عیشق و ئازادی

ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر
کەوا ئەمشەو سەری ھەڵدا لە ناخمدا خەمێکی تر
لەبادە ئەم ژەمە تێرکە منی تینووی جگەرسووتاو
بە چی دیارە کە دەیبینم شەوێکی تر، ژەمێکی تر!
ئەوەندە دەردەدار و بێ پەرستارم کە پێم وایە:
لەسەر کێکی تەمەن، ھەڵناکرێ تازە شەمێکی تر

دڵم بۆ زوڵف و ڕووی جانانە ئەگری

دڵم بۆ زوڵف و ڕووی جانانە ئەگری
مناڵە و بۆ گوڵ و ڕێحانە ئەگری
چرا ئیمشەو کەوا فرمێسک ئەڕێژێ
ئەڵێی ھەر بۆ منی پەروانە ئەگری
ئەکا شاباشی کێ دەریایی دیدەم
کە چەشنی گەوھەری یەکدانە ئەگری؟
چییە پیری دڵ ئیمشەو وەک عەرەقخۆر
لە کونجی تەکیە بۆ مەیخانە ئەگری

کەنارەکان

-١-
فۆرمێکی نوێی ئیمپریالیزم دادەمەزرێت : 
ڕۆژئاوای سیاسەتوانی ئەمریکیی – ئەوروپیی ، سوپایەکی تر بۆ سوپاکەی خۆی دەخوڵقێنێ : ئەم سوپا خوڵقێنراوە ؛ دەمێ "سوپایەکە لە پەراوێزدا" و ، دەمێکیش "سوپایەکی پێشڕەوە" . ڕۆژئاوا ، تاکەکانی ئەم سوپایە لەناو گەلانی "دۆست" ەوە هەڵدەبژێرێت . ئەم سوپایە ، سوپایەکی کیشوەربڕە . نەفەرەکانی ، نیشتەجێی هەمان ئەو شوێنانەن  کە لە گوند و شارەکانی خۆیاندا ، تیایاندا دەژین . ئەمانە ، هەرکەسە و لە شوێنی خۆی حازروئامادەیە ، گوێ قوڵاغی سەعاتی سفرە ! ئەم سوپایە ، سوپایەکی گوێڕایەڵ ، ڕاهێنراو ، بەوەفایە .