کتێبی (ڕاگه‌ردان) له چیرۆک، تێکستی شانۆ و شیعر پێک هاتووه، که پێشه‌کییه‌کم بۆی نووسیوه و نیاز وایه ئه‌مساڵ (غه‌زه‌لنووس) چاپی بکات. وام به چاک زانی ئه‌و پێشه‌کییه به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆیش بڵاو بکه‌مه‌وه.
ڕاگه‌ردان
(پاشکۆی به‌رهه‌مه‌کانم)
کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور
پێشکەشە بە (سەڵاح جەوهەر)، ئەو مرۆڤەی بە (نا) لە دایک بوو، بە (نا) زمانی پژا. بە هەمان (نا) پێی گرت و بە هەمان (نا) چووە قوتابخانە. بە هەمان (نا) خوێندییەوە و بە هەمان (نا)ی نووسی. لە (16.11.1982) بە هەمان (نا) ڕووبەڕووی (ئا)ی ستەمی بەعس بووەوە و هەمان (نا)ی لە دوای خۆیدا جێ هێشت... به‌ڵێ، (ئا)کان خوێنی (نا)یه‌کیان ڕشت و ئه‌مه سه‌ره‌تای چیرۆکه بێکۆتاییه‌که‌یه:
ئه‌ی سه‌رده‌مه ئازیزه‌که‌م، من زۆر به گه‌رمی له باره‌ته‌وه ده‌نووسم، به‌ڵام بۆ خۆت نا! به منداڵییش هه‌ر کاتێ به چێژه‌وه له قوڕ ئاژه‌ڵ و مه‌لم دروست ده‌کرد، پێم خۆش بوو پێشانی ئه‌وانه‌یان بده‌م، که نه‌یانزانیوه هیچ شتێک له قوڕ دروست ده‌کرێت، بگره هه‌ر قوڕیان نه‌ناسیوه.
* * * *
من خاوه‌نی دوو کۆیله‌م، یه‌کێکیان ناوی (چاکه) و ئه‌وه‌ی دیکه‌یان ناوی (خراپه)یه. باوه‌ڕ ده‌که‌م ئێستا بزانیت ئه‌وه منم ئه‌وان هه‌ڵده‌سووڕێنم، نه‌وه‌ک به پێچه‌وانه‌وه. ئەگەرچی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی (1949)وە یاسای قەدەغەکردنی کۆیلایەتیی دەر کردووە، بەڵام گوێ بەو یاسایە نادەم و کۆیلەکانم ئازاد ناکەم.
* * * *
جارێکیان به ئیڵوژنپهرستێکم گوت: ئەوەی دەیپەرستیت، به دوو ڕێگه له ناو ده‌چێت: یه‌که‌م، هێنده گه‌وره‌ی بکه، تاکوو سنووره‌کانی دیار نامێنن! دووه‌م، هێنده بچووکی بکه‌ره‌وه، تاکوو له‌ناو ئه‌قڵی خۆیشتدا ده‌سڕێته‌وه! ئه‌گه‌ر هیچ یه‌کێ له‌م دوو ڕێگه‌یه ناگریت، لانی که‌م چۆلهکهکهت له‌و قه‌فه‌زه ته‌نگه‌به‌ره ده‌ربهێنه، که له‌گه‌ڵیت داناوه، نه په‌ڕی پێوه ماوه و نه جریوه!
* * * *
دوو که‌س له ڕێگه‌ی خۆشه‌ویستییه‌کی قووڵه‌وه به یه‌ک گه‌یشتبوون، به‌ڵام ده‌یانویست جوودا ببنه‌وه، چونکێ هه‌ر یه‌که‌ی هیوای ده‌خواست بۆ کاتی پێش ده‌ستپێکردنی خۆشه‌ویستییه‌که بگه‌ڕێته‌وه. من سه‌ره‌تا له‌وه نه‌ده‌گه‌یشتم، به‌ڵام دواتر شته‌که‌م ته‌واو لا ڕوون بووه‌وه‌وه. به‌ڵێ، خۆشه‌ویستی کاتێ دێته کایه‌وه، که کۆمه‌ڵێک شت به دڵداره‌که‌ت ده‌گه‌یه‌نیت، هیچیان هیی خۆت نین، به‌ڵکوو هه‌ڵت به‌ستوون، چونکێ وا نه‌بێت هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه پێی ناگه‌یت. خۆشه‌ویستیی قووڵ مانای بوونی چیرۆکی هه‌ڵبه‌ستراوی کاریگه‌ره. به‌م شێوه‌یه ته‌واو خۆت له ده‌ست ده‌ده‌یت. ئه‌وه‌ی وا له‌گه‌ڵ دڵدارهکهتدا ژیانی پێکه‌وه ناوه و ئاسووده‌یه، خۆت نییت، به‌ڵکوو که‌سێکی دیکه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جوودا ده‌بێته‌وه، هه‌ر تۆیت. که‌واته جوودابوونه‌وه له هاوسه‌ر، خۆشه‌ویستییه‌کی فراوان و بێسنووره. ئێستا به دڵنیاییه‌وه که‌سێک هه‌یه خۆشی ده‌وێیت و له ناخی دڵه‌وه بیرت لێ ده‌کاته‌وه، مادام بۆ خۆی گه‌ڕاوه‌ته‌وه. ئه‌رێ ئه‌و چیرۆکانه نه‌بوونایه، تۆ به‌و خۆشه‌ویسته‌ت دهگهیشتیت؟ ئایا شتێک له‌وه خۆشتر هه‌یه که‌سێک هه‌بێت له ژیانتدا ئاوا به قووڵی خۆشت بوێت و خۆشی بوێیت؟
* * * *
(تووڤا لارسن) لێی پرسیم:
_ دەتوانیت شتێکی سەیری لای خۆتانم پێ بڵێیت، کە لە شوێنێکی دیکەدا نەبێت؟
گوتم:
_ جەلـلاد هەیە لە شاخ گەڕاوەتەوە و بووەتە خاوەنی شار.
هەستم کرد ئەمەی بە لاوە سەیر نییە. گوتم:
_ ئەو جەلـلادە بیرەوەریی خۆی نووسیوەتەوە.
بۆم دەرکەوت هێشتا بە سەیری نازانێت. گوتم:
_ ئەو جەلـلادە نەک هیچ شەرمی بە ڕابوردووی نییە، نەک هەر ناڵێت پەشیوانە، بەڵکوو گاڵتە بەو قوربانییانەیش دەکات، کە هێندە بێورە و ترسنۆک بوونە، بەرگەی ئەشکەنجەی ئەمیان نەگرتووە. ئەوانەی بە وردی تۆمار کردووە و کتێبەکانی زۆرترین خوێنەریان هەن، بگرە وشەکانی بە پیرۆز دەزانن.
هەستم کرد هێشتا لای سەیر نییە، بەڵام گوتی:
_ ئەو جەلـلادە لای ڕوونە قوربانییەکانیشی خاوەنی هەمان تێگەیشتن و ئارەزوون. لە هەر شوێنێکدا جەلـلاد شەرم لە ڕابوردووی نەکات و بە شانازییەوە بیرەوەرییەکانی خۆی بگێڕێتەوە، ئەوا لەوێدا هەوڵی گەرم و ئاشکرا هەیە لەپێناوی ئەوەی کێ ببێتە جەلـلاد و چۆن لە دۆخی قوربانی دەربچێت.
ویستم پێی بڵێم ئەو جەلـلادە ڕۆشنبیرە و دەوریشی بە ڕۆشنبیر تەنراوە، بەڵام نەمگوت، چونکە دەمزانی ئەوەیشی لا سەیر نییە.
{دوو سەرنج:
یەکەم: ئەو جەلـلادە کەسێکە، دەشێ سبەینێ لێم بپرسێت: مەبەستت منە؟ بێگومان پێی دەڵێم: بەڵێ... لایشم ڕوونە ئەوە جەلـلادەکە نییە ئەو پرسیارەم لێ دەکات، بەڵکوو بەشێکی زۆری قوربانییەکانی ئەون، چونکە ژیانی جەلـلاد لای ئەو قوربانییانە چەند بڵێی گرنگە، بەوەی گەیشتن بەو ژیانە خەونی ئێستا و ئاییندەی خۆیانە. ئەوان دەیانەوێت ڕۆژگارێک ئەو خەونەیان بێتە دی. وەک (تووڤا لارسن) دەڵێت: بەشێکی زۆری قوربانییەکانن سەرسەختانە بەرگری لە جەلـلاد دەکەن و لەپێناوی مانەوەیدا ئامادەن خوێنیان بڕێژن، بگرە پەلاماری هەر مرۆڤێک دەدەن، ئەگەر وشەیەکی ناڕەزایی لە ئاستیدا دەرببڕێت.
دووەم: (تووڤا لارسن) کەسێکی ڕاستەقینە نییە، بەڵکوو کارەکتەرێکی ناو خەیاڵی خۆمە}.
* * * *
سپیترین شووتی ئەو دانە سوورەیە، کە شووتیفرۆش قاشی دەکات و لە سەروو هەموو شووتییەکانی تری دادەنێت، بەو مەبەستەی سەرنجی کڕیاری پێ ڕابکێشێت. (ئەمەم لە ڕۆژگاری ئامادەیی بە هاوڕێکانم گوتووە).
* * * *
ئێوه کاتێ ده‌بینن ژماره‌یه‌کی زۆر ڕوو له ئیدۆڵۆگییهک ده‌که‌ن، وا ده‌زانن ده‌یپارێزن. ڕاستییه‌که‌یشی ئه‌وه‌یه مه‌به‌ستیان، به‌ڵام من ده‌ڵێم به پێچه‌وانه‌وه، له ناوی ده‌به‌ن. ئیدۆڵۆگییهکان له‌و دره‌خته سه‌یره ده‌چن، که ئه‌گه‌ر زۆری به‌رهه‌م هێنا، به‌رگه‌ی قورساییی ئه‌و هه‌موو به‌روبوومه‌ی خۆی ناگرێت و ده‌که‌وێت، بگره له ڕه‌گه‌وه وشک ده‌کات. ئێوه ده‌ڵێن بڕوانه لایه‌نگرانی (بۆدبۆد) چه‌ند له جاران زۆرترن و چۆن هه‌ر به ده‌نگی زلیان ده‌توانن بمانتۆقێنن، تازه ئه‌مانه چۆن له ناو ده‌چن؟ به‌ڵام من ده‌ڵێم له کۆچهرییهکانم بیستووه، کاتێ ده‌بینیت کۆته‌ره‌دارێکی سووتاو پڕیشکێکی گه‌وره ده‌هاوێژێت، وا دێته به‌رچاو له تافی هێزی خۆیدایه، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه نیشانه‌ی کوژانه‌وه‌یه‌تی. لایه‌نگرانی (بۆدبۆد) به ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانه دهچووێنم، که شانزده دانه‌ن و ماڵیان سووتاوه. شتومه‌که‌کانیان جێ هێشتووه و هاتوونه‌ته کۆڵان. له داخان خۆیان به دار و به‌رددا ده‌کێشن. ئێوه کاتێ لێیان ده‌ڕوانن، ده‌ڵێن: بزانه چه‌ند زۆرن و چه‌ندیش بهگوڕن! به‌ڵام من ده‌ڵێم هه‌ر هێنده‌ی جارانن، به‌ڵام ڕێک نه‌ده‌که‌وت هه‌موویان پێکه‌وه ببینن. ئه‌مڕۆ لایه‌نگرانی (بۆدبۆد) بۆیه وا زۆر و به‌هێز دێنه به‌رچاو، چونکه ماڵه‌که‌یان جێ ده‌هێڵن و نایانبینیهوه. ئه‌و ئاگره چووه‌ته گیانی یه‌ک به یه‌کیانه‌وه، به‌ڵام ئێوه هه‌ستیان پێ ناکه‌ن.
(سه‌رنج: من به منداڵی، پێش ئه‌وه‌ی ته‌واو زمان بگرم، به پشیله‌م گوتووه بۆدبۆد، که ئه‌مه شتێکی ئاساییه. هه‌ر کاتێ منداڵ حه‌ز له چاره‌ی شتێک ناکات، ناوێکی سه‌یری بۆ ده‌دۆزێته‌وه. ئێستا نه ڕقم له‌و ئاژه‌ڵه‌یه و نه خۆشیشم ده‌وێت، بۆیه به نموونه‌ی ده‌هێنمه‌وه).
* * * *
ئه‌ی زه‌مه‌ن، منه‌تم له‌سه‌ر مه‌که، گوایه ڕۆژانه خه‌مم پێ ده‌به‌خشیت! خۆ من هه‌میشه سوپاسم کردوویت. له بیریشت نه‌چێت له به‌رانبه‌ر ئه‌و چاکهیهتدا چه‌ندت جوانی ده‌ده‌مێ! بگره، ئه‌مه‌یش دانه‌یه‌کی تر، که ناوم ناوه (ڕاگه‌ردان):
پێرست:
پێشه‌کی .............. ل
چۆن بوویت به نووسه‌ری ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه؟ .............. ل
به‌شی چیرۆک ............. ل
به‌به‌ی زه‌ینه‌ب .............. ل
کۆترباز ............... ل
ئاشتیخواز ............... ل
شه‌قلیپه‌قلییه‌کان ............... ل
بڕیاره‌کانی سه‌رۆکی مه‌زن ............... ل
چوار گریمان دابنێ ............... ل
چۆن ده‌بیته بۆکسه‌رێکی سه‌رکه‌وتوو؟ ............... ل
ئه‌و بۆکسهرهی به نۆکاو مرد ............. ل
ههڵماتی به‌ردین ............... ل
له‌پێناوی ڕاوکردنی ماسیدا ............. ل
ماچ له به‌رزاییه‌کاندا ............. ل
گۆڕینی نه‌خشه‌ی خانووه‌کان ............. ل
به‌رهه‌می نوێت نییه؟ ............. ل
فلاشفۆروهرد (چیرۆکێک بۆ منداڵان) ............. ل
چه‌ند نوکته‌یه‌کی نوێی مه‌لای مه‌شهوور ............. ل
زاوای ماڵی دۆکتۆر ............. ل
سه‌رباز ده‌بێته سه‌رباز ............. ل
چیرۆکی کوڕه‌که‌چه‌ڵ نا، هیی کوڕه‌قژدرێژ ............. ل
که‌ڵه‌شێری ژنه جانانهکه ............. ل
جاگلینگ و جاگله‌ر ............. ل
تاقیکردنه‌وه‌ی ڕه‌وشت ............. ل
گۆشتی خاو ............. ل
جرجێک لە نێوان محەمەدی ئەمبەر و ئەلیسای ئەوبەردا ........ ل
ڤیڤی و هێڵه سووره‌کان ............. ل
به‌شی شانۆ ............. ل
کراسی ئاهه‌نگه‌کان ............. ل
به‌شی شیعر ............. ل
گوڵ ............. ل
لاڵ ............. ل
عیشق و دۆزه‌خ ............. ل
هیوایه‌کی ساده ............. ل
بوومه‌له‌رزه ............. ل
خۆکوشتن ............. ل
فۆیبیای دابه‌زین ............. ل
زمانی هاوبه‌ش ............. ل
گه‌ڕان به دوای وشه‌ی ونبوودا ............. ل
پرسیارێک، ته‌نیا پرسیارێک! ............. ل
تۆ و جۆرج واشنگتۆن ............. ل
قوتابخانه‌ی خۆشه‌ویستی ............. ل
ناوی نهێنیم ............. ل
مێوژی گومان ............. ل
قه‌فه‌ز و نیشتمان ............. ل
دوو خوشک ............. ل
یاری له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ندا ............. ل
ئه‌زموونێکی مه‌زن ............. ل
(مردن)ی هاوسه‌رم ............. ل
ساڵه‌کان وه‌ک ژن وان ............. ل
پێشه‌کی
(دوو جۆر شاعیر هەن: یەکەم، چاکەکان، ئەوانەی لە تەمەنی هەژدەساڵیدا شیعرەکانیان دەسووتێنن و خراپەکان، ئەوانەی تاکوو مەرگ درێژەی پێ دەدەن).
(ئومبێرتۆ ئیکۆ) لە کتێبی (ددانپێدانانی ڕۆماننووسێکی لاودا).
ئه‌م پاشکۆیه هه‌ندێک له‌و به‌رهه‌مانه‌م له خۆی ده‌گرێت، که له سه‌رده‌می جیاوازجیاوازی ژیانمدا ده‌رکه‌وتوون. جگه له (جرجێک له نێوان محه‌مه‌دی ئه‌مبه‌ر و ئه‌لیسای ئه‌وبه‌ردا) و (ڤیڤی و هێڵه سووره‌کان)، ئه‌وانه‌ی دی هیی پێش ڕاپه‌ڕینن. ڕاستییه‌که‌ی له پاڵ شیعر و چیرۆکدا دوو سێ تێکستی شانۆییشم هه‌ن، که نه‌متوانیبوو، یان به پێویستم نه‌زانیبوو بڵاویان بکه‌مه‌وه. هه‌ندێک له‌و تێکستانه ته‌نیا وه‌ک بیرۆکه هه‌بوون، به‌تایبه‌تی چیرۆکه کورته‌کانم. هه‌ر بۆ خۆشی له‌سه‌ر به‌رگی ناوه‌وه‌ی کتێبه‌کانمدا ده‌منووسینه‌وه. ده‌کرێت بڵێم هه‌ندێکیانم له سه‌رده‌مێکدا وه‌ک نوکته دروست کردوون، که ئه‌مانه‌ن: (به‌به‌ی زه‌ینه‌ب)، (کۆترباز)، (ئاشتیخواز)، (بڕیاره‌کانی سه‌رۆکی مه‌زن)، (چوار گریمان دابنی!)، (چۆن ده‌بیته بۆکسه‌رێکی سه‌رکه‌وتوو؟)، (ئه‌و بۆکسهرهی به نۆکاو مرد)، (ههڵماتی به‌ردین)، (له‌پێناوی ڕاوکردنی ماسیدا)، (به‌رهه‌می نوێت نییه؟) و (چه‌ند نوکته‌یه‌کی نوێی مه‌لای مه‌شهوور). ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وده‌م به هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌زموونم که‌م بوو، هه‌میشه ئیلهامم له ڕووداو و دیمه‌نی زیندوو وه‌رده‌گرت، که ده‌توانم بڵێم له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه شته‌که‌م لا پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه. واته مه‌رج نییه ڕووداوێک، یان دیمه‌نێک به شێوه‌ی فیزیکه‌ڵ هەست پێ بکەم، ئینجا ده‌ست بده‌مه نووسین.
(به‌به‌ی زه‌ینه‌ب)م له سێی ناوه‌ندیدا له‌باره‌ی هاوڕێیه‌کی خۆمه‌وه هه‌ڵبه‌ست، که زۆر ڕقی له خوێندن بوو و به دوو ساڵ پۆلێکی ده‌بڕی. هەمیشە خەونی بە ژنیشەوە دەبینی. هه‌ردوو نوکته‌ی (چۆن ده‌بیته بۆکسه‌رێکی سه‌رکه‌وتوو؟)، (ئه‌و بۆکسهرهی به نۆکاو مرد)م له‌باره‌ی هاوڕێیه‌کی دیکه‌مه‌وه دروست کرد، که خه‌ریکی بۆکسێن بوو. نایشارمه‌وه زۆر زاراوه‌ی یاریی بۆکسێن له‌و هاوڕێیه‌مه‌وه فێر بووم، که له چیرۆکه‌کاندا به کارم هێناون. ئیلهامی چیرۆکه‌کانی دیکه‌یشم له بینینی دیمه‌نێک، یان بیستنی ڕووداوێکه‌وه بۆ هاتوون. هه‌ندێک له‌و چیرۆکانه‌م به نیوه‌چڵی جێ هێشتبوون، که ئه‌مانه‌ن: (فلاشفۆروهرد)، (که‌ڵه‌شێری ژنه جانانهکه)، (جاگلینگ و جاگله‌ر)، (تاقیکردنه‌وه‌ی ڕه‌وشت) و (گۆشتی خاو)، به‌ڵام بیرۆکهکانیانم لای خۆم پاراستبوون. (فلاشفۆروهرد: Flashforward) هه‌وڵێک بوو بۆ نووسینه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی خۆم. له قۆناغی یه‌که‌می زانکۆ‌دا له‌ناو بووس ئه‌و وشه‌یه‌م بیست، کاتێ به‌ره‌و ده‌واسه ده‌گه‌ڕامه‌وه. دوو قوتابیی عه‌ره‌ب، وا بزانم هیی به‌شی ئینگلیزی بوون، له‌باره‌ی (فلاشباک: Flashback) و (فلاشفۆروهرد)ه‌وه ده‌دوان، که یه‌که‌میان مانای گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و دواوه‌یه و پێشتر زۆرم به‌رچاو که‌وتبوو، به‌ڵام دووه‌میان، که مانای گه‌یشتنه به ئایینده، واته هێنانه‌به‌رچاوی کاتی داهاتووه و (پرۆلهپسیس: Prolepsis)یشی پێ ده‌گوترێت؛ یه‌که‌مجار بوو گوێم لێی بێت، به‌ڵام زۆر سه‌رنجی ڕاکێشام، بگره ئیلهامی ئه‌و چیرۆکه‌ی پێ به‌خشیم. به‌کورتی پێوه‌ندیی به پێشبینییه‌وه هه‌یه. (جاگلینگ و جاگله‌ر) چیرۆکێکه هه‌ر له ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی خۆم و هاوڕێیه‌کمه‌وه وه‌رگیراوه. بیرۆکه‌ی (که‌ڵه‌شێری ژنه جانانهکه)م له ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی کتێبێکی کۆمه‌ڵناسییه‌وه پێ گه‌یشت، که ئه‌وده‌م له ماڵی قوتابییانی شه‌قامی ده‌واسه‌ی مووسڵدا ده‌ژیام، به‌ڵام بیرۆکه‌ی (تاقیکردنه‌وه‌ی ڕه‌وشت)م له به‌زمی جرجێکهوه بۆ هات، که چووبووه ماڵی ناسیاوێکمهوه. یه‌که‌مجار بوو بزانم ئه‌و ئاژه‌ڵه چ توانایه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه. هه‌موویانی تووشی نه‌خۆشیی ده‌روونی کرد. چیرۆکی (گۆشتی خاو)م له هاوینی (1990)دا نووسی، که بیرۆکه‌که‌یم له‌ناو شه‌مه‌نده‌فه‌ردا لا گەڵاڵە بوو. شه‌وێکیان له به‌غداوه بۆ مووسڵ سه‌فه‌رم کرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئایهرکۆندیشنینگ داگیرسابوو، به‌و ناوه‌ڕاستی مانگی ته‌مووزه هه‌ڵده‌له‌رزیم، له کاتێکدا به‌وه ناسراوم که‌م سه‌رمام ده‌بێت. پارادۆکسێکی سه‌یر بوو، که له‌ناو ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌دا هه‌موو شتێک ده‌یبه‌ست و له ده‌ره‌وه‌یش دنیا ده‌سووتا. چیرۆکه‌که‌م به نیوه‌چڵی جێ هێشت، به‌ڵام ساڵی (1992) کاتێ گه‌یشتمه ئه‌ڵمانیا و چیرۆکی (جیهان له فنجانی قاوه‌دا)م نووسی، که ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵه‌ی (ئه‌سپیدیلۆن: Aspidochelone)ـه، چه‌ند به‌شێکی ئه‌وم تێدا به کار هێنا. هێشتا خۆی وه‌ک تێکستێکی سه‌ربه‌خۆ مایه‌وه. ئه‌وه‌ی تێیدا گۆڕاوه، هه‌ر ئه‌و سیما ئیدۆڵۆگییهیهتی. چیرۆکی (شه‌قلیپه‌قلییه‌کان) نموونه‌یه‌ک بوو له کاتی گفتوگۆیه‌ک له ماڵی قوتابییان له مووسڵدا له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی ڕۆشنبیری ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی موڵکی کوردیان داگیر کردووه، هێنامه‌وه، که دوایی زانیم وه‌ک چیرۆکێکی کورت وایه. بیرۆکه‌ی چیرۆکی (بڕیاره‌کانی سه‌رۆکی مه‌زن)م له واقیعی ئه‌وده‌می ڕێژیمی دیکتاتۆری عێراق هه‌ڵچنی، که ڕاستییه‌که‌ی وه‌ک نوکته هه‌ڵم به‌ستبوو. ئیلهامی چیرۆکه‌کانی (ماچ له به‌رزاییه‌کاندا) و (گۆڕینی نه‌خشه‌ی خانووه‌کان)م له ژیانی هاوڕێیه‌کمه‌وه بۆ هاتووه. کاتێ ده‌ڵێم ئیلهام، ته‌نیا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، که پێم وا بوو ده‌کرێت ژیانێکی ئاوای هه‌بێت، ده‌نا هیچ پێوه‌ندییه‌کی دیکه‌ی به‌وه‌وه نییه. ئه‌مه بۆ هه‌موو چیرۆکه‌کانی دیکه‌یشم ڕاسته. بیرۆکه‌ی چیرۆکی (زاوای ماڵی دۆکتۆر)م له (پارکی ڕووناکی)دا لا گه‌ڵاڵه بوو، که پشیله‌یه‌ک هاته لام و خۆی خسته باوه‌شمه‌وه. زانیم هیی ماڵێکی ده‌وڵه‌مه‌ند بووه و نازی زۆری دراوه‌تێ. نه‌یده‌زانی وه‌ک پشیله‌کانی دیکه‌ی هاوڕه‌گه‌زی له‌ناو ته‌نه‌که‌ی زبڵدا خۆراک په‌یدا بکات، بۆیه له برسان ده‌یناڵاند. یه‌که‌مجار بوو له ژیانمدا ده‌ست له پشیله بده‌م، چونکه حه‌زم له چاره‌یان نه‌بوو، به‌وه‌ی باڵنده‌م خۆش ده‌ویست و ئه‌وانم به دوژمنیان ده‌زانی. وه‌ک گوتم به منداڵییش، پێش ئه‌وه‌ی ته‌واو زمان بگرم، وشه‌ی (بۆدبۆد)م بۆ ئه‌و ئاژه‌ڵه به کار هێناوه. چووم له‌و دووکانه‌ی نزیک ئه‌وێ بیسکیتم بۆ کڕی و دامێ. نه‌شمده‌توانی بۆ ماڵه‌وه‌ی ببه‌مه‌وه، چونکه ئه‌وان نه‌یانده‌هێشت باڵنده‌یه‌کم هه‌بێت، چجای پشیله! هێنامه به‌رچاوم چۆن ژیاوه و دواتر له‌به‌رچی ده‌ربه‌ده‌ر کراوه. هه‌ستم کرد بیرۆکه‌ی چیرۆکێکم هه‌یه و ده‌بێت بینووسم. تازه له‌باره‌ی ته‌کنیکی ئهپیستۆلهری (Epistolary)یه‌وه هه‌ندێک شتم خوێندبووه‌وه، که له‌و چیرۆکه‌دا به کارم هێنا. واته گێڕانه‌وه له شێوه‌ی نامه‌دا، یان قسه‌کردن بۆ که‌سێک، یاخود زیاتر له که‌سێک، که ئه‌وانه زیاتر گریمانین، نه‌وه‌ک ڕاستی. یەکێکە لە شێوازەکانی مەنەڵۆگ، بەوەی کارەکتەر بە پلەی یەکەم پشت بە یادەوەریی خۆی دەبەستێت. به ناخیدا ڕوو ده‌چێت و ڕووداوەکان ده‌گێڕێتەوە، کە مەرج نییە بەدوای یەکدا بێن، به‌ڵکوو پاشوپێشیان پێ دەکرێت. ئەو تەکنیکە بەردەوام لای ڕۆماننووساندا جێگه‌ی بایەخ بووە. بۆ نموونه (کامیلۆ خۆسێ سێلا) له ڕۆمانی (خانه‌واده‌ی پاسکوال دوارتێ)دا به کاری هێناوه.
