بەدەم گۆرانییەكی ناكۆتاوە خۆم ون دەكەم
شەپۆلێكی ئاو دەمهێنێتە بوون،
نهێنی ناوەوەی بەرد دەمشارێتەوە
باران لە باخچەیەكدا بانگم دەكات
دەشێ ،هەرگیز نەمدۆزیتەوە
-با- بەو هەموو شێتییەی شوێنم ئاشكرا نەكات
شیعر، چۆڕ چۆڕ بەدوامدا وێڵبێت
هاورێكانم بێهودە بگەڕێنەوە
كەس نەزانێت
لە كولانەی سەگێكدا خۆم بخۆمەوە
تەنیا دوكەڵی جگەرەكان هاورێم بن
كولانەی سەكێك بۆخۆم چێ ئەكەم
تەنیایی نەمناسێتەوە
ئێوارە شەرم رۆ بكات
شەویش نەتوانێت بانگم بكات
شیعر بۆ سەگەكان دەخوێنمەوە
حەپە حەپم ئاوێتەی زمان دەبێت
مانگ دەهێنم بۆ كولانەكەم و ئیدی ناوەڕێم بەئاسمان
دەشێ ،بەهار بە تەڵێك نێرگزەوە بەدوامدا بگەڕێت نەڕۆمەوە
كولانەكەم ئازیزتر بێت
پایز بە شۆخییەوە گەڵاكانیم لەبەر بكات
خۆم لەبەردەمیدا رووت و قوت بكەمەوە
میز بەریتمی وەرینی گەڵاكاندا بكەم
دەشێ، زستان ئارەزووی ئەوەبێت لە كولانەكەم دەرم بكات
رەتیبكەمەوە!
باران، ببێتە میوان و بەفر گەمەی منداڵانە
هەر وەڵامی نەدەمەوە!
دەشێ،هەینییەك بێت و بڵێت پشووە لەم كولانەی سەگە دەرچۆ
سۆزانییەك بێت و بۆنی ژیانم بۆ بێنێت
گەڕەكێكی منداڵیی بە پەپولەی پایزییەوە بێت و نەیناسمەوە
كولانەكەم ببێتە ماڵی هەمیشەم
ببمە خاوەن رۆحێكی ئاژەڵیی
لەپشتی ژیان خۆم ون بكەم
كێ دێت بۆ ماڵم دەرگای لێناكەمەوە؟
جەنگ دێت من لە كولانەی خۆم دەرناچم
براكانم یەكدی دەكوژن
من لە چاوەڕوانی سوقانێكدا خۆم دەكوژم
ئاشتی بەگۆچانێكەوە دێت!
من دەبمە پاسەوانی باخچەیەكی نامۆ
بەتاسەوە لە گەمەی عاشقەكان دەنۆڕم
ئارەزووی مردنێكی قەیرە دەكەم
ئەفسوس،لەكولانەی سەگیش پیریی هەیە
تارماییەكانی مردن لێم نابنەوە
حەپەم دێت لە ترسی مردن
مندالێك ،بە كۆلارەیەكەوە دێت نامدۆزێتەوە
دەزووەكەی بە كولانەكەمەوە دەپسێت
باڵندەیەكی ونبوو لە فڕین
نزیك نزیكم دەبێتەوە نامبینێت
ئاوێنەیەك، لەتكراو بە یادەوەریی
تەماشام دەكات و نیشانم نادات
سێڵاوێكی سەرخۆش دێتە لام و سڵاو ناكات
من لە كولانەی سەكێكدا ون دەبم
خۆم،خۆم نادۆزمەوە
لەودیوی جوانییەوە تۆ دێیت دەمدۆزیتەوە!
حیكایەتی عەشق دێنی و برسێتیی تەنیاییم دەشكێنی
كەمێك شێتیی دێنی و ئاوەزم دەدەیتەوە
نازانیت رەنگی جەنگەڵم گرتووە و
لەسەر دەست دەرۆم!
