خۆر لەناو سكی ئاسماندا هەندێك لاربۆتەوە و دنیا ڕەنگی زەردێكی ئەرخەوانیی خەمناك دەنوێنێت.. تەپوتۆزێكی چڕ گۆڕەپانی جەنگەكەی داپۆشیوە و چەشنی گەردەلوولێكی كتوپڕ بەرەو سەرەوە هەڵدەكشێت.. لەو بیابانە گەرمەدا جەنگ وایكردووە هەموو شتێك سەیر و نامۆ بێتە بەرچاو.. شەڕ درێژەی هەیە و تا دێت گەرمتر دەبێت، جەنگاوەرێك (ئەوە ئەگەر بەڕاستی جەنگاوەر بێت.) هەڵدێ و خۆی دەدزێتەوە و ڕادەكات.. بە خێرایی هەناسە دەدات و سینەی تووند و تەسك بۆتەوە، لەبەر شەپۆلی ترس و ماندوویی زۆر ناتوانێت پڕ بە سینگی خۆی هەوا هەڵمژێت، زمان بە لێوە وشك و شەقبووەكەیدا دەهێنێت، كە وەكو زەوی شەقار شەقار و بیری وشكبووی لێهاتووە و لەناو دەمیدا هەست بە تنۆكێك تەڕایی ناكات.. هێند ماندووە دەستێكی ناوەتە لاقەبرەغەیی و بە دەستەكەی تری شمشێرە خوێناوییەكەی گرتووە، ئەو شمشێرەی كە جەنگاوەرێكی ئازای دوژمنی پێ كوشت.. ئەو جەنگاوەرەی كە مردن لە چاوەكانی دەترسا و پێی نەدەوێرا، كەچی جەنگاوەرێكی ترسنۆكی بەزۆرهێنراو بۆ شەڕ كۆتایی بە ژیانی هێنا، جەنگاوەرە ئازاكانی شەڕەكان، كەسی ترسنۆك و لەرزۆك دەیانكوژن، ئەمەیە هەقیقەتی دۆڕانی لەناكاو، یان ڕەنگە شەڕكەرە ترسنۆكەكان لە حەژمەتی گیانی خۆیاندا هەڵشاخێن بەو جەنگاوەرە ئازا و چاونەترس و بە ئەزموونانە.
بەردەوام لە نێوان ڕاكردن و ئاوڕدانەوەدایە، هەست دەكات كەمێك لە شەڕگەكە دووركەوتۆتەوە.. جلەكانی بۆنی خوێنیان لێ دێت، خوێنێكی مەیوویی ئازاردەر و بۆن ناخۆش. تا زیاتر دوور دەكەوێتەوە ترس و نیگەرانیی و ئاشیفتەحاڵی زیاتر دەبێت و وا هەست دەكات لەبری ئەوەی لە شەڕگەكە دوور بكەوێتەوە، بە ئاراستەیەكی پێچەوانە دەڕوات و نزیكتر دەبێتەوە لەو شوێنەی كە مرۆڤەكان هەستی بەزەیی لە ناخیاندا نەماوە.. دەنگی ڕەقی ئازارهێنی بەریەككەوتنی شمشێرەكان لە گوێیدا دەزرنگێنەوە، ئەمە ترس و نیگەرانییەكەی قووڵتر دەكەنەوە.