چیرۆکی (چیرۆکی کوڕه‌که‌چه‌ڵ نا، هیی کوڕه‌قژدرێژ)م له دیمه‌نی ده‌ستفرۆشێکی میسرییه‌وه بۆ هات، که له شه‌قامی حه‌ڵه‌بی مووسڵ کاسکێتی ده‌فرۆشت. به منداڵی چیرۆکی (کوڕه‌که‌چه‌ڵ)م له پۆلی سێیه‌می سه‌ره‌تاییدا له هاوپۆلێکمهوه بیستبوو، که ناوی (ڕه‌قیب سلێمان) بوو. ئه‌و کوڕه خه‌ڵکی گه‌ڕه‌کی به‌لاشاوه بوو و گه‌لێک چیرۆکی فۆلکلۆریی ده‌زانی، که به‌رده‌وام بۆی ده‌گێڕاینه‌وه. زۆر چێژم له‌و چیرۆکه بینی و له گه‌ڕه‌کی خۆماندا بۆ هاوڕێکانمم ده‌گێڕایه‌وه، که ئه‌گه‌ر بینووسیته‌وه له سه‌د وشه زیاتر نییه. کوڕه‌که‌چه‌ڵ فه‌رده‌یه‌ک شیاکه‌ی مانگا به پشتی خۆی داده‌دات و ده‌چێته ماڵێکی ده‌وڵه‌مه‌ند، گوایه ڕێبواره و ده‌یه‌وێت شه‌وێک له ماڵه‌که‌یاندا بخه‌وێت. پێیان ده‌ڵێت ئه‌و فه‌رده‌یه پڕه له ئاڵتوون، گوایه فریویان ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان کاتێ زانییان خه‌وتووه، بیبه‌ن و بڕۆن، که مانای وایه ماڵه‌که بۆ ئه‌و جێ ده‌هێڵن. هه‌ر به ڕاستی ئه‌وه ڕوو ده‌دات و کوڕه‌که‌چه‌ڵ ده‌بێته خاوه‌نی ماڵه‌که. ئه‌مه هه‌موو چیرۆکه‌که‌یه، به‌ڵام بۆ منی منداڵ زۆر به چێژ بوو. کاتێ ئه‌و ده‌ستگێڕه میسرییهم بینی کاسکێتی ده‌فرۆشت و که‌س لێی نه‌ده‌کڕی، هه‌ر له خۆمه‌وه ئه‌و چیرۆکه‌م وه بیر هاته‌وه و حه‌زم کرد چیرۆکێکی کۆمیدیی لێ پێک بهێنم، ئه‌گه‌رچی هیچ شتێک ئه‌وانه‌ی پێکه‌وه نه‌ده‌به‌سته‌وه. واته ئه‌و ده‌ستفرۆشه ته‌نیا له به‌رچاوی مندا له کوڕه‌که‌چه‌ڵ ده‌چوو. دوای ئه‌وه چیرۆکێکی دیکه‌یشم له ژێر ناونیشانی (کوڕه‌قژدرێژ)دا نووسی. هه‌ردووکیانم کردووه‌ته یه‌کێک و گۆڕانکاریم به‌سه‌ردا هێناون، بۆیه ناوهکانیشم لێک داون. ئێواران چیرۆکی (کوڕه‌قژدرێژ)م به ده‌م پیاسه‌وه بۆ (حسێن ڕه‌شید)ی هاوڕێم ده‌گێڕایه‌وه، که به کوێ گه‌یشتووم و چیی دیکه‌ی بۆ زیاد ده‌که‌م، چونکه که‌سێکی ئه‌ده‌بدۆست بوو و هه‌تا ئه‌مڕۆیش هه‌ر وایه. لە پاڵ هاوڕێیانی دیکەی وەک (خەلیل ساڵح)، (هێور ئەبوبەکر سدیق) و زۆری دیکەدا لە قۆناغی ناوەندییەوە وزەیان پێ بەخشیوم و لێیانەوە فێر بوومە. دواتریش زۆر هانیان داوم بنووسم. پێی ده‌گوتم په‌له‌ی لێ مه‌که، با درێژه بکێشێت و ببێته ڕۆمان. (حسێن) له‌ناکاو گیرا و له گیرانهکهیشی هه‌ندێک ئیلهامم وه‌رگرت. ساختمانی هه‌ردوو چیرۆکه‌که وه‌ک خۆیان ماونه‌ته‌وه، به‌ڵام له ناوه‌وه‌دا هه‌ڵم کۆڵیون و هه‌وڵم داوه قووڵیان بکه‌مه‌وه.
چیرۆکی (سه‌رباز ده‌بێته سه‌رباز)م له ژێر کاریگه‌ریی کتێبی (مرۆڤی یاخی)ی (ئه‌لبێر کامیۆ) و (لێکدانه‌وه‌ی خه‌ون)ی (زیگمۆند فرۆید)دا نووسی. ئه‌و گوته‌یه‌ی (کامیۆ)، که ده‌ڵێت: ((کۆیله کاتێک فه‌رمانێکی سه‌رداره‌که‌ی ده‌داته دواوه، مانای وایه هاوکات دۆخی کۆیلایه‌تی به تایبه‌ت ڕه‌ت ده‌کاته‌وه))، هه‌ژاندمی. گوته‌که له به‌شی یه‌که‌می کتێبه‌که‌دایه. (نیهاد ڕه‌زا: نهاد رضا) بۆ عه‌ره‌بیی وه‌رگێڕاوه و له به‌یرووت چاپ کراوه. ساڵی حه‌فتاوچوار، که ته‌مه‌نم ده ساڵ بوو و له پۆلی پێنجه‌مدا ده‌مخوێند، نه‌خۆشی خستمی و دوای یه‌ک مانگ ئینجا توانیم هه‌ستمه‌وه. به‌و هۆیه‌وه ئه‌و ساڵه له تاقیکردنه‌وه‌دا ده‌رنه‌چووم. خه‌ونی سه‌یروسه‌مه‌ره‌م ده‌بینی، که ئێستایش زۆربه‌یانم له بیر ماون. یه‌کێ له‌و خه‌ونانه‌م به ده‌ستکارییه‌وه له‌م چیرۆکه‌دا به کار هێناوه. هه‌وڵم دا ئه‌م چیرۆکه وه‌ک ئه‌وانه‌ی دیکه چاکتر بکه‌م، به‌ڵام بۆم نه‌کرا، چونکه فۆرمێکی چه‌سپاوی هه‌یه. له شێوه‌ی چیرۆکه ئه‌فسانه‌ییه‌کاندا نووسراوه و ناکرێت هێڵه درامییه‌که‌ی بگۆڕم. ده‌توانم بڵێم جگه له زمان، که دام ڕشتووه‌ته‌وه، ده‌نا هیچ گۆڕانێکی دیکه‌ی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه. له هیچ چیرۆکێکی دیکه‌م ناچێت، به‌ڵام ڕه‌نگه که‌مێک ئه‌تمۆسفێره‌که‌ی له چیرۆکی (چیرۆکی کوڕه‌که‌چه‌ڵ نا، هیی کوڕه‌قژدرێژ)ـه‌وه نزیک بێت، به‌وه‌ی له یه‌ک کاتدا نووسراون.
شیعره‌کانم تاکوو ئێستایش له به‌ر ماون، به‌وه‌ی له ئاهه‌نگ و بۆنه‌کاندا بۆ هاوڕێیانم خوێندوونه‌ته‌وه، یان له نامه‌کانی سه‌رده‌می لاویمدا بۆ ئه‌م و ئه‌وم نووسیون.
ساڵی هه‌شتاوپێنج دوو شانۆگه‌ریم نووسی، که ڕاستییه‌که‌ی هاوڕێیانی (ئاماده‌ییی ڕزگاری) داوایان کرد بۆیان بنووسم، به‌و مه‌به‌سته‌ی له هۆڵی شانۆی قوتابخانه‌دا نمایشیان بکه‌ن. یه‌کێکیان باسی ژیانی قوتابییانی ده‌کرد و نمایش کرا، به‌ڵام دووه‌میان (کوا پلێتی دووکانه‌که‌ت)، کۆمیدی بوو. له‌به‌ر هه‌ندێک هۆکار نمایش‌کردنی زه‌حمه‌ت بوو. ئه‌وه‌یانم وه‌ک خۆی له ڕۆمانی (کازینۆی منداڵان)دا به کار هێنا. شانۆگه‌رییه‌کی دیکه‌م هه‌ر دوای ئه‌وه له ژێر ناونیشانی (ماڵێک له بازاڕدا) نووسی، که باسی خانه‌واده‌یه‌کی هه‌ژار ده‌کات چۆن له‌به‌ر نه‌بوونی که‌لاوه‌یه‌ک له بازاڕدا به کرێ ده‌گرن. هه‌ر هێنده ده‌زانن وا بووه‌ته شوێنی کۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵک. خزم و ناسیاو نه‌خۆشێک بۆ لای دۆکتۆر بهێنن، له‌وێ لا ده‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر دۆکتۆر پێیان بڵێت سبه‌ینێیش بیهێننه‌وه، ئه‌وا شه‌و له‌وێ به سه‌ر ده‌به‌ن. که‌سانی سه‌یروسه‌مه‌ره دێنه ئه‌وێ و ده‌بێته شوێنی کۆبوونه‌وه‌ی نووسه‌ر و سیاسه‌تمه‌داران و ژوانگه‌ی دڵدارانیش. له ساڵی (1990)دا تێکستی (کراسی ئاهه‌نگه‌کان)م له به‌غداددا نووسی، که لێره‌دا به هه‌ندێک ده‌ستکارییه‌وه دای ده‌نێم. دهستکارییهکهیش زیاتر لابردنی ئه‌و سیما ئیدۆڵۆگییهیه، که پێشتر هه‌یبوو، به‌وه‌ی له ڕوانگه‌ی ڕیالیزمی سۆسیالیستییه‌وه نووسیبووم. پێشتریش گوتوومه ئه‌وده‌م به‌رگریم له‌و ئیدۆڵۆگییه ده‌کرد. گرنگه ئه‌وه بڵێم، که به‌رگی ئیدۆڵۆگیم له به‌ر زۆربه‌ی تێکسته‌کان داکه‌ندووه و هه‌وڵم داوه ئازادیان بکه‌م، که ئه‌مه زیاتر چیرۆکه درێژه‌کان ده‌گرێته‌وه. به‌گشتی به هه‌موویاندا چوومه‌ته‌وه و ده‌ستکاریم کردوون، به تایبه‌تی له ڕووی زمانه‌وانییه‌وه، بۆیه مێژووی نووسینیانم لا بردوون. پێویسته ئاماژه به‌وه‌یش بده‌م، که پێشتریش کۆمه‌ڵێک چیرۆکی ساڵانی ههشتاکانمم له ژێر ناونیشانی (سه‌ده‌ی یه‌که‌می خه‌یاڵ)دا بڵاو کردووه‌ته‌وه. ڕاستییه‌که‌ی (هاوار ئالانی)ی هاوڕێم لای خۆی پاراستبوونی، که پێش ڕاپه‌ڕین لێیانی وه‌رگرتبووم و خوێندبوونیه‌وه. هه‌روه‌ها ده‌فته‌رێکیشم لای (کوردۆ نه‌جمه‌دین)ی هاوڕێم بوو، که لای (حسێن ڕه‌شید)ی دانابوو، به‌ڵام (حسێن) گوتی ون بووه. دواتر بۆی ده‌رکه‌وت دایکی به هه‌ڵه له‌گه‌ڵ که‌لوپه‌لی برا بچووکه‌که‌یدا هه‌ڵی گرتووه، که له ڕاپه‌ڕیندا گیانی به‌خت کردبوو. ئه‌وم ده‌ست که‌وته‌وه و بۆ دانمارکم هێنا، به‌ڵام له ژێرزه‌مینی ماڵی (ساکار جه‌مال) و (ئاراس وه‌هاب)ی هاوڕێمدا فه‌وتا، به‌وه‌ی لافاو له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی کتێب و دهستنووسهکانمدا بردیی. چه‌ند هاوڕێیه‌کی ئه‌ده‌بدۆست له‌باره‌ی چیرۆکه‌کانمه‌وه سه‌رنجیان نووسیبوو، له‌وانه (د. فرسه‌ت ڕۆژبه‌یانی)، که له پۆلی چواره‌می ئاماده‌ییدا ناسیم و بۆم بووه پاڵپشتێکی گه‌وره. هه‌میشه هانی ده‌دام بنووسم، به‌تایبه‌تی شتی کۆمیدی. له‌به‌ر دڵی ئه‌و ڕۆژانه نوکته‌م هه‌ڵده‌به‌ست و له قوتابخانه‌دا دهمگێڕانهوه. چیرۆکێکی ئه‌و ده‌فته‌ره‌م، که ناوی (قه‌ره‌ج)ـه و له ساڵی (1986)دا نووسیومه، (ئاراس وه‌هاب)ی هاوڕێم ساڵی (1993) بۆ گۆڤاری (گزینگ)ی نارد و له‌وێدا بڵاو کرایه‌وه. پێویسته ئه‌وه‌یش بڵێم ئه‌مانه هه‌موو به‌رهه‌مه‌کانم نین، به‌ڵام هه‌ر هێنده‌م لێ هه‌ڵبژاردوون، که ده‌شێ له ئایینده به‌وانی دیکه‌یشدا بچمه‌وه و بڵاویان بکه‌مه‌وه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له نه‌وه‌ده‌کاندا نووسراون و به نیوه‌چڵی جێم هێشتوون. بۆ نموونه چیرۆکی (پانتهڵۆنی مامۆستا مه‌لا)، (فۆیبیای پیتی ئینگلیزی)، (پهراپیل)، (کێ ده‌رمانه‌که‌ی لایه؟)، (پوورە تایدی و مام ئەنتایدی) و زۆری دیکه‌م هه‌ن، که هیی هه‌شتاکانن و پێویستیان به پێداچوونه‌وه هه‌یه. چاک ده‌زانم ئه‌م به‌رهه‌مانه‌م دوای پێداچوونه‌وه و دهستکاریکردنیشیان، هێشتا له ئاستی به‌رهه‌مه‌کانی دواترمدا نین، به‌تایبه‌تی یه‌ک دووانێکی سه‌ره‌تام، به‌ڵام مادام ئه‌زموونی سه‌رده‌مێکی دیاریکراوی ژیانم له خۆیان ده‌گرن و تا ڕاده‌یه‌ک تێڕوانینی ئهودهمم پێشان ده‌ده‌ن، ئه‌وا هه‌ست ده‌که‌م کاتی بڵاوکردنه‌وه‌یان هاتووه. به چاکیشی ده‌زانم هاوکات له‌گه‌ڵ کتێبی (ڕێگه‌کانی ژه‌هر)دا چاپی بکه‌م. ئەوەیش ناشارمەوە، کە هەندێک چیرۆکی ئەو قۆناغەم تەواو لەناو ئیدۆڵۆگیدا نقووم بووبوون وەک (دوو گەڕەک لە مێژوودا)، (هاوکێشیەکی دوولانەزانراو)، (فرمێسکی دایک وەک پەلکەزێڕینە وایە)، (شێو)، (دارتووەکەی گەڕەک) و یەک دووانێکی دیکە، بۆیە بە کەڵکی دەستکاریکردن نایەن.
هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا ڕهخنهیشم ده‌نووسی، که یه‌کێکیان له‌باره‌ی کۆچیرۆکی (لێکترازان)ی (سه‌ڵاح عومه‌ر)ـه‌وه بوو. له قۆناغی یه‌که‌می زانکۆ‌دا بووم، کاتێ ئه‌و چیرۆکانه‌م خوێنده‌وه و هه‌ندێک سه‌رنجم لای خۆم تۆمار کرد، که دواتر گوتارێکم لێ پێک هێنان. ئینجا دامه (سه‌ڵاح عومه‌ر) بۆ ئه‌وه‌ی بیخوێنێته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ڕه‌خنه‌ی توندم لێی گرتبوو، به‌ڵام به دڵی فراوانه‌وه وه‌ری گرت و له‌و باره‌یه‌وه زۆر گفتوگۆمان کرد. ئه‌و بابه‌ته‌م تاکوو هاوینی (1996)یش مابوو، به‌ڵام دامه هاوڕێیهک و نازانم ئێستا لای ماوه، یان نا!
هه‌روه‌ها چه‌ند جارێکیش هه‌وڵی وه‌رگێڕانم دا، که یه‌کێکیان له‌گه‌ڵ (د. فرسه‌ت زوبێر ڕۆژبه‌یانی)ی هاوڕێ و هاوپۆلم بوو. نیوه‌ی ڕۆمانی (الاشجار واغتیال مرزوق)ی (عه‌بدولڕه‌حمان مونیف)مان وه‌رگێڕا، به‌ڵام دوایی به هۆی ئه‌وه‌ی له زانکۆ ده‌رکراین، ده‌ستمان لێی هه‌ڵگرت. ڕه‌نگه یه‌که‌م هه‌وڵی وه‌رگێڕانم بۆ پۆلی پێنجه‌می ئاماده‌یی بگه‌ڕێته‌وه، به‌وه‌ی ئه‌و ساڵه کتێبی خوێندن له عه‌ره‌بییه‌وه گۆڕا بۆ کوردی. ڕۆژبه‌ڕۆژ کتێبی مێژووی ئه‌وروپام وه‌رده‌گێڕا، که هه‌م زۆر حه‌زم لێی ده‌کرد و هه‌م ئاوا ئاسانتر بوو لێی تێبگه‌م. هه‌روه‌ها ده‌مدایه ئه‌و هاوپۆلانهم، که عهرەبییان نه‌ده‌زانی.
ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه لێره‌دا بیڵێم، ئه‌وه‌یه، بۆچی ناوم له‌م کتێبه ناوه (ڕاگه‌ردان)؟ له بیرمه ساڵی 1976 ماڵێکی ڕه‌وه‌ند هاتنه گه‌ڕه‌کمان. ڕۆژێکیان ژنه‌که به‌له‌مێکی لای دایکم برد، به‌له‌می برنج، به‌ڵام کاتێ له ماڵه‌وه به کاری هێنا، له ده‌ستی شکا، بۆیه دانه‌یه‌کی دیکه‌ی بۆ هێنایه‌وه و پێی گوت: ((ئه‌وه‌ی له شوێنی‌دا ڕاگه‌ردان ده‌که‌م)). دایکم گوتی: ((ڕاگهردانی چی، خوشکێ؟ چۆن لێت وه‌رده‌گرم؟)). دوایی له دایکمم پرسی ئاخۆ ئه‌و وشه‌یه مانای چییه. گوتی: ((یه‌که‌مجاره گوێم لێ ده‌بێت، به‌ڵام وا دیاره مانای دانانی شتێکه له شوێنی شتێکی ونبوو، یان له‌ناوچوودا)). دوایی کاتێ له یه‌ک دوو که‌سم پرسی، بۆم ده‌رکه‌وت ڕێک ئه‌و مانایه‌ی هه‌یه. ئێستا ده‌بینم بۆ (Replacement)ی ئینگلیزی و (بدل ضائع)ی عه‌ره‌بی وشه‌ی سه‌یروسه‌مه‌ره به کار ده‌هێنرێن، له کاتێکدا خاوەنی ئه‌و وشهیهین. له سلێمانییشدا وشه‌ی (خه‌رامان) هه‌یه، که لێیه‌وه نزیکه، به‌ڵام (ڕاگه‌ردان) که‌متر ناسراوه، یان چاکتره بگوترێت هه‌ر نه‌ناسراوه.
