سیانزە ڕۆژە:
سەرم سوڕدەمێنێت، دونیا ڕێگای تیانییە بۆ ژیان، هەموو شتەکان تاریکن، جیاوازی لە نێوان مرۆڤەکاندا زۆر بووە، هەرکەسە و دونیایەکی هەیە، هەرکەسە و بیر لە خەونێک و زەوییەک و خاکێکی جیاواز دەکاتەوە. من تەنها لەم کاتانەدا سەرم سوڕ دەمێنێت. سەرم سووڕ دەمێنێ و هەفتانە بیست و پێنج جار جنێو دەدەم. چل و هەشت جاریش لووت لەم ئەستێرە بێکەڵکە دەکەم و تێدەگەم مرۆڤ چەندێک لەگەڵ خۆیدا ناتەبابێت، ئاسانتر لەگەڵ حەیوانەکاندا دۆستایەتی دەکات. سەگ لە ئەوروپادا زیاتر لە مرۆڤێک کاریگەری بۆ باری دەروونی تاک هەیە. هەر بەم پێیە بیر لەو گوتەیەی پیار شارۆن دەکەمەوە کە دەڵێت: ((لە نێوان مرۆڤ و مرۆڤدا جیاوازی کوشندەتر هەیە وەک لە نێوان مرۆڤ و حەیواندا... ))کەمتیارێک سادەتر لە من بیر لە دڵشکاندن ناکاتەوە. سەگێک  پەنجاو پێنج جار باشتر لە من ماستاو دەکا و لەوەشدا هۆشمەندە کە دڵی ئادەمیان بۆخۆی بەدەست بێنێت... من ڕۆژانە بەقەدەر یەک تولەسەگی بێجارە قورساییم لەسەر دەروونی تاک نییە.. بەقەدەر مشکێکیش تواناییم ناگاتە ئەو شوێنەی بیر کردنەوەی دووکەس لەسەر وجودی خۆم ڕاوەستێنم... موسیبەتی ئینسان لەو شوێنەوە دەست پێدەکات کە ئیتر حیسابی لە جادەکانیشدا نامێنێت.. ئەمە تەنهاییە.. تەنهایی بە مانا هەرە وێرانەکەی.. کەواتە من ئێستا نیشتیمانم لە ئاسودەگیدا نەماوە. بە وێنەیەک تەنهام.. تیری کەس ناگاتە دڵم.. سینەی من بەر شیری دوشمنیش ناکەوێت.. ئەمە خاڵی ڕەنجانی و من و ئەم خەڵکەیە... خاڵێ ئاشووبێکە کە لە مندا ناکۆتا دەستی پێکردووە. تۆ ئەمە نازانیت.. سوێند دەخۆم تۆ ئەمە نازانیت... سوێند دەخۆم تۆش وەک دراو سێ و هاوڕێی و باڕمانەکان.. قاقا پێدەکەنی و پێم دەڵێیت: هەی هەڕاج... هەی هەڕاج..  هەر بۆ ئەوەی:
 تۆ تەنها بوکەشووشەیەکی نوستوویت.. پەیکەرێکی دەستت لە بۆشایدا وەستاندووە. سەرت تەنها چاوتی هەڵگرتووەو تەواو .. مەغزت وەکوهەوا بۆشە.. بەڵام من بڕێک جار بێشعورانە لاسایی جەستەت دەکەمەوە. هەموو ئاگاییم دەخەمە سەر قژت... ئەمەوێت وەکو تۆ لەسەر پەتەکان بووەستم و تەماشای هیچ نەکەم.. تەماشای هیچ نەکەم و بڵێم کە من ئیتر دڵم هەیە.. من جار جار عاشق بوون دەمبات و گەمژەیی ئەمگەڕێنێتەوە.. جار جار خودا دەم دزێت و ئەهریمەن ئەمهێنێتەوە.. من پڕ دەورم.. پڕپڕم لە چەرخ.. پڕ پڕم لە پیستی نەبینراوو لۆفەی سەیر..