لە منداڵیدا ئەو دەمەی یارییان دەكرد حەزی دەكرد هاوڕێكانی بە جەنگاوەر بانگی بكەن، كەچی وا ئێستا بەڕاستی جەنگاوەرە و هەڵدێ لەو ناوە!.. كە منداڵ بوو تەختەیەكی داری دەكردە شمشێر و بە دزی دایكییەوە نووكەكەی بە چەقۆی نێو چەكمەجەی كەوەنتەری قاپ و قاچاخەكان تیژ دەكرد و تووند بە دەستە بچووك و جوان و پاكەكانی دەیگرت و دەیویست وەكو جەنگاوەرێكی ئازا خۆی نیشانی هاوڕێكانی بدات، ڕەنگە خەیاڵێكی ئەسكەندەریانە لە سەریدا خوولابێتەوە، كە دنیا داگیر بكات، بەڵام ئەوەتا جەنگاوەرە و هەڵدێت لە دەست شەڕ، چونكە بە زۆر هێنرابوو بۆ گۆڕەپانی جەنگ و نەیدەویست شمشێرێكی ڕەق و مرۆڤێكی تووڕە و قین لە دڵ كۆتایی بە ژیانی بهێنێت، ئەمە مانایەكی هەیە؟! جیاوازی جەنگاوەری منداڵ و گەورە ئەوەیە، كە هی یەكەم بە ئارەزووی خۆی دەچێتە شەڕەوە و وەكو یارییەكی شادیهێن تەماشای شەڕ دەكات، بەڵام جەنگاوەری گەورە زۆرجار بە زۆر بۆ شەڕ دەبرێت و خۆی هیچ ئارەزووییەكی بۆ ڕۆشتن نییە و قاچەكانی لەدوای نایەن.. ڕەنگە ئەوەی لە منداڵیدا لای مرۆڤ خەونە و كار بۆ بەدیهاتنی دەكات، كاتێك كە گەورە دەبێت خەیاڵێكی تەواویش نەبێت...
خەونیش هێندەی تر ئازاری جەنگاوەرەكە دەدات (ئەوە ئەگەر پێی بووترێت جەنگاوەر) چەندین جار لە خەونیدا بەشداری لە شەڕ كردووە و چۆتە ناو جەنگەكانەوە، هەر جارە و ئەندامێكی لە دەست داوە و خەون دوای خەون كەرەستەكانی لاشەی كەم بوونەتەوە.. تا وای لێهاتووە بەشی تاقە خەونێكیش ئەندامی نەماوە تا جیا بێتەوە لە لاشەی.. ئێستا خەون بۆ هەقیقەت وەرگەڕاوە، مەرج نییە هەر خەونێك كە مرۆڤ هەیەتی كاتێك كە بێتەدی، خاترجەم و ئاسوودەی بكا.. ئەوەتا كەمێك دوور لێرەوە گوێی لە هاواری جەنگاوەرەكانە، كاتێك كە چاوییان شمشێرێكی نووك خوێناوی هەڵیدەكۆڵێت و قاچییان دەبڕێتەوە و ڕمێكی نووكتیژیش سەر سنگییان دەپێكێت.. تەپوتۆز دەم و چاوی هەموو شەڕكەرەكانی شێواندووە، تا كار گەیشتۆتە ئەو حاڵەی كە كەس كەس ناناسێتەوە، هەموویان لە ترسی گیانی خۆیاندا شمشێر لە هەوا دەدەن، هەر ئەوەندە كاتێك دەزانن بەر لاشەیەك دەكەوێت و گوێیان بە هاواری جەنگاوەرێكی بریندار كاس دەبێت. ئەو جەنگاوەرانە نازانن بۆچی دەجەنگن، پێیان وایە دەجەنگن بۆ ئەوەی بژین، بەڵام ڕاستییەكەی بە پێچەوانەوەیە دەژین بۆ ئەوەی بجەنگن.
- ئەو حەزە نەگریسەی منداڵیم بوو منی كردە جەنگاوەر، نازانم ئێستا چۆن خۆم لەو ناوە ڕزگار بكەم و جارێكی تر ڕوو لە هیچ شەڕگەیەك نەكەمەوە.
ئەم قسانە لە دڵی خۆیدا دەكات، كاتێك كە لەسەر لمەكە دانیشتووە، ناتوانێ هەنگاو هەڵبێنێت، لای ڕاستییەوە شمشێرە تێكەڵ لە خوێن و خۆڵەكەی لەناو لمەكە چەقاندووە، كە سێبەرێكی باریك و كاڵ بۆ دەم و چاوی دەكات.