* * * *
وه‌ک پێشتر له گفتوگۆکانمدا ئاماژه‌م پێ داوه سه‌ره‌تای ژیانی نووسینمم به شیعر ده‌ست پێ کردووه، بێ ئه‌وه‌ی ویستبێتم ببمه شاعیر، به‌ڵکوو ته‌نیا بۆ هاوڕێیانی گه‌ڕه‌ک و هیی قوتابخانه‌م خوێندوونه‌ته‌وه، به‌و مه‌به‌سته‌ی ئێتمۆسفێرێکی خۆش دروست بکه‌م و تێیدا پێبکه‌نین، چونکه زیاتر بابه‌تی پێکه‌نین بوون. به منداڵی زۆر شیعرم له به‌ر بوون. له کاتی به‌یاننامه‌ی یانزده‌ی ئازاردا شووره‌یی بوو ئه‌گه‌ر منداڵێک سروودی له به‌ر نه‌بێت، یان نه‌توانێت به ده‌نگی به‌رز کۆمه‌ڵێک هوتاف بکێشێت. به کۆڵانه‌کاندا ده‌ڕۆیشتین، سروودمان ده‌گوت و هوتافمان ده‌کێشا، که هه‌ندێکیان له قوتابخانه و هه‌ندێکیان له گه‌وره‌کان فێر بووبووین. من دیوانی شاعیرانم له ماڵی ماممدا ده‌خوێنده‌وه. زۆربه‌ی کاتم لای ئه‌واندا به سه‌ر ده‌برد، به‌وه‌ی یه‌ک دیوار له یه‌کدیی جوودا ده‌کردینه‌وه. ئه‌وان کتێبخانه‌یه‌کی باشیان هه‌بوو. هه‌رچیم له‌وێدا به‌ر ده‌ست بکه‌وتایه، ده‌مخوێنده‌وه. له ماڵی خاڵهکانیشمدا کتێب و گۆڤارم ده‌هێنا. جارێکیان، که له پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تایی بووم، کۆمه‌ڵێک گۆڤاری لوبنانی و میسریم له‌وێ هێنان، که یه‌کێکیان (الشبکه) بوو. وێنه‌یه‌کی (فاتن حه‌مامه)ی هونه‌رمه‌ند به جلێکی سووره‌وه له‌سه‌ر به‌رگه‌که‌ی درابوو. ئه‌وانه‌ی تر (الاذاعه)، (الفنون) و (الکواکب) بوون. له ڕێگه‌ی ماڵه‌وه به‌رده‌وام بیرم لێ ده‌کردنه‌وه، به‌ڵام ده‌ترسام له خۆشییان ببوورێمه‌وه. وام ده‌زانی خه‌ون ده‌بینم. کاتێ له گه‌ڕه‌کی خۆماندا هاوڕێکانم بینییان، ویستیان لێمیان بستێنن، چونکه ئه‌وانه له‌و ڕۆژگاره‌دا به‌نرخترین شت بوون. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه بچوویتایهته هه‌ر ماڵێک، کتێبت ده‌بینی. چونکه قوتابیی قوتابخانه‌ی (زێوه‌ر)یش بووم، ده‌متوانی ڕۆژانه کتێب له کتێبخانه‌که‌یدا قه‌رز بکه‌م، که (مامۆستا ڕه‌مزی وه‌لی عه‌لی)ی ئه‌ده‌بدۆست و وه‌رزشدۆست به ڕێوه‌ی ده‌برد. جاروبار به مه‌به‌ستی فرۆشتن، کتێبیان بۆ قوتابخانه ده‌هێنا. ئه‌وه‌ی بیویستایه، ناوی ده‌نووسرا، تاکوو ڕۆژی دواتر پاره‌که بدات. یه‌کێ له‌و کتێبانه‌ی ساڵی حه‌فتاوسێ، له پۆلی چواره‌مدا کڕیم (پیاوه بچۆکهلهکه)ی (فه‌ره‌یدوون عه‌لی ئه‌مین) بوو، که زۆر چێژم لێی وه‌رگرت. کتێبه‌که له چیرۆک و هه‌ڵبه‌ست پێک هاتووه. ئێستایش له بیرم ماون، ئه‌گه‌رچی دواتر بۆم ده‌رکه‌وت له‌پاڵ کۆمه‌ڵێک به‌های جوان‌دا، هه‌ندێک شتی تێدان دژی منداڵن.(1) هه‌روه‌ها کتێبه‌کانی (کاکه‌ی فه‌لاح)یشم هه‌ر به منداڵی ده‌خوێنده‌وه، که تێڕوانینێکی هه‌ندێک فراوانتری بۆ دنیا هه‌بوو. گۆڤاری (مجلتی) و (المزمار)م لە گەڕەکدا دەست دەکەوت، بەوەی زۆربەی دەراوسێکانمان مامۆستای سەرەتایی بوون. ئەو سەردەمە مامۆستاکان بەشێکی کاتیان بە خوێندنەوە بە سەر دەبرد، کە ئەو نەریتە تاکوو ئەمڕۆیش لە ئەوروپادا ماوە. وەک دەرکەوتووە هیچ توێژێکی دیکەی کۆمەڵگە هێندەی مامۆستا خەریکی خوێندنەوە نییە، چونکە پیشەکەی ئەوەی بەسەردا دەسەپێنێت. خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستاندا ئەو ئەرکە قورسە لەسەر شانی مامۆستادا لا براوە و بەشێکی زۆریان ئەوەی نایبینن و کاریان پێی نابێت، کتێبە. ئەو گۆڤارانە تایبەت بوون بە منداڵ و هەرزەکار. بە وێنەی ڕەنگاوڕەنگ دەنەخشێنران. شیعر، چیرۆک و بابەتی تریان تێدا بڵاو دەکرانەوە.
له پۆلی یه‌که‌مدا کتێبی (ئه‌لفوبێی نوێ)ی (باڵدار) و له پۆلی سێیه‌مدا (القراءة الخلدونیه)ی (ساتع ئهلحهسری: ساطع الحصری)م زۆر خۆش ویست. یه‌که‌میان فێری کوردی و دووه‌میان فێری عه‌ره‌بیی کردم. ئێستایش وانه‌کانی هه‌ردوو کتێبه‌که‌م له به‌رن. له ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه نه‌ک هه‌ر شیعر و چیرۆکم ناسی، به‌ڵکوو دوو دنیای دیکه‌م بینی، که ته‌واو له دنیای خۆمان جیاواز بوون.
کۆمه‌ڵێک قوتابخانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه به ناوی شاعیره‌کانه‌وه ناو نرابوون، وه‌کوو (بابه‌تاهیر)، (زێوه‌ر)، (بێکه‌س)، (هه‌ژار)، (هه‌ردی) و زۆری دیکه، که دوای هه‌ره‌سی شۆڕشی ئهیلوول ته‌عریب کران، دروستتر بۆ ناوی ئه‌سحابه و شه‌ڕه‌کانی عه‌ره‌ب و ئیسلام گۆڕان. ئه‌مه‌یش وای کردبوو ئێمه شیعرمان خۆش بوێت و وه‌کوو که‌سێکی پیرۆز له شاعیر بڕوانین، چونکه هه‌ستمان ده‌کرد ئه‌وانه به‌رگری له بوونی ئێمه ده‌که‌ن. من خۆم به شێوه‌یه‌کی سه‌یر ئه‌و شاعیرانه‌م ده‌هێنایه به‌رچاو. وام ده‌زانی له ئه‌شکه‌وته‌کانن و دوور له ئاوه‌دانی ده‌ژین. له‌وێ شیعر ده‌ڵێن و بۆ شاری ده‌نێرنه‌وه. بۆیه گوتم شیعر ده‌ڵێن، چونکه باوه‌ڕم نه‌ده‌کرد خوێنده‌وارییان هه‌بێت. له بیرم نییه ڕۆژێک له ڕۆژان وا شاعیرێکم هێنابێته به‌رچاوم، که چاکێتوپانتۆڵی له به‌ردا بووبێت، به‌ڵکوو جلوبه‌رگیان زیاتر له جلوبه‌رگی شوان و هیی خه‌ڵکی ناوچه شاخاوییه‌کان ده‌چوون. دیاره ئه‌و وێنانه‌ی له‌سه‌ر به‌رگی کتێبهکانیشان ده‌دران، ئه‌و هه‌سته‌یان پێ ده‌به‌خشیم. له بیرمه ساڵی حه‌فتاوچوار دوای هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕش له قوتابخانه‌دا کۆرسێکیان بۆ گوتنی سروود و گۆرانی هه‌ڵبژارد، که من یه‌کێک بووم له ئه‌ندامانی ئه‌و کۆرسه. ئه‌وده‌م ته‌مه‌نم ده ساڵ بوو و گه‌یشتبوومه پۆلی پێنجه‌م. ڕۆژێکیان بۆ قوتابخانه‌یه‌کی کچانیان بردین، تاکوو له‌وێ شیعر بخوێنینه‌وه و گۆرانی بڵێین. عوودژهنێک هاتبوو و له‌گه‌ڵ گۆرانییه‌کانی ئێمه‌دا عوودی ده‌ژه‌ند. من له‌پاڵ گۆرانیدا، هه‌ر وه‌کوو جاران سروودێکیشم گوت، که پێشتر له به‌رم کردبوو و ئازادانه چ له گه‌ڕه‌ک و چ له قوتابخانه‌دا گوتبوومهوه. به‌م ڕسته‌یه ده‌ستی پێ ده‌کرد: (سوێندت پێ ده‌خۆم کوردستانی جوان). ئاگام لێ بوو پیاوه عوودژهنهکه له‌گه‌ڵ مامۆستاکه‌مان، که له هه‌موو ژیانی خۆیدا هه‌ر به‌عسی بوو؛ که‌وتنه چپه‌چپ. ده‌مزانی باسی ئه‌وه ده‌که‌ن، که ئه‌م سرووده قاچاغه، به‌ڵام گوێم پێ نه‌ده‌دان و هه‌ر به‌رده‌وام بووم. له ڕێگه‌ی ماڵه‌وه (به‌ختیار ڕه‌حمان) و (سه‌رکه‌وت سدیق به‌گ)ی هاوپۆلم پێیان ده‌گوتم ئافه‌رین، به‌ڵام دوور نییه شه‌و بێنه سه‌رتان، بۆ ئه‌وه‌ی خۆت و باوکت بگرن. ئه‌مه زۆر ترساندمی. ئه‌و شه‌وه به زه‌حمه‌ت توانیم بخه‌وم. دوایی هیچ شتێک ڕووی نه‌دا. ڕاستییه‌که‌یشی ترسه‌که‌م له باوکم بوو، نه‌وه‌ک له ئه‌شکه‌نجه‌ی زیندان، که ئه‌و ترسه دواتریش یاخه‌ی به‌ر نه‌ده‌دام. واته تاکوو ڕاپه‌ڕینیش ساتێ بیرم له‌وه نه‌ده‌کرده‌وه ئاخۆ ئه‌گه‌ر بگیرێم، چۆن ئه‌شکه‌نجه ده‌درێم، به‌ڵکوو ته‌نیا ئه‌وه‌م ده‌هێنایه به‌رچاوم له ماڵه‌که‌ماندا چی ڕوو ده‌دات!
ده‌کرێت بڵێم له قۆناغی ناوه‌ندیدا چ له گه‌ڕه‌ک و چ له قوتابخانه‌دا به‌وه ناسرابووم، که شیعری کۆمیدی هه‌ڵده‌به‌ستم. زۆربه‌ی، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موویانم له‌باره‌ی که‌سانی ده‌وروبه‌رمه‌وه ده‌گوتن، بۆیه خێرا بڵاو ده‌بوونه‌وه و ده‌که‌وتنه سه‌ر زاری هاوڕێکانم. ئه‌مه‌یان نموونه‌یه‌که:
دوێنێ جه‌ربه‌زه‌ی شاخ بوو
ئه‌مڕۆ جاشی (م. دێمه)یه
چڵكاوخۆری ئه‌وانه
دوژمنی گه‌وره‌ی، ئێمه‌یه
براده‌رانم ده‌ڵێن قۆندهرهیه
ده‌ڵێم نا، ئازیزان، ته‌نیا ئه‌م بزێمهیه
سه‌د ده‌ستی دۆڕاندووه له‌سه‌ر گوو
ئێستا برسییه‌تی و چاوه‌ڕێی ئه‌م گێمهیه
هه‌ناوی قووپاو و ڕوومه‌تی ده‌رپۆقیوه
هه‌ر ده‌ڵێی که‌ری ده‌وری خێمه‌یه
گه‌ر بچێ بۆ شه‌ڕی منداڵانیش
ده‌به‌زێت و بێ‌شک گۆشتی قێمهیه
با بڕوات و چاره‌ی نه‌بینینه‌وه
کێ سوێی له‌م دومه‌ڵ و کێمهیه؟
وه‌ک ده‌رده‌که‌وێت له‌باره‌ی که‌سێکه‌وه گوتراوه، که پێشتر خۆی به شۆڕشگێڕ زانیوه و دواتر بووه‌ته پیاوی ڕێژیمی به‌عس. لێره‌دا که‌مێک ده‌ستکاریی ناوی سهرۆکهکهیم کردووه، چونکه ئه‌مڕۆ تێگه‌یشتنێکی دیکه‌ی جیاوازم هه‌یه و ڕێگه به خۆم ناده‌م جوێن به هیچ که‌سێ بده‌م. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه جوێن و گوته‌ی بریندارکه‌ر (Profanity)م زۆر به کار ده‌هێنا، چونکه له ژێر کاریگه‌ریی زمانی ڕۆژانه (Vulgar language)دا بووم. ئه‌گه‌رچی تاکوو ئه‌مڕۆیش پرۆفانیتی به‌شێکه له ستایڵی من، که له ئه‌ده‌بی جیهانییشدا هه‌یه وه‌ک بۆ نموونه لای (سالینجه‌ر) و (بیوکۆڤسکی)دا ده‌یبینین، به‌ڵام له کۆنتێکستی ته‌واو جیاوازدا به کاری ده‌هێنم.
ڕه‌نگه به ده‌گمه‌ن شاعیری کورد هه‌بێت سه‌ره‌تای شیعرنووسینی خۆی به نه‌ورۆز ده‌ست پێ نه‌کردبێت. منیش شیعرم بۆ نه‌ورۆز، بۆ سه‌رکرده‌کان و بۆ شاخوداخ ده‌نووسی. هه‌ر ئه‌وسایش ده‌مزانی زۆر لاوازن. به‌ڵام کاتێک شیعری کۆمیدیم له‌باره‌ی خۆم و ده‌وروبه‌ره‌که‌مه‌وه ده‌گوت، چ هاوڕێکانم و چ که‌سانی دیکه‌یش زۆریان پێ خۆش ده‌بوو. هه‌موویانم به پێکه‌نین ده‌هێنا. له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌رده‌وام شیعرم هه‌ڵده‌به‌ست، که خۆم ناوم لێ نابوون (شیعری فهل). ناوه‌رۆکی گۆرانیی گۆرانیبێژانم بۆ شتی کۆمیدی ده‌گۆڕی و خێرا بڵاو ده‌بوونه‌وه. نیوه‌ڕۆیه‌کی مانگی مه‌یی ساڵی حه‌فتاونۆ له ژووره‌وه پاڵ که‌وتبووم و ده‌مویست خۆم له خوێندنی کتێبه‌کانم بدزمه‌وه، که بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی پۆلی سێیه‌می ناوه‌ندی مۆڵه‌ت درابووم و ده‌بووایه خۆم ئاماده بکه‌م، له ڕادیۆ گوێم له گۆرانیی (مرمر زمانی یا زمانی مرمر)(2) بوو، که ئه‌وده‌م شتێکی وای لێ تێنه‌گه‌یشتم، به‌وه‌ی هه‌میشه تێگه‌یشتن له گۆرانی زه‌حمه‌ته، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر گۆرانییه‌که ئاستێکی باڵای هه‌بێت، به‌ڵام هه‌م ئاوازه‌که‌ی و هه‌م وشه‌کانی ههژاندمیانهوه. چوومه ده‌رێ و بۆ باخی گڵکه‌ند به ڕێ که‌وتم. تا گه‌یشتمه ئه‌وێ، خۆم به کوردی وشه‌کانم بۆ دانا:
له‌قله‌قێ له‌سه‌ر لقێکی له‌ق بوو
لهقێکم لێ دا له‌قله‌ق بوو
شهقشهقێ له‌سه‌ر شاقێکی شه‌ق بوو
شه‌قێکم لێ دا شه‌قشه‌ق بوو
تهقتهقێ له‌سه‌ر تاقێکی ته‌ق بوو
تهقێکم لێ دا ته‌قته‌ق بوو
زهقزهقێ له‌سه‌ر زاقێکی زه‌ق بوو
زهقێکم لێ دا زه‌قزه‌ق بوو
ئه‌گه‌رچی وشه‌کان هێنده ما‌نایان نه‌بوو، به‌ڵام به‌وه‌دا گه‌مه‌یه‌ک له ئاوازیاندا هه‌ست پێ ده‌کرا، به شێوه‌یه‌کی خۆش ده‌هاتنه گوێچکه‌وه. بۆ هاوڕێکانمم ده‌گوتن و له به‌ریان ده‌کردن، بگره پێکه‌وه دهمانگوتنهوه. تاکوو ئه‌مڕۆیش من شێتی ڕیتمم. هه‌میشه ده‌مه‌وێت ئه‌و وشانه‌ی به کاریان ده‌هێنم هارمۆنیکایان هه‌بێت و به خێرایی بجووڵێن.
له به‌شی سیریانیی ته‌له‌ڤیزیۆنی که‌رکووکدا گه‌نجێک گۆرانییه‌کی سیریانیی ده‌چڕی، که ڕیتمه‌که‌ی زۆر دهیورووژاندم. تیمێک کچ و کوڕیش به جلوبه‌رگی خۆماڵییه‌وه له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵده‌په‌ڕین، به‌ڵام بێگومان هیچی لێ تێنه‌ده‌گه‌یشتم. هێنده هه‌بوو، سه‌ربه‌ندی گۆرانییه‌که وا ده‌هاته گوێچکه‌مه‌وه، ده‌ڵێت: ((نا، شیرین، نا، نا، شیرین)). منیش هه‌ر بۆ خۆشی شیعرێکم به کوردی بۆ هه‌ڵبه‌ست:
نا، شیرین، نا، نا، شیرین
هه‌ردووک وه‌ستاوین، له سه‌ره‌ی (شیر)ین
نه‌یه‌یته پێشم، نۆره‌م نه‌بڕی
هه‌رگیز نابینی بتڵت به پڕی
ده‌یشکێنم به به‌رد، یاخود به ئه‌ژنۆم
من زووتر هاتووم، دوو جار له پێش تۆم
ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت له من تێپه‌ڕی
بتڵت پڕ بکه‌ی له شیری مه‌ڕی
دوو ماچم بدێ له لێو و گۆنات
ئه‌وده‌م ئاسانه شیر بگاته لات
ده‌مگوت ئه‌وه بۆ گۆرانیبێژه‌که بکه‌یته سیریانی و پێی بڵێیت به کوردی ماناکه‌ی ئه‌وه‌یه، له سه‌ری خۆی ده‌دات. ناومان لێ نابوو گۆرانیی شیره‌که. هاوڕێیه‌کم، که چ له گه‌ڕه‌ک و چ له قوتابخانه‌دا پێکه‌وه بووین، هێنده‌ی ئه‌و گۆرانییه گوته‌وه، هه‌تا گه‌یشته‌وه ده‌می باوکی. ڕۆژێکیان کۆمه‌ڵێک میوانیان هه‌ن و ئه‌و گۆرانییه لێ ده‌درێت، که ڕاستییه‌که‌ی هه‌موو ئێواره‌یه‌ک هه‌بوو. باوکی ئه‌و هاوڕێیه‌م ده‌ڵێت گۆرانیی وا هیچوپووچم له ژیانمدا گوێ لێ نه‌بووه. ئه‌وانیش به سه‌رسووڕمانه‌وه لێی ده‌پرسن، ئاخۆ لێی تێده‌گات. ئه‌ویش ده‌ڵێت: ((وه‌ک بیستوومه کچێکی داماو دایکی نه‌خۆشه، قوڕگی هاتووه‌ته‌وه یه‌ک و ده‌چێت شیری بۆ بکڕێت. له‌وێ سه‌ره‌یه‌کی زۆر گیراوه. کوڕێکی سه‌رسه‌ری له جیاتیی ئه‌وه‌ی یارمه‌تیی بدات، ده‌چێت شه‌ڕی پێ ده‌فرۆشێت. ئاخر ئه‌وه بۆ کراوه‌ته گۆرانی؟ ئه‌گه‌ر بزانن دواجار چیی پێ ده‌ڵێت، هه‌ر گوێی لێ ناگرن)). ئه‌و هاوڕێیه‌م گوتی هێنده پێکه‌نیم، خه‌ریک بوو ده‌بوورامه‌وه.
هه‌ر به‌گشتی به هه‌ڵه له مانای وشه‌ی گۆرانییه‌کان ده‌گه‌یشتم. گۆرانیی (جاده چۆڵ و سێبه‌ر بوو)ی (قادر کابان)م وا ده‌هاته گوێ، که ده‌ڵێت: (جاده چێری تێبه‌ر بوو). واته مانگا ڕژانه ناو شه‌قامه‌وه. کاتێ له ده‌ره‌وه گوتمه‌وه، خێرا که‌وته سه‌ر زمانی هاوڕێکانیشم. ئێواره‌یه‌کیان له فیلمی (ماتقولش لحد: به که‌س مه‌ڵێ!)ی (سامیه جه‌مال) و (فه‌رید ئه‌تره‌ش)دا گوێم له گۆرانیی (سافر مع السلامه) بوو، که (فه‌رید ئه‌تره‌ش) ده‌یڵێت، (سامیه جه‌مال) جوانترین سه‌مای بۆ ده‌کات و گرووپێک سه‌ماکه‌ری زۆر لێهاتوویش هه‌ر به ده‌م سه‌ماوه بۆی ده‌ستێننه‌وه. به‌یانییه‌که‌ی له کۆڵان به‌رده‌وام ده‌مگوت: (کافر معاك سلامه ارجع لأنا بسلامه)، که خۆی ڕاستییه‌که‌ی به‌م شێوه‌یه‌یه: (سافر مع السلامه، ترجع لنا بالسلامه)، چونکه وشه‌ی (سافر) به (کافر) تێگه‌یشتبووم. مه‌لایه‌کی گه‌ڕه‌کمان، که باوکی هاوڕێیه‌کی زۆر خۆشه‌ویستم بوو، بانگی کردم و لێی پرسیم ئاخۆ کێ ئه‌وه‌ی فێر کردووم. منیش گوتم ئه‌وه گۆرانیی (فه‌رید ئه‌تره‌ش)ـه. زلـله‌یه‌کی لێ دام و گوتی: ((چۆن ده‌بێت به کافر بگوترێت سه‌لامی لێ بێت؟ نه‌فره‌تی خوا له کافر کراوه)). ژنێکی دهراوسێمان، که عه‌ره‌بی و تورکیی زۆر چاک ده‌زانی، گوتی: ((مامۆستا، ئه‌وه خۆ نازانێت مانای چییه، ده‌نا قسه‌ی وا چۆن ده‌کات!)). ئه‌ویش ئاوا وەڵامی دایەوە: ((ده‌زانم نازانێت، به‌ڵام ده‌بێت فێر ببێت)). گۆرانیی (بانه‌ت بۆ گه‌ڕام سه‌ر له به‌یانی) به (بارت بۆگه‌نه) تێگه‌یشتبووم. ژنێکی هه‌ژارم ده‌هێنایه به‌رچاوم، که بارێک شتی هێناوه بیفرۆشێت، به‌ڵام که‌س لێی ناکڕێت و بۆگه‌ن ده‌کات. منداڵه‌کانیشی چاوه‌ڕێن بگه‌ڕێته‌وه و خۆراکیان بۆ بهێنێت. له پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تاییدا سروودی (ئه‌ی شه‌هیدان)یان فێر کردین، که (محه‌مه‌د تۆفیق وردی) دای ناوه. من (نامرێ ناو و نیشانتان) به (نامرێ، نا، ڕوونی شانتان) تێگه‌یشتبووم، که دانیشتووی هه‌ولێر به (ڕۆن) ده‌ڵێن (ڕوون). ده‌مویست بزانم ئاخۆ بۆچی شانیان ڕۆنی پێوه بووه؟ ئایا ئه‌و ڕۆنه له تفه‌نگه‌کان ده‌چۆڕایه‌وه؟(3) گۆرانیبێژێک له سه‌ره‌تای شه‌ڕی عێراق و ئێران‌دا ده‌یگوت: ((سه‌ربازی ئێراق ئازایه، سه‌ددام بۆمان په‌نایه)). وا ده‌هاته گوێچکه‌مه‌وه ده‌ڵێت: ((سهربهزێڕه قه‌زایه)). له دڵی خۆمدا ده‌مپرسی: ((باشه، سهربهزێڕه قه‌زا بێت، یان ناحیه، تۆ بڵێ با شارێکی گه‌وره‌یش بێت، ئه‌وه پێوه‌ندیی به گۆرانیی قادسییه‌وه چییه؟))، تاکوو ڕۆژێکیان بۆیان ڕاست کردمه‌وه. له ڕۆژگاری زانکۆ‌دا فێری مانای (تێمپرهری ڵه‌ڤ ئهفایه Temporary love affair) و (پێرمهنهنت ڵه‌ڤ ئهفایه Permanent love affair) بووبووین، که یه‌که‌میان به خۆشه‌ویستیی کاتی، یان خۆشه‌ویستیی تێپه‌ڕ و دووه‌میان به خۆشه‌ویستیی به‌رده‌وام ده‌گوترێت. زووزوو ده‌مانگوته‌وه. منیش ئاوام لێ کردبوو: (تێمپرهری ڵه‌ڤ ئهفایه، سه‌ددام بۆمان په‌نایه). له‌م ڕووه‌وه زۆر نموونه‌ی دیکه‌یش هه‌ن، که چۆن مانای گۆرانیم به هه‌ڵه بیستووه، به‌ڵام به پێویستی نازانم ئاماژه‌یان پێ بده‌م. هێنده ده‌ڵێم تاکوو ئه‌مڕۆیش ئه‌وه‌م له‌گه‌ڵدایه و له بواری نووسیندا زۆر سوودم لێ بینیوه. له سه‌رده‌می هه‌رزه‌کاریمدا تووشی جۆرێک له (تێکچوونی زمان) هاتم، که به یۆنانی (ئهفهسیا: Aphasia)، به‌ڵام به ئینگلیزی (language disorder) و (language impairments)ی پێ ده‌گوترێت. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌مه‌یش زۆر کۆمه‌کی کردووم، چونکه جۆرێکه له تێکچوونی سیستێمی مانا. به واتایه‌کی دیکه گۆڕینی ئه‌و مانایه‌یه، که پێی ڕاهاتووین بۆ مانایه‌کی دیکه، که ته‌واو لێوه‌ی دوور و جیاوازه. ئه‌و تێرمه هه‌ندێک له یه‌کتر دوورن، به‌ڵام خاڵی هاوبه‌شیشیان هه‌یه. له هه‌ندێک پیتدا تووشی به‌ربه‌ست ده‌هاتم و به خراپی ده‌رم ده‌بڕین. ده‌توانم بڵێم تاکوو پۆلی سێیه‌می ناوه‌ندییش ئه‌وه‌م له‌گه‌ڵدا هات. له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانمدا به کارم هێناوه، به‌تایبه‌تی له ڕۆمانی (ماڵی نانی)دا. ته‌نانه‌ت که‌سوکارم له‌وه نه‌ده‌گه‌یشتن بۆچی له‌ناکاو وام لێ هاتووه. شتی سه‌یر ئه‌وه بوو، که له‌و کاتانه‌ی گاڵته‌م ده‌کرد، یان به‌سه‌رهاتی کۆمیدیم ده‌گێڕایه‌وه، به هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌و به‌ربه‌سته‌م نه‌ده‌هاته سه‌ر ڕێ، به‌ڵکوو زیاتر له کاتی جددییهتدا ڕووبه‌ڕووم ده‌بووه‌وه. نایشارمه‌وه تاکوو ئه‌مڕۆیش من له نووسین چاکترم وه‌ک له قسه‌کردن، ئینجا چ له زمانی کوردی و چ له زمانه‌کانی دیکه‌یشدا، که باوه‌ڕ ده‌که‌م هاوڕێیانم ئه‌وه بزانن. ده‌ڵێم نووسین (زوبان: Tongue)ی لێ سه‌ندووم، به‌ڵام (زمان: language)ی پێ به‌خشیوم. لە قۆناغی سەرەتاییدا بووم، کاتێ دەستم بەوە کرد ئازارەکانم بنووسمەوە. بە مانایەکی دیکە لەبەر ئەوەی نە کەسم هەبوو ناخمی بۆ هەڵبڕێژم و نە دەشمتوانی بە زمان خەمەکانم دەرببڕم، پەنام بۆ قەڵەم و کاغەز دەبرد. هەر زوو لە ناویشم دەبردن، نەبادا بکەونە بەرچاوانەوە. هەندێجار دەمنووسی کاتێ گەورە دەبم، چۆن ئێرە جێ دەهێڵم و دەچم لە شوێنێکی دوور دەژیم، بۆ ئەوەی هەموو ئەو کارانە بکەم، کە لێم قەدەغە کراون. هەمیشە خەونم بە ماڵێکەوە دەبینی جگە لە کۆمەڵێک پەلەوەر، یەک دوو سەگیشی تێدا ڕابگرم. پارادۆکس ئەوە بوو زۆر لەو ئاژەڵە دەترسام، بە ڕادەیەک نەمدەتوانی لێی نزیک ببمەوە، کەچی ئاوا خەونم پێوەی دەبینی! ئێستا به هیچ شێوه‌یه‌ک له سه‌گ ناترسم و هاوڕێیه‌کی زۆر ئازیزمه.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌ر کوڕێکی هاوڕێم بیویستایه نامه‌ی دڵداری بۆ کچێک بنێرێت، ده‌هاته لای من و بۆیم ده‌نووسی، چونکوو به شیعر دهمڕازاندنهوه، که هه‌ندێکیان خۆم هه‌ڵم ده‌به‌ستن و هه‌ندێکیان هیی شاعیران بوون. به‌و شێوه‌یه به نهێنیی هه‌موویانم ده‌زانی. له ته‌له‌ڤیزیۆنی که‌رکووکدا به‌رنامه‌ی (گۆرانیی داواکراو) هه‌بوو. جاروبار به ناوی خه‌ڵکی گه‌ڕه‌که‌وه نامه‌م ده‌نووسی و دهمناردن. فڵان که‌س فڵان گۆرانیی داوا کردووه و به فڵان و فڵانی پێشکه‌ش ده‌کات. هه‌ندێک له‌وانه ناتۆره‌یان دوا خرابوو و منیش ڕێک به‌و شێوه‌یه ده‌منووسین، یان هه‌ر خۆم ناتۆره‌م دوا ده‌خستن. ئیتر کاتێ له ته‌له‌ڤیزیۆن ناوی خۆیان ده‌بیسته‌وه، تووڕه ده‌بوون، به‌ڵام نه‌یانده‌زانی منم. ئه‌مانه وایان ده‌کرد هه‌ندێک ئه‌زموون له بواری نووسیندا په‌یدا بکه‌م.
هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا جاروبار هه‌وڵم ده‌دا شیعر بۆ منداڵانیش بنووسم، که ئه‌مه نموونه‌یه‌کیانه:
په‌نجه‌کانم ده دانه‌ن
بۆتیان ده‌ڵێم ئه‌مانه‌ن:
یه‌که‌میان خۆڕاگره
دووه‌میان وه‌ک ئاگره
سێیه‌میانم خه‌باته
چواره‌م ئاڵای وڵاته
پێنجه‌م بووژانه‌وه‌یه
شه‌شه‌م نه‌توانه‌وه‌یه
حه‌وته‌م زه‌ویی به‌پیته
هه‌شته‌م کاغه‌ز و پیته
نۆیه‌م قوتابخانه‌یه
ده‌یه‌م ماڵ و لانه‌یه
له‌و سه‌رده‌مه‌دا بڵاوکراوه‌ی دیوار ئاماده ده‌کرا و له یه‌کێکیاندا ئه‌وه‌ی من بڵاو کرایه‌وه، به‌ڵام پێنجه‌م و شه‌شه‌میان له بیر چوو بوو، یان به ئه‌نقسه‌ت قرتاندبوویانن، بۆیه هاوڕێکانم ڕه‌خنه‌یان لێ ده‌گرتم، گوایه ناته‌واوه.
هاوینی (1980)، که تازه شه‌ڕی عێراق و ئێران ده‌ستی پێ کردبوو، هاوڕێیه‌کمان له‌گه‌ڵ خاڵی چووبووه مووسڵ و له‌وێ کاری ده‌کرد. ڕۆژێکیان نامه‌یه‌کی بۆ ناردبووم، که سه‌رتاپێی جوێن بوو، چونکه هه‌موو گاڵتهیهکمان پێکه‌وه ده‌کرد. گوتبووی له‌سه‌ر گردی (کهرمهلێس)دا نووسیویه‌تی، که شوێنێکی مێژووییه و ده‌که‌وێته خوارووی ڕۆژهه‌ڵاتی مووسڵه‌وه. منیش به شیعر وه‌ڵامیم دایه‌وه. ئه‌مه سه‌ره‌تاکه‌یه‌تی:
له کهرمهلێس که‌ر مهلێسهوه
لێره باشترم بۆ داناوی
پێویست ناکا بڵێم چییه
خۆت زۆر چاک ده‌زانی ناوی
تۆ که هێنده شه‌یدای لستنهوهیت
ده‌ستت ده‌که‌وێت، چ به کوڵاوی، چ به خاوی
ئه‌م جووته‌ی خۆمت پێشکه‌ش ده‌که‌م
بیانلسهرهوه، هه‌تاکوو ماوی
ساڵی یەکەم لە پۆلی سێیەمی ناوەندیدا دەرنەچووم، چونکە ئەوەی نەمدەویست چارەی ببینم، کتێبی قوتابخانە بوو. بێگومان لە باوکم دەترسام، دەنا یەک ڕۆژ پێم نەدەخستە ئەو زیندانەوە. ساڵی دووەم قوتابخانە درەنگتر لە کاتی خۆیدا دەستی پێ کردەوە، بەوەی شەڕی نێوان عێراق و ئێران هەڵگیرسا. ترسێکی گەورە هەموو شاری داپۆشی. لە ژیانمدا زۆر هەستم بە ڕەشبینی کردبێت، هەر ئەو ساڵە بووە. تەمەنم دەگەیشتە پانزدە و وام دەزانی ئەو شەڕە سەرجەم ئاواتەکانم وەک پووش دەسووتێنێت. سیستێمی ژیان تەواو گۆڕا. کارەبا بڕا و ئەو تاریکییە هێندەی دیکە هیواکانی دەکوشتم. لەناکاو گۆڕانێکی سەیر لە ژیانمدا ڕووی دا، کە ئەگەر ئێستا بیگێڕمەوە، شتێکی ئەوتۆ نییە، کەچی بۆ منێکی هەرزەکار دەیتوانی زۆر گەورە بێت. وەک گوتم هەموو شتێک لەگەڵ شەڕدا گۆڕا، تەنانەت دەوامی نانەواخانەکانیش. شەوانە سەموون دەهات و لە ژێر ڕووناکیی چرادا دەفرۆشرا. دەبووە شەڕ و زۆرجار دەست و قاچی تێدا دەشکا. من بە لاییتێکەوە دەچووم و بەشی هەموو ئەندامانی خێزانەکەمانم دەهێنا. لەوێ کچێکم ناسی، کە تازە لە شارێکی دیکەوە هاتبوو، چونکە هەموو جارێ بۆیم وەردەگرت. شەوی وا هەبوو بۆ ئەوم وەردەگرت و خۆم بە دەستی بەتاڵ دەگەڕامەوە. لەسەر ڕاسپاردەی دایک‌وباوکی وا ڕێک کەوتین لەگەڵ خۆمی ببەم و هەتا ماڵەوەیشی بگەیەنم. {ئێستا دەزانم (لەگەڵ خۆمی ببەم و هەتا ماڵەوەیشی بگەیەنم) دەربڕینێکی زۆر کۆن و بەسەرچووە، بەڵام هیی ئەو کاتەیە}. ئەمە بۆ من هیوایەکی زۆر گەورە بوو. لەناکاو بە هۆی شەڕەوە کچێک هاتە ناو ژیانمەوە، کە بە ڕاستی خۆشم دەویست. ڕاستە هەرگیز ڕاستەوخۆ وام پێ نەدەگوت، بەڵام ئەم دەیزانی هەستێکی وام بۆی هەیە. بۆم دەرکەوت هەمان هەست لەویشدا دەرکەوتووە، چونکە نەیدەشاردەوە منی بە دڵە و پێی خۆشە بمبینێت. وەک خۆیشم لە پۆلی سێیەمی ناوەندیدا دەیخوێند، کە هەندێجار لە ڕێگەی قوتابخانەیشدا بە یەک دەگەیشتین. من ئەگەرچی پێشتر ڕقم لە شەو بوو، چونکێ دەبووایە بۆ ماڵ بگەڕێمەوە، کەچی وای لێ هات شتەکە پێچەوانە ببێتەوە. بەڵێ، کێشەی هەرە گەورەم ڕۆژ بوو، کە زوو ئاوا نەدەبوو، تاکوو شوێن بۆ شەو چۆڵ بکات و لە نزیکەوە بیبینم، بگرە لەگەڵی بۆ ئەو شوێنە بچم، کە سەموونی لێ دەفرۆشرێت. ئاگام لە مامۆستا دەبڕا و خەیاڵم بۆ لای ئەو هەڵدەفڕی. بە دوورم نەدەزانی ساڵی دووەمیش دەرنەچم و بە یەکجاری لە قوتابخانە دەربکرێم. ئەودەم باوکم هەر بە ڕاستی هەڵمدەواسێت. لەناکاو ماڵی کچە بۆ شاری خۆیان گەڕانەوە و نائومێدییەکی زۆر لەوەی پێشوو گەورەتر ڕووی تێ کردمەوە. خۆیشم لەوە نەدەگەیشتم بۆچی دەمەوێت لە قەراغی شەقامی شەستیدا بوەستم و لەو ئۆتۆمۆبیلانە بڕوانم، کە تیژ تێدەپەڕین، لە کاتێکدا من زۆر لەوە تیژتریشم دەویست. یەکەمجار بوو هەستێکی وا لە خۆمدا بە دی بکەم. دەمڕوانی و فرمێسک بە چاومدا دەهاتە خوارێ، بەڵام هەرگیز نەمدەهێشت کەس پێم بزانێت. بەردەوامیش بە دەنگی تێکشکاوم، گۆرانیم دەگوت. ڕۆژێکیان لە (سەفین موحسین)ی هاوپۆلم فێری وشەی (گالەباندە) بووم، کە مانای عەرەبانچییە، بە مەرجێ وڵاغی گەورە عەرەبانەکەی ڕابکێشێت، گوایە کورد لە سەردەمی زوودا بە کاری هێناوە. خۆیشم نەمزانی بۆچی هێندە سەرنجی ڕاکێشام. لە ئێوارەیەکی ناوەڕاستی مانگی مەی هەر لەو شوێنەدا شیعرێکم هەڵبەست، کە ئەو وشەیەم تێدا بە کار هێنا:
ئەی گالەباندەی بە دوو ئێسترەوە
بم بە بۆ دەشت، دوورم خەرەوە
من جاران لێرە هەر لەگەڵ یار بووم
هەر خۆم بە تەنیا خاوەنی شار بووم
ئێستا بێکەسم شار بە خۆیم ناگرێ
دەبێت سەر هەڵگرم، لە خۆم بێزار بووم
ئەی گالەباندەی بە دوو ئێسترەوە
بم بە بۆ دەشت، دوورم خەرەوە
باخێکم هەبوو لە گوڵ پێک دەهات
دەنگی دابووەوە لە شار و دێهات
کاتێکم زانی باخم وشکی کرد
هەروەکوو لمی بیابانی لێ هات
ئەی گالەباندەی بە دوو ئێسترەوە
بم بە بۆ دەشت، دوورم خەرەوە
ئاوا نەدەبوو ڕۆژی گەردوونم
هەردەم ڕووناک بوو ڕێی هاتوچوونم
هەتاو دیار نەما و ڕێگەم تاریک بوو
بۆیە دەپرسم ئەرێ کوا بوونم؟
ئەی گالەباندەی بە دوو ئێسترەوە
بم بە بۆ دەشت، دوورم خەرەوە
شەقام دوام دەکەوت، دەیگوت دەتناسم
کۆڵان پەرۆش بوو بۆ دەنگوباسم
تەقییەوە شتێک لە ناخم وەک مین
تاکو ئەم ساتەیش بەو دەنگە کاسم
ئەی گالەباندەی بە دوو ئێسترەوە
بم بە بۆ دەشت، دوورم خەرەوە
بە ئاوازێک ئەو بەندانەم دەگوتەوە، کە زۆر لە هیی گۆرانیی (یا مال الشام یااللە یا مالي طال المطال یا حلوە تعالي) بوو، ئەگەر نەڵێم هەر ئەو بوو. دواتر ئەو شیعرەم پێشانی (ئەحمەد محەمەد) دا، کە یەکێک بوو لە ڕۆشنبیرە دەگمەنەکانی ئەو سەردەمە، من و هاوڕێکانم بە مامۆستای خۆمانمان دەزانی، بەڵام گوتم هیی کوڕێکە و پێی خۆشە تۆ بۆی هەڵسەنگێنیت. لە ڕووم نەدەهات پێی بڵێم خۆم دام ناوە. خوێندییەوە و گوتی: ((ئەوە مەنەڵۆگە))، کە من وام دەزانی ئەو وشەیە خراپە، واتە مانای وایە شیعر نییە. ڕاستییەکەی (مەنەڵۆگ)م تەنیا لە گۆرانیدا بیستبوو، بۆیە ئەو هەستەی لا جێ هێشتم، کە ئەمە لاوازە. گوتم: ((زۆریش مەنەلۆگ نییە، بەڵام دەی، قەیدی ناکات)). نایشارمەوە، وام دەزانی شیعرێکی زۆر قووڵم نووسیوە. ئەم لەوە زیاتری نەگوت، بەڵام بە شێوەیەکی سەیر لێم ڕا ما، کە دواتر زانیم مەبەستی ئەوەیە هەر لێی تێنەگەیشتووم. (ئەحمەد) لە سەرەتای هەشتاکاندا زانکۆی جێ هێشت و چووە ئەڵمانیا، چونكێ ژیانی لە مەترسیدا بوو، بەوەی لە منداڵییەوە خەریکی دەربڕینی ناڕەزایی بوو و لە خۆپێشاندانی قوتابییاندا ڕۆڵی بەرچاوی بینی. لەو ساتەوە دەنگی بڕاوە. ئێستایش ناوی بەشێکی زۆری ئەو کتێبانەم لە بیر ماون، کە لە ڕێی ئەوەوە ناسیومن. جارێکیان، کە گەیشتبوومە پۆلی پێنجەمی ئامادەیی، کتێبێکم بۆی برد. دەبووایە لە ماڵەوە چاوەڕێم بکات و بیدەمێ، بەڵام ئیشێکی هاتبووە پێش و چووبووە دەرێ. یەک عەلاگەی پلاستیکی بۆ پڕ کردبووم لە کتێب و لەگەڵ نامەیەکدا جێی هێشتبوو. نووسیبووی داوای لێبوردن دەکات نەیتوانیوە ئامادە بێت، بەڵام ئەو کتێبانەی وەک دیاری بۆ داناوم. دوای ئەوە تەنیا یەک جاری دیکە بینیمەوە، ئەویش چەند ڕۆژێ بەر لەوەی کوردستان جێ بهێڵێت. یەکێ لە مێزەکانی کازینۆی (لەیالی)مان گرت و لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی دیکە لەوانە (خەلیل ساڵح)، (حسێن ڕەشید) و (هێور ئەبوبەکر سدیق) دانیشتین. هەستمان دەکرد لە بەرانبەر ڕۆشنبیرێکی گەورەداین، بەڵام ئایا سەیر نییە ئەو ڕۆشنبیرە دوای ئەوە دەنگی نامێنێت؟ ئەمە پرسیاری هەموو هاوڕێیانە.
له ساڵی ههشتاویهکدا، کاتێ گه‌یشتمه قۆناغی دواناوه‌ندی، گۆڕانێکی به‌رچاو به‌سه‌ر بیرکردنه‌وه و تێڕوانینمدا هات، چونکه له (ئاماده‌ییی ڕزگاری)دا هه‌ندێک هاوڕێی زۆر هۆشیارم ناسین. ڕۆژبه‌ڕۆژ زیاتر شتی نوێیان لێوه فێر ده‌بووم. کتێبم ده‌دانێ و کتێبم لێ وه‌رده‌گرتن. له‌باره‌ی هه‌موو شتێکه‌وه گفتوگۆمان ده‌کرد. کاتێ کتێبێکی نوێ ده‌که‌وته کتێبخانه‌کانه‌وه، یه‌کترمان لێ ئاگادار ده‌کرده‌وه. خاڵی هاوبه‌شی هه‌موویان قسه‌ی خۆش و پێکه‌نین بوو، بۆیه هه‌ر زۆر زوو له گرووپه‌که‌یاندا شوێنیان پێ به‌خشیم. به‌وه‌دا که‌سانی گێره‌شێوێن بووین، لای هه‌ندێک له مامۆستاکان ئێسکمان قورس و لای زۆربه‌ی قوتابییان خۆشه‌ویست بووین. گوێمان نه‌ده‌دایه ئه‌وه‌ی ئاخۆ له قوتابخانه ده‌رده‌کرێین، یان نمره‌مان لێ ده‌شکێنن، به قسه‌یه‌کی کۆمیدی ئێتمۆسفێری وانه‌که‌مان له‌وپه‌ڕی جیدییه‌وه بۆ ئه‌وپه‌ڕی گاڵته ده‌گۆڕی. زاراوه‌ی وه‌ک (مێسی) و (لۆولێس)یان بۆ به کار ده‌هێناین، که دوایی زانیم ئه‌مانه به‌و که‌سانه ده‌گوترێن له یاسا یاخی ده‌بن و گوێ به کۆنتڕۆڵ ناده‌ن. هێشتا وازم له شیعری کۆمیدی نه‌هێنابوو، به‌ڵکوو ناوەناوه هه‌ر بۆ خۆشی یه‌ک دووانێکم هه‌ڵده‌به‌ست و هاوڕێکانمم به پێکه‌نین ده‌هێنا. بۆ نموونه له وانه‌ی ئینگلیزیی پۆلی چواره‌مدا ئه‌و دوو ڕسته‌یه‌مان وه‌رگرت: (ته‌له‌فۆن بۆ فریاگوزاری بکه! پێویستم به دۆکتۆرهCall an ambulance! I need a doctor). منیش پرسیم ئاخۆ (حه‌سه‌ن زیره‌ک) ئیلهامی گۆرانیی (ئه‌مان دۆکتۆر)ی له‌وه بۆ نه‌هاتووه؟ بووه پێکه‌نین و وه‌ک زۆر جاری دیکه دهرکرامه ده‌رێ. هه‌تا زه‌نگه‌که لێی دا و هاوڕێکانم هاتنه لام، ئه‌و به‌ندانه‌م ڕێک خست و له‌سه‌ر ئاوازی (ئه‌مان دۆکتۆر)دا ده‌مگوته‌وه:
کۆڵ ئه‌ن ئیمبهڵانس، ئای نید ئه دۆکته
ئه‌و کراسه‌ت کوشتمی، گیانه‌که‌م، وا له‌سه‌ر چۆکته
ڕه‌نگه نه‌زانی بۆ وام لێ هاتووه
حه‌زم له لێوی، گوڵه‌که‌م، وه‌ک دهنکهنۆکته
کۆڵ ئه‌ن ئیمبهڵانس، ئای نید ئه دۆکته
ئه‌و کراسه‌ت کوشتمی، گیانه‌که‌م، وا له‌سه‌ر چۆکته
چاوم نابینێ و گوێچکه‌م کز بووه
ئه‌وه‌ی ده‌یبستم، ڕۆحه‌که‌م، ته‌نیا چیرۆکته
کۆڵ ئه‌ن ئیمبهڵانس، ئای نید ئه دۆکته
ئه‌و کراسه‌ت کوشتمی، گیانه‌که‌م، وا له‌سه‌ر چۆکته
خه‌وم نه‌ماوه و خۆم ناناسمه‌وه
فرمێسکم خوێنه، ئازیزم، ڕه‌نگی نینۆکته
کۆڵ ئه‌ن ئیمبهڵانس، ئای نید ئه دۆکته
ئه‌و کراسه‌ت کوشتمی، گیانه‌که‌م، وا له‌سه‌ر چۆکته
ناچێته ئه‌قڵم هێنده دڵڕه‌ق بیت
ئه‌مه شێوه‌ته، به‌قوربان، یان ناوهرۆکته؟
کۆڵ ئه‌ن ئیمبهڵانس، ئای نید ئه دۆکته
ئه‌و کراسه‌ت کوشتمی، گیانه‌که‌م، وا له‌سه‌ر چۆکته
گوێ به من ناده‌یت، وه‌ک نه‌بم وایه
به‌زه‌ییت نییه، باوانم، ڕق سهرۆکته
کۆڵ ئه‌ن ئیمبهڵانس، ئای نید ئه دۆکته
ئه‌و کراسه‌ت کوشتمی، گیانه‌که‌م، وا له‌سه‌ر چۆکته
هه‌ر کاتێ نه‌مام، خرامه گۆڕه‌وه
گوناهی مه‌رگم، دیده‌که‌م، وا له بهرۆکته
کۆڵ ئه‌ن ئیمبهڵانس، ئای نید ئه دۆکته
ئه‌و کراسه‌ت کوشتمی، گیانه‌که‌م، وا له‌سه‌ر چۆکته
لام ڕوونه ده‌مرم، نامبینیته‌وه
به‌سه‌رهاتی من، ماڵه‌که‌م، ده‌که‌یته نۆکته
کۆڵ ئه‌ن ئیمبهڵانس، ئای نید ئه دۆکته
ئه‌و کراسه‌ت کوشتمی، گیانه‌که‌م، وا له‌سه‌ر چۆکته
هێشتا بێباکی و هه‌ر لێم تێناگه‌یت
پێم ده‌ڵێیت ئه‌مه‌یش، دڵه‌که‌م، خه‌ونی نهزۆکته
کۆڵ ئه‌ن ئیمبهڵانس، ئای نید ئه دۆکته
ئه‌و کراسه‌ت کوشتمی، گیانه‌که‌م، وا له‌سه‌ر چۆکته
به‌وه‌دا هه‌ر له منداڵییه‌وه وه‌ک زۆربه‌ی کوڕانی گه‌ڕه‌ک شێتی فیلمی (وێسته‌رن)، یاخود (کاوبۆی) بووم، ده‌مزانی به تفه‌نگ ده‌گوترێت گان (Gun). ئه‌و سه‌رده‌مه (قه‌ڵه‌م و تفه‌نگ) دروشمی ڕێژیمی به‌عس بوو. (القلم والبندقیە فوهە واحدە: قەڵەم و تفەنگ یەک لوولەن)، کە ڕاستییەکەی ئەو گوتە بێگیانە لە بنەڕەتدا هیی (غەسان کەنەفانی)یە و (سەددام حسێن) دەستی بەسەردا گرتووە. مرۆڤ له هه‌موو شوێنێکدا ئه‌وه‌ی به‌رچاو ده‌که‌وت. منیش ئه‌م یه‌ک دوو دێڕه‌م له‌و باره‌یه‌وه هه‌ڵبه‌ستبوو، تاکوو سەرنجی هاوڕێکانمی پێ ڕابکێشم:
دوو شتت لا گرنگن، هه‌ر ڕێک وه‌کوو خوێن
یه‌کێکیان (Gun) و ئه‌وه‌ی تریان (Pen)
(Pen) به یه‌کێ بده نرخی زانستی لایه،
دڵی بۆ نیشتمان چرایه،
ده‌زانێت زانین بۆ مرۆڤ قه‌ڵایه.
