ژیان لەگەڵ جرجەکان

شیعری : فازیل عەززاوی
و. جەمال غەمبار

لە تاریکیەکەدا هەڵدەکورماین !
دەست بەئەژنۆ چاوەڕێ بووین
هەتا خواردنیان دێنا .
شیومان لەو قاپەیدا دەخوارد
کە لەسەر رۆژنامەی ڕاخراوی سەر زەوییەکە دانرابوو .
جرجەکانیش هەڵمەتیان دێنا و
لە کەلێنی پەنجەکانی ئێمەوە خواردنیان دەماشیەوە .
دواتر دەچوونەوە بەردەم کونەکانیان
خۆیان بۆ هەڵمەتێکی تر ساز دەدا !
لە شەوە ساردەکانیشدا
خۆیان دەخزاندە نێو ڕان و لاقی ئێمەوە !
دواتر جرجێکی زەبەلاحمان
لە جەنگەڵێکدا دەبینی
دەمانبینی ،
کچێکی چاو بەگریان و
گەردن بە پەت ،
بەدووی خۆیدا رادەکێشێت .
سپێدان ، دەنگی بولبولمان دەبیست
لەسەر درەختان دەیانخوێند
کەچی ئێمە ، ئەو بەرمیلانەمان
بە کۆڵەوە بوون
کە پڕ بوون لە میزی خۆمان و
دەچووین میزەکەمان ڕۆ دەکردە جۆگەلەی
بەردەم مەخفەرەکەی پۆلیس !
دواتر بۆ ناشتاکردن
بە هەندێ بەرچاییەوە دەگەڕاینەوە .
بەرچاییەکە ،
ژنی یەک لە وەردیانەکان
بۆی ئامادە دەکردین
کە هەر یەکەمان
هەزاران جار لە خەونێدا
پێوەی شەیتانیی ببووین !
کە ئێوارەش دادەهات
یەک بەیەک ناویان دەخوێندینەوە و
دواتر بە پانکەدا هەڵیاندەواسین !
ئیدی جرجەکانیش
لە چمک و لۆچی جلکەکانمان
بەردەبوونەوە خوارێ و
بەدم ئازاری قامچییەوە
زیک و هوڕیان بوو !
دوای تێپەڕینی چەندین ساڵ ،
یان بگرە چەندین سەدە ،
یەک لەو زیندانییانەم بینییەوە
کە لە جەنگەڵی خۆشەویستیی !!
لە پاش خۆمم جێ هێشتبوو !
ئەو هێشتاکە مێردمنداڵێکی
تازە ڕەسیو بوو
وەک عادەتی خۆی
بێجامەی لەبەردا بوو .
کە بینیم
سەرێکی هەڵبڕی و
قەدەرێکی باش لێم ورد بۆوە !
دواتر بێ ئەوەی هیچ بڵێ ،
تێی تەقاند و کەوتە ڕێ !
پێدەچوو
منی ، بەهۆی ئەنگێزەی ژیانەوە ، بیرچووبێتەوە !

———————————————--

سەرچاوە:
diwandb.com

ناشتاکردن : نانخواردنی بەیانی
وەردیان : پاسەوانی زیندان / مەخفەر
شەیتانیی بوون : ئەنجامدانی سێکس لە خەوندا .
سەرنجی وەرگێڕ : ئەز پێم وایە ، فازیل لەم قەسیدەیەدا بە فانتازیاوە باس لە زیندان دەکات و دەیەوێ بڵێ هەمووجۆرەکانی زیندان و لە هەموو دنیادا ، وەک یەکن بۆ ئینسان !