(بۆ " نیا " کە لە پشت هەورەکانەوە لە ئاسمانی سەر 'پاسیفیک' ناسیم، ئەویش خەڵکی سەرزەمین نەبوو) .
ئەستێرەش چەشنی دەریاوان
هەندێ جار بە زمانی ئاو قسە دەکا و
هەندێ جاریش وەک باران کۆچ دەکا !
جەنگێک هەیە بۆ ڕۆژێک و دوو رۆژ نامانکوژێت .
ئەم جەنگە هەتا دەمی غروور ، هەڵایساوە .
هەتا ئەوسەری بۆگەنبوونی ئینسان
ئەم جەنگە ڕێ دەکات !
ئیتر من سەفەری خۆم
دەبەمەوە ناو "ڕووباری مەریەم " ،
هیچم نەماوە لەسەر زەمین بۆی بسووتێم !
زەمەن وا جوان بوو لە ئێمە نەچێت .
تۆ پێم دەڵێیت ؛
هەوڵ بدە دونیا داگیرسێنە
وەک چرا کەمێ خۆت هەڵکە .
بۆ ئەوەی تاریکی نەبێتە جەللادت
چیتر خۆت بە شەوی ناو ئەم کوخە سەرقاڵ مەکە !
هەموو نوێژێک پێم دەڵێیت
تۆ چ کارت بە ئاسمانە
کە هەمیشە دڵت وەک فەنەری مەراقێ دەسووتێ .
کە دەستگرتن بە ماچەوە مۆمێک لە عیشق زیاد نەکات .
من پێت دەڵێم ؛
وەرە بڕوانین
کاتێ – با – خۆی دەخاتە ئاوەوە بۆ مەلە
کێ چاوەڕوانی گەڕانەوەی دەکات !
سبەی دەزانین
کەی نوقمی جاویدانیی دەبینەوە ،
کەی ئاگر کۆمان دەکاتەوە
بۆ سەفەرێکی تر .
هەموو جارێ
پڕ دەبین لە نمە و
لێوان دەبین لە خورپە و
شەڵاڵ دەبین بە عیشق
کەچی ناگەینە
گەیشتن !
ئومێد لە قەفەسێک بنێ
بۆ ئەوەی چیتر فریوت نەدا .
تۆ چ موحتاجی
ستایشکردنی باخچەیەکیت
کە تۆی گەیاند بەم ڕۆژەی دڵ !
ئیتر هیچت بۆ نانووسم
کە هەموومان پڕ بووین لە "هیچ" !
ئێوارە بێ بتبینم
نە دەژیم ، نە دەمرم .
لە ئاوێنەکەی تۆ نەبێ
لە هەموو شارێک ماچ دەچنم !
تۆ باڵەکانی منت وردوخاش کرد
ئەو دەمەی باڵم دەویست
بۆ ئەوەی لە فڕیندا بمرم و
قەت نەکەومەوە سەر زەمین .
پشتی ژیانم
هێندە بزماری درۆی تێهەڵچەقیوە ،
جێیەک نەماوە
نووکی چەقۆی جنێو تیایدا
سووکایەتیی بە ڕۆحم کات !
ئێستا من هاوسێی مردن و
من گیتاری سەفەرێکم ،
ڕێگە چۆڵەکان دەمژەنن .
سڵاو ئەی مەرگی سەرەڕۆ ،
تکایە بێ پرس مەیە بۆ ئەوەی
بیمارێکی تر
لە پەنجەرەیەکی شکاوی ژیانەوە
لەگەڵ خۆتدا ببەیت بۆ دوور ...!
ئەگەر هاتی ،
هێندە دەرفەتم بدەرێ
وەک جاران
قاتێکی رەش لەبەر کەم و
بۆینباخە سوورەکەی ئەوین ببەستم !
ئا ، بیرم چوو ،
ڕێم بدە قژیش دابهێنم .
هێندە ڕێم بدە ببمەوە بە خۆم .
ئاخر لەوێ ،
لای مەرقەدەکەی شای گۆرانی
کە بە قەسیدە تەنراوە
لەوێ ، " نیــا "
بە خۆی و شەراب و لێوەکانیەوە چاوەڕێمە .
هەموو زەریاکان بگەڕێیت
پرتەقاڵی ئەوینێ نادۆزییەوە
بۆنی نزاکانی " نیــا " ی گرتبێ !
" نیـا" ڕۆژێک لە داخی ئەوەی
شانەی قسەکانیان شکاند ،
قەراری دا ؛
پرچی ڕۆژگاری خۆی چیتر دانەهێنێ !
بەیانییەک "نیــا" نامەیەکی بۆ خودا نووسی ؛
- وای خودایا !