لە جەنگدایە لەگەڵ دوژمن بە ترس و لەرزێكی زۆرەوە لە بەرانبەر جەنگاوەرێكی كەتەی چوار شانە وەستاوە، چاوەكانی سوورێكی تۆخی ناشرینن و بیلبیلەكانی گەورەن، كە مرۆڤ بە بینینیان ئازار دەچێژێت و مردنی بیردەكەوێتەوە، خاوەنی جەستەیەكی تۆكمەیە، هەموو حاڵەتی گوزارشتی بوونەوەرێكی بێ ڕەحم دەبەخشێت، بە خەتێكی ڕەش لە ملی نووسیوە ( ئەی مردن، تاكە شتی لە ژیانما كە ڕووبەڕووت دەبمەوە.) ڕەنگە ئەم جەنگاوەرە هەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مردن لەدایك بووبێت و هاتبێتە دنیاوە، ئاه... كە دژوار و سەختە لەگەڵ جەنگاوەرێكدا بجەنگیت، كە لە پێناو مردندا ژیان بكات.. شمشێرێكی تیژی بە دەستی ڕاستییەوە گرتووە و دەستەكەی تری قەڵغانێكی ئەستووری پێوەیە، كە هیچ شتێك نایبڕێت. مرۆڤ لە جەنگدا دەیەوێت خۆی خاڵی بكاتەوە لە هەموو هەستەكانی و هەموویان بخەوێنێت، تەنیا هەستی مانەوە بەخەبەر دێنێت و كاری پێدەكات، بۆئەوەی بمێنن دەبێت یەكێكی تر لە ناو بەرن، ئەوانە بۆیە دەچنە شەڕەوە لەگەڵ دوژمن، چونكە لە بوون و مانەوەی خۆیان دڵنیا نیین.. ترسێكی قووڵ وەكو شەپۆلی ڕووبارێكی تووڕە دڵی جەنگاوەرە زەندەق چووەكەی داگیر كردووە، نازانێت چۆن خۆی ڕزگار بكات لە دەستی ئەو جەنگاوەرەی كە هێند ترسناكە لە شەوێكی تاریكی پڕ لە مردن دەچێت، جەنگاوەرە ڕەشتاڵ و مرۆڤ ترسێنەرەكە شمشێرێك لە قۆڵی چەپی دەدات و خوێنی جەستەی ئەو جەنگاوەرەی كە ئێستا هەڵهاتووە وەك میزێكی بەهێز فیشكە دەكات بۆ نێو هەردوو چاویی و كوێری دەكات و تاریكی بەری چاوەكانی دەگرێت، ئەمیش فرسەت دێنێت و شمشێرێك لە سكی دەدات و كۆتایی بە ژیانی دەهێنێت.. باوەڕی بە چاوەكانی خۆی نەدەكرد كە لە بەردەمیدا جەستەیەكی بێگیان كەوتووە، ئەو جەستەیەی كە مردن سڵی لێ دەكردەوە، كەچی وا شمشێری پیاوێكی ترسنۆك كۆتایی بە ژیانی هێنا.. واقی وڕماوە.. بە منداڵیی كاتێك لەگەڵ هاورێكانیدا سیناریۆیەكیان دروست دەكرد، ئەم دەبووە جەنگاوەری براوە لە شەڕەكان، بە شمشێرە تەختەكەی كاتێك جەنگاوەرێكی دەكوشت، ترسێكی زۆر هەناسەی لێ دەبڕی و چاوەكانیی دەردەپۆقین و دەنگی هەڵدەبزڕكا و هەر زوو پێش تەواوبوونی سیناریۆكە جەنگاوەرە مردووەكەی دەجووڵاند و نەیدەویست بە گاڵتەش مردووییەك ببینێت كە لەبەردەمیدا كەوتووە، وا ئێستا هەر بە ڕاستی شمشێرەكەی جەنگاوەرێكی لە بەردەمدا خستووە.. ناتوانێت لە شوێنی خۆی ببزوێت.. هەر بە دیار جەنگاوەرە مردووەكەوە وەستاوە و شەڵاڵی ئارەق بووە، دەیەوێت وەكو منداڵیی جەنگاوەرەكە هەڵسێنێت و پێی بڵێت كە پێش ئەوەی سیناریۆیەكە تەواو بێت هەستە و پێم خۆش نییە بەو جۆرە گاڵتەم لەگەڵدا بكەیت!..