هەموو سەدەکان لە خوێنمدا وەکو پرسیار کەوتوون.. هەموو ئاسمان بەربۆتەوە بەسەر بەد شەنسیما.. شەو بە شەو لە مالهایەکەوە بۆ مەلهایەکی کەو لە کچێکەوە بۆ کیژێکی تر و لە سینگێکەوە دەیگۆڕم بە سینگێکی دیکە.. هەموو شتەکان لە نەسلی خۆیان دەگوێزمەوە و وەک کەناڵێکی خراپ لە بیرکردنەوەمدا دەیان گۆڕم.. هەموو ئەم کەونە دەگۆڕم بە تاق و پەنجەرەکانییەوە.. من تەنها کەسم مایلی ئەوە نیم کە تۆ وەک خۆت بچیتە سەماوە. من ئەمەوێت تۆش بگۆڕێیت.. دەموو چاوی دیکە درووست کەیت و لەناویدا ئاسودە و غەمگین بیت. پێەوە بچیتە میوانی.. پێیەوە یاری نوێ ڕاکێشی و نیشانی خۆت لەگەڵ نیشانەکانیدا تەباکەیت.. من دەمەوێت بە جۆرێک بگۆڕێیت بۆ سەردەمی تازە بشێت.. بشێیت و پێم بلێیت کە مرۆڤی تازەیت.. کە پیشیلەیەکی بە ئامێر و تەلەفۆن و کۆمپیوتەرەکەت سێکسدەکەیت. من دەمەوێت بتگۆڕم و لە ئینسانەوە بتکەم بە حەیوان و بت ڕەنجێنم کە ئیتر ئینسانیش نیت.. مرۆڤی تازە پڕ دیوە. پڕ زمانە.. پڕدەنگ و هاوارە و وەک موشەک دەتوانێت بە یەک دەرچوون بیست و هەشت نەفەر بکوژێت. بیست و هەشت نەفەری بیست دیو. بیستو هەشت نەفەری ئاسایی و نەزان و جەڵدەدار. ناااا.. جەڵدەنەدار.. دایکم بانگم دەکات.. من سەرم وەک کیسەڵ خستۆتەوە ناو خۆم. بەخۆمدا دەگەڕێم و واوەیلای درێژمە. یەکتۆزی تر لێمگەڕێن پڕ دەبم لە ڕێگا. پڕ دەبم لە شار. پڕدەبم لەشوێن.. دایکم هەرایەتی.. بەزمی ناوەتەوە. پێم دەڵێت: دیسان نابودییە.. کوڕە هاوڕێی تۆ گەیشتونە سەر مانگ.. قسەکانی دایکم ئفلیجیان کردووم. سەرم خستۆتە سەر شانم و بەلادا کسکٶڵەم کردووە. لەوانەیە لەسەر مانگ چیرۆکێک بنووسم. بیرم لای  نێیل ئارمسترونگە. ئەو پیاوەی لە یەکەمین ڕەوتدا پێیچەپی خستۆتە سەر مانگ.. من بەدایکم دەڵێم کە سوتفەیە. زۆرن ئەو مرۆڤانەی کە نەچوونە سەرمانگ. هەر بۆئەوەی ئەوکەسانەی دەبێت بچنە سەرمانگ یەک تەن لە زەوییەوە دوورن.. داهێزراووم. لەت لەت بووم و دەستەکانم وەک تەرزە سەهۆڵیان گرتووە. بەخۆم دەڵێم هەر دەبێت بڕۆمە سەر مانگ.. تکایە کەس ئەم فیکرەیەم لێنەبات.. من دەمەوێت شتێکی ئاوا بنووسم.. پیاوێک کە دەچێتە سەر مانگ.. پێرسۆناژەکەش خۆم دەبم.. مۆلەتم لە ئارمستروونگ وەر گرتووە و هەر دەڕۆمە سەر مانگ.. دەڕۆمە سەر مانگ و بیری تۆم دەکەوێتەوە کە جێماویت.. لەسەرمدا شتێک پەلە قاژێیەتی.. لە گرێژنە چووم.. هانکەهانک خەریکم رادەکەم. زینجیرەکانمم پساندووە و دەمەوێت بە پێی پەتی بەسەر کاشی هەتاویدا تێپەڕم، بڕۆمە سەر لمی دەریاکان و هێشتاش هەر لە خەمتا بمرم. هێشتاش هەربیری تۆبکەم.. ئەم ڕستەیەم سواندووە. بیری تۆدەکەم دەگۆڕم. دەیگۆڕم بەشتێک تازەبێت و ڕێک ببێتە هی تۆ... ڕێک تەپوتۆزی تۆی لێنیشتبێت و کەس نەتوانێت لە من و تۆی بـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــبـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــات.
