کوا ئێوارەی دووچاوی پڕ گڕی شینت؟..
سەرم کەیلی تەم و مژە.. شەویش داهات
جەستەم تەزیو.. تۆ لە کوێی تا هەوری ئەمشەو..
لە ساماڵی چاوەکانتا.. وچانێ بات؟
	    *
نیوەشەوە.. هەور ئەسوتێ.. ئاسمان نوقمی بروسکەیە
باران ئەمرێ.. تا گوڵ بژی.. چراکەم بێ تروسکەیە
            *
(با) گفەی دێ و
لە پشت دەرگاکەوە دەگری..
دەرگاکە ناخەمە سەرپشت
نامەوێ دوور لە تۆ بمرم..
لەم دیو شووشەی پەنجەرەوە
گوێ لە ناڵینی (با) ئەگرم
            *
لە ناڵەی (با) دڵنیا نیم..
خۆی ئەگری یاخود هاواری پڕ زریکەی دارەکانە؟
گڤەی (با)یە یان دەنگی نرکە و هەرەسی..
گیانی زەردی گەڵاکانە؟
            *
ئەمشەو چەند ماڵ وێران ئەبێ؟..
ئەمشەو چەند کەس ڕەق بێتەوە؟
نازانم زریانی گومان..
دەرگا بە تۆش ئەگرێتەوە؟
            *
پەنجەرەکان تەم گرتوونی.. هەڵئەلەرزم.. بیناییم لێڵ
خورپە دڵم وێران ئەکا.. ئاسمان ساردە.. بارانیش وێڵ
بارانێکی بێ ناسنامە..
گریانێکی بێ پەساپۆرت
ئەو چەم کەیلی هاژە ئەکا..
ئەم خامۆشە و ئەسووتێ بۆت
            *
سەرم لەسەر پەنجەرەیە.. ئەگریم بە کوڵ
خەو ئەبینم.. تا شووشەکەش هەنسک ئەدا
ئەبێ بە دەست چاوم ئەسڕێ..
ئاهەکانم ئەبێ بە گوڵ
ڕائەچڵەکێم.. شووشەکە لە شەوان ساردتر
ئاسمان نوقمی چەخماخەیە..
ڕەهێڵەیە.. باران خوڕتر

 

سلێمانی، شەوی ١٣-١١-١٩٨٣

 

- نووسینەوەی ماڵێک لە ئاسمان