ئێستا لە خەوی قووڵدایە.. هەوا كزەیەكی سارد لە باكوورەوە لەگەڵ خۆیدا دێنێت و شوێنی برینەكە دەكزێنێتەوە، ئەو برینەی كە شمشێری جەنگاوەرە كوژراوەكە چاڵێكی لەسەر قۆڵی دروست كرد و خوێنە ڕەقهەڵهاتووەكە وێنەی جۆگەلەیەكی لەسەر لاشەی كێشاوە و جلەكانی پیس كردووە.. لەبەر ترس و ئازار بە ئاگا دێتەوە و لە خەو ڕادەپەڕێت. تاریكییەكی تۆقێنەر ئەو ناوەی داپۆشیوە، ئەستێرەیەكی كەم بە ئاسمانەوە هەڵواسراون، بەوەدا زانی كە سەرەتای شەوە. مانگیش ڕووناكییەكی زۆر كز و شەرمنی هەیە، كش و ماتیی و بێدەنگییەكی ترسناك و پڕ نهێنی ئەو بیابانەی داگیر كردووە.. ئێستا دەزانێت كە ماوەیەكی زۆرە خەوی لێكەوتووە و لە شوێنی شەڕگەكە دوور كەوتووەتەوە، بەڵام هەر هەستی دەكرد كە شەڕ بەردەوامە و ئەمیش تا دێت هەر لێیانەوە نزیك دەبێتەوە.
- خوایە گیان، هەرچەندە ڕادەكەم و دەمەوێت لە شەڕ و دەنگی شمشێر و بۆنی خوێن هەڵبێم، كەچی نزیكتر دەبمەوە، ئەوەتا دەنگ و هاوار لەم نزیكانەیە، ڕەنگە كەمێكی تر بگەنە لای من و منیش ناتوانم بڕۆم و ئازارێكی زۆر لە جەستەمدا هەیە و توانای هەناسەدانیشم كەم بووەتەوە.
ئەم قسانەی بە دەنگێكی بەرز دەوت، لە كاتێكدا كە ڕووی لە ئاسمان دەكرد، دەنگدانەوەی قسەكانی تەنیا لەناو تاریكییەكی تۆخدا دەبیسترا و كەس گوێی لێ نەدەبوو.
هەواكە لەنێو تاریكییەكەدا بە نادیاری ڕێ دەكات و جەستەی جەنگاوەرەكە فێنك دەكاتەوە، ئەمە بۆی شتێكی تا ڕادەیەك باش بوو، وەكو هەتوانێك بوو بۆ دەردەكەی، كە جەنگاوەرێكی هەڵهاتوو بە برینداریی و بێ ئەوەی كەسێك هەبێت بە هانایەوە بێت لە بیابانێكی گەورە و ناكۆتادا كەوتووە، بەڵام ئەو هەوا خۆشەش نەیدەتوانیی نیگەرانیی و ترس و دڵەڕاوكێكەی كەم بكاتەوە، چونكە دەنگی لێكدانی شمشێرەكان و بۆنی خوێنی ڕژاوی جەنگاوەكان تێكەڵ بە جەستە و گیانی بووە و وەكو دەستێكی ڕەش چوونەتە هەناوییەوە و دەیانەوێت ئەم مرۆڤە لەگەڵ مەرگدا تێكەڵ بكەن.
شەو دێت و تاریكی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، تا شەو درەنگتر و تاریكتر دەبێت جەنگاوەرەكە ترسی زیاتر و زیاتر دەبێت، شەویش هێند دڵڕەق و تاریكە وەكو گۆڕەپانی جەنگ وایە و جەنگاوەر هەموو شتێكی لەبەرچاو ڕەش دەبێت.
بەیانییەكی زۆر خەمناكە.. زوو لە جێگاكەی ڕادەپەڕێت.. خۆر تازە سەری لە پشتی چیاكەوە دەرهێناوە و تیشكە زەردەكەی لە پەنجەرەی بە پەردە داپۆشراوی ژوورەكە دەدات، ژنەكەشی لە لای ڕاستییەوە لە خەوێكی قووڵدایە و منداڵە یەك ساڵانەكەشی لە خوار ئەمانەوە لەناو جێگا بچووكەكەی خۆیدا لەگەڵ جوانیی و پاكیدا دەست لە ملانێیە و خەوێكی شیرین خەوتووە. دەزانێت كە ئەوەی بە درێژایی ئەمشەو بینیویەتی هەموو خەون بووە، هەناسەیەكی قووڵی پڕ بە سینەی هەڵدەمژێ، بۆ ئەوەی كە ئەو شتەی بینیویەتی خەون بووە و ڕاستی نەبووە، دەچێتە بەر پەنجەرەكە و تەماشایەكی ئاسمانی شین دەكات.
ئەم چیرۆكە لە ژمارە (183) ی گۆڤار (ڕامان) بڵاوبۆتەوە.