 من دەمەوێت وەکو دلت.. شتی دیکەش هەبێت تۆ بیکەیت بە هی خۆت. ناڵینی تر.. ئاسمانی جیاواز. ئەستێرەی دوورتر لە زەوی .. من ئەمەوێت هەموو ئەو شتانە هەتیوبن کە هی تۆنین..سەیرکە من بیر لە تۆ دەکەمەوە.. بیر لە پەنجەو کەمەرت بە یەک ڕستە. بیری پرچت کە خوا تاڵ تاڵ بە سەرما دەیان ڕوخێنێت. من بیری هەموو شتێکتەکەم  بیرکردنەوەت نەبێت.. بیر کردنەوەت زەخمە... بیر کردنەوەت بەقەد هەموو ئەم ئەستێرەیە بە شەیتانەکانییەوە ئاوزانم لێ ئەسەنێتەوە. من لە بیر کردنەوەت ئەترسم.. لەوەش بە یەک گوفتار هەموو بەدەنم بکەیت بە تەپوتۆز.. هەموو ئەعزام لە غوباردا ونکەیت.. تۆ ئەی ئەستێرەی وەریو بەسەر دەریاکاندا. ئەی فریشتەی مەستبوو بە دەنگی ئاو.. ئەی سپیتر لە سەرسینگی قارچک.. بیر لە هەموو بەدەنت دەکەمەوە. تۆ بەهەر جۆرێک تێدەپەڕیت ئاوەزم لەسەر تەنهابوون شل دەکەیت.. خەیاڵم بە عەزاب دەلەرێنیتەوە... لە هەرجێگایەکمەوە بڕۆیت شتێکم دەخەیتە سەرتەوە.. بە سێبەرەکانت مردنم قورس دەکەیت.. وادەکەیت کە بە تەنهابیر لە عەیارییت بکەمەوە. هەی عەیار... هەی عەیار.. تۆ تەنها بوکە شوشەیەکیت.. تەنها وێنەیەیەکی غەمگینیت بە دیوارەکانەوە و من بە تەنێ دەتوانم بە هەبوونت بمرم...دەتوانم بەو خالانەت بمرم کە وەک ئەستێرەی دوور لە ڕووتا گیرساونەتەوە.. دەتوانم بە شتی کەش بمرم.. دەتوانم بەوەش بمرم کە تۆ ڕێژەی عەزابت بەرز دەبێتەوە و من لە جێت زەجر دەکێشم.. من لەجێت دێمەئێش. چەند تەنهام و چەند بەدەنم ئێشێت.. سەرم ئێشێت.. بیرکردنەوەم لەم هەموو قەرەباڵخییە دێشێت.. خەیاڵم ئێشێت.. کە دەرگا لەسەر خەیاڵی تۆ ناکاتەوە.. وەک وەفام بۆ درەخت و گیا.. بۆ جادە و قاچ.. بۆ وێنەکیشان و ڕەنگ.. دەمەوێت لە بست بە بستی دونیادا ناوی تۆ بنووسم.. دەمەوێت ئاسمان ڕازیبکەم کە تۆ ناتەوێت ئاسمان بیت.. دڵی گیا خۆش بکەم کە تۆ گیانیت وەلێ بە باخ دۆستیت.. دەمەوێت فریشتەکان بە باڵەکانیانەوە هی تۆبن.. دەمەوێت تۆ سەرکردە نەبیت، وەلێ سەرکردەکان لەژێر سمی ئەسپەکانتا بمرن. دەمەوێت تۆم بوێت. دەمەوێت تۆ بکەم بەوەی کە خەڵکی دیکەش بیر لەوە دەکەنەوە، کە ڕۆژێک بیرێکی درێژی