گەر مۆسیقا بیزانیبا
سەرزەمین ئاوا پڕ دەبێت
لە ئاوێنەی درۆزن
لە درۆی شەوقدار ،
لە شمشێری شەکەتی ڕۆحکوژان .
بیزانیبا ،
قەت نەدەبوو بە هاوڕێی چراکان .
ڕووناکیی نەدەکرد بە ژێی هەناسەی .
مۆسیقا گوناهی چییە ؛
کە ڕووبار دەنگی نووسابێ !
دەفی زەمەن
چۆن خرۆشی لێوە بێ
کە موتریبی خەمەکانی ئینسان
نەتوانێ قاوەیەک لەگەڵ حەقیقەت بخواتەوە .
بە خۆی نەبوو ،
" نیــا" دەیویست
لە نامەکەیدا تەنیا بێت .
چەند خۆشە تەنیا بیت و
لە بناری موحیببەتدا
نامە بۆ خودا بنووسیت !
وای لە پەرداخەکەی ڕۆحی " نیـا "
چۆن پڕ بوو بوو لە خۆی
لێوان بوو لە بۆنی لاملی کێوەکان !
بە قسەی "نیــا" بوایە ،
دەبوو من ئیتر
لە دەربەندی شیعردا
دەست بۆ ئاگر نەبەم .
دەبوو لە حزوری ئەو هەموو بادەیە
ڕوو لە قاپی مەی نەکەم .
دەبوو دەنگی شمشاڵە ئازارژەنەکان
لە نامەکەی ئەودا فەرامۆش کەم .
ئەو دەیگوت ؛
هەی پیاوی سادە
هێندە سۆراخی خودا مەکە
خودا لە ناو خۆتدایە ..خۆت !
" نیـا " حەریفی نەبوو بۆ گریان ،
کەسێ نەبوو لەگەڵ ئەودا
موحتاجی سەدای هاوارێک بێت لە پشت فڕینەوە !
ئەویش خەڵکی ئەم سەرزەمینە نەبوو
ئەویش هێندە لە هەنگی دڵەوە نزیک بوو
گوڵ بەو هەموو نازەی خۆیەوە
بۆی دەنوشتایەوە !
هەناسەیەک پێم وت ؛
- " نیـا " ؛ ئەی گەردوونە تەنیاکەی من !
فێرم کە چۆن دەست کەمەوە بە سەما
چۆن ببمەوە بە هاوڕێی ئەو بەردانەی
لە ئینسانییەتی من بەجێماون .
- " نیــا " ! ئەو کۆچە غەمگینەت لە بیرە
بە هەردووکمان نەمانتوانی
باوەش بە درەختێکی سەرهەڵگرووی
نیشتماندا بکەین .
ئەو موناجاتەت لە بیرە
هەموو باخەوانەکان
تفبارانی من و تۆیان
لەبەر ئەو گوڵانە دەکرد
کە لە سەر دیواری باخچە نووسیبومان !
- " نیـا" ، ئێمە گوڵنووس بووین ، پیاوکوژ نەبووین .
- "نیـا " ، ئێمە قیبلەنومای دڵمان شکێنرابوو
نەماندەزانی
داخۆ لە سەر خەریتەی شاخ ڕێ بکەین
یان کۆڵانەکانی ئێستای شار بکەینە مەفتەنی یاران !
- وای "نیـا" گیان !
بە لێوی پڕ درۆوە چەند ماچی کەعبەکەی شۆڕشمان کرد .
لای "وەیس"یش دەیڵێم ؛
خەتای من بوو ، نەک خەتای تۆ !
منی باران
نەدەبا هێندە بە قسەی هەموو هەورێک داکەم و ،
نە دەبا سوپای ئەم هەموو فرمێسکە
وەکو مامزی قسەی کوژراو
بەردەمە سەحرای پڕ ژاوە ژاوی
ئەم دونیا فانیی و خاڵییە لە عیشق !
خەتای من بوو ، من !
ئەمێستا حەز دەکەم بچمەوە تەنیایی ،
بچمەوە ڕووباری مەریەم .
پێم خۆشە ،
شەپۆلێک بە دزییەوە
دەرگای ئاوم لێ بکاتەوە .
قافڵەکەی هەستم
شەکەتە بەدەست جەهلی ڕێگە و ڕێبوارانەوە .
لە ڕووباری مەریەمدا ،
تەمەن وەک نێرگز کورت و بۆن خۆشە .
خۆر لە چاوی کەسدا ناکوژێتەوە .
لە کەناری مەریەمدا
سەگەکانی هاوڕێم بە کەس ناوەڕن .
سەگەکان ، هەتا لە چاو ون دەبیت
نزات بۆ دەکەن
ببیتە هاوڕێی دۆلفینەکان .