تۆ گۆچانێكی نەمریم بۆ دێنیت
دەمبەیتەوە پشت ژیان،
سێبەری خۆم لە كولانەی سەگێكدا جێدەهێڵَم
تۆ دەڕۆی دەیهێنیتەوە
رۆحم لەبەردەم كولانەیەكدا سەما دەكات
تەنیا تۆ دەیناسیتەوە
چاوەكانم لەتەك چاوی سەگێك گۆڕیووە
دەستەكانم بە پشتی سەگێكەوە جێماوە
كەس نامدۆزێتەوە تۆ نەبێت
كەس بەلامدا نایەت تۆ نەبێت
كەس بۆنم ناكات بەوێنەی تۆ
بۆنی كەس سەرسامم ناكات جگە لەتۆ
بۆنت دەكەم لەودیوی بێدەنگییەوە
بەئەندازەی بۆنكردنی سەگێك لەبەردەم ئازاری برسێتیی
كێ دەتوانێت بمدۆزێتەوە ،شێت نەبێت؟
كێ دەتوانێت بمخوێنێتەوە ،شاعیر نەبێت؟
كێ دەتوانێت بمنوسێتەوە، عاشق نەبێت؟
كێ دەتوانێت لەكولانەی سەگێك بمدۆزێتەوە، تۆ نەبێت؟
دەشێ،كتێب بێزم لێبكاتەوە
كتێبخانە دەرگای خۆیم لێ دابخات
چایخانەیەك پیاڵەیەك لە مەرگم بۆ بێنێت!
پاكەتێك جگەرە هەڵبێت لەدەستم،
كچێك بە بینینی رووخسارم بڕشێتەوە
كۆڵانێكی منداڵییم نەمناسێتەوە!
نامەیەكی سەردەمی عاشقبوونم سپی بچێتەوە
مەرگ بمكاتە بۆسەوە
ژیان بمكاتە رستەی كولانەیەكی سەگەوە،
لە كتێبێكی ناتەواودا تۆ بمدۆزیتەوە
بەیانییەك، بۆنی تۆ دەكەم لەدورڕا
چاوەڕێی بەخشینی نیگاكانت دەكەم
دەرم بێنی لە قوڵایی تەنیاییدا
بەیانییەك ،باران دەبارێت
دەلەرزم بەوێنەی ترس
شەقاماكان لە پیاسەدان
هەست بەونبوونی من دەكەن
پەنجەرەكان دەكرێَنەوە
بە بێ رامان جێدەمێنن
دەستم نییە پێوەی بدات،
كورسییە چۆڵەكەی باخچەكەمان
كەسی لەسەر دانانیشێ
پەرداخێك ئاو چاوەرێمە
بمخواتەوە بە وێنەی خۆم
كولانەی سەكێگ هەڵی گرتووم
پاراستوومی لە تەنیایی
بەرگێكی دی لەبەركردووم
جوانتر لە بەرگی ژیانم!
بەیانییەك،رەنگی نیشتمان سوور بووە
شەو بەو هەموو ئازارەوە وڕێنە دەكات
درەختێكی پیر بەدوای كەسێكدا دەگەڕێت
پەرداخێك مردن چاوەرێی لێوێك دەكات!
تۆ، هەمیشە بە شۆخییەوە دەمدۆزیتەوە
دۆزینەوەی من لە كولانەی سەكێگدا
ئەشێ، درەنگ بێت زۆر درەنگ
لە مرۆبوون كەوتبم،
توانای پەیڤینم نەبێت جگە لە زمانی نیگا و حەپەحەپ
فڕینم یاد چوبێتەوە ، لەسەر دەست برۆم
گوریسێكی چنراو بە رابوردوو بكەیتە ملم و رامكێشیت!
وەك راكێشتنی غەمی ژیان بەكۆڵمەوە
دەشێ،لە كولانەی سەگێكدا دەرمبێنی
وەك دەركردنی شەممەیەكی گەمژە لە رۆژمێری بەدبەختی
وەك دەركردنی جوانیی لە ئاوێنە!
دەشێ،بمهێنیتەوە نێو پەژمووردەیی ژیان
ئاشتم بكەیتەوە لەتەك بۆنی شیعر،
دیسانەوە فێری زمانی عەشقم بكەیت
زمانم بپەیڤێت بەوێنەی رەنگەكان
ئەترسم، بمبەیت و ئاسوودەیم لەم كولانە جێ بمێنێت
سەگەكانی هاوڕێم نیگەران بن لەونبوونم
پرسەی تەنیاییم بۆ دانێن!
ئاوەزم ،لە كولانەی سەگێك خۆی بكوژێت
ئەترسم بمدۆزیتەوەو نەمناسیت!
ئەترسم بتدۆزمەوەو نەتناسم!
ئۆكتۆبەری 2009