(Gun) به هه‌زاران بده،
که شاره‌زان چۆن بیته‌قێنن
ته‌ختی دوژمنی پێ بله‌قێنن
(Gun) بده به پیر، به منداڵ، به لاو
با بچنه شه‌ڕ و بهێنن شاڵاو.
هێندەت (Gun) داوە، ناوت تەواو ناسراوە
نازناوی (Gun)دەری وڵاتت پێ بەخشراوە.
بە (Gun)ی تۆ بەردەوامە قادسیەی سەرۆک
دوژمنی ناپاک هاتووەتە سەر چۆک(4)
له‌و ساڵه‌دا ڕاپه‌ڕینی قوتابییان ده‌ستی پێ کرد، که قوتابخانه‌ی ئێمه ڕۆڵی به‌رچاوی تێدا بینی. ئه‌و ڕووداوه هه‌ر زوو کاریگه‌رییه‌که‌ی ده‌رکه‌وت. زیاتر ئازادیی پێ به‌خشین، به‌وه‌ی ده‌مانتوانی بێ ترس بۆچوونی خۆمان له‌باره‌ی هه‌موو شتێکه‌وه ده‌رببڕین. به‌ڵێ، به ئاشکرا ده‌مانگوت ڕێژیمی به‌عس داگیرکه‌ر، سه‌رکوتکه‌ر و فاشیسته، که پێشتر له‌سه‌ر شه‌قامه‌کاندا و له به‌رانبه‌ر چه‌کداراندا به ده‌نگی به‌رز وامان گوتبوو، بگره ئه‌مانه‌مان به مامۆستاکانیش ده‌گوت و زۆربه‌یان پشتگیری‌یان ده‌کردین، ته‌نانه‌ت به‌و هۆیه‌وه زیاتر ڕێزیان لێ ده‌گرتین. له پشووی نێوان وانه‌کاندا کاسێتی سروود و گۆرانییه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان له ژووری به‌ڕێوه‌به‌ره‌وه په‌خش ده‌کرا و هه‌ڵپه‌ڕکێ به جلی کوردی و سیمبۆڵی ئازادییه‌وه ده‌ستی پێ ده‌کرد. سروود ده‌خوێنرایه‌وه و هووتاف ده‌کێشرا. له‌باره‌ی ئه‌و حزبانه‌ی شاخیشه‌وه گفتوگۆی گه‌رم داده‌مه‌زرا، که هه‌ر یه‌که‌ی باوه‌ڕی به یه‌کێکیان هه‌بوو و ڕه‌خنه‌ی له‌وانه‌ی تر ده‌گرت. به ئاشکرا بڵاوکراوه‌ی شاخمان ده‌هێنایه قوتابخانه و دهمانگۆڕینهوه. ده‌مانزانی هه‌ر قوتابی و مامۆستایه‌ک بیروباوه‌ڕی چییه، لایه‌نگری کام حزبه و دژی کامیانه، ته‌نانه‌ت ده‌مانزانی کێ له ڕێکخستنی چ حزبێکدا کار ده‌کات، به‌تایبه‌تی ساڵی دواتر کاتێ شه‌ڕی حزبه‌کانی شاخ هه‌ڵگیرسا. هاوکات شه‌ڕی نێوان ئێمه‌یش گه‌رمتر بوو، به‌ڵام له سنووری زماندا ده‌مایه‌وه و نه‌ده‌گه‌یشته ئاستی فیزیکه‌ڵ. واته زۆر به ده‌گمه‌ن شه‌ڕه‌بۆکس و شه‌ڕه‌شه‌قی تێده‌که‌وت. بۆ ئه‌وه‌ی تۆ له‌و ململانێیه‌دا وه‌ک لایه‌نی به‌هێز حیسابت بۆ بکرایه، ده‌بووایه له گفتوگۆکاندا به شێوه‌ی قووڵ بۆچوون ده‌رببڕیت و به گوته‌ی نووسه‌ر و فیلۆسۆفانیش ئه‌و بۆچوونه‌ت به هێز بکه‌یت، که ئه‌مه ئه‌وه‌ی به‌سه‌ردا دهسهپاندیت به‌رده‌وام بخوێنیته‌وه. له پاڵ شیعردا ژانره‌کانی دیکه‌م ناسین و گه‌یشتمه ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌کی دیکه له ئه‌ده‌ب بڕوانم. کاتێ هه‌ستم ده‌کرد گۆڕانێک به‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌مدا هاتووه، دڵخۆش ده‌بووم و هه‌وڵم ده‌دا زیاتر خۆم پێ بگه‌یه‌نم. له پۆلی پێنجه‌می ئه‌ده‌بیدا بووم، که ئه‌م تێکسته‌م نووسی:
له‌م شاره‌ی مندا ته‌نیا دوو جۆر نانه‌وا هه‌ن،
یه‌که‌میان نان له ئاردی گه‌نم و دووه‌میان له ئاردی جۆ
دروست ده‌کات.
من نان له هیچ یه‌کێکیان ناکڕم.
له‌م شاره‌ی مندا ته‌نیا دوو جۆر به‌رگدروو هه‌ن،
یه‌که‌میان جلوبه‌رگی که‌تان و دووه‌میان جلوبه‌رگی خوری ده‌دوورێت.
من جلوبه‌رگ له هیچ یه‌کێکیان ناکڕم.
له‌م شاره‌ی مندا ته‌نیا دوو جۆر قه‌ساب هه‌ن،
یه‌که‌میان مه‌ڕ و دووه‌میان مانگا سه‌ر ده‌بڕێت.
من گۆشت له هیچ یه‌کێکیان ناکڕم.
له‌م شاره‌ی مندا ته‌نیا دوو جۆر به‌قاڵ هه‌ن،
یه‌که‌میان سه‌وزه و دووه‌میان میوه ده‌فرۆشێت.
من سه‌وزه و میوه له هیچ یه‌کێکیان ناکڕم.
له‌م شاره‌ی مندا ته‌نیا دوو جۆر کازینۆ هه‌ن،
یه‌که‌میان چا و دووه‌میان قاوه ده‌گێڕێت.
من له هیچ یه‌کێکیان دانانیشم.
له‌م شاره‌ی مندا ته‌نیا دوو جۆر مامۆستا هه‌ن،
یه‌که‌میان به زلـله و دووه‌میان به شه‌ق له قوتابی ده‌دات.
من لای هیچ یه‌کێکیاندا ناخوێنم.
له‌م شاره‌ی مندا ته‌نیا دوو جۆر خانوو هه‌ن،
یه‌که‌میان له خشت و دووه‌میان له به‌رد دروست کراوه.
من له هیچ یه‌کێکیاندا نیشته‌جێ نیم.
له‌م شاره‌ی مندا ته‌نیا دوو جۆر کار هه‌ن،
یه‌که‌میان به ڕۆژه و دووه‌میان به شه‌و.
من هیچ یه‌کێکیان ناکه‌م.
له‌م شاره‌ی مندا ته‌نیا دوو جۆر مرۆڤ هه‌ن،
یه‌که‌میان هه‌میشه قاقا لێ ده‌دات و دووه‌میان به‌رده‌وام ده‌گری.
من هاوڕێی هیچ یه‌کێکیان نیم.
من ده‌زانم له شارێکدا ده‌ژیم، به‌ڵام نازانم له‌و شاره‌دا چیم هه‌یه.
هێنده‌م لا ڕوونه برسیم، تینووم، ڕووتم، ماندووم، بێکارم، نه‌خوێنده‌وارم، بێلانه و بێکه‌سم.
کێ ئه‌م شاره‌ی منی ده‌وێت؟
کێ ئه‌م شاره‌م له یاخه ده‌کاته‌وه؟
ئێمه که به نهێنی له شاردا کارمان ده‌کرد، مانگانه ده‌بووایه چ له‌باره‌ی چالاکیی خۆمان و چ له‌باره‌ی بارودۆخی شاره‌وه ڕاپۆرت بنووسین و بۆ سه‌ره‌وه‌ی بنێرین. ئه‌و تێکسته‌م به ده‌ستی هاوڕێ و هاوپۆلم (خه‌لیل ساڵح)ـه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌کێک له ڕاپۆرته‌کاندا نارد، که له یه‌ک شانه‌دا بووین، به‌و هیوایه‌ی له ئێستگهدا بخوێنرێته‌وه، به‌ڵام نازانم خوێنرایه‌وه، یان نا!
ئێواران له به‌رده‌می کتێبخانه و لای کتێبفرۆشه گه‌ڕۆکه‌کانی قه‌ڵاتدا هه‌موو ئه‌و هاوڕێیانه‌ی گه‌ڕه‌ک و قوتابخانه‌م ده‌بینییه‌وه، که زۆربه‌یان دژم بوون و که‌مێکیان لایه‌نگرم، به‌وه‌ی ئه‌ندامی پارتی بووم، که له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌موو هێز و توانای خۆی له ده‌ست دابوو و حیسابی بۆ نه‌ده‌کرا، به‌ڵام له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه، دروستتر له‌و کاته‌وه، که ده‌وڵه‌مه‌ند بووه‌وه، زۆربه‌ی دژهکانمی له خۆی گرته‌وه و هه‌مان هێزی جارانی به ده‌ست هێنایه‌وه، له کاتێکدا من بۆ ههتایهههتایه جێم هێشتووه و بۆی ناگه‌ڕێمه‌وه، وه‌ک شانزده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له کتێبی منداڵیمدا گوتوومه. ڕاستییه‌که‌ی هه‌ر ئه‌مه زیاتر پاڵی پێوه ده‌نام بخوێنمه‌وه. ده‌مویست ئه‌و کهموکورتییهم به خوێندنه‌وه‌وه پڕ بکه‌مه‌وه. له‌و شوێنه‌دا زۆرترین و گه‌رمترین گفتوگۆ ده‌کرا، که وه‌ک گوتم زیاتر شه‌ڕه‌قسه بوو، به‌وه‌ی کتێبه‌کان ئه‌و شه‌ڕه‌یان له نێوانماندا زیندوو ده‌کرده‌وه. هه‌ر هێنده یه‌کێ بیگوتایه فڵان کتێب باشه، ئه‌وه‌ی دیکه ده‌یزانی له‌به‌ر ئه‌وه وا ده‌ڵێت، چونکه له‌و کتێبه‌دا خۆی و بیروباوه‌ڕه‌که‌ی ده‌بینێته‌وه، بۆیه ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گرت. چاکتره بگوترێت په‌لاماری ده‌دا. ئه‌مڕۆ من و زۆر هاوڕێی دیکه‌یش له خۆمان و له یه‌کتر ده‌پرسین، ئه‌رێ ئێمه له‌و سه‌رده‌مه‌دا هێنده دژی یه‌کتر بووین و هه‌ر یه‌که‌مان ده‌یزانی ئه‌وه‌ی دیکه کار بۆ چ لایه‌نێکی شاخ ده‌کات، چۆن په‌نامان بۆ ڕێگه‌ی دیکه نه‌ده‌برد؟ دروستتر چۆن زمانمان له یه‌کدی نه‌ده‌دا؟ نه‌خێر، که‌س بیری له‌وه نه‌ده‌کرده‌وه. من خۆم له‌و گفتوگۆیانه‌دا زۆر سوودم بینی، به‌وه‌ی هه‌میشه هه‌ستم ده‌کرد لاوازم و هیچ نازانم. پێشتر زۆر له ژێر کاریگه‌ریی ئه‌ده‌بی میلـلیدا بووم، بۆیه تێڕوانینێکی پریمەتیڤ و زمانێکی سادهیشم هه‌بوون، که جوێنم به کار ده‌هێنا و په‌نام بۆ توندوتیژیی سیمبۆڵیی ده‌برد، به‌ڵام له ئاماده‌ییدا به هۆی ناسینی هاوڕێیانی هۆشیار و خوێندنه‌وه‌ی کتێبی دیکه‌وه چ تێڕوانین و چ زمانیشم گۆڕان، که ئه‌و دووانه پێوه‌ندیی دیالێکتیکه‌ڵیان پێکه‌وه هه‌یه، بێ ئه‌وه‌ی ڕێ بده‌م ئه‌و گیانه کۆمیدی و ئیرۆنییهم بمرێت، بگره زیاتر په‌ره‌م پێ دا. تووشی نه‌خۆشیی خراپتێگهیشتن بووبووم، که وام ده‌زانی هه‌موویان فیلۆسۆفن، بۆیه گه‌لێجار به ترسه‌وه بۆچوونی خۆمم ده‌رده‌بڕی، یان هه‌ر ده‌رم نه‌ده‌بڕی و بێده‌نگیم هه‌ڵده‌بژارد. به‌رده‌وام گله‌ییم له خۆم ده‌کرد بۆچی وه‌ک ئه‌وان له کتێبه فکری و ئه‌ده‌بییه‌کان ناگه‌م؟ ئه‌مه‌م هه‌تا ڕۆژگاری زانکۆ و دواتریش له‌گه‌ڵ هات، به‌ڵام وه‌ک گوتم به چاکه بۆم گه‌ڕایه‌وه. له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کاندا، که گه‌یشتمه ئه‌وروپا به‌رهه‌می هه‌ندێک نووسه‌ری کوردزمانم ده‌خوێنده‌وه، که خۆیان به تازه‌گه‌ر ده‌ناساند و هه‌موو شتێکیان به کۆن داده‌نا. نایشارمه‌وه سه‌ره‌تا وام ده‌زانی ئه‌وانه شاره‌زاییی زۆریان له‌باره‌ی تیۆرییه‌کانی ئه‌ده‌ب، ڕه‌خنه، زمان‌ناسی و کۆمه‌ڵێکی دیکه‌وه هه‌یه. وام ده‌هێنانه به‌رچاو به‌شێکی کاته‌که‌یان بۆ خوێندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه و بواره‌کانی دیکه ته‌رخان ده‌که‌ن، که‌چی هێنده‌ی پێ نه‌چوو بۆم ده‌رکه‌وت ئه‌وانه زۆرکه‌م ئاگایان له‌و بوارانه هه‌یه، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌ر نییانه. چه‌ند ساڵێ له‌مه‌وبه‌ر یه‌کێ له هاوڕێکانی منداڵیم، که له هه‌شتاکاندا پێکه‌وه خه‌ریکی خوێندنه‌وه بووین و خۆم به قه‌رزاری ده‌زانم، لینکی گۆڤارێکی ئه‌ده‌بیی بۆ ناردم، که نووسه‌رێک له‌و نووسه‌رانه سه‌رنووسه‌ریه‌تی و پێشه‌کییه‌کی بۆ نووسیوه. کاتێ خوێندمه‌وه، هه‌ستم کرد ئه‌و نووسه‌ره هێنده له دنیای ئه‌ده‌ب و ئێستاتیکا دووره، نه‌بێته‌وه. ئه‌و هاوڕێیه‌م، که ڕۆژێک له ڕۆژان گوتارێکیشی نه‌نووسیوه، به‌ڵام خوێنه‌رێکی تا بڵێی هۆشیاره، بۆی نووسیبووم: {ئه‌و پێشه‌کییه هەر بە زمانی ئەدەبی نەنووسراوە. ئەگەر لە شەستەکان و حەفتاکانیشدا بمخوێندایه‌ته‌وه، هەر به لاوازم ده‌زانی. ئایا نووسەرە داهێنه‌ره‌کان ئاوا دەنووسن؟ دەستگهی (المرکز الثقافي العربي) پێشەکییەکی کورتیان بۆ کتێبی (خوێنەر لە حیکایەتدا)ی (ئۆمۆبێرتۆ ئیکۆ) نووسیوە. من لە نەوەدەکاندا خوێندوومەتەوە و تا ئەم ساتەیش لە بیرم ماوە. ئەگەر دەستگهیەک ئەمەی کردبێت، ئەفسووس نییە سەرنووسەری گۆڤارێکی کوردی ئەوە تێگەیشتنی بێت بۆ ئەدەب؟ بۆ چەمکی کۆن و نوێ؟}. ئه‌مه کرۆکی نامه‌که‌ی ئه‌و هاوڕێیه‌مه. واته مه‌به‌سته‌که‌یه‌تی.
ئێستا کاتێ بیر له هه‌ندێک هاوڕێی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌که‌مه‌وه، که هه‌م زۆریان ده‌خوێنده‌وه و هه‌م توانای تێگه‌یشتنیان چاک بوو، ئاخیان بۆ هه‌ڵده‌کێشم، که وه‌ستان و وازیان هێنا، به‌ڵام هاوکات ده‌ڵێم وازهێنان زۆر له‌وه چاکتره تۆ به ساده‌یی بنووسیت و وایش خۆت نمایش بکه‌یت داهێنه‌ریت. نایشارمه‌وه زۆر شت له‌وانه‌وه فێر بووم و له ڕێگه‌یانه‌وه ده‌یان کتێبم ناسین.
لە پۆلی پێنجەمی ئەدەبیدا بووم، کاتێ ماڵمان بۆ گەڕەکی (ڕووناکی) گواستەوە، کە ئەمە گۆڕانێکی دیکەی لە تێڕوانینمدا هێنایە گۆڕێ. شێوازی ژیانی ئەو گەڕەکە لە زۆر ڕووەوە لەوەی پێشوو جیاواز بوو، بۆیە ئەو جیاوازییانەم لە نزیکەوە هەست پێ دەکرد و دەبووایە ڕووبەڕوویان ببمەوە. بەگشتی لاوانی ئەو گەڕەکە لە بواری هونەر، وەرزش، خوێندنەوە و زۆری دیکەدا چالاک بوون، بەڵام سیاسەت خاڵی هاوبەشی هەمووان بوو. بە دەگمەن لەوێدا گەنجت دەبینی چ ڕاستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ پێوەندیی بە حزب و ڕێکخراوێکەوە نەبێت. ئەگەرچی پێشتر بەشێکیانم دەناسی، کە هەر لەبەر ئەوانیش بوو ماڵمان هێنایە ئەوێ، بەڵام لەو کاتەوە دەمتوانی زیاتر لێیانەوە نزیک بم. (هۆشەنگ وەزیری)، (سائیب ئەکرەم)، (دلێر خدر) و زۆری دیکە لە گەنجە هۆشیارەکانی ئەو گەڕەکە بوون. لە پارکی (ڕووناکی)دا کۆ دەبووینەوە و بەردەوام گفتوگۆمان دەکرد.
له پۆلی شه‌شه‌مدا هۆبەی قوتابییه یاخییه‌کان جوودا کرایه‌وه، که به (موشاغیبهکان) ناسرا بوون. ناوی من یه‌که‌م، ناوی (فرسه‌ت ڕۆژبه‌یانی) دووه‌م و هیی (دڵشاد مه‌جید)ی نووسه‌ر سێیه‌م. پارادۆکس ئه‌وه بوو له‌و پۆله‌ی ئێمه‌دا زیاترین کتێب ده‌خوێنرایه‌وه و زۆرترین گفتوگۆ له‌باره‌ی ئه‌ده‌ب، هونه‌ر، فه‌لسه‌فه و بواری دیکه‌وه ده‌کرا. لانی که‌م نۆ که‌سمان کارمان له ڕێکخستنه‌کانی شاردا ده‌کرد. ئه‌و سێیهیشمان هه‌وڵی نووسینمان ده‌دا. ئێواران یان له کازینۆی (دڵزار)، یان له (باکوور) و یانیش له (له‌یالی)دا یه‌کمان ده‌گرته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی سه‌رمان له کتێبخانه‌کان و کتێبفرۆشه گه‌ڕۆکه‌کان ده‌دا و چه‌ند کتێبێکمان ده‌کڕی. گفتوگۆمان ده‌کرد و ده‌مانویست هه‌موو ئه‌و شتانه له‌سه‌ر ئه‌و مێزه‌دا هه‌ڵبڕێژین، که خوێندبوومانه‌وه.
له قۆناغی ئاماده‌ییدا بایه‌خم زۆر به‌وه ده‌دا بیرۆکه‌ی قووڵ له شێوه‌ی گوته‌ی نه‌سته‌ق و کاریگه‌ر دابڕێژم، که له‌سه‌ر ته‌خته‌ڕه‌ش و له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می کتێبه‌کانمدا ده‌منووسین. ئه‌مه نموونه‌یه‌کیانه: ((به منداڵی ده‌مگوت ته‌نیا له‌به‌ر شتێک ئاوێنه‌م خۆش ناوێت، چونکه له به‌رانبه‌ر هه‌ر که‌سێکدا بوه‌ستێت، ده‌بێته ئه‌و، به‌ڵام ئێستا گه‌وره‌م و ته‌نیا له‌به‌ر شتێک خۆمم خۆش ده‌وێت، که له به‌رانبه‌ر هه‌موو دنیایشدا بوه‌ستم، هه‌ر خۆمم)). جاروبار ئه‌و گوتانه‌م تێهه‌ڵكێشی بۆچوونه‌کانم ده‌کرد، که ئێستا هه‌ندێک پێکه‌نینم به خۆمی ئه‌وده‌م دێت.