لێبکنەوە.. درێژ.. درێژ.. بەقەد قژت.. بەقەد خزانی تەنوورەکەت بۆ خوارەوە.. بەقەد دەستت کە دەگاتە دەرگای گشت پاشەڕۆژەکان... قفڵم بە... قوفڵم بە و بە درێژی بانگمکە... بە درێژی ناموسم لەیادببەرەوە و بانگم کە.. شەرەفم بشکێنە و بانگمکە.. لە مەلهاکانەوە تا مزگەوتەکان.. لە حەجەوە تا کوفرکردن لە عەبەسێکی قۆڕ قۆڕدا بانگم کە.. بانگمکە و ناوم لەناو سۆزانییەکاندا بڵاو بکەرەوە.. ناووم بخە سەر لیستی نیشتیمان فرۆش و خائینەکان و بانگم کە... کە تۆ بانگم دەکەیت.. من دڵنیام لەناو دەمتا زیندووم.. من دەزانم شەڕی من لە هەموو شوێنێکتە.. لە خانە بە خانەتدا پلەدەم. ئەی سپیتر لە عەمامەی حاجییەکان.. ئەی تەنکتر لە با.. کەبەسەر خەیاڵی شاعیرەکاندا تێدەپەڕێت.. تۆ وا بکە بیر لە خۆم و بیر لە تۆ و بیر لەو سەگانە بکەمەوە... بیر لەو پیشیلانە... بیر لەو کرمانەی خەڵکی پێیان عەیبن.. 
هەر بەراست خەریکم خودام لێدەنیشێت. گارەگارمە.. وەک کیژی پاش حەیا زیکەم دێت.. ئەمەوێت لەم تێکستە بڕۆم.. ئەمەوێت سەرلووتم ڕەشکەم و بچم بە وڵاتدا.. دڵم گەرمە.. ئەعزای گیانم ببووە بە دڵۆپە.. بەدەمەوە دیارە بەهەرچی پیرۆزیدا هەیە تکە دەکەم.. بەهەرچی موقەدەسدا هەیە دەڕژێم... دەڕژێم.. دەڕژێم.. دایکم ئاگای لێمە.. ئەگەر باوەڕم پێناکەن دایکم پێتان دەڵێت کە چی حەیابەرەیەکم... کەچەند سوکم لە تاڤگە کردندا.. کەسێک دەلێت تۆ حەیابەرە نیت؟؟؟ من دەلێم حەیا لەو ڕۆژەدا شکستی خوارد کە بووین بە مرۆڤی تازە... مرۆڤی تازە بێعەیبە... بەوەدا کە حەیای نییە... بەوەدا کە نازانێت چی دەبێتە عەیبە بێ کێشەیە؟ هەڵبەت من چەند سەعاتێکە فێری  ئەم دێڕە بووم (خودی عەیبە... بۆ مرۆڤی تازە شوورەییە.. یانی مرۆڤی نوێ عەیبی نییە... یانی کامل ئۆپشنی سەردەمە..)  سەیرمکە.. چۆن بەم تێکستەدا هاتووم... مرۆڤی نوێ کامل ئۆپشنی سەردەمە... سیو یەکجار ئەم دێرەم نوسیووە. دایکم لەودیو خۆمەوە تێم دەژەنێت.. دێتە ناو سەرمەوە و لە دەممدا گڵۆپ بە شپرزەییم دەکات.. گڵۆپ بە بۆگەنیم دەکا و من بیرم دەچێت کە مرۆڤی تازەم... پڕ بە دەستەکانیدا دەکەم و تێی دەگەیەنم کە عەیبە... عەیبە... عەیبە... 