نزات بۆ دەکەن
ببیتە "سولەیمان" و بە "هودهود" بڵێیت ؛
ئەگەر خەبەری گەیاندە دارستان
وەک خۆی باسی گەڵاکان بکات ،
لە خۆڕا شەونم بەد و ناوزڕاو نەکات !
ئامان هودهود !
تۆ ببە چاوساغی ئەو فریشتانەی
لە دوکەڵی زامەکانی خۆیان هەڵدێن .
ببە چەتری ئەو ئەستێرانەی
لە شەقامەکانی بێزارییدا دەڕوێن !
ئامان کۆتر ! تۆ شاهید بە ؛
منی یوسف ،
نیشتمان لە پشتەوە کراسەکەی دڕیم
کەچی منیان شەوباران کرد ! ئامان کۆتر !
ئامان "نیا" ،
من بۆ ئەوە نانووسم هەتا نەمرم .
درۆیەکی گەورەیە ،
لە باخی نووسیندا ژیان هەمیشە دابگیرسێت .
من تەنها بۆ ئەوە دەنووسم ؛
هەتا بڵێم خۆشم دەوێیت و هیچی تر !
جەنگی من
لێرەوە لەم گوندەی ناو دڵمەوە
کە پڕە لە کالیپتۆسی جوانی ،
دەست پێدەکات .
من لێرەدا ،
لەبەردەم ئەم کانییەدا
دوور لە مانگی سیاسەت ، دەمرم !
بەر لەو مردنە جوانەش
جەنگی من ،
لەناو بەلەمێکی کاغەزیندا دەست پێدەکات
بەلەمێک تیایدا کەشتیەوانیک
بەیانییەک ،
جاڕی بەیاننامەیەکی هەتاو
لە بڵندگۆی ئاوەوە ئەدات !
ئیتر لەوێوە هیلالێک
بە ڕوخساری ژن
بە تامی "نیــا"
بە خۆی و چنگێ یاقوتی ئەوینەوە
دێتە دەرێ !
ئیتر تۆش نیشتمان ؛ گریان ئاوا !
لە ناو سیناریۆکانی ڕەشەبادا ڕاکشێ !
ئەی نیشتمانێک
لە چەقۆی دەمەو ئێوارانی جەژن دەچیت
هەمیشە دەچیتە گەردنی ڕووبارەکان !
وای لەم "نیـا" یەی منیش ،
حیکایەتێکی چەن سەیری هەیە
ئەو دەمەی لە جیاتی کتێب ، ئاگر دەخوێنێتەوە .
یان ئەو سەحەرەی بەدەم ژەنینی تەنیایی ،
خۆی دەخاتە جێگەی من و
داوای لێبووردن لە جەللادە ڕۆحسووکەکەم دەکات !
. بمبەخشە ئەی بکوژە خۆشەویستەکەم
نیشتمانە سەرەڕۆکەکەم ؛
شمشێرەکەی تۆ ڕەونەقدارترە لە مەرگی من .
ئاخر من ناتوانم گۆڕەکەم بکەمەوە و
پێشوازی لە گوڵەکانی تۆ بکەم .
مردوو ، کەی دەتوانێ بۆنی گوڵ بکات !
لە کام حوزنەوە هاتوویت ،
بەهەمان بریندا بگەڕێوە .
ببوورە "نیـا' کەم ،
ئێمە کە خۆمان تاڵانچی شەوو
و پیاو کوژی ئێواران و
شۆڕشگێڕی ڕۆژە خۆشەکان بین ،
کە نەورەسە برسییەکان
لە کەناری درۆدا کۆکەینەوە ،
ئێمە کە خۆمان قاچ بین و بچینە پێڵاوی نیفاق
کە دەست بین و بچینە کوشتنی گوڵ
داڵ بین و لە بەر پەنجەرەی عاشقاندا هەڵنیشین ،
ئیتر بە چ ڕوویەکەوە
پێڵاوەکانمان بگرینە
پەیکەری ژەنگاویی ڕۆژەکان ، نیا !
سەرنج :
"ڕووباری مەریەم" ؛ ڕووبارێک هەیە لە چیاکانی ئەڵپی ئوسترالیاوە هەڵدەقوڵێ و پێی دەڵێن " ڕیڤەر ماری" و ، ناوی ئەم ڕووبارە لە سەرەتادا ناوێکی تر بووەو ، پاشان گۆڕاوە بۆ ئەو ناوەی ئێستای کە لە ناوی "جۆرج ماری" وەرگیراوە . من لەم دەقەی خۆمدا و بۆ خەیاڵدانی شیعریی خۆم و جۆرێک لە تەوزیفکردن ناوی ئەم ڕووبارەم کردووە بە "ڕووباری مەریەم" . هەوڵمداوە فەزایەکی تری لێ بخوڵقێنم . باوەرم وایە شاعیر دەبێت جارێکی تر ئەفسانەی خۆی بخوڵقێنێت .