له پێشه‌وه گوتم له پشووی نێوان وانه‌کاندا کاسێتی سروود و گۆرانییه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان له ژووری به‌ڕێوه‌به‌ره‌وه په‌خش ده‌کرا و هه‌ڵپه‌ڕکێ به جلوبه‌رگی کوردی و سیمبۆڵی ئازادییه‌وه ده‌ستی پێ ده‌کرد. هاوڕێیان زۆر هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ دام فێری هه‌ڵپه‌ڕکێ ببم و سه‌ری نه‌گرت. بۆم ده‌رکه‌وت هه‌ر هونه‌رێک پێوه‌ندیی به جه‌سته‌وه هه‌بێت، بۆ من زه‌حمه‌ته، چونکه فێری مهلهیش نه‌ده‌بووم. خه‌ونم به یاریی فوتبهڵهوه ده‌بینی و ئاره‌زووی گه‌رمم بۆی هه‌بوو، که‌چی نه‌ده‌بوومه یاریکه‌رێکی باش. بۆم ده‌رکه‌وت خه‌یاڵ به‌سه‌ر ژیانمدا زاڵه. به مانایه‌کی دیکه من که‌سێکم ده‌توانم خه‌یاڵم له جه‌سته‌م زیاتر به کار بهێنم. له ئاماده‌ییدا هه‌ستم کرد ورده‌ورده له شیعر دوور و له چیرۆک نزیک ده‌بمه‌وه. ڕاستتریش وایه بڵێم ورده‌ورده له نووسینی ژیاننامه نزیک ده‌بوومه‌وه، به‌تایبه‌تی کاتێ هه‌ر له چواره‌می ئاماده‌ییدا (گێله‌پیاو)ی (عه‌زیز نه‌سین)م خوێنده‌وه. ئه‌و ڕۆمانه زۆر کاری کرده سه‌رم، چونکه وه‌ک گوتم چه‌ند بڵێی حه‌زم له کۆمیدیا بوو. ده‌مویست لاساییی ئه‌و ڕۆمانه بکه‌مه‌وه و منیش ژیانی خۆم و خه‌ڵکی گه‌ڕه‌که‌که‌م بنووسمه‌وه، که پڕی بوو له دیمه‌نی کۆمیدی. ئه‌و هه‌موو ئازار و مه‌ینه‌ته‌ی له‌و گه‌ڕه‌که‌دا دیبووم، فێری ئه‌وه‌یان کردبووم، که کۆمیدیا ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی تراژیدیایه. شکستی حه‌فتاوپێنج کاریگه‌رییه‌کی زۆر گه‌وره‌ی کردبووه سه‌ر هه‌موومان. به چاوی خۆم حاڵی ئه‌و هاوڕێیانهمم ده‌بینی، که له شاخ گه‌ڕابوونه‌وه، چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرا. هه‌بوون ماڵه‌کانیان له‌لایه‌ن سه‌رۆکجاش و ئه‌منه‌کانه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابوون. هه‌بوون باری داراییان به شێوه‌یه‌ک خراپ بووبوو، که له سێ ژه‌م، ژه‌مێکیان نه‌ده‌خوارد. جارێکیان به‌شێکی زۆری ئه‌و ڕووداوانه‌م وه‌کوو خۆی نووسییه‌وه، به‌ڵام چونکه ئه‌وسا هیچم له هونه‌ری گێڕانه‌وه نه‌ده‌زانی، بۆیه نه‌مده‌توانی وه‌کوو چیرۆکنووسێک مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕووداوانه‌دا بکه‌م. دوایی کاتێک هه‌وڵی نووسینی چیرۆکم دا، ئه‌و خه‌یاڵانه بۆ من یارمه‌تیده‌ری باش بوون. وه‌ک پێشتر گوترا فێربوونی ته‌کنیکی نووسین پێوه‌ندیی به تێگه‌یشتنی مرۆڤه‌وه هه‌یه بۆ ژیان. واته نووسه‌ر به‌پێی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی بۆ خۆی و بۆ ده‌وروبه‌ری هه‌یه‌تی، ته‌کنیک فێر ده‌بێت و دای ده‌هێنێت. هه‌ڵبه‌ستنی چیرۆک هونه‌رێکه له منداڵییه‌وه ناسیومه. به‌سه‌رهاتی سه‌یروسه‌مه‌ره‌م له خه‌یاڵی خۆمدا هه‌ڵده‌به‌ست و بۆ هاوڕێکانمم ده‌گێڕانه‌وه، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی پێبکه‌نن، به‌ڵام به ڕاستی چێژێکی زۆرم ده‌بینی، کاتێک ئه‌وان گوێیان لێ ده‌گرتم و قاقا پێده‌که‌نین. شه‌وان له‌سه‌ر جێگه، پێش خه‌وتن شته‌کانم هه‌ڵده‌به‌ست و به ڕۆژ له کۆڵان و له قوتابخانه‌دا بۆم ده‌گێڕانه‌وه. له پۆلی دووه‌می سه‌ره‌تاییدا له‌گه‌ڵ کوڕێکی هاوپۆلم، که ناوی (ئازاد عه‌بدولغه‌فوور) بوو قهڵهمدادهرێکم به کتێبێکی نوکته گۆڕییه‌وه، که ئه‌و قهڵهمدادهره له شێوه‌ی قاز دروست کرابوو و ناسیاوێکمان به دیاری پێی دابووم. بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌گمه‌ن بوو. کتێبه‌که به‌رگی پێوه نه‌بوو، به‌ڵام بۆ هه‌ر نوکته‌یه‌ک وێنه‌یه‌کی جوانی بۆ کێشرابوو. ئێستایش له بیرمه، کاتێک بۆ شه‌وه‌که‌ی له ماڵه‌وه خوێندمه‌وه، چه‌ندم چێژ لێ بینی. یه‌که‌مین نوکته به‌م شێوه‌یه بوو: (مام هۆمه‌ر) مریشکێکی هه‌بوو. مریشکه‌که هه‌موو ڕۆژێک هێلکه‌یه‌کی بۆ ده‌کرد. ڕۆژێکیان (مام هۆمه‌ر) بیری کرده‌وه مریشکه‌که سه‌ر ببڕێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو هێلکه‌کانی به جارێ ده‌ست بکه‌وێت و ده‌وڵه‌مه‌ند ببێت. ئه‌مه بۆ منێکی منداڵ گه‌وره‌ترین چێژی هه‌بوو. هه‌ر ئه‌و ساڵه (ترش و شیرین)ی (خاڵه ڕه‌جه‌ب)م له ماڵی ماممدا خوێنده‌وه، که هه‌مووی نوکته و به‌سه‌رهاتی سه‌یر بوو. ده‌توانم بڵێم هه‌ر له سه‌ره‌تاوه چیرۆک، به‌سه‌رهات و نوکته زیاتر له شیعر له ڕۆحی منه‌وه نزیک بوون. باوه‌ڕ ناکه‌م باشترین شیعرم بگاته خراپترین چیرۆکم. له‌و کهسانهیشم، که باوه‌ڕیان وایه له چ بوارێک‌دا توانات هه‌بێت، باشتره هه‌ر له‌و بواره‌دا بنووسیت. ئه‌گه‌ر زیاتر به لای چیرۆکه‌وه بووم، مانای وا نییه شیعرم نه‌ده‌خوێنده‌وه. نه‌خێر، هێنده‌ی چیرۆکیش شیعرم ده‌خوێنده‌وه.
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ژیاننامه‌ی خۆم و که‌سانی دیکه‌ی ده‌وروبه‌رم هانیان داوم ڕوو له ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه بکه‌م، به‌ڵام بایه‌خدانم به هونه‌ری نووسین، ڕێگر بووه له‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوانه وه‌کوو خۆیان بنووسمه‌وه. ڕه‌نگه ئه‌و ده‌مه‌ی بیرم له‌وه کردووه‌ته‌وه ژیاننامه بنووسمه‌وه، هه‌رگیز نه‌مزانیبێت ڕۆژگارێک به لای چیرۆک و ڕۆماندا ده‌چم. پێم وایه ژیاننامه به‌وه له چیرۆک و ڕۆمان جوودا ده‌بێته‌وه، که گێڕانه‌وه له ژیاننامه‌دا پابه‌ندی مێژووه، به‌ڵام له چیرۆک و ڕۆماندا بۆ تێکشکاندنی ده‌سته‌ڵاتی مێژووه. لێره‌دا ده‌بێت ئێمه جیاوازییه‌کی گه‌وره له نێوان دوو جۆر له ژیاننامه‌دا بکه‌ین: یه‌که‌میان، ئه‌و ژیاننامه‌یه‌ی، که ڕووداوه‌کان، که‌سه‌کان، سه‌رده‌مه‌کان و شته‌کان وه‌کوو خۆی ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌مه‌یان زیاتر شێوازی نووسینی سیاسه‌تمه‌دار و گهڕیدهکانه. جۆری دووه‌می ژیاننامه، ئه‌وه‌یه، که هه‌موو ڕووداو، کاره‌کته‌ر و ڕه‌گه‌زه‌کانی دیکه تێکه‌ڵی خه‌یاڵ و فانتازیا ده‌کات. بۆیه ئه‌مه‌یان له‌گه‌ڵ چیرۆک و ڕۆماندا جیاوازییه‌کی گه‌وره‌ی نییه، بگره ئه‌مه ده‌بێته به‌شێکی گرنگ له ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه به‌گشتی و ڕۆمان به‌تایبه‌تی. ده‌کرێت لهژیاننامهدا نووسه‌ر باس له کۆمه‌ڵێک ڕووداوی سیاسی و مێژووییش بکات، به‌ڵام له دیدگه‌یه‌کی فراوانتر له‌و دیدگهیهی سیاسه‌تمه‌دارێک هه‌یه‌تی. ئه‌مه‌یش ئه‌وه ده‌سه‌پێنێت نووسه‌ر ئه‌و لایه‌نه شاراوانه بدۆزێته‌وه، که به گرنگ دانانرێن و فه‌رامۆش ده‌کرێن، به‌وه‌ی زمانی ئه‌ده‌ب زمانی ورده‌کاری و ده‌رخستنی نهێنییه‌کانه. دوای ئەوەی کتێبی (منداڵیم بەسەر پەلکەزێڕینەکاندا بازبازێنی دەکرد) وەک هەوڵێک لە بواری ژیاننامەدا نووسرا و بەشی یەکەمی لە سەرەتای ساڵی دووهەزار چاپ کرا، یەک دوو نووسەر لێرە و لەوێ کەوتنە لاساییکردنەوەی، بگرە وا خۆیان ناساند داهێنەری ئەو ژانرە ئەدەبییەن، بەڵام چونکە هەر لە بنەڕەتدا ئەزموونەکە هیی خۆیان نییە، بەڵکوو بە دەربڕینی (هایدیگەر) بە شێوەی کریۆسیتی وەریان گرتووە، ئەوا کاتێ لەو بارەیەوە قسە دەکەن، خوێنەر دەهێننە قاقای پێکەنین. ئەوانە وا لە ئەدەبی ژیاننامە گەیشتوون، گوایە نووسینەوەی ژیانی خۆیانە ڕێک وەک ئەوەی هەیە، لە کاتێکدا من پێم وایە ئەدەبی ژیاننامە بە پلەی یەکەم بریتییە لە دەرخستنی ئەو ئایدیایانەی، کە لە ئەنجامی تێڕوانینی نووسەر بۆ خۆی و بۆ دەوروبەرەوە دروست بوونە. ئایا ئەو تێڕوانینە تا چەند قووڵە و چۆن لە دەربڕیندا ڕەنگی داوەتەوە؟ بە مانایەکی دیکە ئەو زمانەی هاتووەتە کایەوە چەند توانای دەرخستنی شتی نوێی هەیە؟ بوونی ئەو جیاوازییەیە وا دەکات ئەزموونی نووسەر گرنگ بێت و بچێتە بواری نووسینەوە، دەنا ژیاننامەی یەکێک بۆ خوێنەر چ بایەخێکی هەیە، لە کاتێکدا ناتوانێت لەبارەی کارەکەی خۆیەوە چوار دێڕی تۆکمە بنووسێت، بەڵکوو بە زمانی میلـلی چەند شتێکی سادە دەڵێت، کە سادەترین خوێنەر لە پێش ئەوەوە دەیانزانێت؟
هه‌ر زوو بۆم ده‌رکه‌وت ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه له هه‌ر ژانرێکی دیکه زیاتر له دنیای منه‌وه نزیکه، به‌وه‌ی ڕێگه‌م ده‌دات هه‌موو خه‌یاڵ و بیرکردنه‌وه‌کانمی تێدا به کار بهێنم. کاتێ له‌باره‌ی هه‌ر چه‌مکێکه‌وه ده‌مخوێنده‌وه، هه‌ستم ده‌کرد خێرا کاریگه‌رییه‌که‌ی له به‌رهه‌مه‌کانمدا ده‌رده‌که‌وێت، که ئه‌مه وای لێ ده‌کردم هه‌م زیاتر بخوێنمه‌وه و هه‌م زیاتریش بنووسم.(5)
ئه‌و کتێبانه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌مخوێندنه‌وه و هه‌ستم ده‌کرد تێڕوانینم له‌باره‌ی خۆم و دنیاوه ده‌گۆڕن، جۆراوجۆر بوون، به‌ڵام من پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی هاوڕێکانم بایه‌خی یه‌که‌مم به ئه‌ده‌ب ده‌دا، بۆیه شیعر، چیرۆک، شانۆگه‌ری و هیی دیکه‌م له‌وان زیاتر ده‌خوێنده‌وه، که دیاره هه‌ر ئه‌وه‌یش بوو وای کرد به‌رده‌وام ببم. هه‌ندێک کتێبم له‌و سه‌رده‌مه‌دا ناسی، که تێڕوانینیان ته‌واو گۆڕیم. ده‌توانم بڵێم تاکوو ئه‌مڕۆیش کاریگه‌رییان لام ماوه. ڕۆمانه‌کانی (دیکینز) و (مارک توهین) به نموونه. زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی (دیکینز)م به زمانی عه‌ره‌بی خوێنده‌وه. (سه‌رکێشییه‌کانی تۆم سۆیه‌ر)ی (مارک توهین)م له ته‌مه‌نێکدا ناسی، که خۆم حه‌زم له سه‌رکێشی بوو. (ماهیر نه‌سیم) وه‌ری گێڕاوه و له ساڵی 1963دا چاپ کراوه. (توم سویر، قصه حیاة طفل: تۆم سۆیه‌ر، ژیاننامه‌ی منداڵێک). ئه‌وانه به بڕوای من ده‌چنه ڕیزی ئه‌ده‌بی لاوانه‌وه. له پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌ییدا به‌رهه‌مه‌کانی (دۆیستۆیڤسکی)م ناسی، به‌تایبه‌تی (تاوان و سزا)، که ده‌توانم بڵێم ئه‌و ڕۆمانه ژیانمی سه‌رتاپێ گۆڕی. هه‌روه‌ها (کێیسی سه‌یری دۆکتۆر جیکڵ و میسته‌ر هاید)ی (ڕۆبێرت لویس ستیڤنسن)م هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا خوێنده‌وه، که یه‌کێکه له تێکسته گه‌وره‌کانی جیهان. بیرۆکه‌ی ئه‌و ڕۆمانه هه‌ژاندمی، که چۆن دۆکتۆرێک ده‌رمانێک ده‌دۆزێته‌وه و ده‌یخوات، بۆ ئه‌وه‌ی جارێک پیاوێکی که‌ته‌ی زل بێت و جارێک کورته‌بنه‌یه‌کی قه‌مبوور. یه‌که‌میان مرۆڤێکی چاکه، ناوی (دۆکتۆر جیکڵ)ـه و ئه‌وه‌ی دیکه‌یان شه‌ڕانییه و به (هاید) ناسراوه. ئه‌مه وای لێ کردم هێنده‌ی به دوای لایه‌نی خراپه‌ی کاره‌کته‌ردا بگه‌ڕێم، هێنده گوێ نه‌ده‌مه لایه‌نی چاکه‌ی، چونکه چاکه شتێکی ساخته‌یه. مرۆڤ بۆیه ده‌یه‌وێت چاک بێت، تاکوو لایه‌نه ڕاسته‌قینه‌که‌ی بشارێته‌وه، که خراپه‌یه. ئه‌و ڕۆمانه‌م له پاڵ کۆمه‌ڵێک ڕۆمانی دیکه‌ی جیهانی له قۆناغی یه‌که‌می زانکۆ‌دا خوێنده‌وه، که نموونه‌یه‌کی دیاری ئه‌ده‌بی لاوانه. یه‌کێک له‌و ڕۆمانانه‌ی ئه‌وده‌م پێیان ئاشنا بووم، (کاتژمێر بیستوپێنج)ی (کۆنسته‌نتین جۆرجیۆ)یه. به هۆی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆمانه‌وه تاقیکردنه‌وه‌یه‌کم له ده‌ست چوو. هه‌ر ئه‌و ساڵه بۆ یه‌که‌مجار ڕۆمانه‌کانی (مارکیز)م ناسی. یه‌که‌م ڕۆمانی ئه‌و (شه‌وانی خۆشه‌ویستی و ترس: لیالی الحب والرعب) بوو، که له بڵاوکراوه‌کانی (دار الهلال)ی میسرییه. له ژووری ماڵی قوتابییاندا خوێندمه‌وه، که ده‌یڕوانییه ناو باخی که‌نیسه‌یه‌که‌وه. هه‌ستم ده‌کرد هه‌مان ئێتمۆسفێری ڕۆمانه‌که‌یه. پێشتر به‌شێکی به‌رهه‌مه‌کانی (دۆیستۆیڤسکی)، (گۆگۆڵ)، (تۆرجنیڤ)، (چیخۆڤ) و هیی کۆمه‌ڵێک نووسه‌ری دیکه‌م خوێندبووه‌وه. هه‌ر زۆر زوو هه‌ستم کرد (کامیۆ) چه‌ند بڵێی تایبه‌ته. (سارته‌ر) به هه‌موو گه‌وره‌ییی خۆی نه‌یده‌توانی هێنده‌ی ئه‌و بۆ خۆیم ڕابکێشێت. ئه‌گه‌رچی (کۆڵن وڵسن) ئه‌وده‌م زۆرترین خوێنه‌ری هه‌بوو، به‌ڵام من هه‌ر زوو تاقه‌تم لێی چوو. له قۆناغی زانکۆ‌دا ئێتمۆسفێری ڕۆمانه‌کانی (جیمس جۆیس) سه‌رنجی ڕاده‌کێشام، بگره پێی ده‌گوتم بۆچی تۆیش خۆت له سه‌رکێشییه‌کی گه‌وره ناده‌یت؟ (کافکا) ترساندمی، که پێم وایه (قووڵی) هه‌میشه له‌گه‌ڵ خۆیدا (ترس) ده‌هێنێت. شیعری (پۆشکین)، (مایکۆڤسکی)، (لویس ئاراگۆن)، (پۆل ئیلوارد)، (لۆرکا)، (ئیلیه‌ت)، (پاوه‌ند) و ئه‌وانه‌ی دیکه له ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه که‌متر کاریان تێ نه‌ده‌کردم. له پاڵ ئه‌وانه‌دا به‌رهه‌مه‌کانی (مارکس)، (نیتشه)، (فرۆید) و ئه‌وانه‌ی ترم ده‌خوێنده‌وه. بێگومان ئه‌وانه‌ی (لەنین)یش، به‌وه‌ی کۆمۆنیست بووم. کتێبی (ترس و ڕاچه‌نین)ی (سۆرێن کیه‌کاگۆرد: Søren Kierkegård)م له یه‌کێ له کتێبخانه‌کانی مووسڵدا کڕی، که وام زانی ڕۆمانه، چونکێ له سه‌ره‌تادا ئه‌مه‌م خوێنده‌وه: (هه‌بوو نه‌بوو مرۆڤێک هه‌بوو، به منداڵی گوێی له چیرۆکێکی خۆش ده‌گرت). دوای ئه‌وه چیرۆکی (ئه‌براهام) ده‌گێڕێته‌وه و لێی ده‌کۆڵێته‌وه، که چۆن ویستوویه‌تی (ئیسحاق)ی کوڕی سه‌ر ببڕێت. کتێبه‌که به عه‌ره‌بی ناوی (خوف ورعده)یه و (فوئاد کامل) وه‌ری گێڕاوه. له شێوه‌ی بیره‌وه‌ریدا نووسیویه‌تی، به‌ڵام شێوازێکی زۆر تایبه‌تی پێڕۆیی کردووه. پێشتر ده‌مزانی (کیه‌کاگۆرد) فیلۆسۆفه، یان لانی که‌م تیۆلۆجن (Theologian)ـه و به دامه‌زرێنه‌ری ڕێبازی ئێکزیزتانشیلیزم داده‌نرێت، به تایبه‌تی له کتێبی (لێکۆڵینه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئێکزیزتانشیلیزم: دراسات فی الفلسفه الوجودیه)ی (عه‌بدولڕه‌حمان به‌ده‌وی)دا خوێندبوومه‌وه، که به‌شێکی زۆری بۆ ئه‌و ته‌رخان کردووه. ئه‌و ڕۆژگاره له پاڵ مارکسیزمدا فه‌لسه‌فه‌ی ئێکزیزتانشیلیزمیش له‌ناو گه‌نجاندا بایه‌خی پێ ده‌درا، به‌تایبه‌تی به‌رهه‌مه‌کانی (سارته‌ر) و (کامیۆ)، بۆیه ئه‌و کتێبه‌ی (به‌ده‌وی) له (ئاماده‌ییی ڕزگاری)دا ئه‌م ده‌ست و ئه‌و ده‌ستی ده‌کرد. ڕاستییه‌که‌ی به شێوازێکی ئاسان ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ی ده‌ناساند.
هه‌میشه باوه‌ڕم وا بووه جیاوازیی نێوان نووسه‌ری ئه‌ده‌بی و فیلۆسۆف ئه‌وه‌یه، که یه‌که‌میان دوو ئه‌رک و دووه‌میان یه‌ک ئه‌رکی له ئه‌ستۆیه. واته کاری فیلۆسۆف فه‌لسه‌فه‌یه، به‌ڵام هیی نووسه‌ری ئه‌ده‌بی پێکڕا ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه‌یه، بۆیه ئاسان نییه مرۆڤ ببێته نووسه‌ری ئه‌ده‌بی، له کاتێکدا نووسینی ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه لای ئێمه هێنده ئاسان کراوه‌ته‌وه، به ڕاده‌یه‌ک هه‌ر کاتی بته‌وێت، ده‌توانیت ده‌ستی بۆ ببه‌یت. ئه‌ده‌ب توانای تێکشکاندنی هه‌موو ئه‌و حه‌قیقه‌تانه‌ی هه‌یه، که فه‌لسه‌فه و زانست دوای هه‌وڵی زۆر پێیان گه‌یشتوون. ئه‌ده‌ب به‌وه ده‌ناسرێته‌وه ڕێگه نادات هیچ حه‌قیقه‌تێک ته‌مه‌نی درێژ بێت، به‌ڵکوو خێرا تێکی ده‌شکێنێت، با ئه‌و حه‌قیقه‌ته هیی خۆیشی بێت، مادام ته‌نیا دوای تێکشکانی، ئینجا ورده‌کارییه‌کانی ده‌رده‌که‌وێت. به‌م جۆره تێکستی ئه‌ده‌بی کاتێ فۆرمی جیاوازی خۆی وه‌رده‌گرێت، که شته گه‌وره‌کان بۆ پارچه‌ی وردورد ده‌گۆڕێت، به ڕاده‌یه‌ک بۆ هه‌ر پارچه‌یه‌ک سه‌ربه‌خۆیی فه‌راهه‌م ده‌کات، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مه ببێته هۆی بچڕانی ئه‌و پێوه‌ندییه شاراوه‌ی نێوانیان، که لێره‌دا گرنگیی مێتافۆر و ڕێتۆریک (مه‌جاز و ڕه‌وانبێژی) ده‌رده‌که‌وێت، به‌وه‌ی زمانی ئه‌ده‌ب زمانێکه پڕه له پرۆبله‌ماتیک و ئیمبیگویتی، زمانێکه ڕێگه‌ت نادات ته‌نیا به یه‌ک ئاڕاسته‌دا بیخوێنیته‌وه. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌و تێگه‌یشتنه وای لێ ده‌کردم له ڕاسته‌وخۆیی دوور بکه‌مه‌وه، به‌ڵکوو هه‌میشه هه‌وڵ بده‌م ماناکان بشارمه‌وه و له ڕێگه‌ی ئاماژه‌وه بیانگه‌یه‌نم. منداڵێکی بزێوم ده‌هێنایه به‌رچاوم، که دایکی له‌گه‌ڵ خۆی بۆ لای پووری ده‌بات، چونکه تازه منداڵێکی بووه و ئه‌و کۆرپه‌یه گوێچکه‌ی نییه. دایکی ئامۆژگاریی ده‌کات، که به هیچ شێوه‌یه‌ک ناوی گوێچکه نه‌هێنێت، نه‌بادا دڵی پووری ئازاری پێ بگات. ئه‌ویش به‌ڵێنی پێ ده‌دات به لای ئه‌و وشه‌یه‌دا نه‌چێت. له‌وێ به پووری ده‌ڵێت: ((له ئێستاوه گوێزه‌ری بده‌رێ! ڕاسته هێشتا ددانی ده‌ر نه‌کردووه، به‌ڵام خۆ ده‌توانیت بۆی بکه‌یته شه‌ربه‌ت. گوێزه‌ر چاوی تیژ ده‌کات. ئه‌گه‌ر چاوی کز ببێت، پێویسته چاویلکه‌ی بۆ بکرێت. ئه‌وه‌یش قه‌یدی ناکات. ڕۆژانه زۆر که‌س ده‌بینین چاویلکه‌یان هه‌یه، به‌ڵام پێم ناڵێت ئه‌م منداڵه‌ی تۆ چۆن بیکاته چاوی؟)).
له‌و سه‌رده‌مه‌ی ده‌ستم به نووسین کردبوو، گفتوگۆ له‌باره‌ی شێوه و ناوه‌رۆکه‌وه زۆر گه‌رم بوو، به‌ڵام هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌و دووانه‌م وه‌ک یه‌ک ده‌بینی. پێم وا بوو ناوه‌رۆک شێوه‌یه و شێوه ناوه‌رۆکه. به مانایه‌کی دروستتر، له ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا شتێک نییه به ناوی شێوه، یان ناوه‌رۆک، به‌ڵکوو هه‌ردووکیان وه‌ک ئێسقان و گۆشتی کۆرپه‌له به هاوڕێکی په‌یدا ده‌بن و گه‌شه ده‌که‌ن. ئه‌میان ناکه‌وێته پێش ئه‌وه‌ی دیکه‌یانه‌وه. لێره‌دا تێکستێکمان هه‌یه، قووڵه، چونکه کاری وردی تێدا کراوه و نووسه‌ره‌که‌ی خاوه‌نی دیدگه‌یه‌کی قووڵه، به‌ڵام له‌وێدا تێکستێکی ساده ده‌بینین، به‌وه‌ی نووسه‌ره‌که‌ی سنووری تێگه‌یشتنی ڕۆژانه‌ی تێنه‌په‌ڕاندووه. به‌م شێوه‌یه له یه‌که‌میاندا ته‌کنیکی گه‌وره و زمانی چڕمان هه‌ن، ده‌نا هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه نه‌ده‌بووه تێکستێکی قووڵ، له کاتێکدا ئه‌وه‌ی دووه‌میان مادام ساده‌یه، که‌واته ته‌کنیکی گه‌وره‌ی تێدا به کار نه‌هاتووه و زمانه‌که‌ی ساکاره. فێربوونی ته‌کنیکی نووسین پێوه‌ندیی به تێگه‌یشتنی مرۆڤه‌وه هه‌یه بۆ ژیان. واته نووسه‌ر به‌پێی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی بۆ خۆی و بۆ ده‌وروبه‌ری هه‌یه‌تی، ته‌کنیک فێر ده‌بێت و دای ده‌هێنێت. دواتر بۆم ده‌رکه‌وت ڕه‌خنه‌گری ئه‌مه‌ریکی (کلینت برۆکس: Cleanth Brooks) له‌باره‌ی شێوه و ناوه‌رۆکه‌وه دواوه و ڕه‌خنه‌ی توند ئاڕاسته‌ی ئه‌وانه ده‌کات، پێیان وایه ئه‌ده‌ب بیرۆکه‌ی دیاریکراو له خۆی ده‌گرێت. بۆ نموونه ده‌ڵێن فڵان تێکست باشه، به‌ڵام ناوه‌رۆکه‌که‌ی هیچ نییه، یان دێن بابه‌تێک کورت ده‌که‌نه‌وه و ده‌ڵین ئه‌و چیرۆکه، یان ئه‌و شیعره باس له‌مه ده‌کات و ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته. له‌م شیعره‌دا هه‌ژاری چاره‌سه‌ر ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌و شانۆییه له چاره‌سه‌رکردنی گرفتی پێکه‌وه‌ژیان و ته‌ڵاقدا کورتی هێناوه. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وانه ئه‌ده‌ب به زانست تێگه‌یشتوون. به‌کورتی (برۆکس) باوه‌ڕی وایه شێوه و ناوه‌رۆک دوو چه‌مکن، که ڕه‌خنه‌گره ساده‌کان به‌و مه‌به‌سته په‌نایان بۆ ده‌به‌ن، تاکوو پرۆسێسی لێکدانه‌وه‌ی تێکست ئاسان بکه‌نه‌وه، ده‌نا هه‌ردووکیان یه‌کێکن. یه‌که‌مجار له کتێبی (موسوعه أدباء امریکا)ی (د. نبیل راغب)دا (برۆکس)م ناسی، که له دوو به‌ش پێک دێت. ئه‌و کتێبه بۆ من و هاوڕێکانم یه‌کێ بوو له سه‌رچاوه گرنگه‌کان.
