ئای چ ڕۆژێکی شوم و غەمناکە!..
کە خۆر خنکاوە لە تەم و مژا
شاعیرێ بە دیار تەرمی خۆرەوە..
ئەگری و زستانی هاتووە بە گژا
*
ئاگری سینەش بوو بە خۆڵەمێش..
دڵی وێرانەم ئێستا سارد و سڕ
لە زستانێکدا چۆن بوو بە هەڵم..
ڕۆژێ لێوان لێو لە بڵێسە و گڕ؟
*
کوا ئەو ڕۆژانەی کە گەڵای نیگای..
بۆ جەستەی سڕی من دائەباری؟
بۆ منی خەستە دوو باخی نیگای..
گەڵای فرمێسکی ئەکردە دیاریی
*
بۆ ترپەی دڵمان ناڕژێتە ناو یەک..
وا دەستی زستان لە دەرگا ئەدا؟
ئاخ.. لە سوچێکا سەر ئەنێمەوە..
مەرگێکی خامۆش وەک مەرگی گەدا
*
بەر لەوەی لەیەک جیا ببینەوە..
نەم ئەوت نوقمی موچڕکە و بەفرم
خەیاڵ ئەیبردم بەرەو گەرمەسێر..
ئەو بەفرە بووبووە سابات و کەپرم
*
لەگەڵ ئەوا بووم.. بەفر پشکۆ بوو..
کە گەڵاش نەبوو بە ڕووی دارەوە
من گوڵزارێکم ئەهاتە بەر چاو..
بە چڵی ڕووتی بەفرانبارەوە
*
بەفر بۆ من بوو بە بەرگی پرسە..
منی خستە ژێر باری جەورەوە
بە یادی ئازیز سەرەڕێ ئەگرم..
خۆم ئەخەمە ژێر باڵی هەورەوە
*
من لەگەڵ هەورا.. ئەگریم بە یادی..
ئەو ڕۆژانەی کە ناگەڕێتەوە
ئەو بەفرەی لەسەر ڕێی کۆچیا باری..
لە دڵی منا چۆن ئەتوێتەوە؟
*
کێ لەم زریانەم ئەشارێتەوە..
کێ.. کێ خۆی ئەکا بە چەتری سەرم؟
کەسێ نابینم سیمای لەو بچێ..
بەر لە مردنم هانای بۆ بەرم
*
لە لام بووبوونە پۆلێ قەلەڕەش..
گشت کڵۆبەفری ئێوارە کۆچی
لە دنیایەکا پڕ لە چەتری ڕەش..
من بەفر نەکەم بە چەتر بۆچی؟
*
بەفر تابووت بوو.. تابووتێک سپی..
ئازیــــــزم سەری تێدا نایــەوە
بە ئێوارەیەک سەرم سپی بوو..
بە ئـــــــــاهم بەفر نەتووایەوە
*
تاوێ گریام و بە چۆکا هاتم..
ئەشکم ڕژانە سەر شوێن پێکانی
حەزمەکرد شوێن پێی نەسڕێتەوە..
بە سەریا بگریم هەتا بەیانیی
*
خۆزگە ئەمتوانی دڵم دەربێنم..
خوێنی بتکێنمە سەر شوێن پێکانی
ڕیزێک شوێن پێی سوور.. بەسەر بەفرەوە..
جوانیییەک نیە.. شان با لە شانی
*
وتم.. خوایە گیان چی ئەبێ ئەگەر..
جارێکی تر خۆر هەڵنەیەتەوە!
تا شوێن پێکانی لەسەر ئەو بەفرە..
هەتا هەتایە نەسڕێتەوە
*
ئای نەم ئەزانی ئەو شوێن پێیانەی..
دواین تروسکەی ئاواتی منن
لە ژێر پێی خەڵکا ئەسڕێنەوە و
گشت جوانەمەرگی دەستی مردنن
*
کەسیش نەیزانی.. شوێن پێیەتی یا..
دڵمە بە ژێر پێی ڕێبوارانەوە!
ئەبێ بە ئاو.. و ئەکەوێتە ژێر..
بەفر بــارینی ئێوارانــــەوە
*
ئێستاکەش گەرچی خەزانی تەمەن..
ئەمبا بەرەو گۆڕ کزەبا و تەمی
لە چاوما هەوری حەسرەت و پرسیار..
چەخماخە ئەدا.. کەیلە لە غەمی
*
هەرچەند لە دوای ئەو من بۆ گزنگێ..
تەمی مەینەتییم.. بنێتە ناو مشت
ڕۆژانێکی زۆر هەر هاتم و چووم..
دڵ سووتا.. چاوم ئەشکی زۆری ڕشت
*
دەستێکی مژدە لە دەرگای نەدام..
کەسێکم نەدی خورپە بێ بۆ دڵ
زستانی ژوورم تەفروتوونا کا و
تاپۆی تەنیاییم.. بنێتە ژێر گڵ
*
بڵێی بێتەوە بەر لەوەی گۆڕێک..
باڵام بنێتە باوەشی ڕەشی؟
لە ئەشکیا بمشوا و خۆڵەمێشی دڵ..
کڵپە بسێنێ سەر لەنوێ لەشی!