ڕێبوارێ بووم و
هه‌ورێ نه‌گریا به‌سه‌ر باڵاما..
تۆزی غه‌ریبیی به‌رگی به‌رم بوو
ڕێبوارێ بووم و
هه‌ورێ نه‌گریا به‌سه‌ر باڵاما
سه‌رابێکی دوور ڕێ‌ی سه‌فه‌رم بوو
*
که‌وتمه‌ دوای تیشکی دووچاوی شۆخێ..
دڵم هه‌ڵوه‌ری له‌ له‌پی ده‌ستیا..
بووم به‌ گه‌ڵایه‌ک له‌ ناو شه‌پۆل و
گێژاوی هه‌ستیا
*
که‌ هاتیشمه‌ شار ئه‌ستێره‌ی به‌ختم..
له‌ ته‌م و مژا ڕۆیی ئاوا بوو
دنیای هه‌ستی من بوو به‌ که‌لاوه‌..
تا ڕۆژانێ بوو به‌هه‌شتی خوا بوو
*
ئای.. چه‌ند سه‌رم کرد به‌ مه‌یخانه‌دا..
تا شه‌وه‌کانم بێته‌وه‌ به‌ ڕۆژ
تا سه‌رابی دڵ.. له‌ سای هه‌ورێکا..
تیا داکا نمه‌ی بارانێکی سۆز

*

ویستم مه‌ست بم و
له ‌سه‌رخۆشییا..
خه‌وی مناڵییم بگه‌ڕێته‌وه‌
ویستم بکه‌ومه‌ به‌زم و گۆرانیی
نه‌مزانی ته‌م و هه‌وری زامی من..
له‌ پێکی مه‌یدا ناڕه‌وێته‌وه‌

*

ئه‌فسوس سه‌د ئه‌فسوس ئه‌وه‌ی شێتی بووم..
له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی خۆڵه‌مێشی دڵ..
له‌ کۆشی گه‌رمیا گڕ بگرێته‌وه‌..
بگه‌شێته‌وه ‌له‌ ناو په‌رچه‌م و ئه‌گریجه‌ی لولا
دای به‌ده‌م (با)وه‌..
ئێستاش به‌و زام و ئازارانه‌وه‌..
ئه‌تلێته‌وه‌ له‌ گه‌رده‌لولا

*

لۆمه‌ی من مه‌که‌ن..
ئێوه ‌ئه‌وانه‌ی له‌ ژووری گه‌رما..
له‌ پشت په‌نجه‌ره‌ی داخراوه‌وه‌..
سه‌یری ئاسمانی باوبۆران ئه‌که‌ن
ئه‌و ساتانه‌ش که‌ ده‌رگای ژووره‌که‌م..
به‌ ڕووی (با) و به‌فرا توند پێوه‌داوه‌
(با) له‌ناو خوێنما هه‌ڵی کردووه‌..
له‌ شه‌خته‌ و زوقما په‌لم کوتاوه‌

*

ده‌مه‌و ئێواران.. خۆر سارده‌..
دڵی دڵدارانیش ته‌نگ
خۆر خۆی سه‌رئه‌بڕێ..
دنیا ئه‌بێته‌ گۆمێک خوێنی مه‌نگ
لۆمه‌ی من مه‌که‌ن.. به‌ر له‌ ڕۆچوونم
خۆم کوشت که‌ زانیم..
خۆرێکم نزیک له ‌ئاوابوونم
بەڵام بەر لەوەی پەپوولەی ڕۆحم..
گڕی مۆمی مەرگ بەر با لە گیانی
ئاگرم لەسەر بەفر کردەوە و
گەروم لێوڕێژی بەستەی گۆرانیی



* سێرغی یه‌سه‌نین: شاعیری مه‌زنی ڕوسی (1895- 1925)