هەموو ئەو ڕستانەی لە دوای ئەم  کریتیکەوەن، تیۆری من دەبن بۆ قەرەباڵخی ئەم سەدەیە؟ عەیبە لە شوێنێکدا عەیبە کە عەیبە وەک پەیوەندی من و تۆ ڕوداو درووست بکات... هەموو عەیبەیەک بە جۆرێک بەسراوە بە ڕووداوەوە.. بەسراویشە بەوەوە کە مرۆڤێک بە ئاشکرا لەپێش ڕوداوەکانەوە ڕوو بدات.. مروۆڤێک ڕوودەدات... مرۆڤێک ڕوو بدات.. ئەم دێڕەم بیست جار نوسیوە، من لە نوسینی ئەم دێرەوە دەمەوێت ڕوو بدەم؟ دەمەوێت لەناو ڕودانی خۆمدا وا بکەم تۆش ڕوبەیت.. ڕووبدە.. ڕوو بدە... لە سەردەمێکدا ڕووداو بەتەنێ لە سەر شاشەکانە.. دەبێت ئەو کەسانەش تۆ بیت کەلەسەر جادەکان ڕوودەدەن. لەناو ماڵەکاندا.. لە خەیاڵی مندا. لە فۆرمێکی شیعریدا ڕوودەدەن.. تۆ ڕوو بدە و وا بکە خوداش ڕوبدات.. وا بکە دوای ئەوەی من ڕووم داو و تۆشم کرد بە ڕووداو، هەموو جادووی ئەم سەدەیەش ڕووبدات.. هەموو بێخی کوژراوی ئەم قەڕنە بخرێنە سەرەوە و ڕووبدەن.. کاتێک هەموو زەمان بە زیندووە کانییەوە لە دوای رودانی من و تۆ روویاندا.. من بیر لەوە دەکەمەوە چیرۆکێک بنووسم.. چیرۆکێکی هاوچەرخی ئەوروپی.. نا ئێرانیەک کە بە فیکرەی فەرەنسی دەنووسن.. من عاشقی فەرەنسام و یەکەمین دێڕی چیرۆکەکەم بەم شێوەیە دەبێت: کوڕێک لە سەفەردایە بۆ سەرمانگ.. دایکم نیگەرانە... دەڵێت ئەوکوڕە هەر تۆ نەبوویت ڕۆڵە.... من دەڵێم دایە بەسیکە... دایە با بینووسم... دایکم هیچ ناڵێت و لەژێر دەمەوە پێم دەلێت... کوڕە خەریکی چیت بە خوا قەت ناچیت بۆ سەر مانگ.............
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
تێبینی:
نێیل ئارمسترونگ یەکەمین مرۆڤە لە سەدەی بیستەمدا .. کە بۆ یەکەمین جار پێی چەپی خستۆتە سەر مانگ.. هەڵبەت لەدوای یوری گاگارینەوە کەلە یەکێتی سۆڤێتەوە بە بۆسایی ئاسماندا فڕی. دواجار وەک تۆڵەیەک لە یەکێتی سۆڤێت  لە رێگای بەرنامە ڕێژییەکی تۆکمەی تەکنۆلۆژییەوە ، دەزگای ئاسمانی ئاپۆلۆ ١١ ی ئەمریکی توانی بۆ مێژووی مرۆڤایەتی بسەلمێنێت کە دەتوانێت باشتر لە یوری گاگارین پیاوێک درووست بکات نەک تەنها بەرەو فەزا بروات... بەڵکو بچێتە سەر مانگ و بەیداخی ئەمریکا لە سەعات ٣:٣٣ دەقیقە بە کاتی ناوخۆی پاریس لە سەر روبەری مانگ بجەقێنێت...