بە چاوان غەمزە و ئیما مەفەرموو   بە قەتڵی عاشقی شەیدا مەفەرموو
کە من کوشتەی جەمالی تۆم عەزیزم،   لە باغی جەنەتلمەئوا مەفەرموو
ئەتۆ موو سونبوڵ و ڕوو ئافتابی   لە حوسنی تەڵعەتی لەیلا مەفەرموو
دەڵێن: فەرمووتە بمکوژێ بە ناحەق   کە تۆ سوڵتانی حوسنی وا مەفەرموو
دوو چاوم، دوور لە تۆ، تۆفانی خوێنە   لە مەوج و جۆششی دەریا مەفەرموو
دەمت وا بێنە، قیبلەم، تۆی تەبیبم   بە تەشریفی دەمی عیسا مەفەرموو
من و یەک لەحزە شەو ئارام و تاقەت؟!   لە دووریی ماهی شەوئارا؟ مەفەرموو
بە خۆت بمکوژە نەک بەو چاوە بازە   بە جەللادانی بێ پەروا مەفەرموو
'وەفایی' عــاشــقی ئەندامـی تۆیــــە   شەهیدی قامەتی تووبا مەفەرموو