لای ئێمه ئه‌م دۆخه تاکوو ئه‌مڕۆیش به‌رده‌وامه، که ڕه‌خنه‌گری دیمۆتیک ڕۆمانێکی گه‌وره ته‌نیا له‌به‌ر وشه‌یه‌ک ڕه‌ت ده‌کاته‌وه، که خۆی پێی وایه هه‌ڵه‌یه، بێ ئه‌وه‌ی باس له‌وه بکات بۆچی هه‌ڵه‌یه. له ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکاندا ڕه‌خنه‌گرێک له‌باره‌ی به‌رهه‌می نووسه‌رێکه‌وه هه‌ندێک شتی نووسیبوو، که چ من و چ هاوڕێکانم به هه‌موو ساده‌ییی خۆمانه‌وه قاقامان لێ ده‌دا. له منیان پرسی: ئه‌مه چۆن لێک ده‌ده‌یته‌وه؟ گوتم: ئه‌کته‌رێک له فیلمێکدا به‌شداری ده‌کات و ڕۆڵی که‌سێک ده‌بینێت، که ئه‌و که‌سه ده‌ستێکی قرتاوه. هه‌ر ئه‌و ئه‌کته‌ره له فیلمێکی دیکه‌دا ده‌رده‌که‌وێته‌وه و ڕۆڵی که‌سێکی دیکه ده‌بینێت، که سێ ده‌ستی هه‌ن. ڕه‌خنه‌گرێک ڕه‌خنه له فیلمی یه‌که‌م ده‌گرێت و هه‌موو ڕهخنهکهیشی ئه‌وه‌یه، که ئه‌کته‌ره‌که به ڕاستی ده‌ستی نه‌بڕاوه‌ته‌وه. به‌ڵگه‌ی چییه؟ له فیلمی دواتردا نه‌ک دوو ده‌ست، به‌ڵکوو سێیانی هه‌ن. هه‌رگیز به لای ئه‌وه‌دا ناچێت، که ئه‌کته‌ر کاری ئه‌وه‌یه ئاکتی که‌سانی دیکه بکات و مه‌رج نییه ڕووداوه‌کان ڕاسته‌قینه بن. ئاخر ئه‌گه‌ر ئه‌کته‌رێک بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵی که‌سێک ببینێت ده‌ستی بڕابێته‌وه، پێویسته به ڕاستی ده‌ستی ببڕێته‌وه و له‌وه‌ی دیکه‌یشیان قاچێکی لێ بکرێته‌وه، به‌شی چه‌ند فیلم ده‌کات؟ هه‌ر کاتێ ده‌زانیت یه‌ک ئه‌ندامی له‌شی نه‌ماوه. هه‌ر به‌م شێوه‌یه ڕه‌خنه‌گر فیلمی دووه‌میشی به خراپ ده‌زانێت، بگره ده‌ڵێت سه‌رجه‌م کاره‌کانی لاوازن، مادام بۆی ده‌رکه‌وتووه و به‌ڵگه‌ی هه‌یه به ڕاستی ده‌ستی نه‌بڕاوه‌ته‌وه. ئه‌مڕۆ پێم وایه ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گری میلـلی بۆیه هێنده لاوازه، چونکه پشت به به‌ڵگه ده‌به‌ستێت. پێویسته جیاوازی له نێوان لۆژیک و به‌ڵگه‌دا بکه‌ین، که دوو شتی ته‌واو له یه‌کدی جیاوازن. کاتێ ده‌ڵێین لۆژیک، مه‌به‌ستمان له لۆژیکی ناوه‌وه‌ی تێکست خۆیه‌تی، نه‌وه‌ک لۆژیکێکی دیکه. له بڕیاری ڕه‌خنه‌گری میلـلیدا ئه‌وه‌ی زیانی پێ ناگات، تێکستی ساده‌یه، چونکه ئه‌و تێکسته هه‌مان زمان و تێگه‌یشتنی ڕۆژانه‌ی هه‌یه. به‌ڵگه‌ی زۆری هه‌ن، که له واقیع نزیکه، بگره هه‌ر خۆی به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان لاساییکردنەوەی واقیعه. سه‌یر نییه ڕه‌خنه‌گری میلـلی هێنده به‌و تێکستانه سه‌رسامه، که سه‌ری لێیان ده‌رده‌چێت. شته‌که له‌گه‌ڵ تێکستی قووڵدا ته‌واو جیاوازه. بۆ ئه‌وه‌ی تێکستێک وه‌ک قه‌واره‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ و جیاواز پێک بێت، پێویستی به‌وه‌یه مه‌ودایه‌کی فراوان له نێوان خۆی و ئه‌و واقیعه‌دا بخوڵقێنێت، که له ناویدا پێ گه‌یشتووه. ئه‌مه وا ده‌کات خوێنه‌ر ڕێگه به خۆی نه‌دات به هه‌مان پێوه‌ری واقیع بیخوێنێته‌وه، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی کۆده‌کانی بدات و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی بناسێته‌وه. ڕه‌خنه‌گری میلـلی کاری ئاوای له ده‌ست نایه‌ت، بۆیه په‌نا بۆ بڕیار ده‌بات و به چه‌ند وشه‌یه‌کی حازربه‌ده‌ست ده‌یسڕێته‌وه. پێشتر به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له‌وه دواوم و ڕه‌نگه له ئایینده‌یشدا بۆی بگه‌ڕێمه‌وه. ئێستا هێنده ده‌ڵێم من ئه‌مڕۆ له سه‌رتاپێی ئه‌و جۆره ڕه‌خنه‌یه‌ی کوردی‌دا یه‌ک ناو نادۆزمه‌وه چوار دێڕی به‌که‌ڵکی نووسیبێت. له‌م ڕووه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌ک دووانێکیاندا گفتوگۆم کردووه و لێم پرسیون، ئاخۆ مه‌به‌ستیان له‌م چه‌مک و له‌و چه‌مک چییه، که به کاریان هێناون و کۆنتێکسته‌کانیان له کوێن، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه وه‌ڵام بده‌نه‌وه، بگره خۆیان له پرسیاره‌کانم دزیوه‌ته‌وه، چونکه ده‌زانن ئه‌و چه‌مکانه‌یان له ده‌ستی چواره‌م و پێنجه‌مه‌وه وه‌رگرتووه و کۆنتێکسته‌کانیان ناناسن.
ساڵی هه‌شتاوپێنج له مێژووی ژیانمدا زۆر تایبه‌ته، که چیرۆکێکیشم له ژێر ئه‌و ناونیشانه‌دا نووسیوه و ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵه‌ی (مناره‌ی ئاوه‌دانی)یه. گه‌لێجار دەڵێم مێژووی خوێندنەوە لای من لەو ساڵه‌دا دەست پێ دەکات، چونکه بۆ یەکەمجار فێر بووم لە کاتی خوێندنەوەدا قەڵەمێک بە دەستەوە بگرم و بەردەوام سەرنجەکان لای خۆم بنووسم. له‌و ساڵه‌دا له ڕووم هات دووان له چیرۆکه‌کانم پێشانی کۆمه‌ڵێک هاوڕێ بده‌م. هه‌ر ئه‌و ساڵه‌یش له زانکۆ وه‌رگیرام و قۆناغێکی دیکه‌ی نوێ له ژیانمدا ده‌ستی پێ کرد، به‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک هاوڕێی ئه‌ده‌بدۆستی دیکه‌م ناسین. وه‌ک پێشتر گوتوومه له مووسڵ به‌رده‌وام ده‌منووسی، به‌ڵام کێشه‌م ئه‌وه بوو ده‌ستوخه‌تم ناخۆش بوو و زوو لێی بێزار ده‌بووم، بۆیه زۆربه‌یانم بۆ ته‌واو نه‌ده‌کران. بۆ (عه‌زیز حه‌سه‌ن مه‌ولان)ی هاوڕێمم ده‌خوێندنه‌وه، یان بۆم ده‌گێڕانه‌وه، که وه‌ک پێشتر گوتوومه هه‌میشه پێکه‌وه بووین و به‌رده‌وام ده‌مانخوێنده‌وه. هه‌ندێجار له‌ناو بووسدا کۆمه‌ڵێک سه‌رنجم ده‌نووسین، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر به کاریان بهێنم. ڕاستییه‌که‌ی بۆ یه‌که‌مجار له ساڵی (1995)دا به هۆی (هه‌ڵکه‌وت عه‌بدولـڵا)وه کۆمپیوته‌رم له نزیکه‌وه ناسی و که‌وتمه تایپکردنی به‌شێکی زۆری ئه‌و ده‌ستنووسانه‌ی لام بوون. هه‌ر ئه‌وده‌م ده‌ستم دایه نووسینی چیرۆکی (ئه‌سپیدیلۆن)، که پێشتر هه‌رگیز چیرۆکی هێنده درێژم نه‌نووسیبوو. ده‌توانم بڵێم له ماوه‌ی بیستوچوار سەعاتدا ته‌واوم کرد، که ئه‌و ئه‌زموونه له ژیانمدا زۆر تایبه‌ته و له‌وانه‌یه ڕۆژگارێک به جیاواز باسی بکه‌م. به چیرۆکی (خێو)یشدا چوومه‌وه و به شێوازێکی دیکه دام ڕشته‌وه، که له ڕووداوێکی ڕاسته‌قینه‌ی زانکۆی مووسڵم وه‌رگرتبوو. کردمه یه‌کێک له ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌ی (ئه‌سپیدیلۆن)، چونکه له‌گه‌ڵ ئێتمۆسفێری ئه‌و چیرۆکانه‌دا ڕێک ده‌که‌وت. هه‌روه‌ها کاتێ به چیرۆکی (مه‌رگ له‌سه‌ر شێوازی شیعر)دا چوومه‌وه، ڕۆمانی (ئای له‌ڤیلیا له‌ڤیلیا!) و چیرۆکی (کارگه‌ی بووکه‌شووشه) له دایک بوون. مه‌به‌ستم نییه باسی ئه‌زموونی دوای ڕاپه‌ڕینم بکه‌م، به‌ڵکوو ته‌نیا ویستم ئاماژه به ڕۆڵی کۆمپیوته‌ر بده‌م له‌وه‌ی چۆن نه‌ک هه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی پێشوومی له فه‌وتان ڕزگار کرد، به‌ڵکوو توانای ئه‌وه‌یشی پێ دام خێراتر له پێشوو بنووسم. هه‌میشه گوتوومه نووسین به کۆمپیوته‌ر ئه‌و هه‌سته‌م ده‌داتێ به گیانێکی دۆنکیشۆتانه له به‌رانبه‌ر دهعبایهکدا بجه‌نگم، که وا ده‌زانم مه‌مله‌که‌تی بیرکردنه‌وه‌می داگیر کردووه و ده‌مه‌وێت لێی بستێنمه‌وه. ئینجا چونكێ هه‌رگیز ئه‌و شه‌ڕه نابه‌مه‌وه، بۆیه ئه‌و تێکشکانه ڕێگه‌م لێ ده‌گرێت بگه‌مه خاڵی کۆتایی. که‌واته هه‌ر ڕۆژێک شه‌ڕێکی نوێ ده‌ست پێ ده‌که‌مه‌وه. قه‌ڵه‌م وا نه‌بوو. هه‌ستم ده‌کرد به‌شێکه له خۆم، بگره وام ده‌زانی یه‌کێکه له په‌نجه‌کانم، بۆیه شه‌ڕه‌که‌یش مانایه‌کی دیکه‌ی جیاوازی ده‌گه‌یاند.
هەر لە ساڵی هەشتاوپێنجدا شاری سلێمانیم لە نزیکەوە ناسی، کە پێشتر تەنیا بە سەفەر بۆی چووبووم، بەڵام نایشارمەوە لە منداڵییەوە ئەو شارە سەرنجی ڕاکێشاوم. ڕەنگە هۆکاری یەکەمی ئەو سەرسامییەم، کتێبی (ئەلفوبێی باڵدار) بووبێت، کە هەم فێری دیالێکتی سلێمانیی کردم و هەم وێنەیەکی ئەو شارەی خستە بەرچاوم. ڕاستە لەو کتێبەدا بە یەک وشەیش باسی سلێمانی نەکراوە، بەڵام من وام دەزانی هەموو کارەکتەرەکان هیی ئەوێن. دەشێ هۆکاری دووەم، بەرهەمی هونەری بووبێت، بەوەی هەمیشە پێوەندیم بە هونەرەوە هەبووە. لە ڕێگەی هاوڕێیانی زانکۆوە چوومە ناو کونوکەلەبەری ئەو شارەوە، بۆیە هەر زوو لە چیرۆکی (مەرگ لەسەر شێوازی شیعر)دا ڕەنگی دایەوە، کە لە قۆناغی یەکەمی خوێندنی کۆلیژمدا نووسراوە. من هەمیشە ئەو تێگەیشتنە زۆر بە سادە و هەژار دەزانم، کە لەسەر ئەم سێ که‌سته‌ک (تۆپەڵەقوڕی وشک)ـە دامەزراوە: یەکەم، شارێک لە هەموو ڕووێکەوە لە شارێکی دیکە جیاوازە... دووەم، سەرجەم ئەوانەی لەناو سنووری ئەو شارەدان، وەک یەک وان... سێیەم، ئەو دۆخە ئەزەلییە و بۆ هەتاهەتایە، بەڵام پێم وایە هەر شارە و خاوەنی چەند خەسڵەتێکی تایبەتی خۆیەتی، کە ئەو خەسڵەتانە بۆ ماوەیەک دەردەکەون و کاریگەری جێ دەهێڵن. من شانازی بە هیچ شتێکەوە ناکەم، مادام لە لایەک وەک (نیتشە) پێی وایە هەموو شتێک ڕابوردووە و دەبێت تێبپەڕێنرێت، لە لایەکی دیکەیش شتێک نییە لەم گەردوونەدا لەسەر دژایەتی دانەمەزرابێت، کە ئەو دژایەتییانە درەنگ یان زوو وەک (دێریدا) پێی لەسەر دادەگرێت هەڵدەوەشێنەوە و دۆخی ئەو ماتریاڵە دەگۆڕن. بەم شێوەیە شانازی بە شوێنێکەوە هەر ناکەم، کە دوور لە ویستی خۆم تێیدا هاتوومەتە دنیاوە، بەڵام بێگومان گرنگیی ئەو ڕابوردووە لەوەدا دەبینم چیی لام جێ هێشتووە و چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکەم. بە مانایەکی دیکە چۆنی تێدەپەڕێنم. دوور لە خواستی خۆم لە هەولێر لە دایک بووم، بەڵام بە ویستی خۆم چوومە سلێمانی، بۆیە هەردووکیان ڕابوردووی منن و شانازییان پێوە ناکەم، بگرە دەمەوێت مێتافیزیکییانە تێکیان بشکێنم. هەر قسەکردنێک لەبارەیانەوە، قسەکردنە لەبارەی بەشێکی ڕابوردوومەوە. بەڵێ، زوو جیاوازیی نێوان دانیشتووانی سلێمانی و هیی هەولێرم بە هاوڕێکانم گوت: ((خەڵکی سلێمانی پێت دەڵێن: مەیەرە شارەکەم، لە ماڵەکەماندا چی دەکەیت، بیکە، لە کاتێکدا هەولێرییەکان پێت دەڵێن: لە ماڵەکەم نزیک مەبەرەوە، بەڵام شارەکە بۆ خۆت!)). هەموو ئەوانەی دەچنە هەولێر، خێرا ئەوەیان بۆ دەردەکەوێت، کە لەو شارەدا نەک نامۆ نین، بەڵکوو دەکرێت خۆیان ببنە خاوەنی، بەڵام لێرەدا شتێک نابینن، ئەویش ئەوەیە، کە ئەمە نیشانەی کرانەوە نییە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە نیشانەی داخراوییە. هەر تاک و گرووپێکی دەرەوە دەتوانێت ببێتە بەڕێوەبەری ئەو شارە، بێ ئەوەی نەک هەر ڕووبەڕووی ناڕەزایی ببێتەوە، بەڵکوو وایش هەست بکات چاکەی گەورەی لەگەڵدا کردوون، بە چاوپۆشین لەوەی چۆنی بە ڕێوە دەبات. هەر ئەمەیشە وا دەکات لەو شارەدا ناڕەزایی نەبێت، یان کەم بێت، بەتایبەتی لە دوای ڕاپەڕینەوە، وردتر لەو کاتەوە کەسە یاخییەکانی ئەو شارە ڕاو نران و دەربەدەر کران. دەی، با ئەو تاک و گرووپانە لە ماڵەکەی نزیک ببنەوە، بزانن بە هەمان شێوە بێدەنگ دەبێت! زۆرترین شەڕ و پێکدادانی هەولێرییەکان پێوەندییان بە ماڵەوە هەیە، بۆیە شەڕی کۆڵان، شەڕی نێوان دەراوسێ لەسەر جۆگەی چڵپاو، منداڵ، پەلەوەر و هیی دیکە، دیاردەیەکی بەرچاوە، لە کاتێکدا لە شوێنە گشتییەکاندا دەگمەنە. لە سلێمانیدا شتەکە پێچەوانەیە، شەڕ و پێکدانانی نێوان خەڵک زیاتر لە شوێنە گشتییەکاندا ڕوو دەدەن، نەوەک لە کۆڵان. واتە ئەو شەڕانە کەمتر پێوەندییان بە ماڵەوە هەیە. ئێمە دەتوانین بڵێین بەرلین شارێکی کراوەیە و لەسەر ئاستی جیهانیشدا وا ناسراوە. بۆیە دەتوانین ئەوە بە بەرلین بڵێین، چونکە بە ئاشکرا لە پشت ئەو کرانەوەیەیدا هۆشیارییەکی گەورە دەبینین. لە بەرلیندا هەر بۆچوون و هەڵسوکەوتێک دەتوانێت ئازاد بێت، بەڵام ئایا لە هەولێردا وایە؟ ئەگەر بەرهەمی کرانەوەییی بەرلین بە ڕوونی هەست پێ دەکەین، ئەدی کوا بەرهەمی کرانەوەییی هەولێر؟ هەولێرییەکان ئەوەی بیری لێ ناکەنەوە، دەرەوەی سنووری ماڵیانە، بەڵام ماڵی سلێمانی بەو ئەندازەیە داخراو نییە. لە بەرانبەردا ئەمەیش نیشانەی کرانەوەیی نییە، چونکە ئەوان پێچەوانەی بەرلینییەکان شارەکەیان تەواو داخستووە، لە کاتێکدا ئەوەی شار دادەمەزرێنێت و گەشەی پێ دەدات، ئەوانەن لە دەرەوە ڕووی تێدەکەن وەک پێشتر لە گوتاری (کێ شار دادەمەزرێنێت، فریشتە، یان ئیبلیس؟)دا باسم کردووە.(6) کاتێ ڕێگەت دەکەوێتە ماڵێکی ئەو سلێمانەییەی، لە دەرەوە شوێنێکت پێ ڕەوا نابینێت، لەوێدا ئامادەیە تاکوو بەیانی نوکتەت بۆ بگێڕێتەوە و نەهێڵێت هەست بەوە بکەیت میوانیت، لە ساتێکدا ئەگەرچی ئاسان نییە ڕێت بکەوێتە ماڵی هەولێرییەوە، بەڵام ئەگەر ڕێت تێکەوت، ئەوا هەر خێرا لەوە دەگەیت چەند زووتر جێی بهێڵیت، هێندە زیاتر یارمەتیی ئەوان و هیی خۆیشت دەدەیت. نوکتە و قسەی خۆش لە هەولێر کەمن، مادام ئەوانە بۆ دەرەوەی ماڵی دەبەن، بەوەی ڕێگەن بۆ پێوەندیکردن بە کەسانی ترەوە و دەبنە هۆی تێکشکانی دیواری ئەو ماڵەی، کە لە هەر شتێکی دیکە زیاتر لای گرنگە. مرۆڤ هەندێجار سەری لەوە سووڕ دەمێنێت چۆن سلێمانەییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی پێش ڕاپەڕین، بەو شێوەیە یەکتر دەناسن، لە کاتێکدا مرۆڤی هەولێر بەشێکی زۆری دەراوسێکانی هەر نەدیوە. کەلوپەلی ناوماڵی هەولێری و سلێمانی لە یەکتر جیاوازن، کە ئەوانەی هەولێر تایبەتن بە خۆیان، وەک بڵێی ڕێگەی هیچ کەسێکی بێگانە نەدەن، بە کاریان بهێنێت، لە کاتێکدا کەلوپەلی ناوماڵی سلێمانی هێندە داخراو نین. ئەوان وەک هەولێرییەکان لەسەر ماڵ شەڕ ناکەن، بۆیە مێیینەیش ئەو کۆنترۆڵە گەورەیەی لەسەر نییە وەک لە هەولێردا لەسەریەتی. هەر سەیرکردنێکی مێیینە لە هەولێردا وا لێک دەدرێتەوە هێرشە بۆ ماڵ. بەم شێوەیە پاراستنی مێیینە لە نێریینەی دەرەوە، هەمان پاراستنی ماڵە لە بێگانە. ژنی هەولێری لە گۆرانی، شانۆ، سینەما، وەرزش و بواری دیکە نزیک نابێتەوە، چونکە ئەوانە هیی دەرەوەی ماڵن و پێوەندییان بە شارەوە هەیە، بەڵام ژن لە سلێمانیدا تا ئەو ڕادەیە دانەخراوە، بەوەی شار بۆ ئەوان، (مەبەستم بۆ خۆیانە)، گرنگە. ژن کاتێ دەچێتە دەرەوە، وەک ئەوە وایە هێشتا لە ماڵ بێت، بگرە لەوێ زیاتر هەست بە بوونی خۆی دەکات، بەڵام دەرەوەی ماڵ بۆ هەولێری هەرگیز شوێنێکی ئارام و ئاسوودە نییە، تاکوو ڕێی مێیینە بدات بۆی بچێت. سلێمانەییەکان لە هەموو سەردەمێکدا ناڕەزاییان لە ئاستی دەستەڵاتدا دەربڕیوە، چونکە بەرگەی ئەوەیان نەگرتووە بێگانە لە شاریاندا ببینن. بەکورتی سلێمانی بۆ ئەوەی ماڵێکی کراوەی هەبێت، شارەکەی داخستووە، لە کاتێکدا هەولێری لەپێناوی پاراستنی ماڵەکەی لە هەر بێگانەیەکدا، شارەکەی خستووەتە سەر پشت، بگرە هەر تەواو دەستی لێ هەڵگرتووە. بەم شێوەیە هەولێری پاسەوانی ماڵەکەیەتی، نەبادا یەکێ لێی نزیک ببێتەوە و سلێمانەیی توند شارەکەی لە باوەش گرتووە، نەوەکا بێگانەیەک بەری بکەوێت و گۆڕانی بەسەردا بهێنێت، چونکە ترسی گەورەی لەوەیە، بگرە دەرەوە بۆ ئەو فۆیبیایە. دەتوانم بڵێم (شار) ماڵی سلێمانەیی و (ماڵ) شاری هەولێرییە. لە هەردووکیاندا داخرانی کوشنده هەن، بەڵام بە دوو شێوازی جیاواز، کە ئەمە لای بەشێکی زۆری نووسەرانیشدا ڕەنگی داوەتەوە. سلێمانەیی هێندەی بە شارەکەیدا هەڵدەڵێت، هێندە بە لای باسی ماڵەکەیدا ناچێت، لە کاتێکدا هەولێری وەک چۆن هەر ناوی شارەکەی ناهێنێت، هەوڵی گەورەیش دەدات چەند بۆی بکرێت قسە لەبارەی ماڵەکەیەوە نەکات. ڕەنگە تەنیا هەولێرییەکان خۆیان بزانن شوورەییە هەولێرییەک بڵێت: من هەولێریم. بەم شێوەیە (هەولێری)، ئاوەڵناوێکە لە دەرەوەی (هەولێر)دا بە کار دێت، دەنا لە ناوەوە، لەسەر زمانی خۆیاندا وشەیەکی وا نابیستیت، بۆیە هەموو ئەو نوکتانەی بەم شێوەیە دەست پێ دەکەن: (هەولێرییەک وا هات)، (هەولێرییەک وا چوو)، (هەولێرییەک وای گوت) و هیی دیکە، لای ئەوان بێنرخن و کاریگەرییان نییە، مادام خۆیان لەناو ئەو وشەیەدا نادۆزنەوە، بگرە ئەوان ئاوەڵناوی (هەولێری) بە کەم سەیر دەکەن و لە خۆیانی دوور دەخەنەوە. ئەگەرچی تێرمی ئیفەمیزم (Euphemism)، واتە بەکارهێنانی وشەیەک لە جیاتیی وشەیەکی دیکەدا، کە دەشێ ناوهێنانی ئەو وشەیە بە عەیبە دابنرێت، لە زمانی کوردی‌دا وەک زمانی هەر کەلتوورێکی دیکەی سەرەتایی، دەستەڵاتێکی گەورەی هەیە، بەڵام لە هەولێردا هەر تەواو زاڵ دەبێت، بۆیە سەیر نییە زۆر وشە هەن بۆ شتی دیکە گۆڕاون. بۆ نموونە (داکی منداران: دایکی منداڵان) لە جیاتیی ناوی هاوسەر بە کار دەهێنرێت. بەردەوام دەستەواژەی (عەیب نەبی)ی لەسەر زمانیانەوە دەبیستیت. ئەوەیش سەیر نییە زۆر شت هەن لەو شارەدا هەر ناویان نازانرێت، لە کاتێکدا ئەمە لە سلێمانیدا بە شێوەیەکی دیکەیە، چونکە دەرەوە، (مەبەستم شارەکەی خۆیانە)، بۆ ئەوان هێندە جێگەی ترس نییە و دەتوانن بە ئاسانی دڵی خۆیانی تێدا بکەنەوە. دەمێکە لە خۆم دەپرسم: بۆچی زۆربەی (ێ)یەکان لە هەولێردا دەبنە (ی)؟ واتە لە (ی)ی کراوەوە بۆ (ی)ی داخراو دەگۆڕێن. هەولێری شەرمن و کەمدووە. هەر لە یەکەم سەرنجەوە بۆت دەردەکەوێت هەولێری ڕا نەهاتووە بە زمانی ڕەوان بدوێت و باسی شتەکانی خۆی بکات، چونکە ئەوەی هەیەتی، تەنیا ماڵە و نایەوێت نهێنییەکانی ئەو ماڵەی لای کەسی بێگانە بدرکێنێت. هەولێری ئیشکەرە، چونکە تەنیا ئەو شتانە بە هیی خۆی دەزانێت، کە لەناو سنووری ماڵەکەیدان، بۆیە چەند لە توانایدا بێت شت لە دەرەوە بۆ ماڵەکەی دەگوازێتەوە. لە بەرانبەردا هەوڵ دەدات کەمتر شتی ماڵەکەی بباتە دەرەوە. واتە کەمتر خەرج دەکات و حەزی لە دەستبڵاوی نییە. ئەمە لە سلێمانیدا بە شێوەیەکی دیکەیە. ئەوەی دەچێتە دەرەوە وەکوو ئەوە وایە هێشتا لە ماڵەکەدا بێت، بگرە لەوێ بێت، چاکترە. هەر هەولێرییەکان خۆیان دەڵێن: سلێمانییەکان دڵتەڕن، کە ئەمە نەک ئێرەیی نییە، بەڵکوو وەک خەسڵەتی دەستبڵاوی و گوێنەدان بە ماڵی دنیا دەدرێتە پاڵیان. بەکورتی (دڵتەڕی) لای ئەوان خەسڵەتێکی نەگەتیڤە و خۆیانی لێ دەپارێزن، چونکە لە ماڵیان دوور دەخاتەوە و دەیانباتە دەرەوە. ئەوان کەمتر لەو شوێنانەی بۆ سەرگەرمی کراون وەک کازینۆ، یانە، کافێ و هیی دیکە کات بە سەر دەبەن. ئەگەر کتێبێک بۆ نموونە لەبارەی نانەواکانی، یان سەرتاشەکانی سلێمانییەوە بنووسیت، ئەوا بەشێکی زۆری خەڵکی شارەکە دەیانەوێت بیخوێننەوە، چونکە وا هەست دەکەن پێوەندیی بە خۆیانەوە هەیە، بەڵام لە کتێبێک‌دا باسی خەڵکی هەولێرت کردووە و ناوی سێیانەت هێناون، بە لای زۆریانەوە گرنگ نییە، ئەگەر نەگوترێت پێیان ناخۆشە، بەوەی وا لێکی دەدەنەوە لەو ڕێگەیەوە دەچیتە ناو ماڵیانەوە. بەم شێوەیە نووسەرێک لە سلێمانیدا چاوی هەڵهێنابێت زۆر زووتر لە نووسەرێکی دیکە دەناسرێت، کە هیی هەولێرە، بەوەی ئەوان یەکتر دەناسن و بەرهەمی نووسەر و هونەرمەندان لە سنووری شار، نەوەک لە هیی ماڵدا دەبینن. هێندەی سەرنجم دابێت کتێبی منداڵیم، کە ناوی سەدان کەسی هەولێری تێدا هاتووە، لە سلێمانیدا زیاتر خوێنراوەتەوە. هەندێک پێیان سەیرە، کە هەولێر سەرەڕای ئەوەی شارێکی خۆپارێزە و بەشی زۆری خەڵکەکەی دیندارن، بگرە لەم دنیایەدا شارێکی دیکە نییە هێندە پابەندی بنەماکانی ئایینی ئیسلام بێت، کەچی ڕێژەی ئەوانەی چوونەتە پاڵ گرووپە ئیسلامییەکانی وەک (قاعیدە) و (داعش) لەوێدا زۆر نزمە، ئەگەر نەگوترێت هەر نییە. ئەوانە بۆیە ئەوەیان پێ سەیرە، چونکە نازانن هەولێری دەرەوەی ماڵەکەی زۆر بە خەیاڵدا نایەت، بەڵکوو بە بێدەنگی لە ژوورەوەدا، هێندەی پێی بکرێت، پێڕۆییی ئەو ڕێنوێنییانە دەکات، کە دینەکەی فەڕزی کردوون. ئەو ڕێژەیە وەک خۆی دەمێنێتەوە، کاتێ دەمانەوێت بزانین چەند کچ و کوڕ لەو شارەدا چوونەتە ڕۆژاوای کوردستان و بوونەتە پاڵپشتی ئەو کچ و کوڕانەی لە دژی هێزە ئیسلامییەکاندا بەرگری لە بوونی خۆیان دەکەن؟ ئەو ڕێژەیە لە شارەکانی دیکەی وەک سلێمانی، هەڵەبجە، ڕانیە، قەڵادزێ و ئەوانەی دیکەدا زۆر بەرزترە، تەنانەت شارەکانی دەوروبەری وەک کۆیە، شەقڵاوە، ڕواندز، دیانا و چۆمان لەو ڕووەوە لە خۆی جیاوازن. وەک چۆن لەو شارانەدا ژمارەیەکی بەرچاو چەکیان بۆ دەوڵەتی ئیسلامی هەڵگرتووە، بە هەمان شێوە ژمارەیەکی زۆریش شانبەشانی کچ و کوڕەکانی ڕۆژاوا لە دژی ئەو دەوڵەتەدا دەجەنگن، کە ئەمە مانای وایە لە هەولێردا جووڵە کەمە، ئینجا گرنگ نییە ئەو جووڵەیە بە چ ئاڕاستەیەکدایە. ڕاستە هەر شارێکی ئەم دنیایە بگریت لەسەر کۆمەڵێک وەهم دامەزراوە، بەڵام وەهمەکانی خەڵكی سلێمانی بێئەندازەن و زۆر لە هیی خەڵکی هەولێر قورسترن، بۆیە پێم وایە دروستبوونی تاک و دامەزراندنی شار لە یەکەمیاندا سەختترە و ماوەی زیاتری دەوێت. هەولێری زۆرکەم جووڵاوە و هەستی بە شار هەر نەکردووە، لە کاتێکدا نەشیویستووە هیچ لەبارەی ماڵەکەیەوە بڵێت، بگرە وەک گوترا هەمیشە هەوڵی داوە بیشارێتەوە. بە مانایەکی دیکە هێندە پێویستی بەوە نەبووە چیرۆکیان بۆ هەڵببەستێت، بۆیە بوونەوەرێکی کاڵ و سادەیە و بە شێوە سرووشتییەکەی خۆی ماوەتەوە، بەڵام سلێمانەیی گیرۆدەی دەستی ئەو وەهمانەیە، کە بەردەوام لە ڕێگەی هەڵبەستنی چیرۆکەوە کەڵەکەی کردوون. هەولێری منداڵێکە، هێشتا نە زمانی گرتووە و نە پێ، بەڵام سلێمانەیی تەمەنی پێنج شەش ساڵانە و چووەتە دەرێ. ئەوەی بیستوویەتی، تەنیا چیرۆکە. وەک دەروونناس و پەروەردەکاران پێی لەسەر دادەگرن منداڵ لەو قۆناغەدا ناتوانێت دنیای ڕیاڵ لە هیی خەیاڵ جوودا بکاتەوە. بە مانایەکی دیکە چ خەونەکانی و چ ئەو چیرۆکە ئەفسانەییانەیش، کە دەیانبیستێت، بە ڕاست تێدەگات. ئەم منداڵە بەشێکی کاتی خۆی بە یاریکردن لەگەڵ ئەو منداڵەی تردا بە سەر دەبات، کە ناوی هەولێرییە و هێشتا لە باوەشی دایکیەتی. هەرگیز نوکتەی سلێمانەیی لەسەر هەولێری لەبەر ئەوە نییە ڕقی لێیەتی، بەڵکوو بە پێچەوانەوە تەنیا لەبەر ئەوەیە هێشتا ئەو (هەولێری) ساوایە و وەک خۆی نە زمانی گرتووە و نە پێ، کە ئەمە نیشانەی ساویلکەییەتی (سلێمانەیی)، لە کاتێکدا ئەو نوکتانە کاریگەری و وەڵامدانەوە لای ئەو ساوایە (هەولێری) ناهێننە کایەوە، بۆیە ئەویش بە هەمان شێوە نوکتە لەسەر ئەم هەڵنابەستێت، کە ڕاستییەکەی ئەمە هەر لە توانای ساوایەکی وا بەدەرە. وەک گوترا ئەو منداڵە (سلێمانەیی) سنووری خەیاڵ و ڕیاڵی لێ بووەتە یەک. دنیایەکی بچکۆلەی هەیە و ئەوەی بەری دەکەوێت، تەنیا ئەو ساوایەیە، تاکوو کاتی لەگەڵدا بە سەر ببات. بە مانایەکی دیکە هەر ئەوی دەست دەکەوێت یاریی لەگەڵدا بکات و ئەو یارییە سادەیەیش بە سەرچاوەی چێژی خۆی دەزانێت. هەتا خەریکی ئەو گەمەیە بێت، مانای وایە هێشتا منداڵە و خەیاڵ لە ڕیاڵ جوودا ناکاتەوە، بەڵام شتێک نە بە ناوی ڕق و نە بە ناوی ئێرەیی لە ئارادایە. لە چیرۆکێکی (ئیزۆپ)دا (مرۆڤ) و (شێر) پێکەوە پیاسە دەکەن و چاویان بە وێنەیەک دەکەوێت، کە لە وێنەکەدا (مرۆڤ) (شێر)ی لە ژێر خۆی ناوە. یەکەمیان بە شانازییەوە بە دووەمیان دەڵێت: ((بزانە ئێمە چەند لە ئێوە ئازاترین!)، بەڵام ئەو بەم شێوەیە وەڵامی دەداتەوە: ((ئەگەر شێر نیگارکێش دەبوو، ئینجا دەتزانی چۆن مرۆڤ دەکەوتە ژێرەوە!)). دیارە (هەولێری)ی ساوا زۆر دوورە لەوەی شوێنی ئەو (شێر)ـە بگرێتەوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک مەبەستم نییە بەو ئاژەڵەی بچوێنم، بەڵکوو تەنیا دەمەوێت بڵێم وێنەکە شتێکی ساختەیە. ئایا ئەو وێنەیەی (سلێمانەیی) بۆ (هەولێری)ی کێشاوە، ڕاستەقینەیە؟ بەکورتی منداڵێکی پێنج شەش ساڵان کێشاویەتی، کە ئەمە لە توانای ساواکەی باوەش بەدەرە. مرۆڤ دەتوانێت لەناو ڕۆشنبیرەکاندا ئەوە بە دی بکات چۆن بەشێکی کاتیان بە نوکتە لەسەر هەولێری بە سەر دەبەن، بێ ئەوەی مەبەستیان هەڵڕشتنی ڕق بێت، بەڵکوو تەنیا ئەوەیە هەست بە جیاوازیی نێوان خۆیان و ئەو ساوایە دەکەن، کە نە زمانی گرتووە و نە پێ. هەتا ئەگەر ڕقیش هەبێت، ئەوا لە سنووری تێگەیشتنی منداڵێک‌دا دەمێنێتەوە، کە بنەمای بتەوی نییە و ناگاتە ئاستی چەپەڵی (Hatred). بە مانایەکی دیکە ئەوان لەو دنیا بچکۆلەیەی خۆیاندا پێویستیان بە هاودەمێکە، بەڵام لەو ساوایە زیاتریان دەست ناکەوێت. (هەندێکیان چەند کتێبیان نووسیوە، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە ئەو تەمەنە تێبپەڕێنن. واتە هەر بەو تێگەیشتنە پریمەتیڤە دەنووسن. سەیر نییە ئەوانە کاتێ لەبارەی هەندێک چەمکی فکری و ئەدەبییەوە دەدوێن، مرۆڤ دەهێننە قاقای پێکەنین، چونکە وەک ئەوە وایە منداڵێکی پێنج شەش ساڵان پاڵ بە لۆرییەکی گەورەی شکاوەوە بنێت و بیەوێت بە هەورازێکی سەختدا سەری بخات). دەروونناس و پەروەردەکاران پێیان وایە منداڵ لەو تەمەنەدا، واتە لە تەمەنی ئەو منداڵەی ناوی (سلێمانەیی)یە، تووشی دۆخی گشتگیری (Generalization) دێت. شتەکان زیاتر لە ڕووی مۆرفۆلۆجییەوە دەبینێت. ئەگەر لە پشیلە ترسا، ئەوا لە کەروێشکیش دەترسێت... ئەگەر شەربەتی لا خۆش بوو، دەشێ بەنزینیش بخواتەوە، چونکە ئەوانە وەک یەک دەکەونە بەرچاوی و ناتوانێت جیاوازیی نێوانیان بدۆزێتەوە، مادام هەردوو ئاژەڵەکە لە لایەک و هەردوو شلەمەنییەکەیش لە لایەکی دیکەوە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ڕووی دەرەوەدا هەندێک خاڵی هاوبەشیان هەن. بەم لۆژیکە (سلێمانەیی) هەموو تاکەکانی هەولێر وەک یەک دەبینێت، بۆیە بەشێکی ئەو ڕۆشنبیرانە لەو قۆناغە سەرەتاییەی تەمەنیاندا، کە لە پێنج ساڵ تێناپەڕن، ناتوانن باوەڕ بهێنن لە شارێکی ئاوادا جیاوازی هەبێت. ئایا ڕێی تێ دەچێت لە هەولێردا نووسەر و هونەرمەندی داهێنەر پەیدا ببن؟ ئەمە پرسیاری ئەو ڕۆشنبیرانەیە و بەرهەمەکەیشی بە ڕوونی دەرکەوتووە. دەگەمە ئەوەی بڵێم: لە سلێمانیدا کاتێ گۆڕانکاری دەست پێ دەکات، کە ئەوان شارەکە وەک ماڵیان دەخەنە سەر پشت و ئەو چیرۆکانەی بیستوویانن، وەک چیرۆک گوێ لێ دەگرن. بە مانایەکی دیکە بۆ ماڵ بگەڕێنەوە، بەڵام لە هەولێردا ئەو گۆڕانکارییە تەنیا بەوە دێتە دی، کە دەرگە و پەنجەرەی تۆکمە و ئەستووری ماڵیان بشکێنن و بێنە دەرەوە. ئەمانە سەرنجی منن وەک نووسەری ئەدەبی گێڕانەوە، کە پێوەندیی ڕاستەوخۆم بە سۆسیۆلۆجیاوە هەیە و بەردەوام شار چ وەک شوێن و چ وەک زەمەن لە بەرهەمەکانمدا بووەتە پرسیار. واتە کارم ئەوەیە نهێنییەکانی ئەو پێوەندییە دەربخەم، کە لە نێوان تاک و شاردا هەیە. وەک گوتوویشمە (چی باشە و چی خراپە؟) لە ئەدەب و فکردا شوێنێکی نییە، بەڵکوو هەموو شتێک لە سنووری ڕامان و پرسیاردا دەمێنێتەوە. ئێستا لێرەوە بۆ ئەو شوێنە دەگەڕێمەوە، کە تێیدا باسی ئەدەبی ژیاننامە کرا، بەوەی پێم وایە ئەو ئایدیایانە بەرهەمی تێڕوانینی منن بۆ ژیانی خۆم و دەوروبەر، کە دەکرێت لە بەرهەمەکانمدا ڕەنگ بدەنەوە. دیسان دەیڵێمەوە ئەدەبی ژیاننامە تەنیا ئەوە نییە تۆ چیت کردووە، چیت بینیوە و چیت بیستووە، بەڵکوو نووسینەوەی ئەو جیاوازییانەیە، کە لە ڕێگەی تێڕوانینی تایبەتی خۆتەوە بە دەستت هێناون.
-------------------------------------------------------------------------------------
(1) کتێبی (پیاوه بچکۆله‌که) هه‌وڵێکی زۆر گرنگه له ئه‌ده‌بی منداڵاندا، به‌تایبه‌تی چیرۆکی (به‌رخۆله و کۆتره‌کێویله و مناڵ)، به‌ڵام له هه‌ندێک شوێندا ئه‌و گرنگییه‌ی له ده‌ست ده‌دات. ناونیشانی کتێبه‌که ئاماژه‌یه‌کی ڕوونه به‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی نێر له هیی مێ به‌تواناتره. له شیعری (بۆڕبۆرێن)دا ده‌ڵێت: ((با بزانم کێ به‌گوڕه کێ له ڕاکردنا کوڕه)). له چیرۆکی (جووجه‌ڵه و ڕێوی)دا کاتێ (هیوا) ته‌ڵه بۆ ڕێوییه فێڵبازه‌که ده‌نێته‌وه و پێوه ده‌بێت، ئه‌و ئاژه‌ڵه ده‌پاڕێته‌وه به‌ری بدات، گوایه ئیدی واز ده‌هێنێت، که‌چی (هیوا) پێی ده‌ڵێت: ((به‌م قسانه چۆن ههڵئهخهڵهتێم، فێڵباز؟ بۆ وا ئه‌زانی مناڵم و هیچ نازانم؟)).
(2) ته‌واو لام ڕوون نییه ئاخۆ گۆرانییه‌که هیی (ته‌ڵال مه‌دداح) بووه، یان هیی (سه‌باح فه‌خری)، چونکه هه‌ردووکیان ده‌یڵێن، به‌ڵام به که‌مێک جیاوازییه‌وه. ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان ئاوایه: (مرمر زمانی یا زمانی مرمر گلبی تولع في هواك یا اسمر)، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دووه‌میان به‌م شێوه‌یه‌یه: (مرمر زمانی یا زمانی مرمر مرمرتنی لابد ماتتمرر). ئه‌وه‌ی کاری کرده سه‌ر من ئه‌و یاریکردنه بوو به ده‌نگ و مانای وشه‌کان.
(3) ئه‌و به‌ندانه بۆ ئه‌وه نین بڵێم شتی گرنگن، به‌ڵکوو ته‌نیا مه‌به‌ستمه ئه‌زموونی خۆم بنووسمه‌وه. پێم وایه هه‌ر کاتێ ئه‌ده‌ب زمان و تێگه‌یشتنی میلـلی تێناپه‌ڕێنێت، هه‌مان ئه‌و شتانه ده‌ڵێته‌وه، که لای زۆرایه‌تی په‌سه‌ندن. ئه‌و به‌ندانه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ن پیاو له‌باره‌ی (فالهس: Phallus)ه‌وه هه‌یه‌تی و له‌وێوه له دنیا ده‌ڕوانێت.
(4) جارێکیان له دانمارک دهراوسێیهکی کریستیانم، که له بنه‌ڕه‌تدا لوبنانییه، پێی گوتم منداڵه‌که‌ی بۆ قوتابخانه‌ی یه‌کشه‌ممه (Sunday School)ی که‌نیسه ده‌بات. له‌م ڕووه‌وه ویستی بزانێت من بۆچوونم چییه. ئه‌و نموونه‌یه‌م بۆ هێنایه‌وه. به‌کورتی پێیم گوت ئه‌وه چه‌وسانه‌وه‌ی منداڵه، که گه‌وره باوه‌ڕی خۆی به سه‌ردا بسه‌پێنێت، چونکێ ئه‌و لێی تێناگات و به ناچاری قووتی ده‌دات، که ئه‌مه دواجار ده‌بێته هۆی کوشتنی منداڵیی مرۆڤ و به گه‌وره‌ییش کاریگه‌ریی خراپی ده‌بێت. ئایا ئه‌گه‌ر گه‌وره‌کان منی منداڵیان فێری (ئه‌ی ڕه‌قیب) و (ئه‌ی شه‌هیدان) نه‌کردایه، له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌کاریدا ده‌چوومه ناو سیاسه‌ت و خۆمم به جه‌نگاوه‌ری حه‌قیقه‌ت ده‌زانی؟ نه‌ده‌کرا چاوه‌ڕێ بکه‌ن بگه‌مه ته‌مه‌نی هه‌ژده و خۆم ڕێگه‌ی خۆم هه‌ڵبژێرم؟ ئه‌و کاره‌که‌ی به‌وه پاساو ده‌دایه‌وه، گوایه له‌وێ منداڵه‌که‌ی فێری ئه‌وه ده‌کرێت دوژمنه‌که‌ی خۆش بوێت و هیوا بخوازێت ئاشتی دنیا دابپۆشێت وه‌ک له کتێبی پیرۆزیدا هاتووه، خۆ پێی ناڵێن بڕۆ بیانکوژه و بیانتهقێنهوه، به‌ڵام من هێشتا سوور بووم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بڵێم ئه‌مه زه‌وتکردنی ئازادیی منداڵه. کاتێ گه‌وره ده‌بێت و ده‌گاته ته‌مه‌نی هه‌ژده، با خۆی بڕیار بدات، ده‌نا وه‌ک من به هه‌ڵه لێی تێده‌گات. پرسیم ئایا ئه‌و منداڵه مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه هیچ له‌و باره‌یه‌وه بڵێت؟ ئایا ئه‌گه‌ر گوتیشی، نرخێک بۆ گوته‌که‌ی داده‌نریت؟ ئایا ئه‌وه نابێته هۆی کوشتنی توانای منداڵ و لای ناچه‌سپێت، که هه‌رچی حه‌قیقه‌ت هه‌یه وا له‌ناو ئه‌و کتێبه‌دا کۆ بووه‌ته‌وه و سه‌رجه‌م کتێبه‌کانی دیکه پووچن، با به شێوه‌ی فیزیکهڵیش هه‌وڵی کوشتنی ئه‌وانه نه‌دات، که باوه‌ڕیان به‌و کتێبانه هه‌یه؟
(5) هه‌ندێک له‌و گوتانه‌م له گفتوگۆیه‌کی ساڵی (2008)دا وه‌رگرتووه، که گۆڤاری (نێوشهفهق) له‌گه‌ڵیدا کردووم.
(6) گوتاره‌که له (ده‌نگه‌کان) و (ماڵێک له ئاسماندا)دا بڵاو کراوهتههوه و دەکرێت یەکێ لەم دوو لینکە بۆ خوێندنەوەی بە کار بهێنرێت: