام
لە ڕۆژێکی ڕەشەبادا
تەماشای چیمەن بکە!
هی درەختەکان
هی ئەو ئاژەڵانەی ناتوانن ساتێک بسرەون
 دنیاش بەمشێوە دەبزوێ 
پێکەوە لەگەڵ جووڵەی بێدەنگی ئەو تراکتۆرە ژەنگاوییەدا
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
بەڕێوە بۆ ناو دارستان
 
تاریک بوو دارستانەکە
منداڵەکەی تەنیشتم، بە تووندی دەستم دەگووشێ
بەبێ  سرپە، یان وشەیەک
چووینە  قوڵایی دارستان
 
لەوێ بوو
منداڵێم وەکو خۆی، چۆن ڕۆژگارێک جێمهێشتبوو
هەر ئاوا
 
ئاژەڵێک بەرەو پێش ملدەنێ
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
شیعرێک کە لە خەونی شەودا نووسیم
 
 
سەیری باڵندەی دوا چڵ بکە!
سەیری ئەو باڵندەیەی لەوێ هەڵنیشتووە و 
دوایش دەفڕێ
 
بەڵام کاتێک باڵندەکە هەڵفڕی
سەیرێکی ڕووتی دوا چڵ بکە
بۆشاییەکەی
ئەو ئاسمانە خۆڵەمێشییە!
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
نزا
 
دەبێ چەندەها لق هەبن
دەبێ چەندەها لق هەبن، باڵندەیان لەسەر هەڵنەنیشتبێ
بۆیە مەڵێ
من چەند تەنهام، من چەند تەنهام
 
لە کوێ دەبێ چڵێک هەبێ
یەک چڵ هەبێ، کە با ڕاینەتەکاندبێ 
دەبەس بڵێ!
ئازارم دێ
ئازارم دێ
 
 
 
 
 
 
 
 
 
شاعیرەکە
 
ئەو زۆردەمێک بوو شاعیر بوو
مناڵ و ژنانیش وایاندەووت 
نەک هەر شاعیر، لە کەسانی دی شاعیترە
بەچکە بەراز و یەکانەش، بە نرخەنرخ وایان دەوت
بەڵام ئەو لە کاتی گەڕانەوە لە سەفەرێکی درێژدا
لە ڕێگا مرد
کەچی لە ماڵۆچکەکەیدا، یەک شیعریشییان نەدۆزیەوە
مەگەر بۆ ئەو شاعیر نەبوو، ئاخر هیچی نەنووسیبوو
شاعیرێک لەبری ئەو شیعرێکی نووسی
با گورج بردی
کەچی دواتر ئەو شیعرانەی چەندین سەدە لەوە و پێشتر
لە خۆرهەڵات و خۆرئاواوە، کۆن یاخود تازە نووسرابوون
هەموو دایان لە شەقەی باڵ و 
هەڵفرین.
 
 
 
 
چرپەکە
باران دادەکا
لای مێزی نووسینەکەوە دادەنیشم
مێزەکە بە چرپە دەدوێ:
جارێکیان من گوڵێک،  گەڵایەک، یان قەدێک بووم
من رەگێکی ژێر ئەرز بووم، تا سەوزەلانی بیابان باڵام درێژدەبوویەوە.
 
پارچە ئاسنی سەر مێز دەڵێ: 
من مەڵاشوی گورگێک بووم 
کە بە تەنیا،لە شەوانی مانگەشەودا دەیلووراند
 
بارانەکە کۆتایی دێ
من دەچمە دەر
چیمەنە تەڕەکە لەگەڵما دەدوێ
جارێکیان من شادی و دڵتەنگی ئێوە بووم
ژیان و گۆرانی ئێوە، من خەونتان بووم
 
من بە مێز و 
ئاسنەکە و زەمین دەڵێم: جارێکیان من تۆ و تۆ و تۆ بووم
ئێستاش من تۆ و تۆ و تۆ
جۆرێک لە شادی
 
ئەوەی من ئێستا بیری لێدەکەمەوە
کەسێکی دی
لە شوێنێ دی، پێشتر بیری لێکردووەتەوە
بۆیە مەگری!
 
ئەوەی من ئێستا بیری لێدەکەمەوە
کەسێکی دی
لە شوێنێ دی،
ئێستا بیری لێدەکاتەوە
بۆیە مەگری!
 
ئەوەی من ئێستا بیری لێدەکەمەوە
کەسێکی دی
لەشوێنێ دی، بەیانی بیری لێدەکاتەوە
بۆیە مەگری!
 
شادی هێنە، 
کە منی خۆم لە چەند منی دی پێک هاتووە و 
لە زۆر شوێنی کەی دنیادان 
شادی هێنە
کە منی خۆم لە چەند ئەوانی دی پێک هاتووە
بۆیە مەگری!
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
بێ ناونیشان
 
ئەو گوڵەی لە چوونە خوارەوەدا بینیم
لە هەڵگەرانمدا بۆ سەرەوە، نەهاتە بەرچاو
 
 
لە باراندا
کەڵەشێرێک بەسەر گردێکەوەیە
من لەژێر گوێسوانەیەکدا، چاوەڕوانم بارانەکە خۆشکاتەوە
 
کەمێك دواتر
هەردوولا خۆمان دەپاراست، سەیری چاوی یەکتری بکەین
 
 
لە باراندا چیمەن سەما دەکا
بەردیش دەنوێ
 
ئەو گەڵایانەی دەوەرن، بەرەو زەوی لە سەمادان
وەختێک منیش ئەم دنیایە بەجێدێڵم، حەزدەکەم منیش سەما بکەم
 
گەر خاوەنی خۆشەویستی ئینسانێک بم
دەتوانم رقی چەندانی دی بشۆمەوە
چەترێکم هەڵدا، بەڵام خێرا دامدایەوە و 
سلاوێکم لە باران کرد
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
کاتێک بە تەنهایی دەخۆمەوە
 
بە مێشکوژ لە مێشێکم دا
بەری نەکەوت
ئاه چەند باش بوو، وای چەند باش بوو، چەند زۆر باش بوو
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
ئا لەو باوکە
 
ئەو رۆژەی کچەکەم هات
گوڵی ناو شەش ئینجانەکە کرانەوە
ئەو رۆژەی کچەکەم ڕۆی
پەنجەم بڕی.