(مردن)
ماوه‌یه‌كه‌ زۆر په‌ستم
ده‌ست بۆ هه‌ر شتێك ده‌به‌م
ده‌بێ به‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خۆم
له‌ هیچ شوێنێ نیم، له‌ نێو دێره‌كان هه‌نگاو ده‌نێم
له‌ یه‌كێك ده‌گه‌ڕێم لێره‌ نییه‌
به‌ڵام گوێم لێیه‌ له‌ پشت دێره‌كان
بانگم ده‌كات، به‌ دوایدا ده‌ڕۆم
دوور ده‌كه‌ومه‌وه‌ له‌ دنیا
گیانم شه‌ڵاڵی ئاره‌ق ده‌بێ
ده‌ڵێن بڕۆ نه‌خۆشخانه‌
ده‌كه‌ومه‌ نزیك گۆڕستان.
 
 
(بای مردن)

یه‌كێك له‌ كه‌ناڵه‌كان به‌ چه‌ند هیچییه‌ك
ئارامی ماڵ ده‌شێوێنی
هه‌ست به‌ په‌ستی ده‌كه‌م
سه‌رئێشه‌ ده‌مباته‌وه‌ باوه‌شی ژنه‌كه‌م
جارێكیان له‌ ئاوده‌ست خه‌و بردمییه‌وه‌
هیچ نه‌بوو هه‌ڵسامه‌وه‌
5/11/2014 بای مردن بردمییه‌وه‌ كۆڵانه‌كانی خۆیان
له‌وێ یه‌كێك ده‌ڵێ حه‌به‌كانت نه‌خواردووه‌
من له‌به‌ر مردن ناتوانم ده‌م بكه‌مه‌وه‌
منداڵه‌كانم ئۆتۆمبێله‌كه‌ كار پێده‌كه‌ن
وه‌ك با بۆ نه‌خۆشخانه‌ ده‌ڕۆین
خۆم و عاره‌بانه‌
له‌ په‌لكی هیچ ده‌خلیسكێین
دكتۆرێك ده‌بینین به‌و كاته‌ دره‌نگه‌
وه‌ك كه‌ناڵه‌كان هیچی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌
له‌سه‌ر عاره‌بانه‌ به‌رده‌بمه‌وه‌.

 
 
(وێنه‌كانی مردن)

هه‌موو دنیا به‌ وێنه‌كانی مردندا تێده‌په‌ڕی
ره‌نگی سپی ده‌یبا
سوور ده‌یگرێته‌وه‌
دنیا به‌ ئه‌ندازه‌ی چاوه‌ڕوانی پووچه‌
به‌ قه‌د سه‌ركه‌وتنی ژیان
سه‌رهاته‌كان ده‌گێڕمه‌وه‌
مردن وه‌ك گه‌رده‌لوول به‌ره‌و رووم ده‌هات، وه‌ك تارمایی
تاریك بوو دنیا
نازانم چۆن ئه‌و هه‌موو چیرۆكه‌ رۆناك كه‌مه‌وه‌
ئه‌و هه‌موو ده‌نگه‌ له‌ كوێ كۆتاییان دێ
دنیا تاریك بوو
له‌ ره‌نگی سپی نغرۆ ده‌بم
له‌ وێنه‌كانی مردن
به‌رده‌بمه‌وه‌.

 
 
هه‌ولێر، شوباتی 2015